دانیشتنی نائاسایی ڤیەن، هەوڵێکی دووبارە بۆ دەربازکردنی بەرجام

0
957

ڕۆژی کورد :
هاوکات لە گەڵ چڕبوونی کێشە و ئاڵۆزی نەوتهەڵگرەکان، پاشماوەی لایەنە بەشداربووەکانی پەیمانی ناوەکی ئێران و هاوپشکی ڕژیمی ئێران کۆبوونەوەیەک پێک دێنن. بە پێی بڕیاری کۆمیسیونی هاوبەشی بەرجام دانیشتنەکە لە ئاستی جێگری وەزیرانی دەرەوەی وڵاتان لە بارودۆخێکی نوێدا و بە پێی چاوەڕوانییەکانی تاران بۆ پابەندبوونی ئەو ڕژیمە بە بەڵێنەکانی بەرجان پێک دێت.

پێتەختی وڵاتی ئۆتریش ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی تەمووز میوانداری ئەندامانی کۆمیسیونی هاوبەشی پەیماننامەی ناوەکی بەرجام دەبێت. کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی جێگری وەزیرانی کاروباری دەرەوەی وڵاتانی ١+٤ بەڕێوە دەچێت و ئارمانجی سەرەکی، ئامادەکردنی دۆخێکی نوێ بۆ دانیشتنی وەزیرانی کاروباری دەرەوەی ئەو وڵاتانە بۆ دەربازکردنی بەرجام باسکراوە. بە پێی وتە و پێداگری وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران ئەم دیدارە هیچ پێوەندییەکی بە کۆبوونەوەی داهاتوو کە لە ئاستی وەزیرانی دەرەوەی ئەو وڵاتانەدا دەبێت نیە و زیاتر بڕیار وایە دەرفەتێک بێت بۆ ئامادەکاری دیدار و چاوپێکەوتنی دیداری داهاتوو. عەبباس مووسەوی پێشتر باسی ئەوەی کردبوو کە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە بەجێنەهێنانی کۆمەڵێک دەستەبەری ناوەڕۆکی پەیمانی بەرجام، ئاکامی بەکردەوە و بەرچاوی لێکەوتووەتەوە.
کۆبوونەوەی نائاسایی ڤیەن بە پێی داخوازی هاوپشکە ئەوروپاییەکانی ڕژیمی ئێران لە پەیمانی ناوەمی بەرجام دا و بۆ باس و لێکۆڵینەوە سەبارەت بە بارودۆخی نوێ بەڕێوەدەچێت. بارودۆخێک کە پێکهاتەی ڕاگەیاندنی بڕیاری پابەندنەبوونی ئێران بە بەڵێنەکانی پەیمانی بەرجامە. ئێران چاوەڕوانی ئەوە ئەکات کە وڵاتانی ئەوروپایی کۆمەڵێک پێشنیاری بەجێ و شیاویان هەبێت بۆ بەردەوامی پابەندبوون بە بەڵێنەکانی پەیمانی ناوەکی بەرجام.
ناوەندی هەواڵنێری فەرانسە نووسیوەتی : بڕیار بوو لە پەیمانی بەرجام دا، ئێران بە پێی بەرتەسک کردنەوەی گەڵاڵە ناوەکییەکانی لە کێشەی بایکۆتەکان ڕزگاری بێت، بەڵام دوای دەرچوونی ئامریکا لە ڕێکەوتننامەی بەرجام، هیچ ئاکامێکی بەرچاوی ئابووری بەرەوڕووی ئێران نەبووە.
چەن مانگ پێش ئێستا ئێران ڕایگەیاند کە بەشێک لە بەڵێنەکانی پەیمانی بەرجام لە وەڵامی گوشارەکانی ئامریکا بۆ سەر وڵاتەکەی لە ژێر پێ دەنێت. هاوکات تاران گلەیی لە هاوپشکە ئەوروپاییەکانی لە پەیمانی بەرجام بە تایبەت ئاڵمان، فەرانسە و بریتانیا کردبوو کە لە ترسی حکوومەتی واشنتۆن پابەند نەبوون بە بڕیار و بەڵێنەکانی خۆیان لەم ڕێکەوتننامەیەدا. لە یەکەم حەوتووی مانگی حوزەیران دا تاران ڕایگەیاندبوو کە پیتاندنی ئۆرانیۆمی لە ئاستی ڕێگەپێدراوی خۆی تێپەڕاندووە و بڕیارەکانی لە ژێر پێ ناوە. ئێران بە هەڵگرتنی ئەم هەنگاوە هەوڵی ئەوەی داوە هاوپشکە ئەوروپاییەکانی لە پەیمانی ناوەکی بەرجام دا بخاتە ژێر گوشار بۆ وەرگرتنەوەی داخوازە ئابورییەکانی و ئەوان ملکەچ بکات بە مسۆگەرکردنی داخوازەکانی وڵاتەکەی لە دەڤەرەکانی نەوت و کاروباری بانکەکان