وتوو وێژی ناوەندی ڕۆژی کورد لەگەڵ ڕۆژنامەوان کەیهان موحەممەد نژاد سەبارەت بە داهاتووی پارێزگای ورمێ

0
61

گرینگی پارێزگای ورمێ بەتایبەتی باکووری پارێزگا کە لە دوو نەتەوەی کورد و تورکی ئازەری پێکهاتوون و ساڵانی زۆرە پێکەوە دەژین لە داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چۆن دەبینن؟

 پارێزگای ورمێ یەکێک لە گرینگترین پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. حەشیمەتی ئەم پارێزگایە زیاتر لە 3 مێلیۆن و 265 هەزار کەسە. پارێزگای ورمێ لە ڕووی حەشیمەتەوە دووهەمین پارێزگای ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و ئەم پارێزگایە لە دوو نەتەوەی کورد و تورک و هەروەها لە کەمینە نەتەوەییەکان پێک دێت. بۆیە لە جۆگرافیایەکدا کە دوو نەتەوەی جیاواز و کەمینەکان تێیدا بژین گرینیی خۆی هەیە، بە تایبەت لە باکووری پارێزگای ورمێ کە حەشیمەتەکەی زیاتر لە نەتەوەی کورد و تورک پێک دێت، هەمووکات کێشەگەلێک دێتە ئاراوە و ئەم کێشانە لە داهاتوودا هەر دەبن و بگرە زیاتریش دەبن. پارێزگای ورمێ کە لەگەڵ چوار وڵاتی تورکیە، کۆماری ئازەربایجان، ئەرمەنستان و عێراق هاوسنوورە و وڵاتانی تورکیە و ئازەربایجان پشتیوانی لە تورکەکانی ورمێ دەکەن و لە داهاتووشدا دیسان ئەم وڵاتانە هەر کێشەسازن بۆ باکووری پارێزگای ورمێ.

ورمێ چ وەکوو پارێزگا و چ وەکوو شار زیاتر لە كەرکووک دەچێت و هەر وەک کەرکووک کە ئازەرییەکان

خۆیان بە خاوەنی دەزانن و کوردەکانیش بە بەڵگەی مێژووی و لە ڕووی جوگرافییای و پێکهێنانی حەشیمەت و کولتوور، بە خاکی کوردستان دەزانن.

دەتوانین بەم ڕوانگەیەوە بڕوانینە داهاتووی پارێزگای ورمێ؛ ئەگەر نەتەوەی کورد لە داهاتوودا لە پارێزگای ورمێ یەک دەنگ و یەکگرتوو نەبن ئەمە پارێزگای ورمێ‌یە کە لە لایەن ئازەربایجان و تورکیەوە داگیر دەکرێ. هۆکار؛ 1 پارێزگای ورمێ خاوەن چەندین لایەنی سیاسی و بە تایبەت هێزە چەکدارەکانی کوردە. 2نفووزی لایەنە سیاسییەکانی باکووری کوردستان لە سەر سنوورەکان. 3 گرینگی خاڵە سنوورییەکان. 4 گۆلی ورمێ و ڕووبارەکان و کانگا ژێر زەوییەکانی.

هێزە سیاسییەکانی کورد ئەگەر لە پارێزگای ورمێ یەکگرتوو نەبن و لەگەڵ تورکەکانی ورمێ ڕێک نەکەون، ئەمە حەساسییەتی وڵاتی تورکیە و ئازەربایجان بەدوای خۆیدا دەهێنێت و باکووری پارێزگای ورمێ وەکوو عەفرین و سەریکانی لە ڕۆژئاوای کوردستان داگیر دەکرێت.

جا دەبێ هەر لە ئێستاوە لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات خۆیان بۆ شەڕ، ڕیککەوتن، پەلامار و… ئامادە بکەن. دەبێ هەر لە ئێستاوە ئامادەیی هەر جۆرە پەلامارێکیان هەبێت.

ئازەرییەکان بە پشتبەستن بە وڵاتانی ئازەربایجان و تورکیە هەر جۆرە کریارێکی نامرۆڤانە دەتوانن لە دژی کورد بکەن و وەکوو کەرکووکی پێشوو ڕۆژانە شاهیدی تەقینەوە و سەدان کریاری دیکە بین.

