هاونیشتمانییەکی شاری مهاباد دوای ئازار و کوتانێکی زۆر، دەستبەسەر کرا

0
708

ڕۆژی کورد: هاووڵاتیەکی تەمەن ٢٥ ساڵانی مهابادی بە ناوی “سیامەک دێهبۆکری”،  لە لایەن مەئموورانی ئەمنیەتی شاری مهابادـەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستراوە.

ڕۆژی دووشەممە ٤ی گەلاوێژی ١٣٩٥ی هەتاوی، مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مهاباد، دوای لێدان و کوتانێکی زۆر، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی سیامەک دێهبۆکری، کوڕی تەها ـیان لە ماڵی ئامۆزاکەی دەستبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواستووە.

دەگوترێ سیامەک ماوەیەکی کورت بوو لە کوردستانی باشوور گەڕابۆوە.

مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعات لە کاتی دەستبەسەرکردنی ناوبراودا هیچ مۆڵەتێکی یاسایی و دادوەرییان پێنەبووە.

یەکێک لە خزمەکانی سیامەک بە ناوەندی چالاکانی مافی مرۆڤی کوردستانی ڕاگەیاندووە: “سیامەک ڕێک ٢٤ کاتژمێر لە دوای گەڕانەوەی لە کوردستانی باشوور دەستبەسەر کراوە، ئەوە لە حاڵێکدایە کە هیچ پێشنەیەکی ئەمنیەتی نەبووە و لە شاری سلێمانی خەریکی کرێکاری بووە و تا ئێستاش پەیوەندی بە هیچ کام لە حیزبەکانەوە نەبووە و چالاکیی سیاسی نەکردووە”.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها گوتووشیەتی: “زۆر بە تووندی نیگەرانی چارەنووسی سیامەک ـین و بە هۆی ئەوەشەوە کە لە کاتی دەستبەسەرکردنی زۆریان لێداوە و ئازاریان داوە، ئێستا بنەماڵەکەی لە دڵەڕاوکێیەکی زۆر دان”.

تا ئێستاش شوێنی ڕاگرین و دۆخی جەستەیی و دەروونیی ناوبراو ناڕوونە.

 حەوتوویەک بەر لە ئێستاش، تەرمی لاوێکی مهابادی بەناوی جەلال جەوانمەرد، کوڕی ڕەسووڵ، تەمەن ٢٣ ساڵان و خەڵکی گەڕەکی خولێراوێی شاری مهاباد، دوای حەوتوویەک بێ سەروشوێنی ئەمڕۆ چوارشەممە ٣٠ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بناو لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە.

کەسێکی نزیک لە بنەماڵەی جەوانمەرد بە ڕۆژی کوردی ڕاگەیاند کە ئیدارەی ئیتلاعاتی مهاباد هەڕەشەیان لە بنەماڵەکەی کردووە کە نابێ بە هێچ شێوەیەک باس لە کوژرانی کوڕەکەیان لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بکەن.

دەگوترێ جەلال لە ژێر ئەشکەنجەی ئیدارەی ئیتلاعات گیانی لە دەست داوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت