شەوی شەممە ڕێکەوتی ٢٧ی بەفرانبار، ئاری هەرسین پارلمانتاری پارلمانی کوردستان و سه‌رۆكی لیژنه‌ی پێشمه‌رگه و شه‌هیدان و قوربانیانی جینۆساید و زیندانیانی سیاسی له پارله‌مانی كوردستان/ عێراق، لە لاپەڕەی کەسیی خۆی لە فەیسبووک، بە بۆنەی گه‌یشتن بە ڕێككه‌وتنی نێوان ئێران و شەش وڵاتی زل هێز و له‌سه‌ر لابردنی گه‌مارۆی ئابوری له‌سه‌ر ئێران، نامەیەکی پڕ لە ڕێز و خۆشەویستی بۆ عەلی خامنەیی، ڕێبەری ئێران نووسیوە.
ئاری هەرسین لەو نامەیەدا کە تا ڕادەیەکی زۆر فۆڕمی لە شێوەی دەست پێکردن و کۆتایی پێهێنانیدا، شێوەی نامە فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی تێدایە، عەلی ئەکبەری خامنەیی بە ڕابەری ڕووحی ئێران ناو دەبات.
دەقی ئەو نامەیەی ناوبراو کە لە کۆتاییدا وەک خۆی دێتەوە، بووە بە هۆی بێزاری چالاکانی سیاسی و ئەندامانی حیزبەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان و لەو بارەوە چەند کەسێک بەو شێوەیە ڕای خۆیان بۆ “ڕۆژی کورد” خستە بەر باس.
قەرەنی قادری نووسەر و چاوەدێری سیاسی خۆرهەڵات و نیشتەجێی باشوور لە دیواری فەیسبووکی خۆی لە بابەتێکدا لە ژێر ناونیشانی “بۆ ئاری هەرسین لە هەر کوێیەک و جێگەیەک بێت!” بەو شێوەیە ڕای خۆی دەردەبرێت: “گەرچی دوای ١٥ کاتژمێر نامەکەت لەسەر لاپەڕەکەی خۆتدا سڕییەوە (یان پێیان سڕییەوە) و هیچ ڕوونکردنەوەیەکیشی لەگەڵدا نەبوو، بەڵام بە پێویستی دەزانم ئەم چەند دێڕەت بۆ بنووسم. نامەکەت سڕییەوە، بەڵام بۆچوونەکەت لە زەینتدا هەر ماوە!
“نامە”کەی تۆم بۆ “به‌ڕێز ئایه‌توڵا خامنه‌یی ڕابه‌ری ڕۆحی ئێران” لە فەیسبووکدا بەرچاو کەوت. نامە چ نامە، ئەگەر بەسیجێک یان پاسدارێک نووسیبای، هەر ئاوای دەنووسی!
قادری لە درێژەی بابەتەکەی دا باس لە شێوازی جووڵانوە و مامەڵەی دیپلۆماتیک لە نێوان وڵاتاندا دەکات و دەنووسێت: لە دابی حوکمڕانیدا وا باوە، کاتێک ڕووداوێک ڕوو دەدات، نامەگۆڕینەوە لە نێوان پلەبەرزەکانی حکوومەتیدا دێتە گۆڕێ و ئەوانیش بەپێی مەنتقی دیپڵۆماسی دەنووسن و وڵامی یەکتر دەدەنەوە. نووسینی ئەم چەشنە نامانەیش کاری تۆ و کەسانی وەک تۆ نییە، بەڵکو کاری ئەو دامەزراوانەیە کە جڵەوی حوکمڕانییان بەدەستەوەیە!
کێشە سەرەکییەکە لەوەدایە، کە ئەو پاشاگەردانی و نەبوونی دیسیپلین و تەکووزی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان کارێکی وای کردووە، هەر بابایەک جا چ حزبی بێت یان حکوومی، قوڵەحکوومەتێک بۆ خۆی چێ دەکات و خەریکی تەڕاتێن دەبێت لە وڵات‌دا.
