پارتی ئازادیی کوردستان پشتیوانی خۆی بۆ چالاکیی هەڵۆکانی رۆژهەڵات ڕاگەیاند

0
1186

 هەڵۆکانی ئازادیی کوردستان- رۆژهەڵات HAK-R کە باڵی سەربازیی پارتی ئازادیی کوردستان لە نێوخۆی رۆژهەڵاتە، چەند رۆژ لەمەو بەر ڕایگەیاندبوو : لە  رۆژی 29ی خاکەلێوە، رێکەوتی 17ی ئاوریلی 2016، لە دژی هێزە ئەمنییەکانی ئێران عەمەلیاتێکی سەرکەوتووانەی لە ناو شاری سنە ئەنجامداوە و  بە رچەی قۆناغێکی دیکە لە خەباتی چەکداریی شار دژی هێزە داگیرکەرەکانی ئێران لە کوردستان،ناویان هێناوە.

حوسین یەزدانپەنا جێگری سەرۆکی پارتی ئازادیی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەی ئەو پارتە، لە پەیامی نەورۆزی خۆیدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە شانە چەکدارییەکانی خۆیان لە ناوخۆی وڵات سەربەست دەکەن بۆ ئەنجامدانی هەر جۆرە چالاکییەک لە دژی هێزەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران.

پارتی ئازادیی کوردستان لە راگەیەیندراوێکدا پشتیوانیی لە هەڵۆکانی ئازادیی کوردستان دەکا و داوای لە لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان کردووە پەیوەست بن هەڵۆکانی ئازادیی کوردستان  و لە دژی داگیرکەرانی وڵات و خائینان و بەکرێگیراوان چالاکی ئەنجام بدەن.
پارتی ئازدیی کوردستان ڕایگەیاندووە؛ “بڕیار و هەنگاوی HAK-R ، وەڵامێکی گونجاوە بە هەلومەرجی سیاسیی و نیزامیی ئەم قۆناغەی رۆژهەڵاتی کوردستان. وەڵامە بە سیاسەتی حاشاکردن لە پرسی کورد و رێگریی لە خەباتی مەدەنی و ئاشتیخوازانە و درێژە دان بە زەبرزەنگ و کوشتاری رۆڵەکانی نەتەوەکەمان و تاڵانکردنی سامانی نەتەوەیی و گیرۆدەکردنی لاوان بە مادە سڕکەرەکان لە لایان تارانەوە. وەڵامێکە بۆ لە خۆبایی بوونی دەسەڵاتدارانی تاران لە سێبەری رێککەوتنیان لە گەڵ دوڵەتانی 5+1 . بڕیار و هەنگاوی HAK-R ، تێکدانی خەیاڵی سەرانی تارانە کە پێیانوایە ئێرانیان کردووەتە ” دوڕگەی هێمنی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست” و کوردستانیان بۆ هەمیشە” ئەمن” کردوە. هاوکات راسانە بەرانبەر گیانی بێهیوایی، گەندەڵیی سیاسی و ئەخلاقی و سیاسەتی خۆ بەدەستەوەدەرانە و حەزی لاس لێدان لە گەڵ تاران، لە بزووتنەوەی سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستاندا .
بۆیە، پارتی ئازادیی کوردستان، داوا لە لاوانی بە هەستی نیشتمانی داگیرکراومان لە شار و دێهاتەکان دەکا، بۆ گوڕ و تیندان بەو خەباتەی کە بە راماڵینی هێزە داگیرکەرەکان لە کوردستان بە ئاکام دەگا، بڕۆنە ناو رایڵکەی هەڵۆکانی ئازادیی کوردستان HAK-R و هەڵۆ ئاسا داگیرکەرانی وڵات و خائینان و بەکرێگیراوانیان بەر هەڵمەت بدەن.
پارتی ئازادیی کوردستان ستاریشی هەڵۆکانی ئازادیی کوردستان دەکا و دەڵێت؛ ئەوان سەلماندییان رۆڵەی ئازا و نەبەردی کورد، دەتوانێ، کەشوهەوای ترس و حاکمییەتی داگیرکەر بشکێنێ و لێی تێپەڕێ.
پارتی ئازادیی کوردستان پارتێکی رۆژهەڵاتی کوردستانە کە عەلی قازی کوڕی پێشەوا قازی محەمەد سەرۆکایەتی دەکا. هێزی پێشمەرگەی ئەو پارتە لەگەڵ دەسپێکی شەڕ لە دژی تیرۆریستانی داعش، لە ناوچەی کەرکووک و لە پێشەوە بەرەکانی شەڕ جێگیر بوون و لەماوەی یەکساڵی ڕابردوو ، گەلێک عەمەلیاتیان لەدژی تیرۆریستان ئەنجامداوە و ژمارەیەک لە هێزەکانیان شەهید و بریندار بوون.
حوسین یەزدانپەنا فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەی پارتی ئازادیی کوردستان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە ماوەیەک لەوە پێش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کرایەوە، ئاماژەی بەوە کردووە کە ژمارەیەک کەسی بیانی هاتوونەتە ناو ریزی هێزی پێشمەرگەی ئەو پارتە و دەیانەوێ لە دژی تیرۆریستانی داعش شەڕ بکەن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

بابەتی پێشووئەمریکا: ڕادەست کردنی مووشەکی ئێس-٣٠٠ گەمارۆی نوێی بۆ ڕژیمی تاران بەدواوە دەبێ
بابەتی دواترهەواڵنێرانى بێ سنور: ئێران لە ڕووى ئازادى میدیا پلەى ١٦٩ لە وڵاتانى جیهان دا هەیە

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.