زیاتر لە 500 هێکتار لە ژینگەی کەنگاوەر لەئاگردا سووتا

0
674

ژینگەوان: بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی ژینگەوان، ئەمڕۆ هەینی 22ی گەلاوێژی 1395ی هەتاوی، لەوەڕەگە و دارستانەکانی شاری کەنگاوەر ئاگریان تێبەردرا.

هەواڵنێری ژینگەوان لەو بارەوە بەپشتبەستن بە وتەی خەڵکی ئەو ناوچەیە ڕایگەیاند کە ئەو ئاگرە بە ئەنقەست لە ژینگەی کوردستان بەردراوە.

ئەم ڕاپۆرتە هەروەها باس لەوەدەکات کە لانیکەم 500 هێکتار لە ژینگەی کوردستان بەهۆی ئەم ئاگرکەوتنەوە بووەتە خۆڵەمێش و لەناوچووە.

هەروەها و هەر لەم ڕۆژەدا واتە هەینی، دەرەی قاسملوو لە ورمێ بوو بە ئامانجی ئاگری نەیار و لە ئاکامدا دوو هێکتار لە ژینگەی کوردستان سووتا.

هەر لەو پێوەندییەدا و ئەمڕۆ، پارکی فیلووفەری پیرانشار و هەروەها گوندی پیرکانیی ئەو شارەش بوون بە ئامانج و بەشێک لە ژینگەیان لەناوچوو.

هەروەها دوێنێ پێنجشەممەش بەشێوەیەکی بەرین ئاگر لە ژینگەی کوردستان بەردرابوو.

دارستانەکانی نزیک شاری ورمێ، قەڵاگای پاوە، هەلانیە لە نزیک شارۆچکەی مەولەوی سەر بە جوانڕۆ، جادەی کۆستە لە بۆکان، گوندی کێڵانە سەر بە سنە، قەڵای شێرخانی نەوسوود و جادەی سەقز لەو شوێنانەن کە دوێنێ پێنجشەممە بوونە ئامانجی ئاگری داگیرکەر و خەسارێکی بەرچاویان بەرکەوت.

هەواڵنێرانی ژینگەوان لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستانەوە وێڕای پێداگری لەسەر ئەوەی کە کەسانێکی سەر بە ڕژیم گڕ لە ژینگە بەردەدەن ڕایانگەیاند کە ناوەندە پێوەندیدارەکانی حکوومەت لە کوژاندنەوەی ئاگرەکاندا یارمەتیی خەڵک نادەن.

photo_2016-08-14_03-58-43

photo_2016-08-14_03-58-59

photo_2016-08-14_03-59-03