دا. وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ڕژیمی ئێران دەڵێت : لە ئەگەری ئەوەی دا وڵاتەکانی پاشماوەی پەیمانی بەرجام بە تایبەتی ئەوروپییەکان پایەندی بەڵێنەکانی خۆیان نەبن و تەنیا درێژە بە بەڵێنەکانیان بە پێی وتە و قسەوباس بدەن، هەنگاوی داهاتوومان دوای مۆڵەتی دیاریکراوی ٦٠ ڕۆژە دەبێت. مەبەستی ئێران لە هەنگاوەکانی داهاتوو، ئەتوانێت گەڕانەوەی وزەخانەی ئاوی قۆرسی ئەراک بێت بۆ باروودۆخی پێشووی. بە پێی بڕیار و ڕێکەوتنەکانی بەرجام پێویستە ئەم وزەخانە لە ئاستێک دا گۆڕانکاری بە سەردا بێت کە توانایی بەرهەمهێنانی پۆلۆتۆنیۆمی نەبێت.
واشنتۆن ئەڵێت ئارمانجی کۆتایی لە چڕکردنەوەی بایکۆتەکان بۆ سەر ئێران، زۆرترین گوشارە بۆ ڕاکێشانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر مێزی وتووێژ. بەڵام لە هەمان کاندا دەسەڵاتدارانی ڕژیمی ئێران جەخت لە سەر ئەوە ئەکەن کە دۆسیەی ناوەکی بەرجام پرۆسەیەکی داخراوە و هەر چەشنە ڕاوێژ و وتووێژێک لە گەڵ هاوپشکانی ئەم ڕێکەوتننامە، پێوەندی بە ئاکاری جێبەجێکردنی بڕیارەکانەوە هەیە نەک ڕێکەوتنێکی نوێ. ئەم لە کاتێکدایە کە عەبباس عەراقچی جێگری وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٣ی تەمووز بە مەبەستی تەسلیم کردنی پەیامی نووسراوەی حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ ئەمانوئێل ماکڕۆن بەرەو پاریس وەڕێکەوت. ماوەی کەمتر لە دوو حەوتوو پێش ئێستا گەورە ڕاوێژکاری ماکڕۆن بۆ ڕاوێژ و وتووێژ لە گەڵ بەرپرسانی ڕژیمی ئێران سەفەری بۆ تاران پێتەختی ئەو وڵاتە کردبوو.
پێشتر حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران لە پێوەندییەکی تەلێفوونی لە گەڵ ماکڕۆن باسی ئەوەی کردووە کە بابەتی پێشنیارکراو لە لایەن یەکیەتی ئەوروپا، هیچ دەورێکی قەربووکردنەوەی بۆ وڵاتەکەی نیە و چاوەڕوانی تاران وەکوو بەرنامەی کاروبارێکی بەکردەوەی ڕوون و ئاشکرا و خاوەنی کاتێکی دیاریکراو بەدی ناکات.
لە دوایین دانیشتنی کۆمیسیۆنی هاوبەشی پەیمانی بەرجام لە ڤیەن کە لە ڕێکەوتی ٢٨ی حوزەیران بەڕێوەچوو، عەبباس عێراقچی وەکوو نوێنەری ئێران ئامادە بوو و سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکەی گرووپی ١+٤ وە ئەستۆی هێلگا ئێشمیت، جێگری ناوەندی خزمەتگوزاری چالاکی دەرەکی یەکیەتی ئەوروپا بوو. ڕۆژێک پێش لەم کۆبوونەوە ناوەندی هەواڵنێری رۆیتێرز بە ئاماژەپێدان بە وتەی بەرپرسێکی دەوڵەتی ئێران کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت نووسیبووی : ئێمە خوازیاری ئەوە نین ئەوروپاییەکان بێن و لە ئێران سەرمایەدانێن، ئێمە تەنیا ئەمانەوێت نەوت و سووتەمەنی خۆمان بفرۆشین.
کۆبوونەوەی داهاتووی کۆمیسیۆنی ناوبراو لە ڤیەن لە کاتێکدا بەڕێوەدەچێت کە کێشە و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئامریکا لە کەنداوی فارس بە بارمتەگرتنی نەوتهەڵگرێکی بریتانیایی زۆر پەرەی ستاندووە. لەندەن لە کاردانەوەی بە هەنگاوی ئەم دواییانەی ڕژیمی ئێران خوازیاری پێکهێنانی بەرەیەکی سەربازی بەحری لە کەنداوی فارس بە بەشداری هێزەکانی ئەوروپایی بووە بۆ پاراستنی باری ئەمنی و ئاسایشی گەمییەوانی لە ناوچەکەدا.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.