لە ئێستادا تورکیە و بە تایبەت “ڕەجەب تەیب ئەردۆخان” سەرکۆماری تورکیە باسی باکووری پارێزگای ورمێ دەکات و دەڵێن ئەم بەشە خاکی تورکیەیە.

هەر تاکێکی کوردی ورمێ ئه‌وه‌ بە باشی ده‌زانێ که‌ له‌ پاش ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کێشه‌یه‌کی چاوه‌ڕوانکراو به‌ موداخلەکردنی تورکیە له‌و پارێزگایە‌دا به‌دی ده‌کرێت، که‌ شک وگومان له‌وه‌دا نییه‌ له‌ کێشه‌ی که‌رکووک و عەفرین گەورەتر دەبێت.

بەڵام کورد سەڵماندوییە کە دەتوانێ لەگەڵ تورکەکان دانوستاندن و ڕێککەوتن بکات؛ لە سەردەمی سەرهەڵدانی سمکۆی نەمر ڕێککەوتنێک لە نێوان ئەم دوو نەتەوەدا هەبوو و ئەوان بە ئاسایشەوە لەو ناوچەیانەدا ژیانیان دەکرد و لە نموونەیەکی دیکەدا لە سەردەمی کۆماری کوردستانی پێشەوا قازی محەممەد سەرکۆماری کوردستان لەگەڵ”پیشەوەری” سەرکۆماری ئازەربایجان ڕێکەوتنیان لە سەر باکووری پارێزگای ورمی هەبوو و لەو سەردەمەشدا باکووری پارێزگای ورمێ ئاسایش و ئارامی

بەخۆیەوە بینیبوو. جا ئەمانە دەکرێ لە داهاتوودا دووبارە ببنەوە و هەردوو نەتەوە دوور بن لە توندوتیژی.

 

چ خەتەرگەلێک لە ئێستا و داهاتوو لەم پارێزگایە بەرووکی بزووتنەوەی کوردی دەتوانێ بگرێت و بەڕای ئێوە ڕێگا چارە چیە؟

 هەر وەک لە پرسیاری پێشوودا باسم کرد یەکەم هەڕەشەی بزووتنەوەی کورد لە پارێزگای ورمی وڵاتی تورکیەیە و هۆکارەکەیش دەگەڕێتەوە سەر پژاک، چونکا پژاک شاخەی پ ک ک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و ئەمەش حەساسییەتێکی گەورەی بۆ تورکیە دروست دەکات و تورکیە بە بیانووی ئەم لایەنە هەڕەشە‌یە لە سەر حەرەکەتەکانی دیکەی کوردی ئەم بەشە. ڕێگا چارەیش لە داهاتوودا ئەمە‌یە کە حەرەکەتەکانی دیکە کوردی ڕۆژهەڵات ناوچە سەر سنوورەکان بە دەستەوە بگرن و ئەم حەساسیەتە بۆ تورکیە دروست نەبێ، بۆ نموونە ئەگەر “YPG” لە ڕۆژئاوای کوردستان ناوچە سنوورەکانی بە “ENKS” بسپاردبایە و هێزەکانی “YPG” لە سەر سنوورەکان نەبوایەت، ئەمە تورکیە عەفرین و سەریکانی داگیر نەدەکرد.

لە ئێستاشدا ئەگەر حەرەکەتەکانی کوردی ڕۆژهەڵات لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی ئازەری ئازەربایجانی داهاتووی ئێران دانیشتنیان نەبێت و لەسەر کێشە و گرفتەکانی

داهاتووی ئەم بەشە ڕێک نەکەون، بەڕاستی لە پارێزگای ورمێ کارەسات دروست دەبێ.

ڕێگا چارە؛ دەبێ بزۆتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەرانبەر پارێزگای ورمێ سیاسەتێک دروستی هەبێت. هێزی یەکگرتوو دروست بکات. لەگەڵ تورکەکان ڕێککەوتنیان هەبێ.