بەڵام ئەوەی منی بریندار کرد، ئەو هزرە سەقەت و تا ئەو ئاستە خۆ ڕەزیلکردنەی تۆ نەبوو، چونکە ئەوە مافی خۆتە چۆن بیر دەکەیتەوە، بەڵکوو لە کۆتاییی ناوەکەتدا هاتووە: “سه‌رۆكی لیژنه‌ی پێشمه‌رگه و شه‌هیدان و قوربانیانی جینۆساید و زیندانیانی سیاسی له پارله‌مانی كوردستان/ عێراق”
ئەو پلەیە لە تۆ ناوەشێتەوە، چونکە پێشمەرگە ڕەزیل نییە، هەر ئێستا لە گۆڕەپانی شەڕدا ڕووبەڕووی دڕندەترین و ڕەشترین هێز (دەوڵەتی ئیسلامی) بووەتەوە. بەرزیی پێشمەرگە و ناوەکەی بە تۆ ناپارێزرێت!”
کاوە کەریمی ڕۆژنامەنووس و چالاکی سیاسی لە لێدوانێکدا بۆ “ڕۆژی کورد” لە مەڕ نامەی ئاری هەرسین بۆ عەلی خامنەیی ئاوا پەیڤی: “به‌ڕای من سه‌رنجڕاكێش بوونی كۆماری ئیسلامی بۆ ئاری هه‌رسین و به‌رپرسانی تری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه کە له ماوه‌ی ڕابردوودا ئه‌و ڕژیمه توانیویه‌تی كه‌متر له هاوسهنگییەکاندا زه‌ره‌ر بكات و به به‌راورد له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌كه له توركیه و عه‌ره‌بستانی سعودی دا، ئاستی به‌رژه‌وه‌ندییه ناوچه‌ییه‌كانی ڕاگرتووه. ئه‌گه‌رچی ئاری هه‌رسین به ڕوونی سه‌ر به فراكسیۆنی زه‌ردی پارلمانی باشوور و سه‌ركردایه‌تیی پارتی دیموكراتی كوردستانه و ئه‌و لایه‌نه‌ش پێوه‌ندییه‌كی قووڵ و ستراتێژیكی له‌گه‌ڵ توركیه هه‌یه‌و توركیه‌ش وه‌ك هه‌موو ده‌زانین له به‌ره‌ی بهرامبهرو جه‌مسه‌ری سوننەی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته، به‌ڵام باری له كۆنترۆڵ ده‌رچووی ئابووریی هه‌رێمی كوردستان و قه‌یرانی به‌ڕێوه‌به‌رێتیی سیاسیی ئه‌و به‌شه‌ی كوردستان وایكردووه بۆ په‌یداكردنی مشته‌ریی زیاتری نه‌وت و وه‌رگرتنی قه‌رزی زیاتر، سنووری بلۆكبهندییهكه بۆ ئه‌وان كاڵتر ببێته‌وه له جاران و ئاماده بن به كه‌مترین پوانی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌ر لایه‌نێك بگرن كه له‌وانه‌یه له دیدی به‌شه‌كانی تری كوردستان و خه‌ڵكی باشووریشه‌وه نه‌شیاو و ناڕوون و ناپێویست بێت.
کەریمی لە درێژەدا ئاوڕ لە شێوەی هەڵویستی هەرێمی کورستان لە پەیوەندییەکانی خۆیدا بە بێ لەبەر چاو گرتنی سنوورەکان دەکات و دەڵێ: پیرۆزبایی كردنی ئاری ههردین وه‌ك ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی حزبه‌كه‌ی، خه‌ڵكی سلێمانی و كه‌سێك كه زوزو له به‌ره‌كانی شه‌ڕدا ئاماده ده‌بێ و له ماوه‌ی ڕابردوودا خۆشناوییهكی بۆ خۆی ده‌سته‌به‌ر كردبوو، به باوه‌ڕی من ته‌نیاو ته‌نیا گه‌یاندنی ئه‌و سیگناڵهیه كه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌تایبه‌ت پارتی دیموكراتی كوردستان هیچ سنوورێكی عاتفیی و ئه‌خلاقیی له پێوهندییهكانیدا ڕوچاو ناكات و دووپات كه‌ره‌وه‌ی ئه‌وه‌یه كه بۆ په‌رده‌پۆشكردنی داڕووخانی سیاسه‌تی ئابووریی خۆی ئاماده‌یه هه‌ر بێحورمهتییهكی له‌وچه‌شنه به گه‌له‌كه‌ی بكات، به تایبه‌ت به ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان كه ئه‌وان زیاتر له هه‌ر لایه‌نێك ده‌بوو خۆیان به قه‌رزدارو وه‌فادار بزانن به‌رامبه‌ری.”
