خوێنەری هێژا:
بابەتی بەردەستت، یەکێکیتر لە زنجیرە وتووێژەکانی گەورە ژووری راوێژە لە رایەڵەی کۆمەڵایەتی تلێگرامە کە لە رێکەوتی ٢٧ و ٢٨ی جۆزەردانی ١٣٩٥ی هەتاوی (٢٠١٦) لەگەڵ بەڕێز جەلال رەوانگەرد، سکرتێری یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بە پێشکەشکاری دڵنیا لوتفی، چالاکی سیاسی لەسەر مژاری (ئەرکی لاوانی کوردستانی خۆرهەڵات لە قۆناغی راسانەوەی خەباتدا) ئەنجام دراوە.
ڕاوێژ: هاوڕێیان و خۆشەویستان هەروەک ئاگادارن، لە سەرەتای ساڵی نوێ واتە ساڵی 2716ی کوردییەوە و لەلایەن سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتەوە لە دووتۆی پەیامی نەورۆزیدا کە پاش زیاتر لە دوو دەیە بۆ یەکەمجار لە چیاکانی کوردستان بەڕێوەچوو، مزگێنی راسان بە خۆرهەڵاتی نیشتمان درا.
راسانی حیزبی دێموکرات لەلایەن چاوەدێرانی سیاسییەوە بە دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی خەبات وەسف دەکردرێت، قۆناغێک لە خەبات کە لە هەلومەرجێکی زۆر تایبەت و هەستیاردا بەڕێوەدەچێت. هەلومەرجێک کە رێژیمی ئێران لە لایەن زۆربەی وڵاتانەوە پەراوێز خراوە و هەروەها زۆربەی وڵاتانی جیهان بە دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی دیکەدا مەحکوومیان کردووە و رێژیمی ئێران لەلایەن وڵاتانی ناوچەوە زیاتر پەراوێز دەخرێت و ژمارەیەک لە وڵاتان کە لەبەرەی عەرەبستاندان پەیوەندەییەکانیان لەگەڵ ئێران پچڕاندووە.
خۆشەویستان، هەنووکە ئێران لە وڵاتانی سووریە و عێراق بە ئاشکرا حزووری هەیە و رۆژ نییە گوێبیستی کوژرانی ئەندامانی سوپای قودس لە ژێر ناوی بەرگریکارانی حەرەمی زەینەبدا نەبین.
بە شپرزەبوونی ئێران و هەبوونی کێشەی ناوخۆیی دەسەڵات، دەبینین رۆژ لەگەڵ رۆژ سەرکوتی خەڵک بەرەو زیادبوون دەڕوات و چەندە حکوومەت ملکەچی زلهێزانی جیهانی دەبێ ئەوەندە گوشار و سەرکوتی ناوخۆیی زیاد دەکات بەتایبەتی لەسەر کورد لە رۆژهەڵات.
دەبێ ئەوە بزانین باشووری نیشتمان لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی فیدراڵیدا هەرێمێکی دێموکراتیکیان هەیە و هەروەها لە رۆژئاوایش نیمچە حکوومەتێک بوونی هەیە و بەرخۆدان لە باکووریش لە ئارا دایە.
لە ئێستادا بە راسانەوەی دووبارەی دێموکرات، خەبات لە خۆرهەڵاتی نیشتمان دەڕواتە خانەیەکی نوێوە و قۆناغێکی نوێی خەبات دەست پێدەکاتەوە. سەرەڕای هەموو ناکۆکییەکانی نێو ماڵی کورد، دەستپێکردنەوەی ئەو جۆرەی خەبات لە ئێستادا تا چەندە بەستێنی بۆ ئامادەیە؟ ئایا حیزبە رزگاریخوازەکان هێزێکی ئەو تۆیان هەیە کە بتوانن وڵامی ملهوڕییەکانی حکوومت بدەنەوە و وڵاتی داگیرکراو لە داگیرکەر بستێننەوە؟ ئامانج لە راسان چییە و تا چەندە پێی هیوادار بین؟ ئەرکی خەڵکی کوردستان بەگشتی و لاوان بەتایبەتی لەم قۆناغەدا چییە؟!
ئەمانە کۆمەڵێک لەو پرسیارانەن کە دەشێ لە سمیناری ئەمشەوی ژووری راوێژ لەگەڵ بەڕێز جەلال رەوانگەرد، سکرتێری گشتیی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا، بورووژێنرێن.
راوێژ: باسی ئەمشەومان لە کاتێدا دەست پێدەکەین کە حیزبی دێموکرات لە راگەیەندراوێکدا باس لە شەهیدبوونی چەندین هاوڕێی پێشمەرگە دەکات. پێویستە سەری رێز و نەوازش دادەبنوێنین بۆ هەموو شەهیدانی رێگای ئازادی و دێموکراسی و بەتایبەتی شەهیدانی حەماسەی دوژمێن بەزێنی شنۆ. پاشان بەخێرهاتنی بەڕێز جەلال رەوانگەرد، سکرتێری یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ئەندامی رێبەریی حیزبی دێموکرات دەکەین و سوپاس بۆ قبووڵکردنی بانگهێشتی ژووری راوێژ.
رەوانگەرد: رۆحی شەهیدانی ئەم دواییەی بەرخۆدانی شاری شنۆ بەرز و بەڕێز و رێگایان پڕ رێبوار بێت. هەروەک ئاگادارم راسانی خۆرهەڵات لە شاخەکانەوە دەستی پێکرد و ئیستا پێویستی بە وەڵامدانەوە شارە و هەموو لایەک باش دەزانن کە تێکەڵبوونی خەباتی شار و شاخ پێویستییەکی ئەو قۆناغەیە، بەشداری سەرجەم چین و توێژەکانیش پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە و ئەرکی نەتەوەیی و نیشتمانییە لەسەر سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگای کوردستانی رۆژهەڵات.
