نووسین و ئاماده كردنی :
دارا ناتق – چالاكی سیاسی
لە ٣٠ ڕێبەندانی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاویدا، بۆ یەكەمین جار لە مێژووی ڕزگاریخوازیی گەلی كورددا، لە سەر دەستی سەرۆك كۆمار و پێشەوای مەزنی كورد قازی محەممەد، بە مەبەستی ئۆرگانیزە كردنی ویست و خواستە سینفییەكانی توێژی لاو و گرینگی پێدانیان لە لایەن كۆماری كوردستانەوە، ڕێكخراوێكی تایبەت بە لاوان بە نێوی “اتحادیە جوانان كوردستان” دامەزرا و دواتر لە بەردەوامیی ڕەوتی خەبات و تێكۆشانی دا، نێوی كرا بە یەكیەتیی لاوانی دێموكراتی كوردستانی ئێران. دامەزراندنی ڕێكخراوی تایبەت بە لاوان و هەروەها ڕێكخراوی تایبەت بە ژنان لە وەها سەردەمێكدا، خاڵێکی وەرچەرخانی مێژووییە لە بزاڤی ڕزگاریخوازیی نەتەوەكەمان و دەرخەری واقعی بیری پێشكەوتووانەی بەڕێوەبەرانی كۆماری كوردستان و لە سەرووی هەموویانەوە بیرمەندیی و زانابوونی پێشەوا و سەركۆماری كوردستانە كە وەك ئەزموونێكی بەنرخ بۆ كۆمەڵگای كوردستان دێتە هەژمار. لاوانی كوردستان بە كۆبوونەوە لە دەوری ئەو ڕێكخراوە، وێڕای خۆپێگەیاندن و هەوڵدانیان بۆ مسۆگەركردنی خەون و هیواكانییان، دەور و كاریگەرییەكی بەرچاویان لە ئاوەدانكردنەوە و ئیدارەكردنی كۆماردا هەبوو و یەكەمین گۆڤاری تایبەت بە لاوان بە نێوی “هاواری نیشتمان” كە زمانحاڵی ئەو ڕێكخراوەیە بوو، لە ١ی خاكەلێوەی ساڵی ١٣٢٥ی هەتاوی و لە گەڵ یەكەم ڕۆژی دەست پێكردنەوەی ساڵی نوێ دا چاپ و بڵاو كرایەوە، كە لە قۆناغەكانی دواتری خەبات دا، نێوی كرا بە گۆڤاری “لاوان”.
یەكیەتیی لاوانی دێموكراتی كوردستانی ئێران، كە لە ژێر سێبەری كۆماری كوردستان و ئامۆژگارییەكانی پێشەوای كورد قازی محەممەدی نەمردا فرچك دەگرێت و بە درێژایی ٧٣ ساڵ خەبات و تێكۆشانی بێوچانی خۆی وێرای هەوڵدان بۆ پەروەردە كردن و پێگەیاندنی لاوانی كورد و هەوڵدان بۆ دابین كردنی ویست و خواستە سینفییەكانیان، هەردەم لە سەنگەری پێشەوەی خەبات و تێكۆشانی نەتەوەییدا و شان بە شانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، بەرەڤانی لە ماف و كەرامەتی خەڵكی كوردستان كردووە و لەو پێناوەدا نرخی زۆری داوە. یەكیەتیی لاوان هەمیشە لە سەر ئەو باوەڕە بووە كە، تاوەكوو نەتەوەی كورد لە ژێر زوڵم و ستەمی داگیركەران ڕزگار نەبێت و كوردستان ئازاد نەبێت، لاوانی كوردیش كە قوربانیی سەرەكیی سیاسەتی چەپەڵ و مرۆڤكوژانەی داگیركەرانن، ناتوانن بە هیوا و خەونەكانیان بگەن و بە ئازادی و بەختەوەری بژین. بۆیە بە لە بەرچاو گرتنی ئەو ڕاستییە، یەكێك لە ئامانجە سەرەكییەكانی ئەو ڕێكخراوەیە، پەرەدان بە بیری نەتەوەیی و شۆڕشگێری لە نێو لاوانی كوردستاندایە و بەردەوامبوونە لە سەنگەری خەباتی نەتەوەییدا تا گەیشتن بە ترۆپكی ڕزگاری لە چوارچێوەی سیاسەت و ستراتیژییە نەتەوەییەكانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران.
