هێرشی لایەنە فیدراڵخوازەکانی ئێران، بۆ سەر ڕەوتی سەربەخۆییخوازی

0
1905

هەردی حەسەن

لایەنە فیداڵخوازەکانی ئێران (( کۆمەڵە و دێموکرات)) هێرشی توند دەکەنە سەر لایەنە سەربەخۆییخوازەکان.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو دا پاش ئەوەی کتێبی دەنگیی « بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد » لە نووسینی سەرۆک مەسعوود بارزانی کە بەشێکی تەرخان کرابوو بۆ رووی ڕاستیی مێژووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ، بڵاو کرایەوە ، دوو لایەنی دێموکرات و کۆمەڵە بە هاندانی بەشێک لە ئەندامانیان، هێرشێکی چڕیان لە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ سەر سەرۆک بارزانی دەست پێکرد .

چەند ڕۆژ دواتر ئەو هێرشانە گوزرانەوە بۆ سەر بەڕێز جەماڵ پوورکەریم سەرۆکی هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازنی کوردستان و ناوبڕاو و هاوپەیمانییەکەیان بەوە تۆمەتبار کرد کە لە درێژە و لە ژێر کاریگەریی سیاسەتی پارتی دێموکراتی کوردستان دا هێرشی کردۆتەوە سەر دوو لایەنی دێموکرات و کۆمەڵەی ئێران.

ڕۆژی شەممە ١٩ی فێوریەی ٢٠٢٢ لە ژووری کلاب هاوسی کوردستان ئۆنلاین سمینارێک بۆ بەڕێز جەماڵ پوورکەریم سەرۆکی هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان ڕێکخرا.
لەو سمیارە دا کە نزیکەی ٩٠٠ کەس تێیدا بەشدار بوون سەرۆکی هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان، سەرەتا باسێکی لە گەشە سەندنی بیری سەربەخۆییخوازی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشکەش کرد و وەڵامی چەند پرسیارێکی گرینگی لەم پێوەندیییە دا دایەوە.

لە دڕێژەی سمینارەکە دا بەشدار بووان چەند پرسیارێکیان ئاراستەی جەماڵ پوورکەریم کرد کە یەکێک لەو پرسیارانەی ماوەی چەند ڕۆژێکە ژوورەکانی کلاب هاوس،تویتێر،فەیسبووک و ئینستاگرامی کوردانی ڕۆژهەلاتی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە، ئەوە بوو کە : ئایا لە ئەگەری ڕووخانی ڕژیمی ئێستای ئێران، ئەگەر هێزە فیدراڵخوازەکان، لە بەردەم سەربەخۆییخوازی دا ببنە لەمپەر و پێش بەو پرسە بگرن، هەڵوێستی هاوپەیمانی چ دەبێ ؟

جەماڵ پوورکەریم لە وەڵامی ئەم پرسیارە دا بە ڕوونی و زۆر بوێر و ڕاشکاوانە بەم چەشنە وەڵامی دایەوە:

ئەگەر تەمامیەتی ئەرزی ئێران بو ئەوان(( لایەنە فیدراڵخوازەکان)) میلاکی سیاسەت بێت، بە تەئکید ئێمە شەڕمان دەبێت. نەتەوە و گەلی کورد لێیان قەبووڵ ناکا ئەوان پەرە بە ئێرانیچێتی بدەن و دژ بە بیری سەربەخۆییخوازی بوەستنەوە.
میللەت لێێان قەبوڵ ناکا، ئەگەر ئەوان ببنە پارێزەری سنوورەکانی داگیرکەر و وەک مەرزبانی غەیوور سینگیان بۆ پاراستنی ئێرانێکی جەعلی و داگیر کەر بکەنە قەڵغان،
گەلی کورد بە دڵنیایەوە بەرانبەریان دەوەستێتەوە و شەڕیان لە گەڵ دەکا.

پاش وەڵامەکەی پوورکەریم بەشێک لە بەشدار بووان کە لە ئەندامانی باڵای دێموکرات و کۆمەڵەی ئێران پێکهاتبوون ، پرسیاری ئەوەیان کرد کە ئایا ئێوە وەک هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان شەڕی براکوژی دەکەن ؟

پوورکەریم لەو بارەوە وتی: شەڕی خۆکوژی بەلای ئێمەوە هێڵی سوورە و هیچ کات ئامادەی وەها شەڕێک نین، بەڵام ئەو نیشتمانفرۆشەی چەکی بۆ ڕژیمە داگیرکەرەکان هەڵگرتووە و پارێزگاری لە مەوجوودیەتی جوگڕافیای ئێران و تەوایەتی ئەرزییەکەی دەکا نابێتە خوشک و برای منی کوردی نیشتمانپەروەر،ئەگەر وەها شەڕێک ڕووبدا کە بە داخەوە ئەگەری زۆرە ناچێتە خانەی شەڕی خۆکوژی (( خوشک و براکوژی))، چونکە وەها کەسێک خوشک و برای من نییە و خوشک و برای داگیرکەرە.

دژبەرانی بەڕێز جەماڵ پوورکەریم کە بەشێکن لە لایەنگران، ئەندام و کادری باڵای دوو لایەنی کۆمەڵە و دێموکراتی ئێران ، چەند ڕۆژێکە دەیان ژوور و سێمیناریان ڕێکخستووە و لەوێدا باس لەوە دەکەن کە قسەکانی سەرۆکی هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان لە لایەن پارتی دێموکراتی کوردستانەوە و بە هاندانی ئەوان وتراوە .

پێویستە بوترێ کە لە ڕۆژی ٩ی جێنیوێری ٢٠٢٢ چوار لایەنی سەربەخۆییخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بریتین لە : یەکێتی شۆڕشگێرانی کوردستان، بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان، تەڤگەری ڕزگاریخوازانەی دێموکراتیکی کوردستان و ڕێکخراوی یارسانیی یاری کورد، توانیان لە ژێر چەتر و پلاتفۆرمێکی هاوبەش دا هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان دابمەزرێنن.
ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران کە لە لایەن دێموکرات و کۆمەڵەی ئێرانەوە پێکهاتووە لەو باەروە دان کە هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان لە بەرانبەر بەوان و دژ بەوان دەمەزراوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.