بەڵام ئەوەی جێگای داخە ئەوەیە کە تا ئێستا بزووتنەوەی کورد بە جوانی لە دەوری یەک کۆ نەبوونە کە سەبارەت بە مەسەلەی داهاتووی کورد لەو پارێزگایەدا.

ئەگەر لە لایەنە سیاسییەکان ده‌پرسیئایا سەبارەت بەداهاتووی پارێزگای ورمێ و بە تایبەت باکووری ئەم پارێزگایە چ پلان و بۆچوونێکتان هەیە و ده‌بێت چی بۆ بکه‌ین ده‌ڵێن با جارێ ئه‌و کێشه‌یه‌ڕاگرین بۆپاشەڕۆژ که‌ ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ ناوخۆی وڵات، ئەو کات چارەسەر دەکەین.

بەڵام ده‌بێتبزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هه‌رله‌ ئێستاوه‌ له‌ هه‌وڵی کۆکردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌ی مێژوویی بن کە لە داهاتوودا بتوانن کەڵکی لێ وەرگرن.

 

ڕۆڵی پانتورکەکان بۆ سەرکەووت و ئازاردانی کوردی ئەم بەشەی کوردستان هەتاکوو ئێستا چۆن

بووە و ئایا دەکرێت وا پێناسە بکەین پان ئێرانیستەکان و پان تورکەکان لە دژی کورد پێکەوە لەم پارێزگایە تەواو کەری یەکدین؟

بێ گومان هەردوولا بۆ سەرکوتی نەتەوەی کورد لە پارێزگای ورمێ هەم پلان و هەمیش پیلانییان هەبووە، با زۆر دوور نەکەوین، و نموونەی ئەم سەرکوتە کێشەی ئازەری و کوردەکانی شاری نەغەدەی ئەم ماوەیە بینن، هێزەکانی ڕێژیم بە هاوکاری پان تورکەکانی توندڕەو بە هەموو شێوەیەکی لاوانی ناڕازی کوردانی ئەم شارەیان سەرکوت کرد و بگرە خۆیان لە هیچ کردەوەیەکی مرۆڤی نەپاراست و ماڵ و دووکانی کوردانیان تێک دا.

ئەگەر لە ڕووی مەزهەبیشەوە بڵێن، پان تورک و پان فارسەکانی ناوەند یەک مەزهەبن، بەڵام نەتەوەی کورد زیاتر لە مەزهەبی سونە پێک هاتووە. لە دەسەڵاتی ڕێژیمیشەوە هەر پان تورکەکانن کە زیاتر لە دەسەڵاتدا بەشدارن و بگرە ڕێبەری ڕێژیمیش تورکە.

بۆیەش بۆ سەرکوتکردنی نەتەوەی کورد خۆیان لە هیچ کریارێکی قیزەون و دژە مرۆڤی ناپارێزن.

پان ئێرانییەکان بە هۆی ده‌ستکاریکردنی دێمۆگرافی کوردستان، ناوی پارێزگای ورمێیان کردووە بە

ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوایی، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر به‌و ناوه‌وه‌ بۆ هه‌میشه‌ کێشه‌ له‌ نێوان کورد و ئازه‌ری دروست بکه‌ن. خۆم زۆر جار بینیومە کە تورکەکانی ورمێ دەڵێن “ورمێ خاکی ئازەربایجانە”.

یان لە شارەکانی باکووری پارێزگای ورمێ بە تایبەت لە شاری ورمێ و نە‌‌غەدە و شارەکانی دیکە کە پێکهاتەیان تورک و کوردن، پان تورکەکان بە هاوکاری هێزەکانی ڕێژیم ناوی کوردی کە بۆ دووکان و مارکێتەکان نووسراوە، دەسەڕێنەوە. ئەمەش هەر بۆ خۆی جۆرێک سەرکوتە، خۆ بریار نییە دەسبەسەریان بکەن و لە گرتۆخانەدا ئەشکەنجە بکرێن.

