هەورامان بەهەشتی كوردستان، پێشەنگی ژینگە پارێزی

0
1089

شەریف فەلاح

دەسپێك

IMG_20160110_121429

هەورامان نیشتمانێك پڕ لە سیحر و جوانی و پاكی، دەڤەرێك تژی لە عەشق و گوڵ گیا و بەڕوو و خۆڕاگری و سروشتێكی یاخی و پڕ مۆسیقای ئەوین و ئەهوورایی. دانیشتوانی هەورامان كە بە خەڵكێكی قورس و قایم و سروشتی و رەسەن و پارێزەری كەلتوور و ژیان و رەسەنایەتی ناسراون، هەموو وانەكانی ژیانیان لە سروشتەوە وەرگرتووە و سروشت و كوێستان و هەوار وەك پاڵپشتی ژیان و هەرمان چاو لێدەكەن.

بۆیە ئەم سروشتە خۆڕسك و بێوینەیە كە بۆتە سەرچاوە و هەوێنی ژیان و مانی هەورامان و دانیشتوانەكەی پاراستنی بۆتە پرۆزییەك و وەك بەشێك لە جەستەی خۆیان دەیپارێزن، چونكە پشت و پەنای ژیان و كەلتوور و ژیاری هەزاران ساڵەی ئەم نیشتمانە ئەهووراییەیە.

جوگرافیای هەورامان

هەورامان كە لەباری جوگرافیاییەوە لە دوو بەشی كوردستانی رۆژهەڵات و باشوور دایە، دابەش دەبێت بەسەر سێ‌ بەشی سەرەكیی 1 ـ هەورامان تەخت بە ناوەندێتیی شاری سەوڵاوا سەر بە پارێزگای سنە 2 ـ هەورامانی لهۆن بە ناوەندێتیی پاوە سەر بە پارێزگای كرماشان 3 ـ هەورامانی ژاوەرۆ كە دابەش بووە لە نێوان گوندەكانی دەوروبەری سێ‌ شاری سنە، مەریوان و كامیاران و ناوچەیەكی چڕ و شاخاوییە. بەشی هەورامانی دیوی باشووری كوردستان لە سێ‌ شارۆچكەی تەوێڵە، بیارە و خورماڵ و زیاتر لە 20 گوند پیكهاتووە و بەشێكیشیان لە شاری هەڵەبجە نیشتەجێن و ئەم دەڤەرە خاوەن سروشت و سەیرانگا و دارستانی چڕ و لەوەڕگە و دیمەنێ:ی سەرنجڕاكێشە.

نەریتی ژینگەپارێزی لە هەورامان 

نەریتی پاراستنی سروشت لە هەورامان شتێك نییە كە ئەمڕۆ و لە سەردەمی بەجیهانیبووندا رووی دابێت، بەڵكوو ئەم نەریتە بۆتە كەلتوور و رۆچووەتە ناو پێكهاتەی ژیانی هەموو دانیشتوانەكەیەوە و لە هەناو و رۆحی خەڵكەكەی دایە. چونكە لێكۆڵینەوە مرۆڤناسییەكان دەریان خستووە ژینگە و سروشت كاریگەرییەكی زۆر بەرچاویان لەسەر قەڵافەت، بەژن و بالا و تەنانەت بیركردنەوە مرۆڤەكان هەیە و ئەمەش بەتەواوەتی لە هەورامان هەستی پێدەكرێ‌. كاتێك پێی دەنیتە دەڤەری هەورامان هەست بە جیاوازی دەكەیت لە نێوان خەڵكی ئەوێ‌ و ناوچەكانی دیكە لە شێوازی خانوو و ماڵ و گوند و كەرەسەكانی ژیان. سیما و هێماكانی سروشت لەناو ژیانی هەورامییەكاندا رەنگی داوەتەوە. هەرچەند مرۆڤ و سروشت تەواوكەری یەكن، بەڵام بە درێژایی ژیان و بەپێی قۆناغەكان مرۆڤ دەستكاریی سروشتی كردووە و تێكی داوە و ئەم دۆخە خراپەش لە زۆر ناوچەی دیكە دەبینرێ‌. بەڵام هەورامان هەتا رادەیەكی زۆر وەك خۆی ماوەتەوە و هەتا ئێستا سیماكانی شارسازی، پیشەسازی و تەكنۆلۆژیا كە تێكدەری سروشت و ژینگەن، كەمتر رووی تێكردووە.

بۆیە دەتوانین بڵێین دانیشتوانی هەورامان كە كوردی رەسەنن هێما و جەوهەر و پێشەنگی پارێزەری سروشتن، چونكە سەرچاوەی ژیان و مانیانە.

