فدراڵیزم یا سەربەخۆیی؟

0
2128

نووسەر

فەرید لەتیفی

فدڕاڵیزم یان سەربەخۆی

سەربەخۆی یان فدڕاڵیزم ئەم ڕۆژانە بووەتە بابەتی سەرزاری هەڵسووڕاوانی سیاسی کوردستان بۆیە هەوڵمان داوە ئاوڕێک بدەینەوە لەم دوو چەمکە سیاسیە.

گەر سەرەنجێک بە نێو کۆمەڵگای کوردستان (ڕۆژهەڵاتی کوردستان) بدەین و بە چاویلکەیەکی سیاسی بڕوانینە نێو بزووتنەوەی نیشتمان پەروەرانی کوردستان دەبینین زۆرێک لە چالاکانی سیاسی لە نێو دووبەرەی سەربەخۆی یان فدڕاڵیزم لە تێکۆشان و بەربەرەکانی لە دژی بیرۆکەی ئێرانشاری و پان ئیرانیزمی فارسەکاندا خەبات دەکەن ، بەڵام ئایا فدڕاڵی لە عەرزی واقعی ئێستا گونجاوە یان سەربەخۆی ؟ ئەم پرسیارە لەوانەیە پرسیاری زۆرێک لە نیشتمان پەروەرانی کورد لە نێو خۆ و دەرەوەی وڵات بێ بۆیە دەبێت ئاوڕی لێ بدرێتەوە.

پێش ئەوە کە بڕۆینە سەر بابەتی سەربەخۆیی یا فدڕاڵیزم ، مافی گەلی زوڵملێکراوی کوردە کە بە پێ مافە ئینسانی و سرووشتیەکان چاو لە کێشەکانی بکەین ، مافی نەتەوەی کورد وەکوو هەموو نەتەوەکانی دیکەی جیهان سەربەخۆیە و خوێنی بۆ داوە و گیانبازی لە پێناوی ویستی خۆیدا هەبوە هەر بەو بۆنەوە پێم خۆشە شیکردنەوەیکی درووست لە سەر فدڕاڵیزم بکەین .
فدڕاڵیزم
ئایا فدڕاڵیزم سیستێمێکی گونجاو بۆ وڵاتی فرە نەتەوەیک وەکوو ئێرانە ؟ ئایا ئەم سیستمە کێشەی کورد و باقی نەتەوەکانی دیکە نێو ئەم جۆغرافیا سیاسیە کە لە ۱۳۱٦ی هەتاوی بە ئێران ناسراوە چارەسەر دەکات؟
فدڕاڵیزم ڕێکار و کەرەستەیەکی بەڕێوەبەری سیاسیە کە ئەیەوێت یەکەی گشتی وڵات دابەش بکاتە سەر یەکەی بچووکتر، بۆ ئەوەیکە ماف و دەسەڵاتی زیاتر بخاتە ئەستۆی یەکە جیاوازە بچووکەکان کە بتوانن گەشە بە کولتوور ، ئابووری و سیاسەت لەو هەرێمانە بدەن، ئەم ئەرک وە ئەستۆ خستنە دەبێتە هۆی ئەوەی کە گەشە بە چەندین زەمینەی جیاواز لە وڵات بدات ، بۆیە دەتوانین فدڕاڵیزم وەکوو گەشە پێدان بە دێمۆکراسی و ئابووری لە یەکەیکی سیاسی پێناسە بکەین . گرنگە بزانین فدڕاڵیزم لە پێش دێمۆکراسی بوونی نەبووە بەڵکوو دوای دێمۆکراسی پای هێناوەتە نێو دنیای سیاسەت کە بەگشتی دەتوانین بەسەر دوو بەش دابەشی بکەین:
١: دەستەی یەکەم سیستمی فدڕاڵی ئیداریە
۲: دەستەی دووهەم سیستمی فدڕاڵی لەسەر بنەمای نەتەوەیە

لە زۆرینەی وڵاتانی پێشکەوتوو و تەنانەت وڵاتانی دواکەوتوو سیستمی فدڕاڵی بوونی هەیە کە ئەتوانین ئاماژە بە وڵاتانی ئاڵمان، ئامریکا و هۆلەند و چەند وڵاتی دیکە بدەین کە بنەمای فدڕاڵیزم لەو وڵاتانەدا لەسەر بنەمای دەستەی یەکەم دایە و وڵاتانی بلژیک، سوئیس، ئەفغانستان و عێراق و چەند وڵاتی دیکە لەسەر دەستەی دووهەم ئەژمار دەکرێن.

