لەیلا مەجیدی هونەرمەندێک لە ڕەگەزی بوێری و ڕچە شکێنی لە کۆمەڵگای پیاو سالار دا

0
4908

لەیلا مەجیدی م لە باوکێکی قوڕوەیی و دایکێکی خانەقینی لە شاری سنەی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە دایکبووم، بە هۆی ئەوەی دایکم باشووری و باوکم ڕۆژهەڵاتیە، سنوورێک نەبووە کە ئەو دوو پارچەیەی نیشتمان بۆ من بەربەستی دروست کردبێ و بەردەوام لە هاتووچۆ دابووم، بەڵام ماوەی ٦ ساڵە بە تەواوەتی لە باشوور نیشتەجێم، هەستم بە غەریبی نەکردووە و خاکی باشوور و ڕۆژهەڵات بۆنی نیشتمان و نیشتمانیش بۆ من بۆنی دایک دەدا، من بە خاکی خۆمی دەزانم بەڵام بە داخەوە لە چاو و ڕوانینی بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کەسێکی بیانی م و بە ئێرانی بانگ دەکرێم ئەمما کابرایەکی عەرەبی بەسرە و بەغدا لێرە لە من خاوەن ماڵ و خاوەن خاکترە، ئەوە ئازارێکە کە وەک خۆرە لە گیانم بەربووە.

لەیلا مەجیدی: بۆ ناپرسنەوە ئەرێ بەهمەنی قوبادی، جەمیل ڕۆستەمی، شەوکەت ئەمین شەریف،هونەر سەلیم و … کوا بەو هەموو ئیدعایەتانەوە بۆ نەتانتوانیوە ئەستێرەیەک بۆ سینەمای کوردستان دروست بکەن

لەیلا لە پێوەندی بە دەستپێکی کار و چالاکییەکانی دەڵێ:

لە تەمەنی منداڵیەوە و لە چالاکیی قوتابخانەکانەوە تێکەڵ بە کاری شانۆ بووم و تا ئیستاش بەردەوامم وهەم وەک ئەکتەر و هەم وەک دەرهێنەر و جار بە جاریش وەک سیناریست کار و چالاکیم ئەنجام داوە و بە گشتی تەمەنێکی پڕ لە ئەزموونم لە شانۆ و سینەما دا تێپەڕ کردووە ، تەمەنیکی هونەریی پڕ لە هەوراز و نشێو و کەند و کۆسپم لە بەردەم بووە ، زۆر جار سەرکەوتووم و بە سەرکەوتنەکانم خۆشحاڵ بووم بەڵام لە خۆبایی نەبووم و خۆم لێ نەگۆڕاوە، زۆر جاریش کەوتووم و شکستم خواردووە و ئەوەش نەبووەتە ڕێگرم لە درێژە دان بە هونەر ، سەر لە نوێ هەستاومەوە و وانە و ئەزموونم بە دەست هێناوە، مرۆڤ ئەو کات شکست دەخوا کە دوای کەوتن و شکست جارێکی تر هەڵنەستێتەوە سەر پێ، بۆیە ئەگەر کەوتووم و گلێکم داوە ناهومێد نەبووم و هەستاومەوە سەر پێ و قایمتر درێژەم بە ڕێگا داوە.

لەیلای هونەرمەند و شانۆکار بەم شێوەیە باس لە عەشق و خۆشەیستی دەکا:

لەیلا مەجیدی: لە چاو و ڕوانینی بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کەسێکی بیانی م و بە ئێرانی بانگ دەکرێم ئەمما کابرایەکی عەرەبی بەسرە و بەغدا لێرە لە من خاوەن ماڵ و خاوەن خاکترە

حەزم لە هونەر بوو لە ناو هونەریش دا عاشقی شانۆ و سینەما بووم ،ئەمن مەجنوون بووم و لەیلاکەشم شانۆ و سینەما بوو، بەلام بە داخەوە لە کۆمەڵگای نێر سالارانەی کوردەواریدا هونەر بۆ ژنان و کچان هێڵی سوور بوو ، منیش بۆ ئەوەی لە هونەر و شانۆ و سینەما نزیک ببمەوە و دانەبڕێم خوێندنی زانکۆم لە بواری وێنە و نیگار کێشان لە ئێران تەواو کرد و لە تەنیشت ئەو هونەرە، شانۆ و سینەماشم لە بیر نەکرد و کارم بۆ کرد و لێی بەردەوامم.