ئەم راپۆرتە و زانیارییەكانی زیاتر جەخت لەسەر بەشی هەورامانی رۆژهەڵات و شاری مەریوان كەلە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا وەك چەق و ناوەندی شەپۆلی ژینگەپارێزیی رۆژهەڵاتی كوردستان و تەنانەت ئێرانیش هاتۆتە ئەژمار و چالاكانی ژینگەپارێز و خۆڕسكی ئەو شارە توانیویانە ئەم رچەیە بشكێنن و مێژوویەكی هەرمان و كەلتوورێكی ژیاندۆستی و ژینگە پارێزی و رۆحی لێبوردەیی بنیات بنێن و كاریگەریان لەسەر دەورووبەریش هەبێت.

پەرچەكرداری خەڵكی هەورامان و مەریوان لە هەمبەر فەوتانی سروشت

هاوكات لەگەڵ گەورەبوونەوەی شارەكان و تەشەنەسەندنی ژیانی شاری و ئاڵوگۆڕە كۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەكان و هاتنی شەپۆلی بەرینی تەكنۆلۆژیا و بەناو (ژیانی سەردەمیانە) مرۆڤ بۆ بنیاتانی پیشەسازی و تەلار و خانوو و كارگە و ناوەندی بەرهەمهێنان، دەستیان دایە تێكدانی سروشت و شێواندنی سیمای ئەسڵی ژینگە. ئەم شەپۆلە كوردستانی رۆژهەڵات و هەورامانیشی گرتەوە.

لەلایەك و لە گشت قووڵ و ژاناویتر سووتاندنی دارستانی چڕ و سەرنجڕاكێشی بەڕووی هەورامان بوو، لەلایەكی دیكەش بە سازكردنی رێگەوبانی نوێ بۆ سەر شاخەكان و بەتایبەت لەلایەن ناوەندە سەربازی و ئەمنییەتییەكانی حكومەتی ئێرانەوە، دەستی مرۆڤ گەیشتە هەموو شوێنێكی بەرز و شاخاویی هەورامان و بە هەموو شێوەیەك هەوڵ فەوتان و لەناو بردنیان دەدا. لەلایەكی دیكەش راوچییە برسییەكان و هەلپەرستان و كەسانی نەفس نزم بۆ تێكدان و بەتڵان بردنی ئاسەوار و شوێنەوار مێژوییەكان دەستیان كرد بە هەڵكۆڵینی هەموو ئاسەوارێك، بۆیە خەڵكی ژینگەدۆستی هەورامان و مەریوان خۆڕسكانە و بەبێ‌ هیچ پشتیوانییەك لێی راسان و لەباتی حكوومەت و ناوەندە پەیوەندیدارە حكومەتییەكان دەستیان دایە كار و چالاكیی ژینگەپارێزی و بەرەنگاری ئەم شەپۆلە چەواشەیە بوونەوە.

ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، رسكانێكی ژینگەیی لە رۆژهەڵات

 ئەم ئەنجومەنە وەك ناوەندێكی ناحكومی و خەڵكی و سەربەخۆ لەدەیەی حەفتای هەتاویدا لەلایەن چەند گەنج و چالاكێكی مەدەنی لە شاری مەریوان دامەزرا و بە شێوەیەكی زۆر چالاك و ئەكتیڤ ه

اتنە مەیدان و چالاكییەكانیان دەست پێكرد.ئامانجەكانی ئەم ئەنجومەنە ژینگەییە پێشگیری لە فەوتان و لەناو بردنی ژینگەی كوردستان و بنیاتنانی كەلتووری ژیاندۆستی و ئاشتكردنەوەی خەڵكە لەگەڵ سروشت. كە بەشێكی زۆری كارەكانیان لە چوارچێوەی كاری شاخە و لقە جۆراوجۆرەكانیان كردنەوەی خول و دەوری فێركاری و وتنەوەی وانەی ژینگەپارێزی لە شار و گوندەكانی كوردستان بووە.

روانگەی حكومەتی ئێران بۆ سروشتی كوردستان، روانگەیەكی ئەمنییە

بەهۆی بوونی ئەزموونی خەباتی چەكداری لە رۆژهەڵاتی كوردستان و ئەو تێڕوانینە نالۆژیكیەی حكومەتی ئێران بۆ شاخ و چیا وەك پشتیوانی شۆڕش، بەردەوام تەنانەت بەگژ شاخ و كێو و دارستانە سروشتییەكانیشدا چۆتەوە و بە وتەی چالاكانی ژینگەپارێزی لە رۆژهەڵات، زۆربەی حاڵەتەكانی ئاگركەوتنەوە بە ئەنقەست و لەلایەن هێزی سەربازییەكانی حكومەت و دەست و پەیوەندییەكانەوە بووە. كە بیانووشیان بۆ ئەم كارە بوونی هێزی چەكدارە.

