ڕۆژانە زیاتر لە 3 حاڵەت/ ئاماری ئاگرکەوتنەوەکانی ئەمساڵ لە کوردستان، 200 حاڵەتی تێپەڕاند

0
776

ژینگەوان: لە درێژەی ئاگرتێبەردانی ژینگەی نیشتمان، ماڵپەڕی ژینگەوان وەکوو ماڵپەڕێکی ژینگەپارێزی ئاماری ئاگرکەوتنەوەکانی تۆمار کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ژینگەوان و بەپشتن بەستن بە ناوەندی ئاماری ئەو ماڵپەڕە، لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا، زیاتر لە 200 حاڵەتی ئاگرتێبەردانی ژینگەی کوردستان ڕووی داوە.

یەکەمین حاڵەتی ئاگرتێبەردانی ژینگەی کوردستان لە ئەمساڵدا لە کۆتاییەکانی مانگی بانەمەڕدا ڕووی دا.

ئامارەکانی ماڵپەڕی ژینگەوان پیشان دەدەن کە لە ماوەی 60 ڕۆژی ڕابردوودا، لانیکەم 203 حاڵەتی ئاگرتێبەربوونی جەستەی خۆرهەڵاتی نیشتمان ڕووی داوە.

ئەم ئامارە باس لەوەدەکات کە بە شێوەی نێونجی، لەو ماوەیەدا ڕۆژانە لە زیاتر لە سێ ناوچەی کوردستان، ئاگر لە ژینگە بەر دراوە.

ئەم ئامارە لەلایەن ناوەندی ئاماری ژینگەوانەوە تۆمار کراوە و بە وردی هەموو زانیارییەکان لەسەر شێواز و ڕادەی خەساری ئەو ئاگرتێبەردانانە لەلای ماڵپەڕی ژینگەواندا پارێزراون و دواتر بە وردی بڵاو دەکرێنەوە.

ئەم ئاگرتێبەردانانە کە زۆربەی چالاکانی ژینگەپارێزی لەسەر ئەوە کۆکن کە هۆکارەکانیان ئەندامانی سوپای پاسداران و دەست و پێوەندییەکانیانن، زۆربەی ناوچەکانی کوردستان بە تایبەت ناوچە سنوورییەکانی داگرتووە.

لەم پێوەندییەدا چالاکێکی ژینگەپارێزیی کورد لە ناوخۆی خۆرهەڵاتی کوردستانەوە بە هەواڵنێری ژینگەوانی ڕاگەیاند کە ئاماری ئاگرتێبەردانەکانی ژینگەی کوردستان لە ئەمساڵدا و بە حزووری هێزی پێشمەرگە لە ناوخۆ بە ڕادەیەکی بەرچاو ڕووی لەزیادبوون کردووە.

ئەم چالاکە ژینگەپارێزییە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت ئاماژەی بەوەدا کە هێزەکانی سوپای پاسداران بەبیانووی دابینکردنی ئەمنیەتی خۆیان، ڕۆژانە ناوچە جیاجیا کوێستانییەکان ئاگر تێبەردەدەن.

ڕژیمی ئیسلامیی ئێران ساڵانی ڕابردووش بەردەوام ئاگری لە ژینگەی کوردستان بەر دەدا ، بەڵام ئەمساڵ ئەم ئاگرتێبەردانانە بە شێوەیەکی سەرسووڕهێنەر ڕوویان لەزیادبوون کردووە.

حکوومەتی دژەکوردی تاران، نە تەنیا دوژمنی کورد، بەڵکوو دوژمنی خاک و ژینگەی کوردستانیشە و ساڵانێکە هاوتەریب لەگەڵ سەرکوتی خەڵک، ژینۆسایدی سەوزیشی وەبەرگرتووە و بەهەموو شێوەیەک لەهەوڵی شێواندنی کوردستاندایە.

ماڵپەڕی ژینگەوان لە تۆمارکردنی ئاماری ئاگرتێبەردانەکانی کوردستان بەردەوام دەبێت و ئەو ئامارانە دواتر لەڕێگای خۆیەوە ڕادەستی ناوەندە ژینگەپارێزییە نێودەوڵەتییەکان دەکردرێن.