ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕۆژی کورد، ڕۆژی چوارشەممە، ١٢ جۆزەردانی ١٣٩٥ی هەتاوی، كاتژمێر ٨ی سەر لە بەیانی، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری دێوڵان بە بێ هیچ بەڵگەیەك هەڵیانكوتاوەتە سەر ماڵی “محەمەد حوسێن پەناهی” لە ئەندامانی بنەماڵەی حسێن پەناهی و باوکی چالاکی سیاسی ئەمجەد حوسێن پەناهی و ڕەفیق حوسێن پەناهی و لە گەورە دێی قروچیای سەر بە شاری دێوڵان و دوای پشكنینی ماڵەكەی، هەڕەشەیان لە ناوبراو كرد كە دەبێ بە زووترین كات کوردستان بە جێ بهێڵن.
شایانی باسە، بنەماڵەی حوسێن پەناهی ساڵەهایە كەوتونەتە ژێر هەڕەشەی ناوەندە ئەمنیەتیەكانی ڕژیمی ئیسلامیی ئێران و ساڵانە چەندین كەس لە ئەندامانی بنەماڵەكەیان دەست بەسەر و ناچار بە بەجێهێشتنی وڵات دەكرێن.
یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی حوسێن پەناهی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت لە لیدوانێکی تایبەت بە ڕۆژی کورد لەو بارەوە ویڕای پشتڕاست کردنەوەی هەواڵەکەی دەڵێ: “لە ماوەی ٢ ساڵی ڕابردوودا ٢٢ ملیۆن تمەن پووڵی حیسابی بانکیی دایکی بنەماڵە لەلایەن ڕژیمەوە دەست بەسەر کراوە”.
ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێ: “جەلیلی، بەرپرسی ئیتلاعاتی دێوڵان، خودی خۆی لەگەڵ مەئموورەکان و بە دوو ترۆمبیل بادیگاردەوە چۆتە ماڵی محەممەد حوسێن پەناهی باوک ڕەفیق، ئەمجەد، ئەنوەر و ئەفشین حوسێن پەناهی و بە کەوش و بەوپەڕی بێ ڕێزییەوە چوونەتە ناو ماڵ و هەڕەشەیان لێ کردوون و کوتوویانە دەبێ ڕەفیق حوسێن پەناهی کوڕتان واز لە کاری سیاسی و ئەندامەتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕان بهێنێت”.
ئەو ئەندامەی بنەماڵەی حوسێن پەناهی لە درێژەدا دەڵێ:“ئەنوەر حوسێن پەناهیکوڕی بنەماڵە، حوکمی ٥ ساڵ بێبەشی لە خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی و هەروەها حوکمی دوورخرانەوەی لەسەرە کە تا ئێستا ٧ ساڵی لەسەر بڕاوەتەوە و بەپێی حوکمەکەش، دەزگای ئیتلاعات دەتوانێ ئەو حوکمە درێژتر بکاتەوە و لە ئێستادا ئەنوەر دوورخراوەتەوە بۆ شاری تاران و لە ژێر چاوەدێریی ئیدارەی ئیتلاعات دایە و مافی چوونە دەر لە ئێرانی نیە”.
بەپێی لێدوانی ئەو سەرچاوەیە، دایک و باوکی بنەماڵەی حوسێن پەناهی کە دایک لەسەروی ٧٠ ساڵ تەمەنی هەیە و باوکیش لە دایک بووی ١٣١٨ ی هەتاویە و هەر دووکیان بەساڵاداچوون بە بەرپرسی ئیدارەی ئیتلاعاتیان کوتووە ئێمە بە بێ حوکمی دەزگای دادوەری و تەنیا بە قسەی ئیدارەی ئیتلاعات، کوردستان و شوێنی ژیانی خۆمان جێ ناهێڵین”.