بەپێی نوێترین ئاماری ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان لەمەڕ رێژەی ئاگركەوتنەوە لە دوو شاری مەریوان و سەوڵاوا و گوندەكانی و دەوروبەریان، لە سەرەتای بەهاری ئەمساڵەوە هەتا ناوەڕاستی مانگی گەلاوێژ 92 حاڵەتی ئاگركەوتنەوە روویان داوە و بە سەدان دۆنم زەوی و زار و داستانی كوردستان سووتاون و ژیانی دەیان جۆر گیانلەر و ئاژەڵ و باڵندە كەوتۆتە مەترسییەوە.

ئامار و داتاكانی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان بە روونی ئەوە دەردەخەن، تەنانەت ئەو هێزە خۆڕسكە كە دەستیان دەدایە كوژاندنەوە و كۆنترۆڵ كردنی حاڵەتەكانی ئاگركەوتنەوە، لەلایەن دامودەزگا ئەمەینتی و قەزاییەكانەوە دەگیران و زیندان و حوكم دەدران. بۆ وێنە چەندین كەس لە چالاكانی ژینگەپارێزی كورد لە مەریوان و بەتایبەت دامەزرێنەران و لیژنەی بەڕێوەبەری تەنیا بە تۆمەتی چالاكیی ژینگەپارێزی گیران و دادگایی كران و هەركام بۆ ماوەی چەند مانگێك زیندانی كران. بۆیە كەش و دۆخێكی ترس و دڵەڕاوكێ‌ و تۆقاندن لەناو چالاكانی ژینگەپارێزی لە رۆژهەڵات دەستی پێكرد و هەموو چالاكییەكان بە قەدەغە دەزانرن.

هەورامان پێشەنگی شەپۆلی نوێی ژینگەپارێزی لە رۆژهەڵات

كۆڵنەدان و بەردەوامیی چالاكانی ژینگەپارێزی كورد لە رۆژهەڵات و بەتایبەت مەریوان و هەورامان لەسەر رێچكەی كاری ژینگەپارێزی كە لەڕاستیدا ئەرك و كاریحكومەتە، بوو بە كەلتوورێك و رەنگدانەوە و كاریگەریی ئەرێنیی ئەم چالاكییانە هێندە بەرین بوونەوە، تەنانەت چالاكانی فەرهەنگی و كۆمەڵایەتی و نووسەر و رۆشنبیرانیش هەستیان بەم ئەركە كرد و هاتنە مەیدان و رەوتەكە بوو بە شەپۆلێكی بەرین و هەموو توێژەكانی كۆمەڵگە بە شار و لادیی گرتەوە.

ئەم رەوتە وێڕای گیروگرفت و ئاستەنگەكانی سەر رێگای هەروا بەردەوام بوو، بەڕاستی هەموو هێما و دەركەوتەكانی ئەوە دەسەلمێنن ئاگایی و وشیاریی كۆمەڵایەتی و پێگەیشتنی شعووری نیشتمانی و نەتەوەیی لەناو كۆمەڵانی خەڵك هۆكاری سەرەكیی سەركەوتنی ئەم خەباتە ژینگەیەیە كە جۆرێك لە هاوپەیوەندیی نەتەوەیی ساز كردووە.

لە ماوەی یەك ساڵ و نیوی رابردوودا و پاش ئەوەی كە پیرەپیاوێكی كۆنە راوچیی خەڵكی گوندی “دەرەكێ‌”ی سەر بە هەورامان تەخت بەناوی ئەحمەد عەزیزی لە هەڵوێستێكی مرۆڤانە و ژیاندۆستانە و بەناوی “نا بۆ راو و شكار” و بە هیمەتی ئەنجومەنی سەوزی چیاری مەریوان و لەپێش چاوی كامیرا و راگەیەنەكان لە حەرەكەتێكی هێمادارو سیمبۆلیكدا چەكەكەی بە بەرد شكاند، ئیتر بابەتەكە لە ئاستی ناوچەكانی مەریوان و هەورامان ترازا و سەرجەم شار و شارۆچەكە و گوندەكانی رۆژهەڵاتی گرتەوە. دەنگدانەوەی بەرینی ئەم چالاكییە ژینگەپارێزییە لە ئاستی ئێران و جیهاندا سیمایەكی دیكەی بۆ مرۆڤی كورد و تێڕوانینی بۆ ژیان خولقاند.

