جەلال مەلەکشا ، هەستێکی شۆڕشگێڕانە

کاروان

کاروان کاروان کێ نوستووە کێ بێدارە

ئەم ڕێگایە پێدا دەچن هەر ڕێگا کۆنەکەی پارە

دەوروبەرتان گورگە لوورە

چەقەڵ کاسەی سەر و گۆشتی دڵتان ئەخوا

ئەوەندە تاریکی چڕە جندۆکە کۆرپەتان دەدزێ پێ نازانن

چاوتان لە ناو تاریکیدا تا ئەم خوارە هەتەر ناکات

بیرتان ئاسمانێکی تەسکە

هێندە بەرچاوتان تاریکە نازانن ڕۆژ لە ئاسۆی کام پێدەشتەوە سەر هەڵدێنێ

هەر بە تەشیە کۆنەکەتان دەیڕێسن و لە بیری نوێ سڵ و سرکن

هەر ئەڕۆن و هەر بە ناخی قووڵی زوڵمەتا ڕۆ دەچن

چراکانیش کز ئەسووتێن

هێندێ چرایش چاوی گورگن

کاروان کاروان

هۆ کاروانی سەر لێشێواو

لە شەوگاری ئەنگوستە چاو گۆچانی شک دەلاقەیەک ناکاتەوە

مەشغەڵ مەشغەڵ

مەشغەڵی بیر چرای ئەندێشەتان هەڵکە‌ن

ڕێگا و ڕەوتێ هەنگاوەکانتان بگۆڕن

ئەم ڕێگایەی پێیدا دەڕۆن زۆر کاروانی پێدا ڕۆی و نەهاتەوە

کاروان کاروان بۆ کوێ دەڕۆن

ئەم هەورازەی وەک مێروولە پێدا ڕێکچەتان بەستووە دەتانباتە هەڵدێرەکەی ساڵی پێشوو

ئەو بنارەش وا بە ئێسک و کاسەی سەرتان داپۆشراوە دەگاتەوە بەفرەچاڵی کلیلەی ڕندوو

کاروان کاروان

ڕێگای تازە بدۆزنەوە

کاروان کاروان

ڕێگای تازە بدۆزنەوە

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.