دۆخی نالەباری پەنابەران لە دورگەکانی یۆنان/شەڕی مەزهەبی بەشێک لە گرفتەکانیانە

0
707

چاوەدێری مافەکانی مرۆڤ لە راپۆرتێکدا کە رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ١٩ی مای بڵاوی کردۆتەوە ئاماژەی بە دۆخی کارەساتباری پەنابەران لە دورگەکانی یۆناندا کردووە.

هەواڵنێرانی چاوەدێری مافی مرۆڤ، دۆخی نالەباری پەنابەرانی لە دورگەکانی خیوس، سامووس و لیزبووس خستوەتە ڕوو کە دۆخی پەنابەران لەو دورگانەدا جێگەی نیگەرانی وەسف کراوە و وێرای سەردانی ئەو دورگانە باس لە کارەسات و دۆخی دڵتەزێنی پەنابەران لەو دورگانەدا دەکەن.

نەبوونی ئەمنیەتی گیانی و نەبوونی جاوەدێریی پۆلیس لەو کەمپانەدا و هەروەها زۆریی لە رادەبەدەری پەنابەران، نەبوونی بێهداشت و چاوەدێریی پزیشکی بەسەر کەمپەکاندا هەڕەشە لە تەندروستی و گیانی پەنابەران بەتایبەت ژنان و منداڵان دەکەن.

سەردانی جوەدێریی مافەکانی مرۆڤ کە لە رێکەوتی ٩ هەتا ١٥ی مای ئەنجام دراوە، ئاماژەی بە نەبووی سەرپەنا و خانوو، بێهداشت کردووە.

بیل فیرلیگ هەواڵنێری چاوەدێریی مافەکانی مرۆڤ راگیەاندووە: ریزی دوور و درێژ بۆ ورگرتنی خواردنی هەژارانە و خراپ، بێ بەرنامەیی و کەمتەرخەمیی لایەنەکانی پەیوەندیدار لەو دروگانەدا بە روونی بەرچاو دەکەویت و دۆخێکی خراپ و نەشیاوی بۆ پەنابەران بەتایبەت ژنان و منداڵان خولقاندووە.

دورگەی سامووس ٢٥٠ تەختی بۆ پێشوازیی پەنابەران تێدایە، بەڵام بەپێی ئامارەکان زیاتر لە ٩٤٥ کەس لە پەنابەران لەو دوورگەیەدا راگیراون.

رێکەوتی ١٣ی مای شەڕێک لە نێوان پەنابەراندا لە دروگەی سامووسدا دروست بوو کە ژومارەیەک لەو پەنابەرانە بریندار بوون و ١٤ کەسیش بە دەست و پێی شکاوەوە رەوانەی نەخۆشخانەیەک کران، کە لەلایەن پزیشكانی هۆڵندییەوە ئیدارە دەکرێ.

بەهۆی دۆخی نالەبارەوە رۆژ لە دوای رۆژ شەر و تێکهەڵچوونەکان لە نێوان پەنابەراندا زیاتر دەبێت و پۆلیسی یۆنانیش هیچ دژکردەوەیەک لەمەڕ و ئەو ئاڵۆزیانەدا نیشان نادا.

رێکخراوی “UN” بەرپرسیارەتیی دۆخی ئەو کەمپانەی گرتۆتە ئەستۆ و پێڕاگەیشتنی بە پەروەندەی ئەو پەنابەرانەدا دەکات.

لەلایەکی دیکەوە لە دورگەی سامووس لە هیچکام لە بەشەکاندا ژنان لە پیاوان جیا نەکراونەتەوە و ژنانی سەڵت وێرای پەنابەرەکانی دیکە لەو کەمپە زۆرە ملی و کارەساتبارانەدا راگیراون و بەهۆی ئەو تێکەڵاوییەوە ژنان و منداڵان لە میانەی شەڕ و تێکهەڵچوونەکاندا لێدانیان بەر دەکەوێ.

زۆربەی هەواڵدەرییەکان هەواڵی هەبوونی منداڵانی کەم تەمەنی بێ سەرپەرست‌یان لەو کەمپانەدا بڵاو کردۆتەوە و سەرەڕای ئەوەش شوێنی تایبەتی ۆ ئەو منداڵانە تەرخان نەکردووە.