لەئێستادا زۆرینەی لایەنەسیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داوای فدڕالیزمی دەستەی دووهەم واتا فدڕاڵیزم بەپێ بنەمای نەتەوەیی و لەسەر جوگرافیای نەتەوەیی دەکەن ، ئەم جۆرە فدڕاڵیە نزیکە لە وڵاتانێک وەکوو سوئیس ،بلژیک،کانادا و هێند.

بەڵام پرسیارێک کە لێرە دێتە ئاراوە ئەوەیە کە ئایا ئەم فدڕاڵیزمە کە لەو وڵاتانە هاتۆتە ئاراوە لەسەر چە بنەمایک دامەزراوە؟

لەڕاسیدا ئەو وڵاتانە یەکەم جار دێمۆکراسیان لەنێو وڵاتەکانیان و کۆمڵگاکەیان جێگیر کردووە پاشان بەرەو فدڕاڵی هەنگاویان ناوە ، بۆیە دەبێت حزبە ڕۆژهەڵاتیەکان یەکەم وڵات دێمۆکرات بکەن پاشان بۆ گەشە پێدان بەو دێمۆکراسیە سیستمی فدڕاڵی بۆ بەڕێوە بردنی وڵات لەم جوغرافیا سیاسیە بەنێوی ئێران جێگیر بکەن .
ئایا لە ئێرانێک کە سەدەیک لە ژێر بیرو باوەڕی فارشیزم بووەو لەنێو باوەڕەکانی ئاریائیزم و ئێران شەهری فارسەکاندا خەوێندراوە و ئەو کەسەی کە خۆی ب ئێرانی ناناسێت بە “عن ایرانی” پێناسەی دەکەن، دەتواندرێت دێمۆکراسی جێگیر بکردرێت تا دواتر فدڕاڵی وەربگیردرێت؟

ئایا دێمۆکرات کردنی ئێران ئەرکی کوردە؟ ئایا بۆ یەک ڕۆژ لەمێژووی ئێرانیەتی خۆیدا توانیویەتی ڕوانگەیەکی دێمۆکرات خوازی هەبێت؟
لەڕاسیدا لایەنەسیاسیەکانی ڕۆژهەڵات بۆ وڵام دانەوەی ئەم پرسیارانە هیچ وڵامێکی درووست نادەنەوە لە جیاتی پەنا بۆ ئەو ڕوانگەیە دەبەن کە گوایە لە ئێستادا سەربەخۆی خەونی شاعێرانەیە و نزیک نیە لە ڕاستی ! بۆیە بەم جۆرە خۆیان لەو ئەرکە نیشتمانی و ئینسانیە دووڕائەگرن و لە جێگای ئەوە هەوڵ بۆ دەستەبەر بوونی فدڕاڵیزم دەدەن !
ئەگەر بە چاوێکی ڕئاڵەوە بە ئەقڵیەتی فارس بنواڕین و لەو عەقڵەدا تێڕامانمان هەبێت، دەبین هەموو ڕەهەندەکانی ئەم ئەقڵیەتە لە دژی نەتەوەکانی دیکەی نێو جوگرافیای سیاسی ئێران بەتایبەتی کورد بونیاد نراوە. لەڕووی مێژوو، کوولتور ، زمان ، دین ، مەزهەب ، داب و نەریت و تەنانەت ئوستوورەکانیان ئەوە بە جوانی بۆ ئێمە ڕوون دەکاتەوە، بەڵام فدڕالیزم خوازەکان هەمیشە بەچەندین پرسیار ئەیانەوێت لایەنگرانی خۆیان ڕاگرن:
۱: لەئێستادا لە ڕۆژهەڵاتی کورستان زمانی یەک گرتووی کوردی نیە.
۲: ئێمە ناتوانین و هێزی ئەوەمان نیە لە ئێستادا کوردستان ڕزگار بکەین.
۳: ئێمە کێشەی باکووری پارێزگای ورمێ لەگەڵ تورکەکانمان هەیە.
ئەم چەند هۆکارە زۆر جار لە زاری فدڕاڵیەکان دەبیسدرێت و بەو جۆرە هەوڵ بۆ ئەوە ئەدەن کە سەربەخۆی لە ئێستادا ڕەدکەنەوە و ئەو ئەرکە لە پشت گوێ بخەن.

لە حاڵێکدا وڵامی ئەو هۆکارەگەلەی ئاماژەی پێدرا زۆر ئاسانه.

۱: لەوڵاتی نۆروێژ کە یەکێکە لە پێشکەوتووتەرین وڵاتانی ئەورووپی هەتاکوو ئێستا زمانی یەکگرتووی نۆروێژی بوونی نیە ، لەباکووری وڵات بە زاراوەی نۆروێژی باکووری قسەدەکەن و لە باشووری وڵات بە زاراوەی نۆروێژی باشووری دەدوێن.
کەواتە کێشەی نەبوونی یەک زاراوەی گشت گیر بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئێستادا قەد ناتوانێت وڵامێکی شیاو بۆ سەربەخۆ خوازان بێت.

