ڕاگەیاندنی ئاگربەستی یەک لایەنە لە ئەدلەب لە لایەن ڕووسیاوە

0
611

ڕۆژی كورد :
ڕووسیە بە مەبەستی سەقامگیرکردنی بارودۆخەکە لە شاری ئەدلەب، شارێکی هەڵکەوتوو لە باکووری وڵاتی سووریە، ئاگربەستی یەک لایەنەی ڕاگەیاندووە. مۆسکۆ داوای لە ئاژاوەچییەکانی بەرهەڵستکاری بەشار ئەسەد کردووە خۆیان لە هەر چەشنە جووڵەیەکی سەربازی بپارێزن.

“ناوەندی ئاشتی ڕووسیە بۆ سەقامگیرکردنی بارودۆخ” ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٣٠ی ئووت ڕایگەیاندووە کە بەیانی ئەو ڕۆژە، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣١ی ئووت لە کاتژمێر ٦ی سەرلەبەیانی بە کاتی ناوخۆیی ئاگربەستی یەک لایەنە لە ئەدلەب ڕادەگەیەنرێت. هاوکات وەزارەتی بەرگری ڕووسیە وتوویەتی : ئاگربەستی نوێ پێویستە بارودۆخەکە سەقامگیر و جێگر بکات. سۆپای ڕووسیە داوای لە گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریە کە دژی ڕژیمی بەشار ئەسەد شەڕ دەکەن کردووە هیچ جووڵەیەکی سەربازی بەڕێوە نەبەن و پەیوەست بن بە ڕەوتی وتووێژی ئاشتی لە سووریە.
لە هەمان کاتدا ناوەندی هەواڵنێری ئاناتۆلی تورکیە ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٣٠ی ئووت لە ڕاپۆرتێکیدا ڕایگەیاندووە کە دەوڵەتی ڕووسیە تەنانەت بە هێزی سەربازی خۆیەوە لە چالاکی دژی بەرهەڵستکاران لە ئەدلەب پشتیوانی دەکات. ناوەندی ئاناتۆلی لە ڕاپۆرتەکەی دا لەم بارەوە ڕایگەیاندووە کە هێزە تایبەتەکانی ڕووسیە شەوی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٩ی ئووت لە باشووری ناوچەی کەم ئاڵۆزی ئەدلەب ڕاستەوخۆ دەستیان بە چالاکی کردووە.
ڕووسیە و تورکیە لە ئەیلوولی ساڵی پار لە سووچی لە سەر ئاگربەست لە ئەدلەب پێکەوە ڕێکەوتن و پێکهاتن. ئەم ئاگربەستە ئەگەرچی هیچ کات بەڕێوەنەچوو بەڵام لەو کاتەدا بوو بە هۆی بەرگری هێرش کردنی سوپای بەشار ئەسەد بۆ سەر شاری ئەدلەب. هەروەها لە سەرەتای مانگی ئووتی ئەمساڵدا ئاگربەستێکی دیکە ڕاگەیەندرا کە دیسان ئەویش لە ژێر پێ نرا و بەڕێوەنەچوو.
بە پێی ئەو ڕێکەوتنەی کە دواتر لە نێوان رووسیە و تورکیە بە ئەنجام گەیشت، بڕیاروابوو کە لە باکووری سووریە لە ئەدلەب ناوچەیەکی بێ کێشە و ئاڵۆزی ساز بکرێت و تورکیە لە ١٢ شوێنی ئەدلەب ناوەندی چاوەدێری دابمەزرێنێت. ئەدلەب دواهەمین مەکۆی ئۆپۆزیسیۆنی سووریایە و بە پێی ڕێکەوتننامەی نێوان ڕووسیە و تورکیە ناوچەیەکی بێ کێشە ڕاگەیەندراوە. بەڵام تێکهەڵچوونەکان بە سەر ئەو ڕێکەوتنەش دا دانەمرکاوە و هێشتا هەر بەردەوامن. لە کۆتاییەکانی مانگی ئاپریلی ئەمساڵەوە هێزەکانی ئەسەد بە پشتیوانی هاوپەیمانانی ڕووسی چالاکییەکانی خۆیان دژی شۆڕشڤانەکان بە هێز کردووەتەوە. ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیە هەوڵێکی زۆری داوە بۆ بەرگری لە هێرشەکان بۆ سەر ئەدلەب لە گەڵ هاوتای ڕووسی خۆی گفتووگۆ بکات. ئەردۆغان بەرەو مۆسکۆ سەفەری کرد تا ئەم کێشە لە گەڵ هاوتای ڕووسی خۆی، پوتین چارەسەر بکەن.
بەڵام هێزەکانی بەشار ئەسەد و پشتیوانە ئێرانییەکانیان بە بێ هیچ ئاوڕلێدانەوەیەک بەم ڕێکەوتنانە هێرشەکانی خۆیان بەردەوام دەکەن. سەردانی ئەردۆغانیش بۆ مۆسکۆ بەرگری لە هێرش و بۆمبابارانکردنی ڕژیمی بەشار ئەسەد نەگرتووە. بە پێی ڕاپۆرتی چاودێری مافی مرۆڤی سووریە دوابەدوای هێرشەکانی هێزەکانی بەشار ئەسەد بۆ دوو گوندی ئەدلەب ٩ کەس خەڵکی ئاسایی کوژراون. ئەردۆغان دوای گەڕانەوەی لە ڕووسیە ڕایگەیاند کە ئەوەی لە ئێستادا لە ئەدلەب ڕوودەدات بە پێچەوانەی خواستی دەوڵەتی تورکیایە.
بەڵام لە هەمان کاتدا ڕووسیە بۆ جێگرکردنی سەقام و خۆڕاگری تێکهەڵچوون لە گەڵ تێرۆریستەکان لە ئەدلەب بە گرینگ و بە پێویست ئەزانێت. “ئەنجۆمەنی نووسینگەی شام” یەکێک لە گرووپە ئیسلامیخوازەکانە کە ڕووسیە بانگەشەی کردووە دژی ئەوان شەڕ دەکات.
ڕووسیە، تورکیە و ئێران سەرەڕای هەموو ئەوانەش هەڵوێستەکانیان لە شەڕی ناوخۆیی سووریە جیاوازە. لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٧ی زایینی بە دواوە هەموو هەوڵەکانیان وەگڕ خستووە لە ڕێگاچارەی دیپلۆماتیک لە ئاڵۆزی و کێشەکانی سووریە کەم بکەنەوە. سەرۆکانی کۆماری ئەم سێ وڵاتە ئەیانهەوێت لە کۆبوونەوەیەک لە ڕێکەوتی ١٦ی ئەیلوول لە شاری ئانکارای پێتەختی وڵاتی تورکیە پێکەوە چاوپێکەوتن و دیدار پێک بهێنن و لە سەر بارودۆخی ئەدلەب و ڕەوتی سیاسی هاوپێوەند بەو ناوچەیە وتووێژ و گفتووگۆ بکەن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.