عادل ئەلجوبەیر وەزیری دەرەوەی سعوودیە لە کۆنفرانسێکی هەواڵدەریی هاوبەش لەگەڵ جان کێری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، باس لە ئێران کرد و گوتی ئەگەر ئێران بیهەوێ لەگەڵ دراوسێکانی و وڵاتانی ناوچە، پەیوەندییەکی ئاسایی هەبێ، دەبی بەخۆیدا بچتەوەو شێوە کرداری خۆی بگۆڕێت.
جوبەیر گوتی : “وڵاتانی ئەندامی شۆڕای هاوکاری، خۆتێهەڵقوتاندنەکانی ئێران لە کار و باری ناوخۆیی خۆیان و هەوڵەکانی ئێران بۆ قاچاغی چەک و چۆڵ لە وڵاتەکانی خۆیدانا قەبووڵ ناکەن، ئەگەر بێت و ئێران لەسەر سیاسەتە دوژمنکارانەکەی خۆی و خۆتێهەڵقوتاندن لەو وڵاتانە بەردەوام بێ، پەیوەندی و هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەو وڵاتە یەکجار دژوار دەبێت”.
جان کێری ـش لەو کۆنفرانسە هەواڵدەرییەدا باسی لە کاریگەریی نەرێنی ئێرانی بۆ شێواندنی ناوچەکە کردو و گوتی: “هاریکاری نزیک لە نێوان وڵاتانی خەلیج و ئەمریکا لێرەدا مەرجی سەرەکییە”.
کێری هەروەها گوتی: “بە هاوکاری لەگەڵ یەکتری توانیمان تووند و تیژی لە سووریە کەم بکەینەوە و لە دانیشتنەکانی داهاتووماندا (لە ژنێڤ)، باس لە قۆناغی ڕاگواستن دەکەین و ئەو دان و ستانانەش ڕادەی سوور بوونی ئێران و سووریە بۆ چارەسەری کێشەکان دیاری دەکات”.