راوێژ: میکانیزمی حیزبی دێموکرات لەم قۆناغەدا بۆ چۆنیەتیی پەیوەست بوونی لاوان بە ریزەکانی پێشمەرگەوە چییە؟
رەوانگەرد: بوونی هێزەکانی پێشمەرگە لە ناو خەڵکدا باشترین ئاسان کارییە بۆ لاوەکان هەتا بتوانن پەیوەندیی بکەن بەریزکانی پێشمەرگەوە.
ئەوەی پێویستە بە شێوەیەکی گشتیش ئاماژەی پێ بدرێت ئەوەیە کە راسانی رۆژهەڵات سەری هەڵداوەتەوە و پێویستە سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگای رۆژهەڵات بە تایبەت لاوان پشتیوان و بەشداری بن . لەو کاتەدایە کە هەر تاکێکی رۆژهەڵاتی بە هەر شێوەیەکی مومکین بۆی دەرەخسێت یا خود خۆی بە بەرپرسیاری کۆمەڵگاکەی و نەتەوەکەی دەزانێت پێویستە بەشدار بێ لە یەکێک لە شێوە خەباتەکانی رزگاری گەلەکەی و بەشداربوون لە ریزی تێکۆشەڕانی نیشتمان و وەرگرتنی وشەی پیرۆزی پێشمەرگە بوون گەورەترین شانازی و ئەرکی تاکی رۆژهەڵاتییە.
حیزبی دێموکراتیش وەک ماڵی کوردی سەرجەم تاکەکانی رۆژهەلات دەرگای بە رووی خوازیارانی بوون بە پێشمەرگە ئاوەڵایە و خوازیاری بەشداری لاوانی نیشتمانە لە خەباتدا و لە هەمان کاتدا بە جێگەیاندنی هەر ئەرک و
بەرپرسیارەتییەک لە بەرامبەر نەتەوە و نیشتمانەکەمان دا بۆخۆی هەنگاوێکی بوون بە پێشمەرگەیە و هەر تاکێک لە رۆژهەڵات دەتوانێ بەشدار بێ لە گرێدانی خەباتی شاخ و شار و هەمووان و هەموو لایەنەکان پێکەوە دەتوانین رزگاری بۆ نیشتمانەکەمان بەدی بێنین.
راوێژ: لە ئێستادا کە حیزبی دێموکرات و یەکیەتیی لاوان تەلەڤزیۆن و رادیۆیان نییە، چ مکانیزمێکیان بۆ پێوەندیی لەگەڵ خەڵک و گەیاندنی زانیاریی دروست بە خەڵک لەو قوناغەدا هەیە؟
رەوانگەرد: پێویستە سەرجەم دڵسۆزانی کورد هاوکار و هاوخەباتمان بن لە گەیاندنی دەنگی رەوا و زانیاری دروست لەو پێوەندییەدا، ئەم بەشەی ئاماژەتان پێکرد خەسارێکی گەورەیە و بە داخەوە بەهۆی گرفتی ماڵی و لەهەمان کاتدا بۆ پاڕاستنی سەربەخۆیی بڕیار و پابەندبوون بە پرنسیپەکانی رێبازی دێموکرات رووبەڕووی زۆر گرفتی ماڵین وهەموو تێکۆشەڕێک دەتوانێ لەو بوارەدا هەنگاو بنێ بۆ ئەوەی لانیکەم لە کاناڵە راگەیاندنییەکانی دێموکرات و ناوەندە رەسمییەکانی زانیاری دروست وەربگرن و لە هەمانکاتدا بەرپەرچی هەرجۆرە چەواشەکارییەکی رێژیمی تێرۆریستی ئیسلامی ئێران و نەیارانی کورد و دێموکرات بدەنەوە.
وەکوو پێشتریش وتم بوونی راستەوخۆی هێزکانی پێشمەرگە بەشێک لەو کێشانە چارەسەر دەکات.
راوێژ: لە ماڵپەری فەرمی و هەروەها لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چەندە چالاکن، ئایا رۆژانە ئاپدەیت دەبنەوە، سەردانەکانتان لە چ ئاستێکدایە؟
رەوانگەرد: تیمی راگەیاندنی حدکا لەو بوارە بە تەواوەتی ئامادەیە و سەرجەم راپۆرت و روانگەکانی دێموکرات و زانیارییە دروستەکان پاش دڵنیابوون، بڵاو دەبێتەوە.
هەواڵ و زانیاری و راگەیەندراوێک کە بۆ بڵاو کردنەوە ببێت بە زوترین کاتی مومکین رادەگەیەندرێت، بەڵام لە هێندێک کاتدا بەهۆی باری ئەمنیەتی لەوانەیە زانیاری لە سەر ناوخۆ و تێکۆشەرانی ناو رۆژهەڵات هەروا بە سانایی بڵاو نەکرێتەوە. بۆیە داواکارین لە هەموو لایەک هاوکار و پشتیوانی گەیاندنی دەنگی رەوا و راستبێژی دێموکرات بن و تەنها لە کاناڵە رەسمییەکان باس و بابەت و زانیارییەکان وەربگرن و بڵاوی بکەنەوە.