یەكیەتیی لاوان لە ماوەی خەباتی خۆی دا، وێڕای گرینگی و پەرەدان بە بوارەكانی زانستی و ڕۆشنبیری و وەرزشی و كولتووری لە نێو لاوان و كۆمەڵگای كوردستاندا، توانیویەتی لە بواری سیاسیشدا، زۆر لاوی بە ئەزموون و پێگەیشتوو بۆ مەكتەبی دێموكرات پەروەردە بكات كە هەنووكە بەشێكیان لە ئاستی ڕێبەرایەتی و ئۆرگانەكانی ئەم حیزبەدا ئەركە نیشتمانییەكانی خۆیان بەڕێوە دەبەن و خاوەن تێكۆشانی بەرچاون. لەو پێوەندییەدا دەتوانین ئاماژە بە ڕێبەری بێ هاوتاوی كورد شەهید د. قاسملوو بكەین كە بۆ یەكەمین جار تێكۆشانی سیاسی و ڕێكخراوەیی خۆی بە دامەزرانی كۆمیتەی یەكیەتیی لاوان لە ساڵی ١٣٣٢ی هەتاوی لە شاری ورمێ دەست پێدەكات و لە بووژاندنەوە و سەر لە نوێ ڕێكخستنی ئەو ڕێكخراوەیەدا، بە تایبەتی لە دوای ڕووخانی كۆماری كوردستان، كاریگەریی بەرچاوی هەبووە.
مێژووی یەكیەتیی لاوان لە ماوەی ئەم ٧٤ ساڵە دا، دەكرێت بە سەر سێ قۆناغدا دابەش بكەین. قۆناخی یەكەم كە دامەزراندنی ئەو ڕێكخراوەیە لە سەردەمی كۆماری دێموكراتیكی كوردستان، تاكوو سەركەوتنی شۆڕشی گەڵانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاویدا. لەو سەردەمەدا، بە تایبەت لە ماوەی كورتی تەمەنی كۆماری كوردستاندا، ئەو ڕێكخراوەیە توانی لە دەرفەت و ئەزموونەكانی كۆمار كەڵك وەربگرێت و ببێتە جێگای هیوا و ئۆمێدی لاوانی كوردستان و هەنگاو بەرەو گەشەسەندنەوە لە پێناو داهاتوویەكی ڕوون بۆ لاوانی كوردستان باوێت و بە دەور و كاریگەرییەكانی ببێتە جێگای بایەخ و گرینگی پێدانی بەڕێوەبەرانی كۆمار و لە سەرووی هەموویانەوە پێشەوای نەمڕ قازی محەممەد. لە دوای ڕووخانی كۆماری كوردستانیش، ئەندام و لایەنگرانی یەكیەتیی لاوان، بە دژی كوژران و ئەشكەنجەدانی لاوانی كورد، بە تایبەتی لە جۆزەردانی ساڵی ١٣٣٢ ی هەتاویدا، چەند جارێك لە شاری مەهاباد خۆپیشاندانیان بە دژی دەسەڵاتدارانی ئەو كاتی ڕێژیمی شا ڕێكخست كە لە ئەنجام دا، زیاتر لە ٦٠ كەس لە ئەندامانی ئەو ڕێكخراوەیە لە لایەن ڕێژیمی ئەوكاتەوە دەستبەسەر كران، كە دواتر بە هۆی ناڕەزایەتی و مانگرتنی دانیشتوانی شاری مەهاباد، سەرەنجام ئازادكران.
