کۆماری ئیسلامی ئێران،دەحبایەکی درۆ کەر بۆ شێواندنی ڕاستیەکان

0
1533

یەکجار شۆڕش دەکرێت،شۆڕشی ڕاستەقینە و هەڵ قوڵاوی بیر و هزری خەڵک،تەنیا دەکرێت یەک ناوی تری هەبێ،ئەویش سەرکەوتنە و بەس. دیکتاتۆرەکان هەرچەند هەوڵبدەن شۆڕش سەرکوت بکەن،بەڵام ناتوانن بیتاوێننەوە و لە دواجاردا وەک گڕکانێک ئەو شۆڕشە ئەتەقێتەوە. دیکتاتۆرەکان تا زیاتر زەبر و زەنگ بە کار بێنن،زیاتریش ماهییەتی بۆگەنیان لە ناوخۆ و بۆ دەرەوە ڕوون دەبێتەوە. لە پشت هەموو شۆڕشێکی ڕاستەقینەوە کۆمەڵێک فەیلەسووف و هزرمەند و سەر کردەی مەزن هەبوۆن، لە پشت شۆڕشی فەرانسەوە،کەسانێکی وەک دانتۆن و ژان ژاک ڕۆسۆ و ڤۆلتێر هەبوون،شۆڕشی ڕووسییەیش ولادمیر ئۆلیانیچ لنین و لیۆ تروتسکی و هندێ کەسایەتی تر سەر کردایەتییان دەکرد، لە چین ماو و لە هیندیش گاندی پێشڕەوی شۆڕش بوون و سەرکەوتن.

مەبەستمە بڵێم،لە پشت شۆڕشی کوردی ڕۆژهەڵاتەوە دژ بە زۆرداری،کۆمەڵێک کەسایەتی و سەرکردەی مەزن و حیزب هەن کە پێشڕەوایەتی خەڵک دەکەن بۆ لابردنی ستەمی نەتەوایەتی. بۆ کۆماری ئیسلامی ئێرانیش ڕوونە ئەوەی ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەیە،بریتی نیە لە ناڕازی بوون لەو فۆرمەی ژیان و ڕەخنە گرتن لە دەسەڵات،بەڵکو عیبارەتە لە شۆڕشێک کە دەیهەوێ خۆی لە سەرکەوتندا ببینێتەوە. بە پێی تیۆری چالمرز جۆنسۆن،شۆڕش کاتێ ڕوو ئەدات ناهاوسەنگی و هەڵاواردن هەبێت،هەڵاواردن لە ناو کۆمەڵگادا،ناهاوسەنگی لە نێوان بەهای کۆن و نوێدا، کۆمەڵگای ئێران و کوردستان ئەمڕۆ لە ژێر دەسەڵاتە داپڵۆسێنەرەکەی کۆماری ئیسلامی،لە دۆخی هەڵاواردن و ناهاوسەنگی دایە،بۆیە شۆڕش پێویستە دژی زۆرداری و لابردنی ئەو ڕێژیمە.

پێویستە کۆمەڵگا ببووژێنرێتەوە،بەهاکان دابڕێژێندرێنەوە،تاکەکان بونیات بنێردرێنەوە،تاک گەلێکی ناو کۆمەڵگایەک کە کۆماری ئیسلامی،هەموو بەها مرۆییەکانیانی شکاندوون. کۆماری ئیسلامی،لە زیندان ئازادی لە دار ئەدات و قەڵەمی نووسەران هەڵدەواسێ،هەرچی کردەوەی ناحەزه دژی ئازادیخوازان دەیکات، کۆمەڵگای تووشی ملێۆنێک دەرد و بەڵا کردووە،بەوەیش ناوەستێتەوە ژین و ژیانی ئاژەڵانی ناو سرووشت و دارستانەکانی کوردستان دەسووتێنێ،گەڕ بەر ئەداتە قەڵافەتی دارەکان و ڕەنگی سەوزییان ڕەش ڕەش ئەنەخشێنێ.