ڕاوێژ: راسان تا چەندە وەکوو دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداری پێناسە دەکرێت؟ راسان چی لەخۆ دەگرێت بە گشتی؟
رەوانگەرد: مەبەست لە راسان، چالاک کردنەوەی خەباتی رۆژهەڵاتە لە سەرجەم بوارەکاندا. ئەو شێوە خەباتە نوێیەی دێموکرات کە بەشێک لە راسانی رۆژهەڵاتە بۆ پێوەندی گرتن لەگەڵ ناوخۆ و ناوەندی تێکۆشانەکەی واتە کوردستانی رۆژهەڵاتە و گەیاندنی دەنگی دێموکرات بە خەڵکی کوردستان بە شێوەی راستەوخۆ و پێوەندی راستەوخۆ لەگەڵ خەلکەکەی خۆی و لەهەمان کات دا وەرگرتنی را و سەرنج و خواستی خەڵکی رۆژهەلات و هەنگاونانی دێموکرات لەو بوارەدایە.
دێموکرات وەک سەرەکیترین هێزی خەباتکاری کوردستانی رۆژهەڵات بەرانبەر بە تاکەکانی رۆژهەڵات خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت و گرێدانی خەباتی شار و شاخ هەڵقولاوی خواستی خەڵکی رۆژهەلاتە هەر بۆیە لە پەیامی نەورۆزییدا، دێموکرات جێبەجێ کردنی ئەو ئەرکە نیشتمانیەی خستە ئەستۆی خۆیی و وەکوو هەمیشە ئامادەی پێشڕەویە لە راستای وەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵاتدا.
کەوابوو ئێمە لە راستای خواستەکانی رۆژهەڵات و ئەو بەشەی نیشتمان هەنگاومان نا و خەباتی شاخمان گرێدایەوە بە شار ئێستا نۆبەی چالاکانی شار و سەرجەم خەلکی رۆژهەلاتە کە پشتیوانی شاخ و هێزە خەباتکارەکانیان بکەن.
راوێژ: کاک جەلال لە دۆخی ئیستا لاوان لە دەرەوەی وڵات ئاستی پێوەندییەکانیان چۆنە، و رۆڵیان لە راسانی نوێدا چۆن دەبێت؟
رەوانگەرد: ئەوانیش وەک بەشێک لە راسانی رۆژهەڵات بەرپرسیارن لە گەیاندنی دەنگی رەوا و حەقخوازی و مافویستی و دێموکراسی خوازییەکەی ئەو بەشەی نیشتمان، بە ناوەند و کۆڕ و کۆمەڵە جیهانییەکان و وەرگرتنی پشتیوان وهاوکاری بۆ خەباتەکەمان.
لە لایەکی دیکەوە دەربڕینی ناڕەزایەتی و بێزاری خۆیان لە رێژیمی کۆنەپەرەست و تێرۆریستی کۆماری ئیسلامی. دەرخستنی رووی راستییەکانی ئەو سیستمە سەدە نێوەڕاستی و فاشیستییە بە دونیای دەرەوە، دروست کردنی پێوەندی و گەیاندنی دەنگی خەبات بە ناوەندەکانی راگەیاندنی وڵاتان.
هەروەها کاریگەریی دروست کردن لەسەر هەڵویستی وڵاتان لە کزکردنەوەی پێوەندییان لەگەڵ تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامی ئیرانی و لە هەمان کاتدا پشتیوانی خەبات و خەباتکارانی رۆژهەلات بە سەرجەم ئەو لایەنەکانەی کە لە راستای خزمەتی خەڵکی رۆژهەلات هەنگاو دەنێن.
بە گشتی بە هەموو شێوەیەکی مومکین و ئەوەی لە توانای مادی و مەعنەوی و پوتانسێلیان دایە بیخەنە خزمەت خەباتەکەیان کە بۆخۆشیان بەشێکن لەو خەبات و لەو لایەنانەی رۆژهەلات.
راوێژ: خوێندنەوەتان بۆ چالاکانی لاوی ناوخۆ چیە، چۆن دەتوانن رێکیان بخەن؟
رەوانگەرد: بەشدارییان لە خەباتی پێشمەرگانە گرینگترین و سەرەکیترین هەنگاوە. لەگەڵ ئەوەیدا پێویستە لێرەدا ئاماژە بەوە بدەین هەردەم لاوانی ناوخۆ بە هەنگاو و چالاکییەکانیان لەسەرجەم بوارەکانی چالاکی مەدەنیی رۆڵیان بووە و درێژدانیان بەهەر شێوە چالاکی و خزمەتێک بە ئەو بەشەی نیشتمان بۆخۆی سازماندانیانە لە بەشداربوونیان لە بزووتنەوەی کورد لەو بەشەی کوردستان.
وەک ئاماژەیەک بە خەباتی شاخ و شار هەر دۆست و تاکێکی رۆژهەڵاتی لە هەر رێگەیەکی مومکین و بە هەر جۆرێک پێی وایە یا دەتوانێ خۆی گرێ بداتەوە بەو شێوە خەباتە، ئەوە سازماندانیەتی لە رێبازی دێموکرات کە خزمەت کردنە بە نیشتمان و گەل.
راوێژ: پێتان وانییه که چەک هەڵگیرا نابێ تەنیا بۆ بەرگری بێ؟ ئەگینا بۆسەی دیکه چاوەڕێی پێشمەرگه قارەمانەکان دەکا؟ ئەگەر ئەو شێوازه نەگۆڕدرێ بۆ پەلامار، خەساری زۆرمان بەر دەکەوێت!
