چەندین گوندی سەر بە پاوە دەچنە ژێر ئاوی بەنداوەوە

0
616

بەهۆی دروستکردنی بەنداوی داریان لەسەر ئاوی رووباری سیروان، بەشێکی زۆر لە خانوو و زەوییەکانی گوندەکانی سەر بە شاری پاوە ژێر ئاو کەوتوون.

هەرچەندە چالاکوانانی ژینگەپارێز لە شاری پاوە و شارەکانی دیکەی کوردستانی رۆژهەڵات بە رێکخستنی کەمپین ناڕەزایەتی و نیگەرانی خۆیان بەرامبەر لەناوبردنی دارستان و زیندوەرەکانی ئەو ناوچەیە دەربڕی و داوایان لە ناوەندە پێوەندیدارەکان کردووە کە بەدواداچوون بۆ ئەو رووداوە بکەن، بەڵام بەشێکی زۆر لە گوندەکانی ئەو ناوچەیە بوونەتە ژێر ئاوەوە.

بەنداوی داریان، لە دووریی شەش کیلۆمەتر لە کانیی “بڵ” دروست کراوە و ئەو بەنداوەش کانیی بڵی لەگەڵ مەترسیی لەناوچوون بەرەوڕوو کردووە.

پێشتریش گرووپی “رزگارکردنی کانیی بڵ” ڕایان گەیاند: “ئەو بەنداوە خەسارێکی بەرچاوی بە پێشینەی مێژوویی و فەرهەنگی و ژینگەیی ناوچەی هەورامان دەگەیەنێت”.

هەرچەندە چالاكوانانی مەدەنی و ژینگە پارێزی كوردستانی رۆژهەلات دژی دروستکردنی بەنداوی داریان بوون و دەیانگوت كە شوێنە مێژووییەكان و گوندە كۆنەكان نقوم دەكات، بەڵام بەنداوەكە ھەر دروست كرا، ئيستا گوندی سڵێن کەوتووەتە ژێر ئاوەوە و و گڵکۆ و مەرقەدی “كۆسەی ھەجیج” یش ئاوی بەنداوەکە لێی نزیک بووەتەوە و مەترسیی لەناوچوونی هەیە.