چین بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ڤاكسێنی كڕۆنای به‌رهه‌مهێناوه‌ و به‌كارهینانی ئه‌و ڤاكسێنه‌ی ده‌ست پێكردووه‌

0
1565

ڕۆژی كورد :
له‌ ئێستادا و دوابه‌دوای سه‌رهه‌ڵدانی په‌تای گشتگیری كڕۆنا و ڤایرۆسی كۆڤیید – 19 له‌ هه‌موو جیهاندا زلهێزه‌كانی دونیا كێبه‌ركێی به‌رهه‌مهێنانی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییان وه‌لا ناوه‌ و سه‌رقاڵی به‌رهه‌مهێنانی ڤاكسێن و ده‌رمانی په‌تای به‌ربڵاوی كڕۆنان. دوابه‌دوای ئه‌وه‌ی وڵاتی ڕووسیا له‌ ماوه‌ی چه‌ند حه‌وتووی ڕابردوو ڕایگه‌یاند كه‌ ڤاكسێنی كڕۆنای به‌رهه‌مهێناوه‌، ئێستا و له‌ هه‌نگاوێكی نوێدا وڵاتی چین ڕایگه‌یاندووه‌ كه‌ قۆناغه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی ڤاكسێنی كڕۆنایان گه‌یاندووه‌ته‌ قۆناغی كۆتایی و به‌كارهینانی ئه‌و ڤاكسێنه‌یان به‌ سه‌ركه‌وتووییه‌وه‌ ده‌ست پێكردووه‌.