چیا عەلیار ڕۆژنامەنووس و چالاکی سیاسی لەو بارەوە گوتی: ” حکومەتی هەرێم وەک حکومەتێکی سەربەخۆ مافی خۆیەتی پێوەندیەکانی لەگەڵ دەر و جیران بە باشی ڕابگرێ، بەڵام هێندێک کار بە بێ لێکدانەوە و زانیاری لە سەر بارۆدۆخی ئەو وڵاتەی پەیامی بۆ دەچێت، نەک کارێکی باش نابی، بگرە خۆ هێنانە خوار و ناپێویستە. بە تایبەت کە ئەو رەژیمە جا چ ئێران بێ چ لایەکی دیکە هەموو هەوڵی لە نێو بردنی ئەو دەسکەوتە بێ لە باشوری کوردوستان کە کوردی هەر چوارپارچە بە ئی خۆی دەزانی و هەوڵی پاراستنی دەدا و شانازی پێوە دەکا.پارتی هەمیشە هەڵۆێستی زۆر زۆر کوردانەیان هەیە، لە کاک مەسعودەوە هەتا خوارێ، هەڵۆێستە کوردانەکانیان جێێ شانازییە بۆ هەموو کوردێک، ئەندامی سەرکردایەتی وەک کاک عەلی عەونیان هەیە کە مروڤ شانازی دەکات بڵی ئەوە کوردە ئیتر نازانم ناردنی پەیامی پیرۆزبایی بۆ عەلی خامنەیی چ پێوەندی بە بەڕێز ئاری هەرسینەوە هەیە! ئایا حکومەتی هەرێمی کوردوستان، وتەبێژی یان نوێنەری یان سەرۆک یان حکومەتی نیە؟ ئەویش ناردنی پەیام بۆ جەللادێکی وەک خامنەیی!. هیوادارم بەڕێزانی حکومەتی هەرێم، بەربەستێک بۆ ئەوە دابنێن و ئەگەر کارێکی واش دەکەن کە مافی خۆیانە بەڵام لە ڕێگای پێوەندی و نوێنەرایەتی خۆیانەوە بێت نەک بەو ئەدەبیاتەی کاک ئاردی کە پیاو شەرم دەکا دەیخوێنێتەوە.
ئەوەی سەیرە ئەو بەڕێزە خۆی وەک پێشمەرگە ناساندوە کەچی تەواو بە ئەدەبیاتی کۆماری ئیسلامی ناماکەی نوسیوە، دەگەڵ ئەوەی کە ئەو نامەیە جیا لە خۆ سوک کردن و پاڕانەوە هیچی دیکەی تێدا بەستە نیە بەڵام لانیکەم نەدەکرا بەڕێزیان بە ئەدەبیاتێکی کوردانە و پێشمەرگانە نوسیبای نەک بە ئەدەبیاتی کۆماری ئیسلامی؟
وریا ڕەحمانی ڕاگەیێندکار و چالاکی سیاسی لەو بارەوە بە “ڕۆژی کورد”ی گوت: وێدەچێ کاک ئاری هەرسین بەخەیاڵی خۆی نامەیەکی زۆر سیاسیانەی بۆ رێبەری یەکێک لە وڵاتانی زلهێزی ناوچەکە نووسیبێ بەلام لەراستیدا ئەوپەڕی ناسیاسی بوون بە دێڕ بە دێڕی نامەکەوە دیار بوو. وا دیارە جەنابیان نە دەرکێکی دروستی لە ئەرک و پێگەی خۆی هەیە و نە کۆماری ئیسلامی‌یش باش دەناسێ. ئاری هەرسین کە سەهلە، کەسانی زۆر لەو قەبەتر و زەبەلاحتری سیاسی و تەنانەت غەیرە سیاسییش لەم باشووری کوردستانە لەو داوەدا گرفتار بوون. چون ئێستا خامنەیی دەبێ تیمێکی لێکۆلینەوەیی باش پێک بێنێ بۆوەی جارێ لەپێش هەموو شتێکدا بزانن ئەو کابرایە کێیە و چ کارەیە و خەڵکی کوێیە! بەلام لەوانە تێپەڕین، مەسەلەی ئەسڵی ئەوەیە کە تا ئێمەی رۆژهەڵاتی خۆمان بە پارچەکانی دیکەوە گرێ دابێتەوە و چالاکی رۆژهەڵاتی پرسی هەموو پارچەکانی دیکەی لە ئی خۆی پێ گرینگتر بێ و بەم چەشنە لەخۆی بێگانە بووبێ، حاڵمان هەر ئەو حاڵە دەبێ و بەمجۆرە بەکەم دەگیرێین.