کاتێ پرسیارمان کرد چەند بەرهەمی شانۆیی و سینەماییت هەیە لەیلا خان ئاوا هاتە گۆ:

بەرهەمی شانۆییم ئەوەندە زۆرە کە لە بژاردن نایەن ، هەر هەموویانم وەک بەشێک لە ئەندامانی جەستەم خۆش دەوێ و لە هیچ کارێکیشم پەشیمان نیم ، چونکە هەر کارێک کردوومە بە بیر و فکرەوە کردوومە و بۆم بۆتە تەجروبە و ئەزموون .
لە زۆریەک لە فێستیڤاڵە بە ناوبانگ و سەرتاسەری و ناوچەییەکانی ئێران و تەنانەت هەرێمی کوردستانیش بە شداریم کردووە و لەوانە دەتوانم باس لە فێستیڤاڵی شانۆی فەجر کە وڵاتانی جیهانی لە ئاستی باڵا دا تێیدا بەشدار دەبن ، بەشداری بکەم، هەروەها لە فێستیڤاڵەکانی شانۆی کوردیی سەقز، شانۆی ئیسفەهان، سنە، دهۆک و سلێمانی و هەولێر و دەیان فێستیڤاڵی دیکە بەشداریم کردووە و دەیان خەلاتم لەو بوارە دا بە دەستهێناوە.

لەیلا مەجیدی: لەیلا وێل و حەیرانە بە دوای مەجنوونەکەیدا

لەیلای سینەماکار گلەیی و گازندەی هەیە و دەڵێ:

هەڵبەت بە داخەوە لە کوردستانی باشوور فێستیڤاڵی پڕۆفێشناڵ و بە کوالیتی بەرز بەو شێوەیە بەڕێوە ناچێ و ئەوەی ناوی فێستیڤاڵی لە سەر داندراوە تەنیا پێشانگای خۆ دەرخستنی هەندێ ژن و پیاوی شێوە مانکەنی فارس و تورک و عەڕەبە.


بە پێچەوانەوە لە ئێران فێستڤاڵی بەرزی شانۆیی و سینەمایی بەڕێوە دەچێ، بەڵام لەمپەر و ئاستەنگ لە بەردەم ژنان و بە تایبەتی تاکی کورد زۆرە و هەر چەند بە تواناش بی وەک تاکی کورد زەحمەتە ڕێگەت پێ بدرێ پلەکانی سەرکەوتنی بەرز وەدەست بێنی.

لەیلا ڕای جیاوازی هەیە لە سەر دەنگی خۆش و دەنگی ناخۆش:

هەموو دەنگێک بۆ گوێگرتن دەبێ و دەنگی هەر هونەرمەندێک تام و چێژی تایبەت بە خۆی هەیە، هەر چەند ئەوڕۆ زۆر کەس گۆرانی دەڵێن و هەر بۆ خۆیان خۆیان پێ هونەرمەندە کە من ڕووی قسەم لەوان نییە و بە داخەوە لە کۆمەڵگای ئێمە دا ئێستا کەمیش نین ئەو جۆرە بێ هونەرانەی خۆیان پێ هونەرمەندە کە ئەمن ناوی کەس ناهێنم و بە قەولی قەدیمی دەڵێن ئەو کەسە کەسە ئەلفێکی بەسە.
لە پێوەندی بە ئەوەی کە دەنگی چ هونەرمەندێکم زۆر پێ خۆشە،دەبێ بڵێم کە لە منداڵیەوە بە دەنگی ڕەسەنی ناسری ڕەزازی و خالقی و زیرەک و سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی و ماملێ و … گۆش کراوم و تەنانەت سروود و گۆڕانیەکانی ڕەزازی بوونە هەوێنی خۆشەویستیم بۆ خاک و نیشتمان و هەستی کوردایەتی و نیشتمانپەروەریان لە مندا دروستکرد و خۆشەویستی کورد و کوردستان لە ڕووح و ناخ و دەرونمدا چرۆی کرد و پشکووت.

لەیلا مەجیدی: مرۆڤ ئەو کات شکست دەخوا کە دوای کەوتن و شکست جارێکی تر هەڵنەستێتەوە سەر پێ، بۆیە ئەگەر کەوتووم و گلێکم داوە ناهومێد نەبووم و هەستاومەوە سەر پێ و قایمتر درێژەم بە ڕێگا داوە

با بزانین لەیلا لە چی پەشیمانە و کێی خۆش ویستووە و کێی خۆش ناوێ:

لە ژیانمدا پەشیمانی نەیتوانیوە بەرۆکم پێ بگرێ و هەر چی کردوومە و دەیکەم بە دڵ و بیر و هزر و باوەڕەوە کردوومە و لێی پەشیمان نیم.
هەموو ئەوانەی خۆشم ویستوون و خۆشم دەوێن تایبەت بوون لە ژیانمدا، دایک، باوک، دۆست و هاوکار، هەر هەموویان بۆ من تایبەت بوون، ئەگەریش پرسیارەکەت باس لە ئەویندارییە و مەبەستت لە کەسی تایبەت، عاشق و مەعشووقە، ئەوە دەبێ بڵێم ئەوەی من لێی دەگەڕێم و بە دوای دا وێڵ و سەرگەردانم دوورە دەستە و لەیلا وێل و حەیرانە بە دوای مەجنوونەکەیدا .

