ئاوگیریی بڕگەی دووهەمی بەنداوی داریان و ناڕەزایی هاووڵاتییانی کورد

0
567

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی ژینگەوان، ئاوگیریی بڕگەی دووەمی بەنداوی داریان، لەناوچوونی کانیی ” نازار ” ـی لێ دەکەوێتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایه کە ئەم کانییە، ئاوی خواردنەوەی دوو گوندی سلێن و بەتایبەتی بڵبر دابین دەکات.
هاووڵاتییانی کورد لەم بارەوە لەو باوەڕەدان کە بە ئاوگیریی بڕگەی دووەمی بەنداوی داریان و لەناوچوونی کانیی نازار، هیچ سەرچاوەیەکی ئاوییان بۆ دابین کردنی ئاوی خواردنەوە نابێت.
لەم پێوەندییەدا لە بەرەبەری ئاوگیریی بەنداوی داریاندا، دانیشتوانی ئەو دوو گوندە ناڕەزایەتیی چڕی خۆیان راگەیاندووە.
لە بڕگەی یەکەمی ئاوگیری بەنداوی داریانیشدا کۆمەڵێک هەوڵی چڕ و پڕ لەلایەن چالاکانی ژینگەپارێزییەوە وەگەڕ خران کە هیچ دەستکەوتێکیان بەدواوە نەبوو.
بە پێی راپۆرتە بڵاوکراوەکان لەبارەی ژینگەوە لە کوردستان دەبێ بۆمان دەرکەوتبێ کە حکوومەتی تاران یەکێ لە سیاسەتە دژە کوردانەکانی ، تێکدان و لەناوبردنی ژینگەی کوردستانە و ئەوە تەنیا هاووڵاتییانی کوردن کە دەبێ ژینگەکەیان بپارێزن و بەو راستییە بگەن کە پاراستنی ژینگە، پاراستنی ژیانە.