ڕۆژی کورد: لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری سنە، وێڕای دادگایی کردنی ٥ هاووڵاتی و چالاکی مەدەنیی کوردی، حوکمی زیندانی کردنیشی بۆ بڕینەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٦ی بانەمەڕ، ٥ چالاکی مەدەنیی کورد لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری سنەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر “حوسێن بابایی” حوکمی ٦ مانگ هەتا ١ ساڵ زیندانییان بۆ بڕایەوە.
ئەفشین حوسێنپەناهی، ئارمان حوسێنپەناهی، پوویا حوسێنپەناهی، سەلمان حوسێنپەناهی و پوویا موقەدەم ئەو ٥ چالاکە کوردەی خەڵکی قوڕووچای سەربە شاری دێوڵان بوون کە ئەمڕۆ لەلایەن دادگای ئینقلابی سنەوە دادگایی کراون.
ئەو ٥ چالاکە کوردە بە هۆی هەوڵدان بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز و ئاخاوتن و گوتاربێژی لە ڕێوڕەسمی نەورۆزی ئەمساڵدا لە گوندی قوڕوچای دێوڵان، بە “پڕووپاگەندا بە دژی نیزام و هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی” دادگایی و سزا دران.
ئەفشین و پوویا حوسێنپەناهی هەرکام بە ١ ساڵ زیندانیی تەعزیری و هەروەها ئارمان حوسێنپەناهی و پوویا موقەدەم هەرکام بە ٦ مانگ و یەک رۆژ زیندانیی تەعزیری حوکم دراون و بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا حوکمی سەلمان حوسێنپەناهیش ڕادەگەیەندرێت.
ئارمان، پوویا و سەلمان حوسێنپەناهی و پوویا موقەدەم ڕێکەوتی ٢٠ی رەشەمەی سالی ٩٤ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کران.
دەگوترێ ئەفشین حوسێن پەناهیش ڕێکەوتی ٢١ی خاکەلێوەی ئەمساڵ (٩٥) لەلایەن مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە.