ڕۆژی كورد :
كوژرانی پێنج چالاكی مه‌ده‌نی له عێراقی فێدراڵ له گه‌ڵ ناڕه‌زایه‌تیی توندی خۆپیشانده‌رانی تووڕه‌ی شاره‌كانی به‌سره، به‌غدا و ناسرییه به‌ره‌وڕوو بوو. خۆپیشانده‌ران ده‌ستیان داوه‌ته كاولكردن و ڕووخاندنی بنكه‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵێك له پارته سیاسییه‌كانی شاری ناسرییه و هاوكات ١٨ وڵات له داخویانێكی هاوبه‌ش تیرۆری چالاكانی مه‌ده‌نی له عێراقی فێدراڵیان مه‌حكووم و ئیدانه كردووه.
له ڕۆژانی ڕابردوو دا عێراقی فێدراڵ بینه‌ری به‌رزبوونه‌وه‌ی ڕێژه‌ی خۆپیشاندانه به‌ربڵاوه‌كانی كۆمه‌ڵانی دانیشتووی شاره جیاوازه‌كانی وڵاته‌كه‌ی بووه. خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌كان له كاردانه‌وه به تیرۆر و كوژرانی چالاكانی مه‌ده‌نی له دوو حه‌وتووی ڕابردوو دا به ئه‌نجام گه‌یشتووه، پێنج كه‌س له چالاكانی مه‌ده‌نی عێراقی له ماوه‌ی ڕابردوودا له لایه‌ن چه‌ن كه‌سێكی چه‌كداره‌وه كوژراون. یه‌كێك له چالاكانی مه‌ده‌نی كوژراو دوكتۆر “ڕه‌هام یه‌عقووب” ته‌مه‌ن ٢٩ ساڵان بووه كه له شه‌پۆلی خۆپیشاندانه‌كانی چه‌ند مانگی ڕابردوودا یه‌كێك له ڕێكخه‌رانی ڕێپێوانه‌كانی ژنانی ئه‌و وڵاته بووه.
ڕۆژی شه‌ممه ڕێكه‌وتی ٢٢ی ئاگووست ڕۆژنامه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی “میده‌ڵ ئێست” به پێی وته‌ی سه‌رچاوه عێراقییه‌كان ڕایگه‌یاند كه بێده‌نگی به‌رپرسانی عێراقی سه‌باره‌ت به تیرۆر و سه‌ركوتی خوپیشانده‌ران ئاگری ڕق و كینه‌ی ئه‌وانی زیاتر له پێشوو بڵیسه‌دار كردووه و گه‌شاندوویه‌ته‌وه. به پێی ئه‌م ڕاپۆرته یه‌كیك له بنكه‌كانی پێوه‌ندی به پارتی ئه‌لده‌عوه به ڕێبه‌رایه‌تیی نووری ئه‌لمالكییه‌وه هه‌یه، میده‌ڵ ئێست هه‌روه‌ها به پێی وته‌ی سه‌رچاوه عه‌ره‌بییه‌كان نووسیویه‌تی كه خۆپیشانده‌ران ڕیگای برایم خه‌لیل له ناوه‌ندی شاری ناسرییه‌یان به ئاگردانی تایه‌ی ئۆتۆمبێل داخستووه.
ڕۆژی هه‌ینی ڕیكه‌وتی ٢١ی ئاگووست باڵوێزخانه‌ی ١٨ وڵاتی جیاواز له‌وانه ئۆسترالیا، به‌لژیك، بۆڵغارستان، كه‌نه‌دا، كڕۆواسی، چێك، فه‌نلاند، فه‌ڕانسه. ئاڵمان، مه‌جارستان، ئیتالیا، هۆڵه‌ند، ڕۆمانی، ئێسپانیا، سوئید و به‌ریتانیا به بڵاوكردنه‌وه‌یداخویانێكی هاوبه‌ش تیرۆری چالاكانی مه‌ده‌نی له شاره‌كانی به‌غدا و به‌سره‌یان به توندی مه‌حكووم و ئیدانه كرد. له ڕاگه‌یه‌ندراوی هاوبه‌شی ئه‌و وڵاتانه‌دا هاتووه كه چالاكی مه‌ده‌نی خشتی بنچینه‌ی دامه‌زرانی حكوومه‌تێكه كه نوێنه‌ری نه‌ته‌وه و میلله‌ته‌كه‌ی خۆی بێت و وه‌ڵامی داخوازییه‌كانی كۆمه‌ڵگاكه‌ی بداته‌وه و پێویسته به‌رگرییان لێ بكات. ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه وێڕای مه‌حكووم كردنی تیرۆر و كوژرانی چالاكانی مه‌ده‌نی داوای له به‌رپرسانی حكوومه‌تی عێراقی فێدراڵ كردووه كه له چوارچێوه‌ی یاسادا به توندترین شێوازی به‌رده‌ست له گه‌ڵ ده‌ست و پێوه‌ندییه‌كان و بكه‌رانی ئه‌م هه‌نگاوانه هه‌ڵسووكه‌وت بكرێت و ئه‌وانه‌ی ئه‌و جینایه‌ته‌یان به ئه‌نجام گه‌یاندووه سزا بدرێن.
چالاكانی مه‌ده‌نی كه له شاره جیاوازه‌كانی عێراقی فێدراڵ تیرۆر كراون، چالاكی به‌رده‌وامییان له خۆپیشاندان دژی گه‌نده‌ڵی، ناكارئامه‌یی حكوومه‌تی و ده‌ستێوه‌ردانی وڵاته بیانییه‌كان له‌وانه ڕژیمی ئێران له وڵاته‌كه‌یان بوون و هه‌ر وه‌ك ئاماژه‌مان پێكرد یه‌كێك له‌وانه “ڕه‌هام یه‌عقووب” ته‌مه‌ن ٢٩ ساڵان و له چالاكانی بزووتنه‌وه‌ی ژنان دانیشتووی شاری به‌سره بووه كه له چه‌ن ڕۆژی ڕابردوودا كوژراوه.
ناوه‌ندی هه‌واڵنێری “رۆیتێرز” له ڕاپۆرته‌كه‌ی ڕۆژی شه‌ممه‌ی خۆیدا له پێوه‌ندی به‌م بابه‌ته‌وه هه‌ر وه‌ها نووسیویه‌تی كوژرانی ئه‌م چه‌ند چالاكه مه‌ده‌نییه هاوكات بووه له گه‌ڵ سه‌ردانه‌كه‌ی مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقی فێدراڵ بۆ ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئا‌مریكا به مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ر كردنی كیشه و ئاڵۆزییه‌كان و ڕێكخستنی چه‌ندین گرێبه‌ستی ئابووری له گه‌ڵ ئه‌و وڵاته له كاتێكدا وه‌زاره‌تی كاروباری ده‌ره‌وه‌ی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان له كاردانه‌وه به تیرۆری ئه‌م چالاكه مه‌ده‌نییانه ڕق و بیزاری خۆی ده‌ربڕیووه و هێرش بۆ سه‌ر خۆپیشانده‌رانی شاره‌كانی به‌غدا و به‌سره‌ی به توندی مه‌حكووم كردووه.