له هەمبەر وشک بوون و کوێر بوونەوەی دەریاچە و ڕووبار و کانیاوەکانمان گڵاوترین سیاسەت ئەبات بەڕێوە، سەرەڕای هەموو ئەم کردەوە ناحەز و نەشیاوانە،دێت بۆ ئەوەی بە خەڵک بڵێ،کۆماری ئیسلامی بکوژی ژینگە و ژیان و بکەری ئاگر تێبەردانەکان نیە،هندێ کۆڕ و کۆ بوونەوەی سووک وچرووک ساز دەکات،کۆبوونەوە گەلێکی شانۆیی کە هیچ باندۆڕ دانەر نین،چوونکی ماهییەتیڵ دەسەڵات و ناوەڕۆکی سیاسەت و کردەوەی کۆماری ئیسلامی بۆ خەڵک ڕوونە، من قەت نەمدیوە ئینسان بە ئەندازەی بنیادەمەکانی ناو سیستەمی کۆماری ئیسلامی ئێران دوو ڕوو و درۆزن بن، گوڵ دەکوژن و باسیش لە قازانجی بوونی گوڵ دەکەن،سرووشت ئاگر تێبەر ئەدەن و ڕێگری دەکەن لە خەڵک و ئەنجومەنەکان بەهانایانەوە بچن،کەچی دواتر دەڵێن کۆماری ئیسلامی ناهێڵێ دارستانەکان بسووتێ، بیستم دوێنێکە هێند پڕ ڕوویانە لە زرێباری مەریواند کۆبوونەوەیەکیان گرتووە لە ژێر ناوی “” هاواری نیشتماندا “”و ڕێژیم و سیخۆرەکانی لەوێدا باسیان لەوە کردووە کە گوایە کۆماری ئیسلامی پارێزەری خاک و دارستان و ژینگەیە.

هەر چەند شانۆکەیان ناڕەزایەتی خەڵکی لێ کەوتەوە،بەڵام دەکڕێ بیشپرسین،چ شتێک وەک کۆماری ئیسلامی لە ماوەی حوکمڕانییەکەیدا،نیشتمانی خستووەتە هاوار؟؟؟ بە پێی قسەی چالاکانی ژینگە لە مەریوان کە خۆیان شایەتحاڵی سووتانەکان بوون،تەنیا ئەمساڵ لە دەرەوەرانی مەریوان،زیاتر لە ٥۰ هێکتار دارستان و دیمەن سووتان، کۆماری ئیسلامی پارێزەری کام خاکە؟ئەو خاکەی کە تەبدیلی کردووە بە دۆزەخ بۆ مرۆڤ و ئاژەڵ و ژینگە،کردوویەتی بە گۆڕستانی شێعر و قەڵەم و مامۆستای لە سێدارە دراو، کام ژینگەی پاراستووە؟ئەو ژینگەیەی کە بە زەڕەبینیش بگەڕێی نەختێ سەوزی تێدا نادۆزیتەوە و هەمووی بە کڵپەی ئاگر دامرکاندووە و ڕەشاندونی.

لە کوێ ژینگە پارێز بووە؟بە پێچەوانەوە خودی سیستەمی کۆماری ئیسلامی ئێران،مەکینەیەکی گوو گەره بۆ پیس بوونی زەوی و سەیرانگە و شوێنە گەشت و گوزارییەکان و بە گشتی ژینگە. ماشینێکی پیس کەرە بۆ شێواندنی ژینگە. دەحبایەکی زەبەلاحە کە لە بڵاو کردنەوەی جۆرەها نەخۆشیدا دەستی باڵای هەیە. ئەو دەحبا زەبەلاح و بێ نرخەی کە ناوی کۆماری ئیسلامی ئێرانە،همیشە و بەردەوام پیشەی درۆ بووە،بە مەبەستی شێواندنی ڕاسییەکان،بەڵام چۆن خۆی ناڕاستە،نەیتوانیوە ڕاستییەکان بشێوێنێ،کەوابوو دەحبایەکی درۆ فڕێ دەرە و بەس.

لە کۆتایی دا دەبێت بڵێم،سەری شۆڕشی کورد بۆ سیستەمی کۆماری ئیسلامی ئێران هەرگیز نەوی نابێ و سەر دەکەوێ. سەرکەوتنی شۆڕشی کوردیش گەڕاندنەوەی هەموو ئەو بەهایانەیە کە کۆماری ئیسلامی لە مرۆڤی سەندووەتەوە، دوای سەرنگونی ئەو ڕێژیمە،دڵن
یام شۆڕشی نۆژەن کردنەوەی وڵات و خزمەت کردن بە ژینگە لە بەرنامەی شۆڕشگێراندا هەیە و دەست پێدەکات.

سەلاح کۆنەبۆشی