پاریس: هونەرمەندێکی کورد بە مەبەستی هاوکاری بۆ کوردانی کرماشان، پێشانگایەک بەڕێوە دەبا

0
772

وەرزی زستان بەردەوامە، سەرمای سرووشت و دڵرەقیی کۆماری ئیسلامیش لە هەمبەر لێقەوماوانی بوومەلەرزەی کرماشان بەردەوامە، کوردستانیانیش کەم تا زۆر لە یارمەتیدان بەردەوامن، هونەرمەندێکی نیگارکێشی کوردیش لە پاریس پێشانگایەکی وێنە بۆ یارمەتیدانی لێقەوماوانی ئەو کارەساتە بەڕێوە دەبا

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ناوەندی ڕۆژی کورد لە فەڕانسە، هونەرمەندی ناسراوی کورد، ناسر قازی زادە، خەڵکی شاری سەردەشت لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و نیشتەجێی وڵاتی فەڕانسە کە وەک یەکێک لە نیگارکێشە بەناوبانگەکانی جیهان ناسراوە، پیشانگایەکی نیگارکێشی بە مەبەستی یارمەتیدان بە هاوخوێنەکانی لە کرماشان بەڕێوە دەبا.

ئەو پێشانگایە لە ٢٨ی فێوریە تا ١٣ی مارسی ٢٠١٨ لە ئەنستیتۆی کورد لە پاریس بەڕێوە دەچێ.

سەرجەم داهاتی ئەو پێشانگایە وەک یارمەتی دەدرێ بە لێقەوماوانی کارەساتی بوومەلەرزەی کرماشان.

بەپێی هەواڵەکانی خودی ڕژیمی ئێران، تا ئێستا ٢٠ کەس لە ڕزگاربووان لە بوومەلەرزەکە، خۆیان کوشتووە.

ڕژیمی ئێران بە گشتی نەک یارمەتیی لێقەوماوانی بوومەلەرزەی کرماشانی نەداوە، بگرە سەرکوتیشی کردوون و بەشێکی بەرچاو لە یارمەتیەکانی خەڵک دزراون، هەر بۆبەش بازنەی خەسارەکان تا دێ بەرفراوانتر دەبێ.

ناسر قازی زادە کێیە؟

ناسر قازی زادە، هونەرمەندی کوردی خەڵکی شاری سەردەشت لە کوردستانی ڕۆژهەڵات کە ماوەی ٣٠ ساڵە لە وڵاتی فەڕانسە نیشتەجێیە، ماوەیەک بەر لە ئێستا لەلایەن ئەنستیتۆی کورد لە فەرانسە پێشانگایەکی لەژێر ناوی “٣٠ ساڵ کار لە فەڕانسە” بۆ پێکهات کە تێیدا بەرهەمەکانی خرانە ڕوو.

یەکێک لە دوا کارەکانی ئەو هونەرمەندە کوردەی خەڵکی شاری سەردەشت، تابلۆی کۆڵبەرە کە وەک خۆی دەڵێ “لەدوای بیستنی هەواڵی مەرگی کۆڵبەران لە ژێر ڕنوو، هەستێکی ناخۆشی بووە و چەند ڕۆژ بیری لێکردۆتەوەو ئەوە بۆتە هەوێنی ئەو تابلۆیە و لە ماوەی ٣ شەو و ٣ ڕۆژدا ئەو تابلۆیەی کێشاوەتەوە کە “مێتامانفۆز”ـە و مەبەست لەو شیوازە کە تێیدا جێگۆڕکێیەکی لە نێوان مرۆڤ و بۆ نموونە ئاژەڵەکان دێتە ئاراوە و لە کوردستانیش بە هۆی زەخت و زۆرداری، ئێستا مرۆڤ، جێگای شتی تری گرتۆتەوە و بۆ نموونە کارێک دەکات وەک کۆڵبەری کە کاری مرۆڤ نیە و ئەوەش ڕادەی تاڵیی ژیان لە کوردستان لە خۆرهەڵات نیشان دەدات.”

هونەرمەندی نیگارکێشی کورد، ناسر قازی زادە دەڵێ: “بەو تابلۆیە جارێکی تر گەڕامەوە سەردەشت و هەموو ئازارەکانم جارێکی تر بە جەستە و بە هەست، هەست پێکرد، بە چرکەش مام خدر و باری قورسی کۆڵبەرانم لە پێش چاو بزر نەدەبوو و وایکرد کە تووشی پشت ئێشەیەکی سەیر هاتم و لە کاتی نیگارکێشانەتەوەکەشدا سەرما هەموو لەشی داگرتبووم”

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.