رەوانگەرد: لەگەڵت هاوڕا نیم، ئێمە شەڕخواز یان ئاشقی چەک و شەڕ نین، چەکی گرنگی هەر پێشمەرگەیەکی دێموکرات بیروباوڕەکەیەتی، کلاشینکۆفی شانی تەنیا بۆ بەرگرییە نەک شەڕخوازی. خودی پێناسەی پێشمەرگە بە مانای پێشمەرگی بەرەوپێشبردنی بیروباوڕیەتی و بۆ بەرەوپیشبردنی گیانی فیدای نیشتمانەکەی دەکات.
ئێمە سیاسەت و خەباتمان گرێدانی شاخ و شارە، نەک شەڕخوازی چ وەک دێموکرات و چ وەک گەلی کورد هەمیشە ئاشتیخواز بووین و هەین و بۆ بەرگری لە خۆشمان لە هەموو رێگەیەکی رەوا کەڵک وەردەگرین.
بیروباوەڕمان چەکێکە کە زلهێزترین دۆژمنەکانیش بە چۆکدا دێنێت ئەگینا خۆ لە بواری هێزەوە قەت بەراورد ناکرێین، بەڵام بیروباوەڕی دێموکرات و سەرجەم خەباتکارانی کورد هێند گەورە و بەهێزە، گەورەترین دیکتاتۆرانیش بە چەکی باوەڕ بەچۆک دادێنێت.
پێویستە ئاماژەش بەوە بکەین، لێرەدا ئێمە بۆ پشتیوانی لە چالاکانی ناوخۆ و خەڵکی رۆژهەلات هاتووینەتەوە ناو رۆژهەلات. ئەگەر ئەو خەباتەمان هاوبەش نەبێت و گرێنەدرێتەوە لەگەڵ خەباتی شار و خەڵکی کوردستان کە لەسەر خواست و بۆ پشتیوانی خەڵک گەڕاوینەتەوە ناو رۆژهەلات، ئەوا خەباتەکە سەرکەوتوو نابێت. پێویستە ئەوانیش هاوکار و پشتیوانی هاوخەباتەکانی خۆیان بن و بۆ بەرەنگاری و بەرپەرچدانەوەی سەرجەم پیلانەکانی رێژیم لە هەموو بوارەکان کە یەک لەوان نیزامییە هەموو پشتیوانی و گرێ دانێت و بەشدارییەک پێویستە و لە ئیستەدا ئەوانیش دەبێ خەباتی خۆیان دەست پێ بکەن.
راوێژ: لاوان چۆن دەتوانن لە کونگرەی نۆیمی رێکخراوەیی یەکیەتیی لاواندا بەشدار بن و کاریگەرییان بێت؟
رەوانگەرد: تەنیا رێگەی بەشداربوون لە کۆنگرەی رێکخراوەکاندا ئەندام بوونە لەو رێکخراوانە، بەڵام لە بەشی دووهەمی پرسیارەکەت چۆنیەتی کاریگەری دانانیان، ئەمە یەک لەو رێکارانەیە کە هەموو دڵسۆز و نیشتمانپەروەرێک دەتوانێ لە راستای بەرەوپێشبردنی خەباتدا دەور و کاریگەری هەبێت و ئێمە خوازیارین هەموو تاکەکانی کوردی رۆژهەلاتی بە تایبەت لاوان بتوانن کاریگەریی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆیان لە دارشتنەوەی ستراتیژی و پلانی کاری نوێ بۆ خەباتی داهاتوومان هەبێت و لە هەمان کاتدا هەر دۆست و خەباتکارێک بتوانێ هاوخەباتمان بن و بەشداربن لەبەرەوپێشبردنی خەباتەکەمان لە خزمەتیانداین با هاوکارمان بن و رێنما و پشتیوانیان دەتوانێ باشترین کاریگەری لە بەرەوپێشبردنی خەبات و دارشتنی ستراتیژی نوێی رێکخراوەییمان بێت.
راوێژ: لە ئێستادا، ئەرکی لاوی کورد لەم قۆناغەی خەبات کامانەن؟! پێویستە لاوی کورد چی بکات کە لەبەرژەوەندیی نەتەوەییدا بێ و خزمەت بە جووڵانەوەی رزگاریی خوازیی کوردستان بکات؟
رەوانگەرد: پێم باشە سەرەتا باس لە ئەرک و بەرپرسیارەتی لاوی کورد لە هەمبەر پرس و بابەتە نیشتمانی و نەتەوەییەکانی بکەین و ئەگەر دواتر دەرفەت بوو بپڕژێینە سەر ئەرک و بەرپرسیارەتییان بەرامبەر هاوتوێژەکانی خۆیان، هەرچەند بە داخەوە لە وڵاتێکی وەک ئێران کە سیستمێکی توتالیتر و نادێموکراتیکی هەیە و قەد ماف و ویست و داخوازییەکانی لاوانی لا گرنگ نەبووە و نیە، بەو هۆیەوە لاوی کورد زیاتر لەوەی هەڵگری ویست و داخوازییە پیشەییەکانی بێ زیاتر بەرامبەر ئەرکە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی بەرپرسیارە، بۆیە خزمەت کردن بە نیشتمان و بەشداری لە بزووتنەوەی نەتەوەیی دێموکراتیک و خەباتی رزگاری خوازی کورد ئەرکی سەرەکی سەرجەم تاکەکانی کورد بە تایبەتی لاوانە لە کوردستانی رۆژهەلات.
