” زرێبار گیانەلایە”

0
1736
نا بۆ تێكدانی زرێبار ، نه‌ به‌ تخریب زریبار

بوونی هێورییەکی داوە بە شار و بە شاخ و بە سروشت و ئادەمیزادەکان و پەلەوەر، ساڵانێکە جەستەی شەکەتە و ناهێڵن پشوویەک بدات،زەل و زێو زەفەریان بە هێکەڵی کەڵەگەتی بردووە و دەستێکی پێدا ناهێنن.

چاوە شینەکانی تەژی لە فرمێسکی قەتیسماون و لە عەزرەتی بێ کەسیدا دڵۆپ دڵۆپ ئەتکێنە سەر سینگی شەوە زەنگ. تێخیان لێدا،قوڵینگیان تێ کوتا،بەنداویان بەست بۆ نغرۆ بوونی،فازڵاویان تێ ڕشت،ئازاریان دا، کەچی هەر نەمرد،بەو گشتە بێ ڕەحمییەوە کە لە حەقیدا کردیان،چاوەکانی گەشەکانی هێشتا تروسکە بەخشن،بوونی هەمیشه ئارام کەرەوەی هەرچی ئێش و دەرد و ژان و برینە کە هەیە…

ئێستا ئیتر خەریکن بە یەکجاری ئەیکوژن،خەریکن قەبرێکی لە نزیک خۆیەوە بۆ دەکەنن و ئێنێژن. زرێبار خەمبارە و لە دەست زوڵمی زاڵمان ئەناڵێنێ،کز و کەلەلا لە سەرەمەرگ دایە و گیانەڵایە، ئیتر ناهێڵن زرێبار ئەو خاتوونە نەخشینە تەسکین بەخشه بێت کە جێگای هومێدی هەموومانە. ئیتر بۆ لەمەودوا وردە ماسی و ڕیزە شەپۆلەکانی نابینین،سینگی ساف و چاوی شین و چوار دەوری کەسکی خەریکن ماڵئاواییمان لێ دەکەن.

بێدەنگ و هێور ڕاوەستاوە و چاوەڕێمانە پێش لە مردنی بگرین،هیچ نەوتنی دەستێکی دەلالەتە بۆ یارمەتیدانی. زرێباریش حەز دەکا بژی،وەک من و تۆ کە حەزمان لە ژیانە،زرێباریش پێیخۆشە پێیدا ڕابگەن،وەک ئێمە چۆن به خۆماندا ڕادەگەین.

ڕەنگه ئێستا کە خەریکە تێکی ئەدەن،بڕێک شەو تا کازیوە ئەسرین بڕێژێت و بیر لە مێژووی خۆی بکاتەوە،
لەو هەمووە ڕێبوار و ڕاگوزەرە کە چوونە سەری و چەند ساتێ بۆ ساف کردنی جەو و میزاجیان لایدا بوون و پاشان بە جێیان هێشت، بۆ خۆشی خۆیان چوونە ناوی و ڕۆیشتن. هەنووکە بیر لەو دیرۆکە دەکاتەوە کە لە تەک شاخەکان و گوندەکان و کۆی بنیادەمەکان و ئاژەڵەکانی شاری مەریواندا هەیەتی. بیر لەوە دەکاتەوە،ئیتر دوای مردنی چاوەکانی ئەنوقێن و قەڵای فەیلەقووس نابینن.

دۆخی دەرونی زرێبار خراپە،وەک ئێمە چۆن زۆر جاران بواری سایکۆلۆژییەتمان تێک دەچێت. ئێمە دەتوانین،
دەتوانین،هەموومان دەنگێک بین بۆ هەڵبڕینی ئازارەکانی زرێبار و وەستان دژی تێکدانی، دۆستانی تاراوگە و هەڤاڵانی ناوخۆ تێکرا دەتوانین،یەک ڕەنگ بین،ڕەنگێک بین وەک ڕەنگی خودی زرێبار،بۆ پیشاندانی خەمەکانی بە هەموو جیهان.

تکایە هەر یەکمان لە شوێنی خۆمانەوە،با دەنگێک بین،با ڕەنگێک بین،دژی تێکدان و خراپ کردنی،گۆلی زرێباری ئازیز.

سەلاح کۆنەپۆشی