ئەی نیشتمانی غەمگینم

0
940

ئەی نیشتمانی غەمگینم!
ئەی سەر زەوی پڕ لە زێڕو کانگەو جوانی
ئە ی هەتاوت ڕەش هەڵگەڕاو
لە بەر خورپە و دڵە ڕاوکە و پەشیمانی!
دڵتەنگ مەبە!
ئەی سەر چیای شەنگال و شاری کۆبانی!
غەمگین مەبە!
ڕاستە ئەو ساڵ کیژەکانمان
پەلکەکانیان بە خەنەی خوێن دەگرنەوە
لاوە کانمان جەرگیان جەرگ دەخواتەوە
تەمی سەر چیا بەرزەکان،
هەڵمی ئاهی دایکانی جگەر سووتاوە
شەماڵە شێتەش نووستوە
تا ئەو هەورانە ڕاماڵێ و بۆ لای خودایان باتەوە
دڵتەنگ مەبە!
تۆ هەرگیز هەرگیز تەنها نیت
تۆ لە مێژووی ڕزگاریخوازی سەر دەم دا
گەرچی بێ ئاڵا و بێ مەرزی
بەڵام لە نێو گۆڤارەکانی جیهاندا
وەک دەوڵەتێکی سەر بەرزی
گەر مەرزەکانت نادیارن
پارێزەرانت هۆشیارن
داڵاشەکانی ئەم دونیا
دمیان لە نێو سینگ و کانی و نەوت و بەرد و هەردت ناوە و
سەدان کیژو کوڕی جوانت بۆ پاراستنی خاکی تۆ
لەشیان لە نێو خوێن دا ماوە
جەندەکی دوژمنانیشت لە نێو خوێناودا گەوزاوە!
کەچی هێشتا
ئەی نیشتمانی غەمگینم! تۆ هەر ورەت بەر نەداوە
ئەی خاکی بە خوێن پاراوم!
من دڵنیام ڕۆژێ دادێ
تاجی سەر بەستی لەسەر نێی
شاخەکانت گوڵاڵەی سوور
لە سەر خوێنی شەهیدانت وەک ئاڵای ڕزگاری هەڵکەن!
چۆم و شەت و کانیاوانت بەفراوی سارد بدەنە دەر
نەک هەر بۆ کورد!
بۆ تینوەکانی ئافریقاو بە تێکڕا کۆمەڵی بەشەر!
ئەی نیشتمانی غەمگینم!
تۆ بە بێدەنگ هاوار ئەکەی!
هەموو ئەندامی خۆت زامەو
برینی گشت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و
جیهانی دوور لە ئاژاوە تیمار ئەکەی!
تۆ خۆت ماڵت بێ دەرمان و بێ پزیشکەو
زارت ویشکەو
لە تاریکستانی بیری هەزارساڵەی عارەباندا
ئاوی ‌‌حەیات بە دیاری دێنی بۆ بەشەر
بۆ تەواوی یەکسانی خوازانی دونیا بوویتە لەمپەر
تۆ لە مێژە بە حەیران و گەلۆ کانت هاوار ئەکەی
بەلام ئێستا بۆ گوێی دونیا
شریتــێکی پـڕ لە ئاهەنگی ئازادی
بۆ هەژاران تۆمار ئەکەی!
داری تووبای بەهەشتێکی دوور لە بوغزو حەسەدو کین
ئەچەقێنی بۆ گشت دونیا
بەشکم نەوەی کوردە چوار کوت کراوەکەش
ڕاحەت دانیشن لە بنیا…
ئەی نیشتمانی غەمگینم! دڵتەنگ مەبە
ئەگەر ڕۆژێ بڕوا وابوو: بۆ ژین تالین؟
گەورەکانمان زمانم ڵاڵ!
دەیان فەرموو بە ئامڕازی داس و چەکوش
خرمانی نان و ئازادی و مەسکنتان بۆ ڕادەمالێن
دیواری چینایەتیەکان
وەک دیواری چین و بەڕلین ئە ڕووخێنین
تاقمی تر دەیان فەرموو
بە هەیبەتی حوسەین و عەلی و عومەرمان
لە دونیادا کۆمەڵێکی ،
یەکسان لە ژێر بەیداخی دین دا پیک دێنین
بۆ لای گشتیان هاوارمان برد
چووینە تکا
چەپڵەمان بۆ گشتیان لێدا
تۆ هەمووت تاقی کردنەوە
کەچی هەموو شانە کانیان
لە نێو قژی دارە بەڕووی لێڕەوارە سووتاوەکانت دا شكا!
ئەوا ئێستا تۆی بێ بەشی لەت کراوی
پارچەی لەتت ڵێک دووریەوە و
لە کۆبانی خۆت پیشانی جیهان ئەدەی
بۆ گشت جیهان دژی داعەش خەبات ئەکەی!
بۆ گشت جیهان
دژی تێرۆرو ترس و مەرگ
دژی تۆقاندن و گولـلەوباڕووت و زەرگ
وەک شاخەکانی هەورامان
قورس و قایم لە بەرانبەر داگیرکەران ڕاوەستاوی
جیهان چاوی لە ڕؤڵەکانی نەترسی
ئەم وڵات و هەرێمەیە!
ئەی نیشتمانی غەمگینم!
دڵتەنگ مەبە!
دڵنیابە!
ئەم سەدە سەدەی ئێمەیە!

سەعید نەجاری (ئاسۆ)
بۆکان پاییزی ٩٣

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.