یان لە لایەکی دیکەوە، دانیشووانی سەر سنوورەکانی پارێزگای ورمێ هەر هەمووی نەتەوەی کوردە، لەوێش ڕێژیم سنوورەکانی میلیتاریزە کردووە و ڕۆژ نییە کە کۆلبەرێک لە سەر ئەم سنوورانە لە لایەن هێزە پان تورک و فارسەوە نەکوژرێ.

بێ گومان خودی ڕێژیمیش بە هاوکاری پان تورکەکان لە هەموو ڕێگایەکەوە نەتەوەی کورد لە پارێزگای ورمێ سەرکوت دەکات.

ناوەندی هاوکاری حیزبە کوردیەکانی ڕۆژهەڵاتی

کوردستان چۆن دەتوانن بەر بە هەرچەشنە خەتەر یان پیلانێکی دووژمنانەی پانتورک و پان ئێرانیستەکان بۆ تێک دانی ژیانی ئاسایی هاووڵاتییانی ئەم ناوچەی کوردستان بگرن ؟

 بە ڕای من ناوەندی هاوکاری لە کاتێکی زۆر پێویستدا پێک هات و بە کۆدەنگەوە دەتوانێ لەسەر مەسائێلگەلێک باندۆڕدار بێت. ناوەندی هاوکاری ناوەندێکە کە سیاسەتێک گشتگیر لە بەرانبەر ئاڵوگۆڕەکانی ناوچە و بە تایبەت کوردستان هەیە و هەمیشە هەوڵی داوە کە لە ڕێگایێ نەرم، واتە سیاسی و دانوستاندنەوە کێشەکان چارەسەر بکات. کاتێک باس لە نەرم و دانوستاندن دەکرێ، یەکەم شت دێموکراسی دێتە بەرچاو و هەر وڵات یان ڕێکخراوێکی دێموکرات هەمیشە هەوڵ دەدات یەکەم ڕێگا بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان دانوستاندن و سیاسەتێک نەرم بگرێتە پێش ، بۆیەش ناوەندی سیاسی دەبێ بۆ هەر ئەگەر و کێشەیێک کە بەرووکی کوردستان دەگرێ بە سیاسەتێکی دروست و نەرم بەرەو پێشەوە بڕوات.

بۆ نموونە ناوەندی هاوکاری سەبارەت بە ڕووداوی “نەغەدە ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کرد و لەوێدا دەڵێ: “بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییە دوو نەتەوەی “کورد و

تورک” بە درێژایی مێژوو لەو دەڤەرە پێکەوە ژیاون، لە هەموو بارودۆخێکیشدا دەبێ هەستی پێکەوەژیان و هەڵکردنیان لە سەرەوەی هەموو شتێک بێ و ئیزن نەدەن لەسەر چەند شتی بێ مایە و بەرژەوەندیی چەند کەسی نابەرپرسیار کێشە بکەوێتە نێوان دانیشتووانی ئەم شارە و ئەزموونی پێکەوەژیانی ئەم دوو نەتەوەیە ئەوەمان پێ دەڵێت تەنیا ڕێگای چارەسەرکردنی کێشەکان دیالۆگ، پێکەوە هەڵکردن و لە یەک تێگەیشتنە“. ئەم ڕاگەیاندراوە ئەوەمان پێ دەڵێ کە ناوەندی هاوکاری بە وشیارییەوە سەیری ڕووداوەکانی کوردستان دەکات و نایەوێ بە توندوتیژی کێشەکان چارەسەر بکات.

ئێمە ئەگەر باس لە پێکەوەژیانی دوو نەتەوە لە جوگرافییایەکی دیاریکراودا بکەین پێش هەموو شتێک کەرکووک دێتە بەرچاو و ئێمەش لە بابەتەکاندا کەرکووک وەکوو نموونە دێنین و ئەگەر کێشەی کەرکووک بە ناوەندێکی یەکگرتووی کوردەوە چارەسەر بکرایە و بە یەکگرتووییەوە لە بەرانبەر دانوستاندنی نەیاران ڕاوەستایەت، ئەمڕۆکە کەرکووکێک لە میلیتاریزەکردنی نەیارمان نەدەدیت، بەڵکوو کەرکووکێک لە ئارامی و بن

سایەی پێشمەرگەدا دەماندیت، بۆیەش پێویستە ناوەندی هاوکاری کەرکووک، عەفرین و سەریکانی بۆ خۆی بکات بە نموونە و بیر لە چارەسەرکردنی هەموو پلان، پیلان و خەتەرگەلێکی داهاتوو و ئێستای کوردستان بکات.