هه‌ر وه‌ك ئاگادارین هاوكات له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پسپۆڕان و لێكۆڵه‌ران و زانایانی وڵاتانی ڕووسیه‌ و به‌ریتانیا (زانكۆی ئاكسفۆڕد) و زۆربه‌ی وڵاتانی گه‌وره‌ی دونیا و نه‌ته‌وه‌كانی جیهان له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ دان بۆ دۆزینه‌وه‌ی ده‌رمان و ڤاكسێنی په‌تای كڕۆنا بۆ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیی له‌ چنگ ئه‌م ڤایرۆسه‌ نگرێسه‌ كه‌ تا ئێستا نزیكه‌ی 24 ملوێن كه‌سی گیرۆده‌ كردووه‌ و گیانی زیاتر له‌ 800 هه‌زار مرۆڤی ئه‌ستاندووه‌ ڕزگار بكه‌ن، ئه‌م جاره و له‌ هه‌نگاوێكی نوێدا به‌رپرسانی بواری ته‌ندروستی وڵاتی چین ڕایانگه‌یاندووه‌ كه‌ تاقیكردنه‌وه‌ی ڤاكسێنی نوێ له‌ سه‌ر ئه‌ندامانی ناوه‌نده‌كانی ته‌ندروستی و به‌ڕیوه‌به‌ران و فه‌رمانبه‌رانی كۆمپانیا ده‌وڵه‌تییه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ به‌ سه‌ركه‌وتوویی ته‌واو له‌ كۆتاییه‌كانی مانگی ته‌مموزی ساڵی 2020ی زایینی ده‌ست پێكردووه‌ و له‌ ئێستادا له‌ قۆناغی كۆتایی به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و ڤاكسێنه‌دان.
به‌ پێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامه‌ی گاردیه‌ن به‌رپرسانی وڵاتی چین ڕایانگه‌یاندووه‌ كه‌ یه‌كه‌م به‌رهه‌مهێنه‌ری ڤاكسێنی دژی ڤایرۆسی كۆڤیید – 19 له‌ ئاستی هه‌موو جیهاندان كه‌ به‌ كار هینانی ئه‌م ڤاكسێنه‌یان ده‌ست پێكردووه‌ و ماوه‌ی 3 حه‌وتوو پێشتر له‌ پسپۆڕانی وڵاتی ڕووسیه‌ ده‌ستیان داوه‌ته‌ به‌رهه‌مهێنان و چالاكی له‌ سه‌ر ئاماده‌كردنی ئه‌م ڤاكسێنه‌. به‌ڵام پێده‌چێت وڵاتی چین جارێكی دیكه‌ش ده‌ستی داوه‌ته‌ شاردنه‌وه‌ی ڕاستییه‌كان و ئاماری ته‌واوی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ڤاكسێنه‌كه‌ له‌ سه‌ریان به‌ كار هێنراوه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ به‌ ئاشكرا و به‌ ڕوونی ڕانه‌گه‌یندراوه‌ و هه‌ر بۆیه‌ تا ئێستا ڕێكخراوی جیهانی ته‌ندروستی هیچ هه‌ڵویستێكی ئه‌وتۆی سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته‌ به‌ ئاشكرا ڕانه‌گه‌یاندووه‌ و ڕێكخراوه‌ جیهانییه‌كانی دیكه‌ش هیچ پشتگیرییه‌كه‌ی ئاشكرایان له‌م هه‌وڵه‌ی پسپۆڕانی وڵاتی چین ده‌رنه‌بڕیووه‌. له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ نووسینگه‌ی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی ڕێكخراوی جیهانی ته‌ندروستی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ ڕێكه‌وتی 19ی ئاگووست له‌ دانیشتنێكی ڕۆژنانه‌وانییدا به‌ ئاشكرا ڕایگه‌یاندبوو كه‌ تا ئێستا هیچ ڤاكسێن یان عیلاجێك به‌ پێی پێوه‌ره‌ جیهانییه‌كانی ریكخراوی ته‌ندروستی بۆ به‌رگری له‌ په‌تای كڕۆنا و ڤایرۆسی كۆڤیید – 19 به‌رهه‌م نه‌هێنراوه‌ به‌ڵام هاوكات پشتڕاستی كرده‌وه‌ كه‌ هه‌وڵ و تێكۆشانێكی جیهانی به‌ربڵاو له‌ هه‌موو وڵاتانی جیهان و له‌ ناو هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان به‌رده‌وامه‌ بۆ به‌رهه‌مهێنانی عیلاج و ده‌رمانێك بۆ به‌رگری له‌ ته‌شه‌نه‌كردنی زیاتری ئه‌م ڤایرۆسه‌ نگرێسه‌ و هاوكات به‌رهه‌مهێنانی ڤاكسێنی پێویست بۆ ئه‌م نه‌خۆشییه‌ بۆ به‌رگری له‌ تووشبوونی كه‌سانێكی زیاتر. له‌ كۆتاییدا ڕێكخراوی جیهانی ته‌ندروستی ڕایگه‌یاندووه‌ كه‌ تا ئێستا 29 ڤاكسێن له‌ قۆناغی تاقیكردنه‌وه‌ی كۆتاییدان و نزیكه‌ی 138 ڤاكسینی دیكه‌ش له‌ قۆناغه‌ سه‌رتاییه‌كانی تاقیكاری و پێداچوونه‌وه‌كانی قۆناغی پێش لێكۆڵینه‌وه‌ی گشتی و سه‌رتایین. له‌ كۆی گشتی ئه‌م ڤاكسێنانه‌ش تا ئێستا 9 ڤاكسێن ده‌رئه‌نجامی به‌رچاو و هیوابه‌خشیان نواندووه‌و له‌ ئیستادا سه‌رقاڵی تێپه‌ڕاندنی قۆناغه‌كانی دووهه‌م و سێهه‌می تاقیكردنه‌وه‌ی خۆیانن بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ده‌رئه‌نجامی كۆتایی بگه‌ن و نزیك ببنه‌وه‌ له‌ قۆناغی كۆتایی به‌رهه‌مهێنان و هه‌نارده‌ كردن بۆ بازاره‌ جیهانییه‌كان.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

بابەتی پێشووساڕێژبوون و ته‌قینه‌وه‌ی ڕق و بێزاری خۆپیشانده‌رانی عێراقی له‌ تیرۆر و کوژرانی چالاكانی مه‌ده‌نی ئه‌و وڵاته‌
بابەتی دواترله‌ ماوه‌ی 5 مانگی ڕابردوودا زیاتر له‌ 2000 له‌وه‌ڕگه‌ و دارستان له‌‌ ئێران ئاگریان تێبه‌ربووه‌

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.