پەیامی ژینگەوان بۆ ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان لە ساڵیادی دامەزراندنیدا

0
531

هاوڕێیانی ئەنجومەنی هەمیشە سەوزی چیا

سڵاوی گەرم

وەک دەزانن ماڵپەڕی ژینگەوان، یەکەم ماڵپەڕی ژینگەوانیی کوردیە کە بە وردی بەدواداچوون بۆ هەواڵەکانی ژینگەپارێزیی کوردستان دەکات. لەو ناوەدا هەرچەند بە شانازییەوە لەو ساڵانەی دواییدا کەم نین ئەو هەوڵ و ئێن جی ئۆ و بنکە و ڕێکخراوە ژینگەپاریزییانەی کە کەم تا زۆر لە کوردستانی بەش مەینەت و ژینگەی کاول کراویدا بێ وچان کار دەکەن، بەڵام ئەوەی ڕاستی بێ، چیا، چیایەکی بناغەدانەر بووە، هەوڵێکی هەڵۆڵ نەبووە و بگرە ڕێچکەیەکی نوێ و دڵخۆشکەری لە ناو کورددا بنیات نا، چیا لە ماوەی ژیانی پڕ لە شانازیی خۆیدا بە هەوڵی بەرێوەبەران و ئەندامانی ماندوونەناس و خۆنەویست و ژینگەپاریزی، سنوورەکانیشی هەڵزنییەوە و گەلێک کەسی کردە ڕێبواری ئەو ڕێگا کەم ڕێبوار و کەم بوارە.

باس کردن لە هەوڵە بەرفراوان و مەودانەناسەکانی چیا، لەوانەیە لە توانای کەم پێنووسدا بێ و ئەوەی ڕاستی بێ پینووس لە ئاست چیا، کول و کۆڵ و کڵۆڵە، هەر بۆیەش ناچینە سەر باسی بوار و قووڵایی و پانتایی کارەکانتان و خزمەتەکەتان بە نیشتمان.

لێرەدا وەک دەستەی بەڕێوەبەرانی “ماڵپەڕی ژینگەپارێزیی، ژینگەوان”، ساڵڕۆژی لەدایک بوونی چیا بە یەکە یەکەی ئەندامانی لە سەرەتاوە تا ئێستا و داهاتووشی و لە سەرجەم کوردستان پیرۆزبایی دەکەین و هیوامان داهاتووی گەشتر و کوردستان وژینگەیەکی ئاوەدانتر و پاریزراوترە، خوای گەورە دەست بە تەمەنی هەمووتانەوە بگرێ و کۆسپی ژیان هەنگاوتان سارد و سووک نەکات.

دەستەی بەڕێوەبەریی ماڵپەڕی ژینگەوان

٢٨ی بانەمەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی (٢٧١٦ی کوردی)

١٧ی مانگی مەی ٢٠١٦