هەنگی سنووریی سپای پاسداران ئاگر لە داربەڕووەکانی کوردستان بەردەدات

0
861

بەپێی هەواڵی ژینگەوان، لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی دواییدا، ژینگەی کوردستان بەتایبەتی ناوچە سنووریەکان بە بیانووی دابینکرنی ئەمنییەت لەلایەن حکوومەتی ئیسلامییەوە بە شێوازگەلێکی جۆراوجۆر لەناو دەبردرێت.

لە نوێترین راپۆرتدا کە بە ماڵپەڕی ژینگەوان گەییشتووە، باس لە ئاگرتێبەردانی داربەڕووەکانی گوندی چۆمان و زەلی سەر بە شاری بانە دەکرێت.

لەم راپۆرتەدا لە زاری تالیب محەممەدی، دێهاری گوندی چۆمان و زەلی راگەیەندراوە کە ئاگرتێبەردانی دارستانەکانی ئەم گوندە لەلایەن هەنگی سنووریی سپای پاسدارانەوە ئەنجام دراوە.

هەروەها ئەم هاووڵاتییە کوردە بە پێداگریی لەسەر ئەوەی کە پاراستنی ژینگه ئەرکێکی مرۆڤانەیە دووپاتی کردووەتەوە کە لەناوبردنی ژینگەی کوردستان و بەتایبەتی ناوچە سنوورییەکان بەبیانووی دابینکردنی ئەمنییەت لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە، کارێکی نەشیاوە.

دێهیاری گوندی چۆمان و زەلی لە کۆتاییدا وێڕای ئاماژە بە ئەوەی کە ئەوان تاوەکوو ئێستا چەندین جار بە نیسبەت ئەم کارەی هەنگی سنووری سکاڵایان تۆمار کردووە، رایگەیاند کە هیچ وەڵامێکیان وەر نەگرتووەتەوە.

ژینگەی کوردستان ماوەی ساڵانێکە کەلەلایەن حکوومەتەوە کراوەتە ئامانج و بە شێوەی سیستماتیک هەوڵی لەناوبردنی دەدرێت.

دروستکرنی بەنداو، ئاگرتێبەردانی دارستان، دابین نەکردنی جێگای تایبەت بۆ زبڵدان، بڵاوکرنەوەی زبڵی نەخۆشخانەکان لە ژینگە و ….هتد کۆمەڵێ لەو هەوڵانەن کە گیراونەتە بەر .

ن:هێدی کامرانی

سەرچاوە: ئەنجومەنی پاژین

IMG_20160110_161113