ناوەندی هاوکاری سەرەڕای سیاسەتێک دروست و گشتگیر، دەتوانێ هێزیکی هاوبەشی پێشمەرگەیش پێک بێنێ و لە ئەگەری سەرنەکەوتنی لە باری سیاسییەوە بە شێوەی لەشکەری لەدژی هەموو چەشنە پلان و پیلانێکی پان تورک و پان فارسەکان دەرکەوێ.

 

 ئەگەری لەشکەرکێشی سوپای تورکیە یان ئازەربایجان بۆ پارێزگای ورمێ لە کاتی لاوازی حکومەتی ناوەندی ئێران بۆ سەر ئەم ناوچانە چۆن دەبینن ؟

 شتێکی زۆر ڕوون و ئاشکاریە کە ئەم دوو وڵاتە هیچ کات پشتی یەکتر بەرنادن و هەر چؤن بینیمان لە شەڕی قەرەداغ لە نێوان ئەرمەنستان و ئازەربایجاندا، تورکییە بە شێوەی هەوای و بەژایی پشتوانی ئازەربایجانی کرد و قەرەداغییان داگیر کرد. بەڵێ سەدا سەد ئەمە پێشبینی دەکرێ کە هەم ئازەربایجان و هەم تورکیە دوای لاوازی

حکومەتی ناوەندی پەلاماری ناوچەکانی باکووری پارێزگای ورمێ بدەن و داگیری بکەن. تورکیە لە قەدیم زەمانەوە نیشانی داوە کە بۆ دەسترێژی لە سەر وڵاتانی دراوسێ خۆی لە هیچ کردەوەیەکی قیزەون ناپارێزێ و لە کاتی دەسەڵاتی سەوفەوییەکانەوە بگرە هەتا کاتی دەسەڵاتی قاجارەکان هەمیشە هەوڵی پەلاماری ناوچەکانی باکووری پارێزگای ورمێ داوە و تەنانەت بۆ ماوەیەکی کەمیش بووبێ دەستی بەسەر ئەو ناوچانەدا گرتووە. لە ئێستاوە ئەردۆغانیش باس لە دەسەڵاتی پێشووی عوسمانییەکان دەکات و بیر لە داگیرکردنی ناوچەکانی باکووری باشووری کوردستان و هەروەها باکووری ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژئاوای کوردستان دەکات و تا ڕادەیەکیش بێت خەریکە سەرکەوتوو دەبێت، بۆ نموونە لە ڕۆژئاوای کوردستان بە بیانووی بوونی هێزەکانی “YPG” لە سەر سنوورەکانی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان هێرشی کردە سەر ئەم بەشە و عەفرین و سەریکانیی داگیر کرد. لە باشووری کوردستانیش بە بیانووی بوونی “PKK” لە سەر سنووری باکوور و باشووری کوردستان پەلاماری دەوروبەری پارێزگای دهۆکی و قەزای سۆرانی باشووری کوردستانی داوە و تا ئێستاش بەردەوامە. جا ئەگەر لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دانوستاندنی خۆیان لە نێو خۆیاندا و هەروەها لەگەڵ “PKK” بەردەوام نەکەن و نەگەن بە ئاکامێکی دروست، پێشبینی دەکرێ کە

تورکیە لە داهاتووشدا بە بیانووی شەڕڤانانی پژاک لە سەر سنووەرکان هێرش بکاتە سەر ناوچەکانی باکووری پارێزگای ورمێ و کارەساتی عەفرین لەوێش بخولقێنێت. ئەنجام؛ پژاک لە باکووری پارێزگای ورمێ هەتا ئاستێک جێگیرە و نفوزی هەیە دەبێ لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات پێش هەموو شتێک بیر لە دانوستاندن بکەن و ئەگەر بە ڕێککەوتنێکی کاتیش بێ لەگەڵ پژاک ڕێک بکەون و هیچ بیانوویەک نەدەنە دەستی تورکیە. دەبێ هەر لە ئێستاوە لەگەڵ تورکەکانی ورمێ دانوستاندنییان هەبێت کە لە داهاتوودا تووشی کێشە و گرفت یان شەڕی نیزامی نەبن کە بیانووی پشتگیری تورکیە و ئازەربایجان بە دوای خۆیدا بێنێت.