لەهەر کۆمەڵگایەکدا ئەرکی لاو بردنە سەرەوەی ئاستی ئاگایی خۆی و سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگاکەیە و لاوی کوردیش بە هۆی ژێردەستەییەوە پێویستە بەرامبەر بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان خۆی بە ئەرکدار بزانێت و هەنگاو هەڵێنێ بۆ خزمەتی نیشتمان و یارمەتی تێکۆشەرانی نیشتمانی خۆی بدات و ئاگایانە بەرگری لە خاک و زمانەکەی خۆی بکات، خاڵێکی گرنگ کە پێویستە ئاماژەی پێ بدەین ئەوەیە وەک لاوی کوردیش وەکوو لاوی نەتەوەکانی دیکە پێویستە لە هەمبەر رۆشنگەری و وشیارکردنەوەی سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگا خۆی بە ئەرکدار بزانێت وەکوو بزوێنەری کۆمەڵگا لەسەر هەر پرس و بابەتێک کە دژ بە بەرژەوەندی گشتی نەتەوەیی بوو تاکەکانی کۆمەڵگاکەی وشیار بکاتەوە و یەکیەتیی لاوانیش لەو راستایەدا بە ئاگاهێنانەوەی لاوانی کورد و ئاشنا کردنیان بە بزوتنەوەی نەتەوەیی دێموکراتیکی کوردستان لە ئەرکە سەرەکییەکانی خۆی، دەزانێت.
راوێژ: پێویستە لاوی کورد چی بکات کە لە بەرژەوەندیی نەتەوەییدا بێت و خزمەت بە جووڵانەوەی رزگاریخوازیی کوردستان بکات؟
رەوانگەرد: پێویستە بەشدار بێ لە بزووتنەوەی رزگاری خوازی گەلی کورد بە پەیوەست بوونی بە ریزەکانی پێشمەرگە یان هەوڵ بدات بە نسیبەت سەرجەم پرسەکانی نیشتمانەکەمانەوە رۆشنگەری بکات و چەواشەکارییەکانی نەیاران و دژبەرانی نەتەوەکەمان روون بکاتەوە، لەهەمبەر باس و بابەتەکانی رۆژدا هەڵوێستی روون و ئاشکرای هەبێت.
راوێژ: لاوان چی بکەن کە بتوانن چالاکی بکەن بە پێی یاسایی نێوخۆیی و لە بارودۆخی هەستیاری ئێستەدا چۆن لاوانی نێوخۆ رێک دەخەن بە بێ ئەوەی کە بەرەوو رووی گیرووگرفت ببنەوە؟
رەوانگەرد: ئەوەی کە باسی ئەوە بکەین بە بێ بەرەوڕوو بوونی ئاستەنگ و کێشە لە ناو وڵاتێکی دیکتاتۆر لێدراودا و بێ فیداکاری و لەخۆبردوویی چالاکی بنوێنن پێم وابێ شتێکی مەحاڵ و زیاتر خۆ دوورخستنەوەیە بەرامبەر ئەرکە نەتەوەیی و نیشمانییەکان و پێچەوانەی پەیامی راسانەوەی دێموکراتە.
کاتێک لە وڵاتێک داین دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری هەیە و سەرجەم ماف و ئازادییەکانی زەوت کردوە کەوابوو تەنیا رێگاچارە بەرەنگار بوونەوە و بە گژدا چوونەوەیە، نەک خۆ دەرباز کردن لێی و مت بوون، و لە بەرامبەردا باقی تاکەکانی دیکەی کۆمەڵگا لە ژێر زەبر و زەنگی رێژیمدا بن .
مەحاڵە بتهەوێ مافەکانت بە دەست بێنی، بەبێ ئەوەی زەحمەتی بۆ بکێشی یا باجی بۆ نەدەی وەکوو چۆن رێبەرمان د. قاسلموو دەفەرمووێت: گەلێک ئازادی بووێت دەبێ نرخی ئازادیش بدات .
با لاوان خزمەت بە نیشتمانیان بۆ ببێ بە ئەرکی دینی و ئاینی و نەتەوەیی و وەک وانەیەکی رۆژانە بیری لێ بکەنەوە و هەنگاوی بۆ هەڵبگرن .
راوێژ: باس لە چەواشەکاری دەکەن، لێرەدا مەبەستت چییە کە دەڵێن پێویستە لاوان بە نیسبەت چەواشەکارییەکانەوە وشیار بن؟ چۆن دەتوانن روونکردنەوە بدەن لەسەر چەواشەکارییەکانی نەیاران؟
رەوانگەرد: کاتێک کە دەڵێن با تەیار بن بە زانیاری و ئاگایی راست لەو پیناوە دایە، چوون ئێستا چەکی شەڕی نەرمی دوژمن چەواشەکاری و بەلاڕێدا بردنی خەباتە. کەوابوو بردنە سەری ئاگای و وشیاری لە سەرجەم بوارەکان گرینگترین چەکی بەرگری و بەگژداچوونەوەیە.
دوژمن بەهەموو شێوەیەک هەوڵدەدات مێژووی خەباتی کورد بەلارێدا ببات یان لە ئامانجە سەرەکییەکانی دووری بخاتەوە. لە هەمانکاتدا دەیهەوێت وانیشان بدات کە بوونی بیر و بۆچوون و گرووپ و تاقمی جیاواز ئاڵۆزییەکی فیکری لە نێوان لایەنە کوردییەکاندا بوونی هەیە کە ئەم بەشە بۆخۆی ئەسڵێکی دێموکراسی و پلۆڕالیسمە. یان بە بڵاو کردنەوەی زانیاری هەڵە و چەواشەکارانە بە نسبەت خەباتی رۆڵەکانی کورد و دانی تۆمەتی بێ بنەما لە تێکۆشەران و چالاکانی سیاسی.