هاوکات دەیان حاڵەت دەستدرێژی بۆ سەر ژنان و کچان لەو دورگانەدا بڵاو بۆتەوە و لەو بارەیەوە ژنێکی تەمەن ١٩ ساڵەی خەڵکی وڵاتی ئیریترە بە هەواڵنێرانی راگەیاندووە لە کاتی نیوە شەودا پیاوانی مەست و سەرخۆش دێنە ناو رەشماڵەکان دەستدرێژی بۆ سەر ژنان و منداڵان دەکەن و سەرەڕای ئەوەی پۆلیس لەم مەسەلەیە ئاگادار کراوەتەوە، بەڵام هیچ یارمەتییەکی ئەو قوربانییەیان نەداوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە تورکیا و یەکیەتیی ئەورووپا رێکەوتی ٢٠ی مارس رێکەوتننامەیەکیان واژۆ کرد کە بەو پێیە پەنابەران لە یۆنانەوە بەرەو تورکیا دەگەڕێندرانەوە ئەمەش فشاری زیاتری خستۆتە سەر پەنابەران.

هاوکات دەوڵەتی یۆنان بە بڕیاری پارلمان یارمەتی گەیاندنی بە پەنابەران سنووردار کردووە و تەنیا رێکخراوە خێرخوازییەکان و رێکخراوی UN یارمەتیی ئەو پەنابەرانە دەدەن و پێڕاگەیشتن بە پەروەندەکەیاندا دەکەن.

چاوەدێریی مافەکانی مرۆڤ داوای لە دەوڵەتی یۆنان کردووە کە پۆلیس بەرپرسیارەتیی ئەمنیەتی کەمپەکان بگرێتە ئەستۆ و کەمپەکان بەڕووی پەنابەراندا ئاوەڵا بکاتەوە لە حاڵەتی داخراوی بیانباتە دەرەوە.

بەشێک لە راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە لە کاتی هەڵگیرسانی شەر لەسەر وەرگرتنی نان خواردن، پۆلیس کاسە و کەوچکی پەنابەران کۆدەکاتەوە درگایان لەسەر دادەخات.

زۆربەی حاڵەتکانی شەر کردن لە نێوان خەڵکی سووریا و ئەفغانییەکاندا تۆمار کراوە. لە رۆژانی ٧ و ٨ی مانگی مای پەنابەرانی سووریایی و ئەفغانی شەڕ لە نێوانیاندا دروست بوو کە بەو هۆیەوە ژمارەیەکی بەرچاو لە پەنابەران رەوانەی نەخۆشخانە کران. بە گوتەی شایەتحالان پۆلیس تەنیا سەیری رووداوەکانی کردووەو دژکردەوەیەکی لە خۆی نێشان نەداوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە رێکەوتی ٣١ی مای بڕیارنامەیەک بۆ پۆلیس نێردراوە کە بەو پێیە دەبێ ژنان و منداڵان لە توندو تیژییەکان بەدوور بن و بۆ پێشگرتن بەو حاڵەتە دەبێ شوینی تایبەتییان بۆ دیاری بکرێت، بەڵام هەتا ئێستا ژنان و منداڵان بە تێکەلاوی لەگەڵ سەرجەم پەنابەراندا ماونەتەوە.

هەروەها لە زۆربەی حالەتەکاندا شەری مەزهەبی دروست بووەو شەڕی شیعە و سونی سەرچاوەی بەشێک لە ئاڵۆزییەکانی نێوان پەنابەرانی لەخۆ گرتووە.

نەبوونی سەرپەنای پێویست بۆتە هۆکاری ئەوەیکە بەشیک لە پەنابەران بۆ خۆیان بە کەڵک وەرگرتن لە دڵق و کارتۆن سەرپەنایەک بۆ خۆیان دروست بکەن، کە هیچ ئەمنیەتێکی گیانی و بێهداشتیی بۆ پەنابەران نییە.

هەروەها لە یەکێک لە کەمپەکندا کە تەنیا شوێنی راگرتنی ٧٠٠ کەسی هەیە، زیاتر لە ٤٠٠٠ کەسی تێدا راگیراوە و بەشیک لەو کەسانە کە ماوەی چەند مانگێکە لەو کەمانەدا راگیراون، باسیان لە دۆخی کارەساتباری کەمپەکان وەکوو نەبوونی ئاوی خواردنەوەی خاوێن، نەبوونی دەواو دەرمان، ئیمکاناتی گوزەران، کردووە.

چاوەدێری مافەکانی مرۆڤ، پیشتریش هەواڵی لە دۆخی نالەباری کەمپەکانی یۆنانو دۆخی خراپی پەنابەران لەو کەمپانەدا بڵاو کردبوویەوە، بەڵام ئەمجارە وێڕای قەیراناوی وەسف کردنی دۆخەکە خوازیاری پێڕاگەیشتنی بەپەلە بە دۆخی پەنابەران لەو کەمپانەدا بووە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.