هەروەها بەشداری كردنی ئەندامانی ئەو ڕێكخراوەیە لە ڤێستیڤاڵی نێونەتەوەیی لاوان لە بۆخارێست، پێتەختی وڵاتی ڕۆمانی و بەشداربوونیان لە چەندین چالاكی لە دەرەوەی كوردستاندا، سەڵمێنەری دەوری كاریگەری ئەو ڕێكخراوەیە بوو لە گشت بوارەكاندا. یەكیەتیی لاوان هەروەها لە سەركەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوییشدا، توانی بە ئۆرگانیزە كردنی خۆی لە ژێر ڕێنوێنی و كاریگەرییەكانی حدكا دا، دەوری سەرەكیی خۆی ببینێت.
قۆناغی دووهەم لە تێكۆشانی ئەو ڕێكخراوەیە، لە دوای سەركەوتنی شۆڕشی گەڵانی ئێران، تاكوو ساڵی ١٣٧٨ی هەتاوی دەست پێدەكات.
ئەم قۆناغە بە بووژانەوەی سەرلەنوێی ڕێكخستنەكانی یەكیەتیی لاوان و خەبات و تێكۆشانی دووبارەی ئەو ڕێكخراوەیە بە ئەژمار دێت. لەم قۆناغەدا، دەور و ڕێنوێنییەكانی ڕێبەری گەورەمان د. قاسملوو لە گرینگی دان و بووژانەوەی یەكیەتیی لاواندا، بەرچاو و شوێندانەر بوو. ئەو ڕێكخراوەیە بە كۆكردنەوەی لاوان بە دەوری خۆی و سازماندانیان لە چوارچێوەی شانە و كۆمیتەكانی تایبەتیدا و پەروەردەكردنیان لە بوارەكانی زانستی و ڕۆشنبیری و پەرەدان بە بیری نەتەوایەتی لە نێو ئەو لاوانەدا، چالاكانە لە مەتەرێزی خەبات و تێكۆشاندا ئەركی وڵاتپارێزیی خۆیان بەڕێوە دەبرد و وەك هێزێكی ئەكتیڤ و هیوابەخش، شان بە شانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، بەرگرییان لە مان و موجوودییەتی گەلی كورد دەكرد. یەكیەتیی لاوان لە سەنگەری خەباتی نەتەوایەتییشدا، وەك هێزێكی شوێندانەر، نرخی زۆری داوە و زۆرن ئەو لاوانەی كە لە چوارچێوەی تێكۆشانی ئەو ڕێكخراوەیەدا، لە پێناو ئازادی نەتەوەكەیاندا، شەهید بوون.
قۆناغی سێهەم، لە مانگی گەڵاوێژی ساڵی ١٣٧٨ی هەتاوی ڕا دەست پێدەكات. لەم قۆناغەی خەباتدا، یەكیەتیی لاوان بە كەڵك وەرگرتن لە مێتۆدەكانی خەباتی سەردەم، ئۆرگانیزەكردنی ڕێكخستنەكانی خۆی لە نێوخۆی كوردستان و دەرەوەی وڵات و باشووری كوردستان، یەكەمین كۆنگرەی خۆی لە مانگی بەفرانباری ساڵی ١٣٧٩ی هەتاوی بەڕێوە دەبات و ڕێڕەوی خەبات و ستراتیژیی تێكۆشانی خۆی بۆ داهاتوو دیاری دەكات.