پێویستە لاوانی کورد بەرانبەر بەو هەوڵە نەزۆکانەی رێژیم ئاگادار بن و هەروەها کۆمەڵگاش لەو هەوڵانە ئاگادار بکەنەوە، زۆر جار هێندێک هەواڵ و زانیاری کە لەوانەیە رووی راستیشی هەبێ بەڵام لە بەرژەوەندیی کورددا نیە و خزمەت بە هەوڵە چەواشەکارییەکانی رێژیم دەکا. پێویستە تاکەکان بە ئاگایانە بەر پەرچی هەر شتێک بدەنەوە کە زەربە لە خەباتە رەواکەمان دەدات، پێویستە کورد رێکخراوانە و یەکدەست هەرچی زانیاری و هەواڵەکانی رێژیمە بۆیان گرینگ نەبێ و پشتی پێ نەبەستن.
راوێژ: بۆچی حکوومەتی تاران ئەوەندەی بە حیزبی دێموکرات هەستیارە بە هێزە ئازادیخوازەکانی دیکە هەستیار نییە، واتە ئەو هەموە شەڕە نەرمە چییە حکوومەت لەو قوناغەدا رێکی خستوون؟ بۆچی رژیم دەیەوێ چەواشەکاری بکات؟ لە ئێستادا رۆڵی میدیا نەتەوەییەکانی کوردستان چییە؟
رەوانگەرد: ئەوەی زانیاری لەسەر بیر و رێبازی دێموکرات هەبێت دەزانێ چەندە لە قوڵایی دڵ و خواستی خەڵکی کورد ریشەی کوتاوە. دێموکرات ئاڵاهەڵگری خەباتی نەتەوەیی کوردە و کۆماری کوردستانی بە ماوەیەکی زۆر کەم لە دامەزراندنی راگەیاندووە. لە هەر قۆناغێکی خەباتی کورددا دێموکرات دەوری کاریگەری هەبووە، یەکی دیکە لەو قۆناغانە دەکرێ ئاماژە بە شەڕی چەکداری قارەمانانەی ساڵەکانی ٤٦/٤٧ی هەتاوی بکرێت کە شۆڕشگێرانی دێموکرات خوڵقاندوویانە.
بیر و رێبازی دێموکرات تەنیا روانگەی تاکێک یا گرووپێک نیە بەڵکوو لە ناخ و هەڵقولاوی خواستی گەلە کەوابوو هەر کردارێکی ئەو لایەنە گەلەکەی لەگەڵە و هەنگاوەکانی بۆ گەلە و کۆمەڵگای کوردستان خۆیان بە هاوکار و هاوخەبات و نوێنەری خەباتە رەواکەیان دەزانن.
دەوری میدیا نەتەوەییەکان، هەنگاونانە لە راستای خواستی نەتەوە و پاڕاستن و بەرەوپیشبردنی بەرژەوەندییەکانی نەتەوەکەی و بەرپرچدانەوەی خەباتی نەرمی دژبەرانی کوردستان و خەباتگێڕانی کورد ئەرک و دەوری هەموو میدیایەکی کوردستانی و راگەیاندنکارێکی خەباتکاری کوردە.
راوێژ: لێرەدا حیزبی دێموکراتە کە باس لە راسان دەکات و بووەتەوە رۆژەڤ، پلانی حیزب بۆ سازماندانی لاوان چییە؟ حیزب جگە لە بوون بە پێشمەرگە، پلانی فەرهەنگی، کلتووری و ….هتدی بەدەستەوەیە بۆ بەڕێوەبردنی خەباتی هەمەلایەنە؟!
رەوانگەرد: دیارە ناکرێ ئێمە لێرەدا تەنیا دێموکرات بکەینە رۆژەڤ بەڵکوو سەرجەم لایەنەکانی رۆژهەلات دەتوانن هاوهەنگاو بن و راسانی رۆژهەڵات زیاتر پەرە بەو شێوە خەباتە نوێیە بدەن.
راستە دێموکرات وەک هێزێکی رەسەن و پر سەروەری مێژوویی، ئەو هەنگاوەی ناوە و چاوەڕوانین هەموو لایەنەکانی رۆژهەلات کە لەم ساڵانەی دواییدا پرسی رۆژهەڵات کەمتر لە رۆژەڤ دا بووە، هەنگاو هەڵبگرن. ئەوەش بۆخۆی بەشێک لە درووشمەکانی راسانی رۆژهەڵاتە کە هەموومان ببینە خاوەن رۆژهەڵات و خەباتی بۆ بکەین .
بەڵێ پلانەکە تەنیا لایەنی نیزامی ناگرێتەوە، بەڵکوو بردنە سەری ورەی خەڵک بۆ بەربڵاو کردنەوەی چالاکییەکانیان لە سەرجەم بوارەکان و پشتیوانی لێیان پلانی راسانی رۆژهەڵاتە. هەر تاکێکی رۆژهەڵات خزمەتێک بە نیشتمان و نەتەوەکەی بکات بە جۆرێک ئەرکێکی پێشمەرگایەتی بەجێ گەیاندوە .
پلانی حیزبی دێموکرات بۆ لاوان بە رێکخستن کردن و لەدەوری بزووتنەوەی کورد کۆبوونەوەیان و گەیاندنی زانیاری وشیارییە بەو توێژە کە دەزانین هەر لەو راستایە دا یەکیەتیی لاوانی دامەزراندووە.