ئەردەڵان فەرەجی، چالاک و چاوەدێری سیاسی، لەو بارەوە بۆ ڕۆژی کورد دوا و گوتی: “ستاتووسەکەی بەڕێز “ئاری هەرسین” ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پیرۆزبایی گوتن بە عەلی خامنەیی دەکرێ لە ڕەهەند و گۆشە نیگای جیاوازەوە خوێندنەوەی بۆ بکرێت، بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە کوردی ڕۆژهەڵات و چالاکانی سیاسیی ئەو پارچەیە لە کوردستان جێگەی تێبینییە ئەوەیە کە ئەو پیرۆزباییە لە ئێستادا لە لایەن بەڕێزیانەوە و بۆ کەسی یەکەمی کۆماری ئیسلامی یەکەم ناپێویست و دووهەم نەگونجاوە و سێهەم ڕۆح و هەستی ئێمەی ڕۆژهەڵاتی کە خۆمان بە خەمخۆر و دڵسۆز و پشتیوانی هەرێمی کوردستان (سەرەڕای ئەوەی ڕەخنەمان لە شێوەی بەڕێوەبردنی هەیە) دەزانین، بریندار دەکات.
فەرەجی لە درێژەی لێدوانەکەیدا باس لە ڕێز گرتنی ڕۆژهەڵاتییەکان لە خەبات و سەرکەوتنی پارچەکانی تر دەکات دە دەڵێ: ئێمە ڕۆژهەڵاتییەکان خاوەن گوتاری “ڕۆژهەڵات تەوەریی”ن کە تێیدا ڕێز دادەنێت بۆ بەرژەوەندییە هەرێمییەکانی باقی پارچەکانی دیکەی کوردستان (باکوور، باشوور و رۆژئاوا) بەو مەرجەی کە دیپلۆماسی و چالاکی لە پێناو بەرژەوەندی هەر پارچەیەکی کوردستان ناتەبا نەبێت لەگەڵ بەرژەوەندی هەرێم و پارچەیەکی دیکەی کوردستان. لەم پێوەندەدا و تایبەتی لە هەڵسووکەوت و دیپلۆماسی کردن لەگەڵ ئەو وڵاتە ناوچەییانەی کە گەلی کورد تێیاندا دەژیت، دۆستایەتی و دیپلۆماسی هەرکام لە هێزە کوردییەکان و بە تایبەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان _جێگای ڕێزە بەو تێبینییەوە کە_ نابێت ناتەبا بێت لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەو پارچەیە لە کوردستان کە بەو وڵاتەوە لکێنراوە و بە کورتی لە سەر حیسابی کوردی پارچەیە نەبێت. بەڵام خاڵی جێی سەرنج و سپاسگوزاری لەو بابەتەدا هەڵوێستی بەرپرسانی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و شەخسی کاک ئاری بوو، کاتێکی کە زانی چ هەڵەیەکی گەورەی کردووە، زوو لە هەڵویستەکەی پاشگەز بوویەوە و ستاتووسەکەی سڕییەوە.
