سەفەری ڕووحانی بۆ دوو وڵاتی ئیتالیا و فەڕانسە زۆر قسە و باس و هەڵوێست و لێدوانی لێکەوتەوە.
داپۆشینی پەیکەری ژنە ڕووتەکان لە موزەخانەی ڕۆم، مژارێک بوو کە گەلێک لە میدیاکاران و سیاسییەکانی دژبەری دەوڵەتی ئێستای ئیتالیا لە هەمبەری دوان و بە سڕینەوەی کەلتووری خۆیانیان لە قەڵەم دا.
ڕۆژی ٢٧ و ٢٨ی ژانوایە بەرانبەر بە ٧ و ٨ی بەفرانبار لە پاریسیش هەر وەک پێشتریش لە ڕۆژی کورد بانگەشەی بۆ کرابوو، چەندین رێکخراو ، چالاکوان و حیزبی کوردستانی و ئێرانی کە ناوەندی ڕۆژی کوردیشیان لە ناودابوو، داوای کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە هەمبەر سەردانی ڕوحانی بۆ فەڕانسە کرابوو و ئەوڕۆ و دۆینێ، ئەو کۆبوونەوە ناڕەزاییە لە پاریس و بە بەشداری بەشێکی بەرچاو لە حیزب و کەسایەتی و ڕێکخراوەکان، بەڕێوە چوو.
بەپێی هەواڵێ هەواڵنێری ڕۆژی کورد کە بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە بوو، ئەو کۆبوونەوە ناڕەزاییە لەسەر بانگهێشت و داوای ٤٥ ڕێکخراو و حیزب و ناوەندەوە پێک هاتبوو کە لە ناویاندا ناوەندی ڕۆژی کورد و حیزبەکانی خۆرهەڵات بەتایبەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی دێموکراتی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ، بەشدارییەکی چالاکیان هەبوو.
لەو کۆبوونەوە ناڕەزاییە، ئامادەبووان ناڕەزایەتی خۆیان بە ٣٧ ساڵ پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە ئێرانی بندەستی کۆماری ئیسلامیدا دەربڕی و لە درووشمەکاندا باس لە نەمانی ڕژیم بە گشتی دەکرا و باس لە نەبوونی توانایی چاکسازی لەو ڕژیمەدا دەکرا.
لەو رێو ڕەسمەدا ڕۆژی کوردیش پەیامی خۆی هەبوو کە پەیامەکەی خوێندراوە. لە پەیامی ڕۆژی کورددا جیا لە باس لە سەفەری ڕوحانی بۆ فەڕانسە باس لە هەڵبژاردن کرابوو کە لە ئێستادا لە ئارادایە و تا ئێستاش زۆربەی هێز و لایەنەکان و بەتایبەتی هێز و لایەنە کوردستانییەکان بایکۆتیان کردووە کە ئەوە بە واتای کوتنەوەی “نا” یە بە کۆماری ئیسلامی لە لایەن گەلی کوردە هەر وەک لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێرانیشدا کورد “نا”ی بە کۆماری ئیسلامی گوت.
لە پەیامی ڕۆژی کورددا باس لە ئامانجی سەفەرەکانی ڕوحانی بۆ وڵاتانی ئوروپایی كرا كه له بهشێكی دا هاتووه : ئەو سەفەرانەی ڕوحانی تەنیا بۆ کۆکردنەوەی مەشرووعییەتە بۆ کۆماری دژە مرۆڤ و تیرۆریستی کۆماری ئیسلامی.
لە بەشی تری ئەو رێ پێوانەدا، حەسەن شەڕەفی جێگری سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لێدوانێکی بۆ ئامادەبووان کرد کە بەشی سەرەکی و هەرە گرنگی ئەو ڕێپێوانە بوو.
شەڕەفی لە وتەکانی خۆیدا گوتی: جێگای سەر سووڕمانە کە دەوڵەتی فەڕانسە کە لانکەی مافی مرۆڤ و بۆخۆی یەکێک لەو وڵاتانەیە کە بە تووندی بە دژی داعش شەڕ دەکات، هاوکات بانگهێشتی کەسانێکی وەک کۆماری ئیسلامی و خودی حەسەن ڕوحانی دەکات کە لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەیی و خودی ئێرانیشدا زۆر زۆر لە داعش مەترسیدارترن.
هاوکات کۆمەڵیک ڕێکخراوی فەڕانسەیی وبەتایبەتی ڕێکخراوە چەپ و کرێکارییەکان کۆمەڵێک پەیامیان خوێندەوە کە سەرجەمی مەحکووم کردنی کۆماری ئیسلامی و کردەوە دژە مرۆڤییەکانی بوو.
ئامادەبووان بە دوو زمانی فارسی و فەڕانسەوی کۆمەڵە درووشمێکیان دەداوە کە بەرچاوترینیان ئەوانە بوون: نەمان بۆ کۆماری ئیسلامی، بڕوخێ کۆماری سێدارە، سێدارە بوەستێنن، مافی مرۆڤ پێشێل مەکەن.
ڕۆژی دووهەمی ئەو ڕێپێوانەش لە بهر دهم مەجلیسی سەنای فەڕانسە، بە هەمان شێوە نزیک بە ١٠٠ کەس لە چالاکان و حیزب و ڕێکخراوە کورد و ئێرانی و هەروەها فەڕانسەوییەکان لەو ڕێ پێوانە ناڕەزایەتییەدا بەشدارییان کرد.
خاڵی شیاوی سەرنج لەو رێپێوانەی ڕۆژی دووهەم سەرنجی پارلمانتارەکانی فەڕانسە بە درووشم و پلاکاردی ئامادەبووان بوو، پارلمانتارەکان لە کاتی چوونە ژوور بۆ ناو پارلمان ماوەیەک ڕادەوەستان و گوێیان لە درووشمەکان دەگرت و پلاکاردەكانیان دەخوێندنەوە.
شیاوی ئاماژەیە کە گەلێک هەواڵدەری و میدیا و ڕاگەیاندنی فەڕانسەوی و بیانی لەو رێپێوانە ناڕەزایەتییەی ڕۆژی ٢٧ی ژانویەی بەردەم مەجلیسی سەنای فەڕانسە ئامادە بوون کە دەکرێ ئاماژە بەو ناوانە بکەین: ZDF, ڕووداو، ەنگی ئەمریکا، ئیرانێ فەردا و NRT TV و ڕۆژی کورد و کۆمەڵێک ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆنی تر.
لە رێپێوانی ڕۆژی دووهەمیشدا ئەو میدیایانە بەشداری بەرچاویان هەبوو: ZDF، ڕووداو و ڕۆژی کورد.
خاڵی بەرچاو لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە، بەشداری چالاکانی ٤٥ ڕێکخراو و حیزب و لایەن بوو کە سەرەرای زۆربەی ناکۆکی و ڕای جیاوازیان بە یەکەوە، لەو ڕێپێوانەدا بەشدار بوون.
هەروەها پێویست بە ئاماژەیە کە لەو ڕێپێوانەدا کومیتەیەک داندراوە کە بڕیارە لە ڕووداوی هاوشیوەدا، چالاکی و رێپێوان وەڕێ بخا و هەڵوێست بگرێ.