 

 لە ڕووی ژێئۆپۆلۆتیک و هەروەها ئابووری گرنگی ورمێ و باکووری پارێزگای ورمێ لە داهاتوودا چەندە گرینگ دەبینن؟

ئەگەر بێی باس لە جۆگرافیای سیاسی بکەی دەبێ بزانی داهاتووی ئەم پارێزگایە چۆنە. ئەگەر بێین ئێستا سەیری ئەم پارێزگایە بکەین، دەبینین کە سیاسەتی

بەنداوکردنی ڕێژیم و وشککردنی گۆلی ورمێ و هاوردەکردنی تورکەکان بۆ ئەم پارێزگایە بووەتە هۆکاری ئەوە کە هەر لە ئێستاوە خەریکە ئاڵوگۆڕ بەسەر ژێئۆپۆلۆتیکی ئەم بەشەی ڕۆژهەڵاتدا دێت و بۆ ژێئۆپۆلۆتیکی داهاتووی پارێزگا مەترسیەکی زۆر گەورەیە.

زۆربەی بەنداوەکانی پارێزگا لە ناوچە کوردنشینەکانن و هەر ئاوی ئەم بەنداو و ڕووبارانەیە کە دەڕژێتە ناو گۆلی ورمێ. لە ئەگەری دروستبوونی کێشەی کورد و تورک لەو پارێزگایە و دەستبەسەرداگرتنی گۆلی ورمێ لەلایەن تورکەکانەوە، و پێشگرتنی ئاوی بەنداەکانی پارێزگا لەلایەن کوردەکانەوە، دەبێتە هۆی گۆڕینی کەش و هەوایەکی گەورە و گۆلی ورمێ بەرەو وشکبوونی زیاتر دەڕوات و گەردەلوولی خوێ تا ئاستێکی زۆر ئابووری ئەم ناوچەیە گەمارۆ دەدات. یەکەم؛ بە هۆی باخ و باخات و گۆل و ڕووبارەکانی پارێزگا هەم گەشتیارێکی زۆر ڕوو لەو پارێزگایە دەکات و هەمیش داهاتێکی باشی هەیە، ئەگەر ئەم کارەساتە ڕوو بدات، هەم داهاتی تووشی شکەست دێ و هەمیش گەشتیار ڕوو لەو پارێزگایە ناکات. دووهەم؛ هەم لە باری ژێئۆپۆلۆتیکەوە ئاڵوگۆڕ بەسەر ناوچەکاندا دێت و هەمیش دەبێتە هۆی داگیرکردنی ئەم ناوچەیانە لەلایەن تورکیە و ئازەربایجانەوە.

داهاتی پارێزگای ورمی کشتوکاڵی‌یە و خەڵکی پارێزگای

ورمێ زیاتر خەریکی باخدارین، ئەم پارێزگایە خاوەن کانگای زێڕیشە و دوو کانگای گەورەی زەرەشووران” و “ئاق دەر” لە شاری “تیکاب” هەیە کە گەورەترین کانگای کوردستان و ئێرانە. بەڵام زێڕی ئەم کانگایە لە لایەن ڕێژیمەوە دەدزرێ و هەتا بە جێگای کوردەکان کەسە بیانییەکان لە کارگەکانی ئەم کانگایەدا کار دەکەن.