ئەگەر بڕوانینە مێژووی یەکیەتیی لاوان هەر لە قۆناغی یەکەم سەردەمی کۆماری کوردستان خزمەت کردن بە کۆمار و هەنگاونان بۆ گەیاندنی دەنگی کۆمار بەو توێژە ئەکتیڤەی کۆمەڵگا و دواتر قۆناغی دووهەم هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی و ئیستا کە لە قۆناغی سێهەمی شێوەکار و تێکۆشانی ئەو رێکخراوەین، دەبینین لە هەرکام لە قۆناغەکان جۆرە ئەرک و بەرپرسیارەتییەکیان هەبووە لە پێوەندی بە شێوە کار و سازماندەهی ئەو رێکخراوەیەش واتە یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەم قۆناغەی خەباتدا، دەتوانن بەرنامە پێڕەوەکەی بخوێنەوە لەوێدا بە وردی هەموو بەرنامە و ئامانجەکانی شی کراونەتەوە.
راوێژ: لە ناوخۆی وڵاتدا لاوان کێشەی فیلترینگیان هەیە و کاتێک هەموو رێگاکان گیراون بۆ وەرگرتنی زانیاری چۆن بەرپەرچی شەڕی نەرم بدڕێتەوە؟
رەوانگەرد: زۆر بەباشی بیرلەوە کراوەتەوە و حزوری پێشمەرگە لە ناو کۆمەڵانی خەڵکدا و هەروەها بوونی ئەندامانی نهێنی حیزب و یەکیەتیی لاوان بۆ ئەو مەبەستەیە کە بتوانن گوتاری زاڵی جمهوری ئیسلامی بەسەر کۆمەڵگادا بەرپەرچ بدەنەوە، هەروەها لە بواری دنیای مەجازیدا زۆر رێکاری گونجاو هەیە بۆ دەست راگەیشتن بە تۆڕی زانیارییەکان و زۆربەی کۆمەڵگا بە نهێنیش بێت لانی کەم دەستیان بە ماهوارە و ئینتێرنێت دەگات، خاڵی گرنگ ئەوەیە لاوەکانمان تێبگەیەندرێن کە ئەو زانیارییانەی لە زاری رێژیمەوە دێنە دەرەوە چەواشەیان تێدایە و راستی پێچەوانەی ئەو شتەیە کە ئەوان دەیڵێن، کە بێگومان ئاستی رۆشنبیری لاوەکان لەو بوارەوە زۆر لەسەرە و ئێمە وەکوو یەکیەتیی لاوان لەو بارەیەوە گەشبینین.
ڕاوێژ: زۆرێک لە لاوانی خۆرهەڵات لەئێستادا دۆخی بوون بە پێشمەرگەیان نییە و دەیانەوێ یارمەتیدەری راسان بن لەو قۆناغەی ئێستادا، پلانتان بۆ ئەوانەی وا ناتوانن و بەستێنیان نییە ببنە پێشمەرگە چییە؟
رەوانگەرد: وەکوو لە پێشتریش باسم کرد، یارمەتی راسانی رۆژهەلات بە خۆ تەیارکردن و بەرەنگار بوونەوە و خۆ بە ئەرکدار زانین بەرامبەر نیشتمان دەکرێت، با نەبێ بە پێشمەرگە بەڵام خزمەتی نیشتمانەکەی بکا هەمان هەنگاوی راسانە.
لە راستیدا ئەگەر هەموو ببنە پێشمەرگە ئەی کێ هاوکاری پێشمەرگە بکات، گرینگ ئەوەیە بیریان پێشمەرگانە بێت، بۆ نموونە : نەهێلن لاوەکان بەلاڕێدا بچن. نەهێڵن تووشی دیاردە کۆمەڵایەتییەکان و پیلانە دزێوەکانی رێژیم بن، لە شوێنێک تاکێک پێویستی بە هاوکاری و پشتیوانییە نەخۆشێک هەیە و یارمەتی دەوێت، دایک و باوکێک پێویستیان بەوەیە رۆلەکەیان خزمەتیان بکات، نەهێڵن ژینگە ببێتە قوربانی سیاسەتەکانی رێژیم، یەکگرتوویی دروست بکەن لە ناو تاکەکانی کۆمەڵگا، دژبەری و رقەبەرایەتی و چەواشەکاری سەرکوت بکەن، ئەمانە هەمووی پەیامی راسانە.
راسان بە مانای بە وریاهێنانەوە و وشیارکردنەوە و بەرەوپیشبردنی خەبات و وەدیهێنانی ماف و ئازادییەکانی رۆژهەڵاتە. بۆیە لە هەر بواریکەوە هەر هەنگاوێکی بۆ هەڵبگیردرێت ئەرکێی پێشمەرگانە و خزمەتێکی نیشتمانانەیە هەر کەس و تاک و لایەنێک بیکات. پەیامی راسان بۆ رۆژهەڵاتە نەک لایەن و حیزبێک، راسان دروشم نیە کردارە بۆ خزمەت بە نیشتمان، گەڕانەوەی ئیرادە و باوەڕبەخۆ بوونە بۆ تاکەکانی رۆژهەڵات.