ئەم كارە بوو بە دەسپێك و برووسكەیەكی كۆمەڵایەتیی بەرین و لە شار و دێهاتەكانی رۆژهەڵات هەر لە ئیلامەوە بگرە هەتا ماكۆ و ورمێ‌ شەپۆلێكی بەربڵاوی چالاكیی ژینگەپارێزی جۆراوجۆر وەك ئەمانەی خوارەوە بەڕێوە چوون:

ـ شاكاندنی چەك و چۆڵی راو و وەلا نانی كاری راوچێیەتی و ئاشتبوونەوە لەگەڵ سروشت

ـ ئازادكردنی كەو و باڵندە و گەڕاندنەوەیان بۆ ناو سروشت

ـ سووتاندنی قەفەس و داو و ئامیرەكانی راو

ـ وەڕێخستنی دەیان كەمپەین و چالاكیی ژینگەیی وەك پاك كردنەوەی كێو و شار، دیهات، پارك و سەیرانگە و روخی رووبار و شوێنە گشتییەكان

ـ چاندنی نەمام و بەڕێوەبردنی چەندین خول، كۆڕ و سیمیناری پەروەردیەی و ژینگەیی

ـ ئاگرتێبەردان و سووتاندنی جگەرە و نێرگەلە بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی جگەرە و نێرگەلە كێشان

  ـ دیاریكردنی رۆژ و بۆنەی تایبەت بۆ پاراستنی ژینگە

ـ سازدانی كەمپەین و وەڕیخستنی رێپێوانی ئاشتیخوازانە بەدژی حوكمی ئیعدام

ـ بەشداری پێكردنی منداڵانی قوتابخانە، مامۆستایان و زانكۆ و ناوەندەكانی خوێندن

ـ لە هەموو گرنگ و پڕ واتاتر خۆڕسك و خەڵكی بوونی ئەم چالاكییانە و بەدوور لە دامەدەزگا حكومییەكان بوو كە هۆی سەركەوتنی بوو

واتاكانی ژینگەپارێزی لای كورد

ئەم كۆمەڵە كارە ژینگەپارێزیە بە شێوەیەكی بەرین، لە ئاستی راگەیەنەكانی ئێران و تەنانەت جیهاندا دەنگی دایەوە و كوردستان بوو بە هێما و سیمبۆلی ئاشتتبوونەوە لەگەڵ سروشت و لێبوردەیی. ئەم رەوتە پڕ واتایە كە هەڵقوڵای بیر و زەینی ژیاندۆستانە و ئاشتیخوازانەی تاك و كۆمەڵی كوردەوارییە، خوێندنەوەی جۆراوجۆری بۆ كرا و زۆری لەسەر باس كرا. زۆرێك لە چالاكانی كۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، سیاسی، رۆشنبیر و نووسەر و كەسایەتیی ئایینی تێكەڵ بەم رەوتە بوون و سیمایەكی تریان لە مرۆڤی كورد و ئامانج و ویستەكانی خستەڕوو. هەتاڕادەیەك ئەو تێڕوانینە چەواشە و سەقەتەی لەناو دەسەڵاتی تاران رەواندەوە كە هەمیشە كورد وەك شەڕەنگێز و شەڕخواز وەسف دەكەن، بەڵام هیچ كات دانیان بەم راستییەدا نەنا.

لە كاتێكدا لە تاران و شارەكانی دیكەی ئێران وەك كەلتوورێك جەماوەر و تەنانەت منداڵانیش بۆ سەیركردنی دیمەنی بەڕێوەچوونی حوكمی ئیعدام و گیان ئەستاندنی مرۆڤەكان لەسەر سەشام كۆ دەبنەوە و پێی خەنی دەبن، بەڵام لە كوردستانەكەی ئێمە خەڵك دەڕژێتە سەرشەقام بۆ هەڵوەشاندنەوەی حوكمی ئیعدام و خوازیاری گەڕاندنەوەی بەندییەكانن بۆ باوەشی ژیان و لە هەورامان مەڵبەندی عەشق و جوانی چەك دەشكێنرێ‌ و دانیشتوانەكەی دەبنە پێشەنگ و رچەشكێنی ئاشتكردنەوەی مرۆڤ لەگەڵ سروشت و هێماكانی.

 ئەم كارە گرنگ و پڕ ناوەرۆكەی چالاكانی ژینگەپارێز و كۆمەڵگەی وشاری كوردستان كارێكی وای كرد كە حكومەت سەرەنجام چۆكی دادا و باوەڕی بە رەواییەتی خەبات و چالاكیی ژینگەپارێزان و نیشتمانپەروەرانی كورد هێنا و هەمان ئەنجومەن كە سەردەمانێك كارە و چالاكییە ژینگەییەكانی بە كرداری سیاسی لە قەڵەم دەدران و ئەندام و بەڕێوەبرانی بە تۆمەتی تێكدانی ئاسایشی نەتەوەیی دەستبەسەر و زنیندانی و دادگایی دەكران، لە ئاستی باڵای ئێراندا خەڵاتی نەتەوەیی ژینگەپارێزییان پێ‌ بەخشرا و ئەمەش وەك دەسكەوت و سەركەوتنێكی مەزن هاتە ئەژمار.