بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەری ژینگەوان، بە هاتنی وەرزی پائیزیش ئاگر دەست بەرداری دارستانەکانی نیشتمان نابێت، بۆ چەندمین جار ئاگر لە دارستانەکانی هەورامان بەردەدرێت.
رۆژی پێنج شەممە ۱ی رەزبەی ۲۷۱٦ی کوردی بۆ چەندمین جار ئاگر لە دارستانەکانی سەردەر و زەردەبان سەر بە شاری پاوە بەردرا.
ئەم ئاگرتێبەردانە کە چەندین کاتژمێری خایاند خەسارێکی قەرەبوو نەکراوی لە جەستەی زامداری سرووشتی نیشتمان دا، چەندین هێکتار لە دارستانەکانی ئەو ناوچەیەی کردە خەڵەمێش، هەروەها بە دەیان جۆری ئاژەڵ و باڵندە لەم ئاگرکەوتنەوەدا سووتان.
هەر لەو پیوندیەدا لە شاری سۆڵاوا ئاگر لە دارستانەکانی ناوچەی کۆڵەسارە بەردرا، ئەم ئاگرتێبەردانە کە لە کاتژمێر ۱۰ی سەرلەبەیانی دەستی پێ کرد تا کاتژمێر ٨ی شەو بەردەوام بوو، خەسارێکی بەر چاو بەر سرووشت و گیان لەبەرانی ناوچە کەوت.
شایانی باسە ئەم ئاگرکەوتنەوە لەلایەن خەڵکی ناوچەی پاوە، سۆڵاوا، هەروەها ئەندامانی ئەنجۆمەنی سەوزی چیا، ئەنجۆمەنی ژینگەپارێزی کەوانە کۆنتڕۆڵ کراوە.
سەرەرای هاتنی وەرزی پائیز ئاگرتێبەردانەکان لە کوردستان بەردەوامە، رۆژانە بە دەیان هێکتار لە دارستانەکانی وەڵات دەکاتە خۆڵەمێش، کە ژینگەپارێزان، خەڵکی نیشتمان دۆستی کوردستان بێ وچان بەرنگاری ئاگری دژمنانی ژینگەیی کوردستان دەبنەوە.