لەیلا مەجیدی لە سەر دوایین کاری هونەریی خۆی بەم چەشنە هاتە ئاخاڤتن:

ماوەیەک بوو سەرقاڵی دەرهێنانی کورتە فیلمی تێچزان بووم کە بە خۆشیەوە کۆتایی پێهاتووە و ئامادە کراوە تاکوو لە فێستیڤاڵە جیهانییەکان دا بەشداری پێ بکرێ، کۆمپانیای Wethink ئەرکی بەرهەمهێنان و کارە تێکنیکییەکانی وەئەستۆ گرت و فیلمەکە یەک ئەکتەر بە ناوی خدر سالمە تێیدا ڕۆڵی گێڕاوە، لۆکەیشێنی فیلمەکە کارگایەکی جل دروونە لە شاری هەولێر، ناوەرۆکی فیلمەکە باس لە ئازاری نە تەنیا ژنانی کورد بەڵکوو هەموو ژنانی جیهان بە گشتی دەکا و لە بواری فەلسەفیەوە و لە روانگەیەکی جیاوازترەوە لە سەر توند و تیژی بە دژی ژنان دەدوێ.

لێمان پرسی کارەکە کڵێشەییە یا نوێگەراییە:

بە جورئەتەوە دەتوانم بڵێم یەکەم کار و یەکەم ئەزموونە لە هەموو کوردستان کە بەو شێوەیە کاری لە سەر کرابێ و سەرجەم جووڵەکان مانای قووڵ و فەلسەفییان لە پشتە و رەنگ و فەزا وجووڵەکان هەر هەموویان هەڵگری پەیام و مانای تایبەت بە خۆیانن.

پێناسەی لەیلا لە هونەر و هونەرمەندی کورد و بە تایببەتی ژنانی هونەرمەند و کێشەکانی سەر ڕێیان :

مامۆستا هێمنی شاعیر دەڵێ: هونەرمەند ڕەنجەڕۆیە ژینی تاڵە… هونەرمەند و ژیانی خۆش مەحاڵە… ئەڵبەت مامۆستا هێمن مەبەستی هونەرمەندی کوردە، ئەگینا ئەوڕۆ هونەرمەندانی جیهانی لۆکس ترین ژیانیان هەیە و لاکچێری ژیان بە سەر دەبەن.
کێشە لە ناو هونەر و گرفت لە بەر دەم هونەرمەندان زۆرە و لە کۆمەڵگای پیاو سالاری باشوور، ئافرەتی هونەرمەند بە دید و چاوێکی سووک و حیزانە لێی دەڕواندرێ، لە باشوور ، چاوی نێرینە ئەوەندە حیز و بێ دەرپێیە کە ژن دەبێ خۆی لە نیگاکان بدزێتەوە.
بۆیە ئەمن لە کوردستانی باشوور بە داخەوە ئافرەتی جەسوور و ڕێچکە شکێنی هونەرمەند کە حیساب بۆ پیاوان نەکا زۆر بە دەگمەن دەبینم، زۆریان خەریکن دەبنە کەرەستەی یاریکردنی پیاوان و جەستەی ماندوو و خەستەی هونەرمەندی ئافرەت وەک کاڵا چاوی لێدەکرێ.
لەو کۆمەڵگایە دا کە مەلای ئایینی بڕیار بە دەستە و لە بڵینگۆی مزگەتەوە فتوا لە سەر کوشتن و بڕینی جەستە و پرچی ئافرەتانی هونەرمەند و ئازاد دەدا، پێشکەوتن ئەستەمە، ڕاوەستانیش لە بەرانبەر شەپۆلی نەزانی و نەفامی بەها و نرخی هەیە و ئەمن وەک لەیلا دەمێکە نرخ و بەهای بۆ دەدەم و دژ بە هەموو ئەو نەریتە عەڕەبیە و بە ناو ئیسلامیەوە کە تێیدا جەستە و ڕوخساری ژن نامۆ و تابۆیە ، دەوەستمەوە تەنانەت ئەگەر نرخەکەی گیان و ژیانم بێ و لە مێژە گەیشتوومەتە ئەو باوەڕەی ژن و ئافرەتی بوێر دەبێ نرخی گەیشتن بەو ئازادییە بدا