گرینگیی ئەم قۆناغە لە خەبات و تێكۆشانی یەكیەتیی لاوان ئەوە بوو كە توانی ئۆرگانیزاسیۆنی خۆی لە ئاستی وڵاتانی ئورووپا و ئەمریكا و كانادا ڕێك بخات و ببێتە هاواری مافخوازانەی لاوانی بەش مەینەت و ستەملێكراوی گەلانی ئێران بە گشتی و لاوانی كوردستان بە تایبەتی لە ئاستی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دا. لاوانی بەئەزموون و پێگەیشتووی سەر بە یەكیەتیی لاوان، بە بەشدارییان لە كۆڕ و كۆبوونەوە جیهانییەكاندا، سیاسەتە چەپەڵ و دژی مرۆڤییەكانی ڕێژیمی ئاخوندیی ئێران بە دژی كۆمەڵگای مافخوازی ئێران و لاوان بە تایبەتی، بۆ ڕای گشتی ئاشكرا دەكرد و هەروەها بە هەوڵدان بۆ بوونە ئەندام لە ڕێكخراوە جیهانییەكانی تایبەت بە لاوان، بە تایبەت لە ڕێكخراوی ئینتێرناسیۆناڵ سۆسیالیستی لاواندا، پشتیوانی و سەرنجی كۆمەڵگای نێونەتەوەیی بۆ لای بزووتنەوەی مافخوازی كورد بە گشتی و لاوان بە تایبەتی ڕابكێشێت. بەڕێوەبردنی كۆڕ و كۆبوونەوەی سیاسی و ڕۆشنبیری بۆ لاوانی كورد لە دەرەوەی وڵات و پەڕەدان بە بواری فەرهەنگی و كولتووریی كوردستان و ناساندنیان بە كۆمەڵگای جیهانی، لە تێكۆشانە بەرچاوەكانی ڕێكخستنەكانی لاوانە لە دەرەوەی وڵات.
لە ئاستی كوردستانیشدا، هاوپێوەندی لە گەڵ لاوانی هەر چوار پارچەی كوردستان و دەور و كاریگەرییەكانی لە پێكهێنانی فێدراسیۆنەكانی تایبەت بە لاوان و بە تایبەتی هەوڵدان بۆ پێكهێنان و بەڕێوەبردنی كۆنگرەی لاوانی چوار پارچەی كوردستان و فێدراسیۆنی تایبەت بە ڕێكخراوەكانی لاوانی كوردستانی ڕۆژهەڵات و دۆستایەتی لە گەڵ ناوەند و ڕێكخراوەكانی لاوانی سەر بە گەلانی ئازادیخوازی ئێران، ئەزموونی سەركەوتووی ئەم قۆناغە لە خەباتی یەكیەتیی لاوانە.
گرینگیدانی زیاتر بە بواری پەروەردەیی، پێوەندی، ڕاگەیاندن و ڕێكخستن و كەڵك وەرگرتن لە ئامرازەكانی خەباتی سەردەم، خاڵی شوێندانەری خەبات و تێكۆشانی یەكیەتیی لاوان بوو كە توانیی دەرفەت و دەرەتانی زیاتر بۆ لاوان بە گشتی بڕەخسێنێت و زۆر لاوی بەئەزموون و پێگەیشتوو لە ڕیزەكانی خۆیدا پەروەردە بكات كە هەنووكە لە ڕەوتی خەبات و تێكۆشان بۆ گەیشتن بە ماف و ئازادییەكانیان ڕۆڵی بە باندۆریان هەیە و بوونەتە هیوا و ئۆمێدی نەتەوەكەیان.
یەكیەتیی لاوان لە ماوەی ۷٤ ساڵ خەبات و تێكۆشانی خۆیدا، بە زۆر قۆناغی سەخت و دژواردا تێپەڕیوە و هەوراز و نشێوی زۆری بینیوە. ئەم ڕێكخراوەیە بە كەڵك وەرگرتن لە ئەزموونەكانی ڕابردووی خەباتی خۆی و بە پشتیوانیی بەردەوامی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، شێلگیرانە و بەهێزتر لە ڕابردوو، هەروا لە مەتەرێزی خەبات و تێكۆشان بۆ گەیشتن بە ماف و سەروەرییەكانی نەتەوەكەی و بە تایبەتی ویست و خواستە سینفییەكانی توێژی لاو تێدەكوشێت.