خومەینی و ئەمریكا

0
790
ڕەسووڵ سوڵتانی
ڕەسووڵ سوڵتانی

رەسووڵ سوڵتانی

هاتنەسەركاری كۆماری ئیسلامی بە دروشمی مەرگ بۆ ئەمریكا و دواتر دەستگرتنی قوتابییانی خەتی ئیمام بەسەر بالیۆزخانەكەی ئەمریكادا لە تاران و تەنیا پەیامێك نەبوو بۆ ئەمریكا و ئەو دوژمنە وەهمییانەی كە كۆماری ئیسلامی ئێستاش لە گوتارەكانی رۆژانی هەینیدا تەوەری سەرەكیی قسەكانیانە.

خومەینی بە داتاشینی دوژمن زۆر ئامانجی پێكا، كە ئێستاشی لەگەڵدا بێ بەبێ هەبوونی دوژمنێكی وەهمی یان تەنانەت راستەقینەش، كۆماری ئیسلامی ناتوانێ لەسەر پێی خۆی راوەستێ.

لە شەڕی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و ئێراقدا، كە ئەگەرچی ئێراق ئاگرەكەی كردەوە، بەڵام بەڵگەی حاشاهەڵنەگر زۆروزەوەندن كە ئێران ئەو شەڕەی درێژ كردەوە و نەیهشێت دابمركێتەوە، زیاتر لە ملیۆنێك گەنجی ئێران  لە ژێر دروشمی مەرگ بۆ شەیتانە گەورەكە  و مەرگ بۆ ئیستیكباری جیهانی و ئەمریكادا بەكوشت دران. هەبوونی دوژمنێكی وەهمی كە لە راستیدا خۆیان لە بنەوە زۆر ساتوسەودایان لەگەڵ ئەو دوژمنانە هەبووە و ئێستایش هەیانە، بە نێڵدانی تەندووری هەستی ئەو گەنجانەی تازە دەسەڵاتێكیان رووخاندبوو و هیوای گەیاندنیان بە بەهەشتیان خستبووە دڵیانەوە، زۆر زۆر پێویست بوو. ئەو گەنجانەی كە پێیان وابوو لە سۆنگەی شەڕ دژی شەیتانی گەورەوە دەچنە بەهەشت و پاداشتەخواییەكانیان دەسبەجێ وەردەگرن.

جگە لەوەش، ئێستایشی لەگەڵدابێ، لە سایەی ئەو دوژمنە وەهمی و گریمانییەوەیە كە هەرچەشنە ناڕەزایەتی و تەنانەت داواكارییەكی رەواش لە چوارچێوەی ئێراندا دەسبەجێ دەخرێتە نێو بازنەی هەوڵدان دژی ئاسایشی نیشتمانی و حوكمی مەرگ و سێدارەی بۆ دەردەكرێ.

لە سەرەتای دامەزرانی ئەو رژیمەوە هەزاران كەس لەو وڵاتەدا بە تاوانی هەبوونی پێوەندی لەگەڵ ئیستیكباری جیهانی و جێبەجێكەری نەخشە و پیلانی ئەمریكا و باقی دوژمنە وەهمییەكانی ئێراندا لە سێدارە دراون یان كۆمەڵكوژ كراون، كە كوشتاری بەكۆمەڵی زیندانییە سیاسییەكانی ساڵی 1988 نموونەیەكی ئەو راستییە حاشاهەڵنەگرن، كە بە فەرمانی راستەوخۆی خومەینی و بە تاوانی سیخوڕی و هاوكاریی ئیستیكباری جیهانی ئیعدام كران و لە  فەرمانەكەشیدا دەڵێ لەگەڵ ئەم دوژمنانەی ئیسلامدا “اشد علی الكفار” بن و بە توندترین شێوە بیانكوژن…

ئەوە لە حاڵێكدایە كە خومەینی خۆی پێوەندییەكی زۆر توندوتۆڵی لەگەڵ ئیستیكباری جیهانیدا هەبووە و لە نووسینەكانی داهاتوودا باسی دەكەین.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

بابەتی پێشووکوژراوەکانی شەڕی ئەمڕۆ ١١ پاسدار و ٢ کەسی مەدەنین
بابەتی دواترمحەممەد پاکپوور کێیە؟