لەیلا مەجیدی: لە کوردستانی باشوور بە داخەوە ئافرەتی جەسوور و ڕێچکە شکێنی هونەرمەند کە حیساب بۆ پیاوان نەکا زۆر بە دەگمەن دەبینم

کاتێ لە سەر وەزعی سینەما دەدوێ ، پەرۆشی بە ڕوخسارییەوە دیارە و دەڵێ:

هونەرمەند بە گشتی لە کوردستان پشت گوێ خراوە و تا ئێستا بەرپرسان لە بایەخی هونەر و سینەما و شانۆ نەگەیشتوون و نازانن کە ئەو قسەیەی سیاسەتوانان دەیانهەوێ بیگەیەنن، ئەگەر لە ڕێگەی شانۆ و هونەرەوە بێ زووتر دەگا و کاریگەری و کارتێکەریشی زیاتر دەبێ .
نە کەرەستە و نە سپۆنسەر بە داخەوە لە کوردستان بوونی نییە و ئەگینا ئەکتەری باش کەم نییە ئەگەر پاڵپشتی بکرێن، بە داخەوە ئەو دەرهێنەرانەش کە بە جیهانی بوون و ناو و ناوبانگیان دەرکردووە و ئێستا لە ئاستی جیهانی دا سپۆنسەریان هەیە، لە جیاتی ئەوەی ئەستێرەی کوردی ساز بکەن دەچنە خزمەت مانکەن و ئەستێرەکانی تورک و فارس و عەڕەب و تا ئێستا دەرهێنەرێکی کورد نەیتوانیوە ئەستیرەیەکی کورد بەرهەم بێنێ و ئەوە کێشەیەکی گەورەیە بۆ شانۆ و سینەمای نەبووی کوردی.

لەیلا مەجیدی: جەستەی ماندوو و خەستەی هونەرمەندی ئافرەت وەک کاڵا چاوی لێدەکرێ.

لەیلای ڕچە شکێن و بوێر کار و پڕۆژەی جیاوازتری هەیە بۆ داهاتوو :

پڕۆژە و کاری داهاتووم بڕیارە لە دەرەوەی سنوورەکانی کوردستان بێ و خەریکم خۆ ئامادە دەکەم بۆ ئەوەی لە وڵاتی فەڕانسەوە خزمەت بە دۆزی کورد و سینەما و شانۆی کوردستان بکەم، لێرە دەستم واڵا نییە و کەلەپچە کراوم، مرۆڤی هونەرمەندیش تا ئازاد نەبێ، ناتوانێ بە باشی بیر و هزری ئازادیش پەرە پێ بدا.
لە باشوور نە هونەرمەند ئازادە و نە ژن، کە هونەر بەند کرا ئەوە ناتوانێ ئامانجی خۆی بپێکێ و کە ژنیش ئازاد نەبێ سەرچاوەکەی ژین بە گشتی لیخنە و ژیان لە دیلی و ئەسارەت دایە.

لەیلا بە توندی ڕوو بە دەرهێنەرانی کورد قسە دەکا و مەسێج و پەیامی ڕەخنەگرانەی بۆیان هەیە :

مادام کورد نەتەوەیەکە کە خواستی دەوڵەتی کوردستانی لە بیر و هزری دایە، دەبێ سەدان و هەزارن ئەستێرەی هونەری و سینەمایی هەبێ. دەبێ ژنی هونەرمەندی کورد سەدان ئەستێرەی وەک ئەنجیلینا جوولی و لۆپێز و لیدی گاگا ومۆنیکا بەلووچی و کیت وینسلێت و … تێدا بێ و دەبێ پیاوی هونەرمەندی کوردیش سەدان ئەستێرەی وەک ئاڵ پاچینۆ و جۆرج کلۆنی و میل گیبسۆن و لێئۆناردۆ دی کاپێریۆ و … تێدا بێ.
بە ڕاستی بۆ ناپرسنەوە ئەرێ بەهمەنی قوبادی، جەمیل ڕۆستەمی، شەوکەت ئەمین شەریف،هونەر سەلیم و … کوا بەو هەموو ئیدعایەتانەوە بۆ نەتانتوانیوە ئەستێرەیەک بۆ سینەمای کوردستان دروست بکەن ؟ بۆ خۆتان بە ناو ئەستێرەکانی فارس و تورک و عەڕەبەوە سەرقاڵ کردووە و خەریکن بە ناوی خزمەت بە سینەمای کوردستان، ئاو لە ئاشی تورک و فارس و عەڕەب دەکەن و هێلکەتان بۆ ئەوانە و جیقنەتان بۆ خۆمان

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.