۲: لەڕاسیدا ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە چوار ڕێپێوان یان مەقالەی سیاسی لە دەرەوەی وڵات ناڕووخێت بۆیە ئەو ئێحتماڵە هەیە کە ئێران وەکوو تەیمووری شەرقی یان یوگسلاڤی لێبێت و ئێران بەرەو شەڕێکی سەختی نێو خۆی بڕوات کە لەم کاتەدا کە تاران لە باڵاتەرین ئاستی زەعفی خۆی دایە دەتواندرێت ڕێفڕاندۆمێکی دێمۆکراتیانە بە سەرپەرشتی وڵاتانی بیانی لە کوردستان ئەنجام بدرێت بەو جۆرە گەلی کورد بەهەموو جیهان ویستەکانی خۆی نیشان دەدات و دەتوانێت لەسەر ئیرادەی خۆی بوەستێت. ئەو خەڵکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەمان خەڵکێکن کە ساڵیانی ساڵ خوێنی ڕۆڵەکان خۆیانیان پێشکەش خەباتی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردوە و هێشتا لەسەر هەمان باوەڕ وەستاون و ئەمەمانە لە ڕفراندۆمەکەی باشوور بە ئاشکرا بینی ، کەواتە ئەم هۆکارەش ناتوانێت لۆژێکی سیاسی لەپشت بێت.

۳ کێشەی چەند شار و شارۆچکەی پارێزگای ورمێ بە هەردوو شێوازی فدڕاڵی و سەربەخۆیی بوونی هەیە و ڕێگا چارەکەیشی لە هەردوو بنەماکەدا وەکوو یەکە ، چە لە فدڕاڵی بێت یان سەربەخۆیی کوردستانی بوونی ئەو شارانە لە هێڵی سووری ئێمەدایەو تەواو . نەتەوەی کورد بە هیچ چەشنێک ئیزنی دابڕانی ئەو شارانە نادەن.
نموونەی فدڕاڵیزمی سۆڤیەت کە جیاواز بوو لەگەڵ نموونەکانی دیکەدا

لەوڵاتی سۆڤیەتی جاران لەپێش ئەوەی هەوڵ بۆ جێگیر کردنی سیستمی دێمۆکراسی بدەن هەوڵیان بۆ فدڕاڵی کردن بوو.

فدڕاڵیزمیان لە نێو وڵات جێگر کردبوو بۆ ئەوەی وڵامێک بێت بۆ مافی نەتەوەیی نەتەوەکانی نێو سۆڤیەت، بەڵام لەهەموو ئەو هەرێمە فدڕاڵیانەدا تەنیا حیزبی کمۆنیست مافی ئەوەی هەبوو هەرێمەکان بەڕێوەببەن و باقی لایەنە سیاسیەکانی دیکە هیچ مافێکی سیاسیان نەبوو کەواتە لە سۆڤیەت ڕۆڵی فدڕاڵیزم پەرە پێدان بە دێمۆکراسی نەبوو بەڵکوو جۆرێک وڵام دانەوە بۆ داخوزای نەتەوەکانی نێو سۆڤیەت بوو کە دیتمان پاش ڕووخانی سۆڤیەت هەموو ئەو نەتەوە بچووکانەی سۆڤیەت توانیان وڵاتی سەبەخۆی خۆیان دابمەرزێنن

ڕەخنەیک لە ئەحزابی سیاسی
لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵات تەنیا ئاماژە بەوەئەکەن کە ئێمە فدڕاڵیزمی جوغرافیایی نەتەوەییمان ئەوێت بەڵام بەداخەوە هەتاکوو ئێستا بە خەڵکی کورد ئەو جۆرە فدڕاڵیزمەیان لە قاڵبی نامیلکە یان مەقالەدا شی نەکردۆتەوە کە بەرچاوو ڕوونی بەخەڵکی کورستان بدەن کە تا کامە شار جۆغرافیای کوردستانە و کامەیە سنووری ئەو فدراڵگەلەی داهاتوو.
سەربەخۆی

بۆچی سوربەخۆیی ؟

ئەگەر لە لایەنگرانی فدڕاڵیزم بپرسین کە ئایا نموونەیکی مێژوویتان لەبەر دەستە، کە وڵاتێک وەکوو ئێران کە یەک چرکەیش دێمۆکراسی بە خۆی نەدیوە بوونی هەبێت کە ئێمەی کورد با چاولێکردنی بازبدەین بۆ فدڕاڵی پێش ئەوەی دێمۆکراسی جێگیر کرابێت یان تەنانەت کلتووی دێمۆکراسی لەو وڵاتە هەبێ!؟ ئایا ئەگەری ئەوە هەیە کە ئێمە لە وڵاتێکی دیکتاتۆر پەروەر وەکوو ئێران فدڕاڵیزم جێگیر بکەین !؟