ئیقباڵ شادی، چالاکێکی تری خۆرهەڵاتی کوردستان، لەو بارەوە گوتی: “ئاری هەرسین دەبێت بێ ئەملاوئەولا داوای لێبوردن لە خەڵکی خۆرهەڵات بە گشتی و بنەماڵەی شەهیدانی دەستی کۆماری سێدارەو ئێعدام کراوان و زیندانیانی سیاسی بەتایبەتی بکات، چوونکە نە پێگەی سیاسی و نە پێگەی کۆمەڵایەتی ئەو هی ئەوە نیە تا بە ناوی پێوەندی سیاسیەوە دابپۆشرێت بەڵکوو ئەوە خۆهەڵقورتاندن و کاڵفامیە کە لە خۆی نواندووە. ئەو نامەیە جۆرێک هاوڕایی و هاودەستییە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی کە دەستی بە خوێنی سووری ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە خۆرهەڵاتی کوردستان سوورە و لە هەمان کاتێشدا بە بەردەوامی سەروەری هەرێمی پێشێل کردووە و دەیکات”.
دەقی نامەکەی ئاری هەرسین بەو شێوەی خوارەوەیە:
به‌ناوی خوای ته‌نیاو به‌رزترین پله‌و پایه
به‌ڕێز ئایه‌توڵا خامنه‌یی ڕابه‌ری ڕۆحی ئێران
سڵاوی گه‌رم…
له قوڵایی دڵمه‌وه پیرۆزباییه‌كی گه‌رم له جه‌نابتان و مه‌جلیسی خه‌ڵكی ئێران و به‌ڕێز ڕۆحانی ده‌كه‌م بۆ ئه‌م سه‌ركه‌وتنه گه‌وره‌یه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ گه‌یشتنه ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر لابردنی گه‌مارۆی ئابوری له‌سه‌ر ئێران.
داواكارم له خوای گه‌وره كهخێروخۆشی ئه‌م ڕێكه‌وتنه وه‌ك بارانی ڕه‌حمه‌تی هه‌میشه‌یی خۆی به‌سه‌ر میله‌تانی مه‌زلومی ئه‌م سه‌رگۆی زه‌ویه‌دا ببارێنێ و به تایبه‌تیش میلله‌تانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.
له‌ناو ئه‌م میلله‌ته مهزڵومانهشدا كورد له هه‌ره بێبهشهكانه. لێره‌دا ئه‌ركی به‌ڕێزتان له‌پاڵ ڕابه‌رایه‌تی كردنی ئێرانێكی دێرین و به‌رین، داكۆكیكاری مافه‌كانی خه‌ڵكی فهڵهستىن و له بیر نه‌كردنی ئامۆزا نه‌ژادیه كوردهكانتانه له ئێران و، به تایبه‌تی پشتیوانی هه‌ریمی كوردستانه له عێراق. ئێمه له‌شه‌ڕی دژه (تاغوتی شاهه‌نشاهی) و (سه‌ددام و به‌عسی مه‌لعون) خوێنمان تێكه‌ڵ بوه، چۆن ده‌بێت ئێستا و، له‌م لۆفه تیژ‌و كووڕه قه‌یراناویه‌ی هه‌رێمی كوردستاندا بێده‌نگ بن؟
هاوكاری و پشتیوانی به‌ڕێزتان بۆ هه‌رێمی كوردستان ئه‌ركی ئیسلامی و ئینسانیه.
خوای گه‌وره ئینسانه به‌ڕه‌حم و سهرڕاستهكانی سه‌ر ئه‌م گۆی زه‌ویه بپارێزێت و، له‌گه‌ڵ ئه‌وپه‌ڕی ڕێزمدا…
والسلام و علیكم و رحمه الله و بركاته.
ئاری محه‌مه‌د هه‌رسین
سه‌رۆكی لیژنه‌ی پێشمه‌رگه و شه‌هیدان و قوربانیانی جینۆساید و زیندانیانی سیاسی له پارله‌مانی كوردستان/ عێراق
سلێمانی 2016/1/17