راوێژ: هەروەک دەزانن لاوان کێشەی خۆدەرخستنیان هەیە، هەموو رێگاکانیان لێ گیراوە، رۆژانە بەرەوورووی دەیان پیلانن وەک مادەهۆشبەرەکان، بێکاری و ئابووری لاواز و …هتد دەبێتەوە، کەوابوو لاوی ئارمانگەرا و ئیدئالیست تووشی قەیران دەبێت، ئێوە رێگەچارە چۆن دەبینن؟
رەوانگەرد: لەو کاتەدایە کە پێویستە بەشدار بن لە بزووتنەوەی نەتەوەییاندا، کە تەنیا رێگەچارەیانە ئەگەر ئەوانەی پێشووی ئاماژەم پێدا دەرفەتیان نەبێت یا خود ئەو قۆناغەیان تێپەڕاندبێت.
لاوان رۆژانە بەرەوڕووی ئەو هەموو دیاردەیەی ئاماژەت پێ کرد دەبنەوە با لەگەڵ بەرەوڕوو بوونەوەی بەرەنگاری ببنەوە ئەوەش یەکێ لە ئەرکە سەرەکییەکانیانە . ئارمانگەراکان با هەوڵ بدەن بۆ وەدیهێنانی ئارمان و خولیاکانیان هەنگاو بۆ بە کردەیی کردنیان هەڵبگرن لە هەر رێگەیەکی گونجاو، کە من رێکاری “پێشمەرگە بوون” پێشنیار دەکەم .
ئەرکی ئێمەش وەکوو یەکیەتیی لاوان هۆشیاریدانە بە لاوانی کۆمەڵگاکەمان بە نسبەت ئەو دیاردانە و بە بوونمان لە نێو لاواندا کە ئامانجمان حزوری راستەوخۆمانە لە نێو لاوان، بە هەموو شێوەیەک پێویستە رێکار ببینینەوە بۆ چارەسەر کردنی کێشەکانیان، ئەڵبەتە لە ژێر حوکمی رێژیمێکی وەکوو ئێران چارەسەرکردنی هەندێک لەو کێشانە غەیرە مومکنە و رووخانی ئەو رێژیمە رێکاری سەرەکی و چارەسەری کۆتاییە.
راوێژ: چ تایبەتمەندییەک لاوان لە چین و توێژەکانی دیکە جیا دەکاتەوە؟ چالاک بوونی لاوان لەو قۆناغەدا تا چەندە کاریگەری لەسەر سەرکەوتنی خەباتدا دەبێت؟
رەوانگەرد: تایبەتمەندییەکانی قۆناغی لاویەتی کە لە توێژەکانی دیکەی جیا دەکاتەوە لە هەمووی بەرچاوتر تواناییە جەستەیی و فیزیکییەکانیەتی و لاو هەردەم خولیای گۆڕان و نوێبوونەوەی هەیە و خوازیاری هەلومەرجی باشتری ژیانە، بۆیە هەنگاوەکانیشی بەردەوام بۆ بەرەوپیشبردن وگۆڕانکارییە. ئەمەیە کە خواستەکانیان زیاتر دەکا و جیایان دەکاتەوە لە توێژەکانی دیکە، بەڵام ئاماژەتان بە چین کردوە لە سەرجەم چینەکانی دیکەی کۆمەڵگا قۆناغی لاوەتی هەیە و هەڵبەت هەرکام لاوانی چینە جیاوازەکان یان سەردەمە جیاوازەکان خواست و ویست و ئایدیاکانیان هێندێک جیاوازیی هەیە .
کاریگەرترین هەنگاو لەسەر بەروپێشچوونی خەبات و ئەکتیڤتربوونی، بەشداری توێژی لاوە لە خەبات . بەشداری لاوان کاریگەری ئەرێنی زۆری هەیە لە سەرکەوتنی پلان و بەرەوپێشبردنی خەباتی هەر نەتەوەیەک بە تایبەت لە کاتێکدا کە پێویستی گۆڕانکاری بنەڕەتی لە کۆمەڵگایەک هەیە، پێشەنگایەتی ئەو خەباتە پێویستی بە بەشداری ئەکتیڤی لاوان هەیە.
ڕاوێژ: لە ئێستادا، ئەگەر وەکوو لاوێکی پێشمەرگە، پەیامێک ئاڕاستەی لاوانی خۆرهەڵات بکەن، لەو پەیامەدا چی دەنووسن؟
ڕەوانگەرد: داواکارم لە سەرجەم لاوانی کورد بە تایبەت لە خۆرهەڵاتی نیشتمان بە هەر شێوەیەکی گونجاو بەشدار بن لە خەباتی نەتەوەی-دێموکراتیکی گەلەکەمان و پشتیوانی سەرجەم بزووتنەوەکانی ئەو بەشەی نیشتمان کە لە راستای خزمەت و بەرژەوەندی ئەو بەشەی نیشتمان هەنگاو دەبێ بن و لە هەمان کات دا لە هەموو شێوەکانی خەبات ئەوەی لە توانا و هێزتان دا هەیە، هەر لە خەباتی مەدەنییەوە بگرە تاکوو خەباتی دیپلۆماسی و راگەیاندنی و رۆشنگەری خۆ بە بەرپرسیار بزانن و هەناو بنێن لە راستای بەرژەوەندی گشتی نەتەوەیی دا.
راسانی رۆژهەڵات با ببێتە خواستێکی گشتی و هەموومان لەو راسانە بە هەر شێوەیەکی مومکین بەشداربین، شانازی خزمەتکردن بە نیشتمانمان لەم قۆناغە مێژووییەدا هەبێت.
ئەو لاوانەش بە هەر شێوەیەک لە داوی رژیمی سەدە نێوەڕاستی دژە کورد کەوتوون بگەڕێنەوە باوەشی گەل و سەنگەری گەل هەڵبژاردن گەورەترین شانازییە.