بڵاوکردنەوەی پێداویستییەکانی سپوورەکانی مەریوان، لە لایەن خوێندکارانی پەیامنوور
بەپێی هەواڵی ماڵپەری ژینگەوان، پاش نمایشکردنی فیلمی بێکەس لە ڕێکەوتی ۲۳ی سەرماوەز، لە زانکۆی پەیامنووری مەریوان و فرۆشی بلیت بۆ پاڵپشتی و فەراهەمکردنی پێداویستیی سپوورەکان، شەوی ۲٤ی سەرماوەز، ئەم پێداویستیانە لە لایەن خوێندکارانەوە لەسەر سپوورەکانی مەریوان دابەشکرا.
شایانی باسە کە سپوورەکانی مەریوان، زۆرتر لە شەش مانگە کە پارەیان پێ نەدراوە و پێویستییەکانیان پشتگوێ خراوە. بۆ نموونە بەبۆنەی ئەو تۆزەی کە دەڕواتە قوڕگیان، لە ماوەیێکی کورتدا دەبێتەهۆی نەخۆشبوونیان، بۆیە پێویستە لانیکەم حەوتەیێک جارێک شیر بخۆنەوە. هەروەها دەبێ هەموو شەوێک دەمامکەکانیان بگۆڕیێت، بەڵام ئەمە لە حاڵێکدایە کە حەوتەیێک جارێکیش دەمامکی نوێیان بۆ دابین ناکەن و تا ئێستایش شیریان بۆ نەکڕاوە.
بۆیە خوێندکارانی زانکۆی ناوبراو خۆیان لەهەمبەری کۆمەڵگاکەیان و چینی زەحمەتکێش بە بەرپرسیار دەزانن و ئەم چالاکییەیان وەک ناڕەزایەتییێک بە ئەم بارودۆخە نەگونجاوە ڕاگەیاندووە و خوازیاری خەبەربوونەوەی بەرپرسان و لایەنە پەیوەندیدارەکانن.