گەلی کورد لە باشووری وڵات پاش لەنێو چوونی ڕژیمی فاشیست عەرەبی بە پشتیوانی ئامریکا توانیان سیستمی فدڕاڵی لە عێراق جێگیر بکەن بەو هیوایە کە بتوانن مافەکانی گەلی کورد لەو وڵاتە دەستەبەر بکەن ! بەڵام پاش ۱٦ساڵ لە عێراقێکی داڕماو و ڕووخا کە کورد هەموو هەوڵێکی بۆ نوێکردن و ساق کردنەوەی دا چی دەست کەوت !؟
ئێستاش لایەنە سیاسیەکانی کورد لە باشوور گیریان بەدەست ئەو عێراقەوە خواردووە کە خۆیان بونیادیان ناوە! ئایا ئەگەر کورد ئێرانی پاش کۆماری ئیسلامی بوونیاد بنێتەوە هەمان بەسەرهات چاوەڕوانمان ناکات؟ کاتێک ئێران فرە نەتەوەیەو وەکوو عێراق خاوەن دوو نەتەوەی سەرەکی نیەو کورد لە ئێران نەتەوەی سێهەمە .

لەوڵامی بۆچی سەربەخۆی؟ دەبێت ئەوە ئێمەی کورد لە خۆمان دیاری کەین کە ئایا کورد نەتەوەیە یان نە ؟ ئەگەر کورد نەتەوەیە کە هەروایشە کەواتە مافی چارەی خۆنووسی هەیەو دەبێت چارەنووسی خۆی لە دەستی خۆی بگرێت ، هەروەکوو زۆرینەی نەتەوەکانی دیکەی جیهان کە ئەو مافەیان لە دەستی خۆیان ڕاگرت و توانیان چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن و وڵات و یەکەی سیاسی خۆیان پێکبهێنن. ئەمەیش مافی بێ یەک و دووی نەتەوەی کوردە کە چارەنووسی خۆی لە دەستی خۆیدا هەبێت، هەروەکوو لە جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤدا هاتووە.

لە عەقڵیەتی ئێرانی دا کورد هەموو کاتێک وەکوو کۆیلەی فارس و ئێرانی چاو لێدەکرێت ئەنا بە هیچ شێوە بۆ فارسەکان قابڵی قەبوڵ نیە ئەو ماف گەلەی کە خۆیان هەیانە کوردیش بیبێت ، فارسەکان قەد بۆ یەک مافی ئینسانی کورد سەر خەم ناکەن و بە تەجزیەی وڵاتی خۆیان لەقەڵەمی دەدەن بۆیە هەتاکوو ئێستا جیاوازیەک لە نێوان لایەنە سیاسیەکانی فارس چ ناوخۆ و ئۆپۆزێسیونی دەرەوەی وڵات بوونی نیە ! تاقە جیاوازیکی نێوانیان مەسئەلەی شێعەگەری کۆماری ئیسلامیەو بەس
ئێران وڵاتێکە قەد یەک دەست نەبووە ،تەنانەت بەو مێژوە جەعلەی خۆیان کە نووسیویانەتەوە بڕوانین هەموو کات لەبەرابەر هێرشی وڵاتانی دیکە نەیتوانیووە بەرگری لەخۆی بکات ئەمە بە جوانی نیشانی دەدات کە ئێران وڵاتێکی یەک دەست و یەک نەتەوە نەبووگە و بۆیە هیچ کاتێک هاوسۆزی لە نێوان ئەو نەتەوە گەلە بوونی نیە بۆیە بە ئاسانی لە لایەن حاکمەکانەوە ئەو جۆغرافیایە داگیرکراوە و حاکم لەسەر حاکم گۆڕاوە.

تەنانەت جارێک نەبوە کە بێژین ئەگەر هێرش بۆ ئسپەهان کراوە کورد و یا عەرەب و یا بەلوچ و یا کورد بێتە دەنگ و هاوسۆزی لەگەڵ فارس دەربڕێت و ئەمەش بە پێچەوانەوە هەمان شتە و قەد کەس لەسەر کەس نەهاتوەتە دەنگ بۆیە هەر حاکمێک کە هاتوە بە ئاسانی لەو سەریەوە چوەتە دەرەوە و کەسیش بەرگری نەکردوە. بۆیە قەد ناتوانین بێژین ئەو وڵاتە وڵاتێک یەکپارچە و یەک نەتەوە و یەک میلەت بووە و هاوسۆزی لە نێوان ئەو نەتەوەگەلە بوونی هەیە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.