په‌یامی پیرۆزبایی ناوه‌ندی ڕۆژی كورد به‌ بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ته‌وایه‌تیی نه‌وڕۆژ

0
1765

نەورۆز ئاگرێکی وەهای خستە جەرگەوە
لاوان بە ئەشق ئەچوون بە بەرەو پیری مەرگەوە
هانیشتمانیانی هێژا، کوردستانیانی نیشتمانپەروەر
ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی، بە سەرجەم قەیرانە جیهانی و ناوچەییەکانیەوە و وێڕای دەستبەسەرکردن و لەسێدارەدان و کوشتنی کۆڵبەرانی کورد و دەیان خەساری تری کۆمەڵایەتی، ماڵئاوایی لێکردین و شوێنی خۆی دا بە ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی (٢٧١٧ی کوردی)، ساڵێک کە تێیدا بەپێی گۆرانکارییە جیهانی و ناوچەییەکان، لە ئەگەری گرنگی بە خۆی و خەباتی خۆی دانی کورد، پێدەچێ پێشکەوتن و گەشەیەکی بەرچاو لە گەیشتن بە ئامانجەکانمان وەک نەتەوەیەکی بندەست بێتە ئاراوە.
لە ساڵی ١٣٩٥ی هەتاویدا، وێڕای سەرجەم کێشە و ئاستەنگ و قەیرانەکان، خاڵێکی بەرچاو هەیە کە ئەویش بریتییە کە لێدرانەوەی چەخماخەی خەباتی چەکداری و وەشاندنی چەندین گورزی گورچووبڕ لە هەناوی دوژمنی داگیرکەر لە کوردستانی خۆرهەڵات کە هەرچەند بێ تێچوو نەبوو بەڵام دەکرێ وەک شۆکێکی بەهێز چاوی لێ بکرێت کە هیوای گەشانەوەو بوونەوەی لە ناو کوردستانی خۆرهەڵاتدا بوژاندەوە.
ئێمە وەک ناوەندی ڕۆژی کورد، لە سەرەتای ساڵی نوێی کوردیدا، وێڕای پیرۆزبایی لە سەرجەم کوردستانیان، زیندانیانی سیاسی و بەتایبەت کچانی بەندکراوی سیاسی و بنەماڵەی شەهیدان و بەندکراوانی سیاسی، سەرری ڕێز بۆ سەرجەم شەهیدانی کوردستان و بەتایبەت شەهیدانی ساڵی ڕابردووی هەتاویی خەباتی خۆرهەڵات دادەنەوێنین و بەڵێن بە خۆمان و کوردستان دەدەین کە هەر وەک لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، ئەوپەڕی هەوڵ و تێکۆشانی خۆمان بۆ گەیاندنی دەنگ و ئازارەکانی کورد و هەروەها دانانی ڕێچکەیەکی نوێ لە خەباتی میدیایی و لە جیهانی سیاسەتی کوردی و پەیوەندی کردن بە دونیای دەرەوە، داوە، لە ساڵی نوێشدا بە هەمان گوڕ و تین و بگرە چڕتریش، بەرەو ئاسۆ هەنگاو دەنێین و هەوڵمان ئەوەیە بە پاراستنی بێ لایەنیی خۆمان، دەنگی سەرجەم پێکهاتە و حیزب و چالاکان و چالاکییەکانی کوردستان بە گشتی و خۆرهەڵات بەتایبەتی بین.
لە کۆتاییدا، جارێکی تر ساڵی نوێی کوردی لە سەرجەم لایەن پیرۆزبایی دەکەین وهیوادارین ساڵی نوێ، خێر و بێر و هاتی بۆ کورد بەدوادابێ.
لە هەمان کاتێشدا دڵ ئاوەڵایی خۆمان بۆ هاوکاریی هەر تاک و لایەنێکی نەتەوەیی کورد، دووپاتە دەکەینەوە و هیوا دەخوازین هەموو لایەن، ناوەندی ڕۆژی کورد بە ماڵی خۆیان بزانن.
ناوەندی ڕۆژی کورد

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

بابەتی پێشووتەقینەوەی نارنجەکی دەستی لە مەریوان، ٢ کوژراو و برینداری لێکەوتەوە
بابەتی دواترمۆرەکانی ڕژیم خەریکی تاڵان کردنی ئاسەوارە مێژووییەکانی گوندی شێخانی شنۆـن