یەکێکی دیکە لە داهاتی ئابوورییەکانی پارێزگای ورمێ، خاڵە سنوورییەکانی ئەم پارێزگایەن، ڕازی لە ماکوو، بازرگان لە خۆی، سێرۆ لە ورمێ و حاجی عومران لە پیرانشار، چوار خاڵە سنوورییەکانی پارێزگای ورمێ‌یە کە سەرچاوەی داهاتی خەڵکی ئەم پارێزگایەیە. ئەمەی جێگای سەرنجە و خالێکی بە‌هێزه بۆ کوردەکان، ئەمە‌یە کە هەر چوار خاڵەسنوورییەکانیش لە ناوچەکانی کوردنشینن، و ئەوە جێگای مەترسییە بۆ داهاتووی پارێزگا، سێ خاڵەسنوورییەکانن کە هەرسێکیان لەگەڵ سنووری دەستکردی باکووری داگیرکروای کوردستانن و ئەگەر ڕۆژهەڵات ئازاد بکرێ و باکوور ڕزگار نەبێت، ئەمە دیسان کێشە و مەترسییەکی گەورەیە بۆ کوردەکان، چونکا لە ئەگەری هەر کێشە و گرفتێک لە نێوان تورک و کورد، دیسان ئەم سێ خاڵەسنوورییەکانە لەلایەن تورکیەوە داگیر دەکرێ و داهاتی ئەم ناوچانە لاواز و سەقەت دەبێت.

 گۆڕینی دێمۆگرافی و بەردەوام هاوردەکردنی تورک بۆ پارێزگای ورمێ چ سیاسەتێکی لە پشتە و هەروەها چۆن کورد دەتوانێ بەر بەم قەیرانە بگرێت لە کاتێکدا زۆرترین سەرکوت لە ئێران لە کوردستان ڕوو دەدات ؟

 ئەگەر ئەم پرسیارەم دیت یەکەم شت ڕاگەیاندراوێکی ئەم ماوەیە هاتە پێش چاوم، کە چالاکە مەدەنییەکانی ناوخۆی وڵات لە ڕاگەیاندراوەکەیاندا نووسیبوویان “ئێمە داوا لە خەڵکی کوردستان و بەتایبەت پارێزگای سنە و ورمێ دەکەین کە زەوی و دووکانەکانییان بە تورکەکان نەفرۆشن با دێمۆگرافی ئەم ناوچانە تێک نەچێت”. ئەوان داوایان لە خەڵی کوردستان کردبوو کە زەوی و دوکانەکانی سەر سنووری کوردستان بە تورکەکان نەفرۆشن چونکا دەبێتە هۆی گۆڕینی دێمۆگرافی ئەم ناوچانە. سیاسەتی هاوردەکردنی تورکەکان بۆ ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و بە تایبەت پارێزگای ورمێ شتێکی تازە نییە و لە سەردەمی دەسەڵاتی سەفەوییەکانەوە هەر ئەم سیاسەتە بووە و هەنوکەش بەردەوامە، شا عەباس ئەو کات بە هاوردەکردنی تورکە قزلباشەکان بۆ ئەم ناوچانە کە ئەمانە خۆیان لە هیچ کردەوەیەکی مرۆڤایەتی نەدەپاراست و ئەوان هەم کوردییان

کۆمەڵکوژ دەکرد و هەمیش هاتن لەو ناوچانەدا جێگیر بوون کە ببێتە هۆی گۆڕینی دێمۆگرافی ئەو ناوچانە. ئێمەی کورد تەنیا بە چاوی کۆچەر سەیری تورکەکانی ئەم پارێزگایە دەکەین، یان باشترە بڵێم وەکوو میوان، بۆیەش زمانی بەکارهێنان لەگەڵ میوان هەندێک نەرمە، جا ئەگەر بێ و ئەمانە خۆیان بە خاوەنی کوردستان بزانن، بە دڵنیاییەوە ئەوان تووشی زیانێکی گەورە دەبن، با لێرە بە ڕوونی باسی بکەم، نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات خاوەن هێزی چەکدار، لایەنی سیاسی و خەڵکێکی یەکگرتووە، ئەوە هاتو تورکە کۆچەرەکان هەر کێشەساز بوون بۆ گەلی کورد، بە دڵنیاییەوە تورک زەرەر دەکات.

لە ناوچەی ورمێ لە خاڵی سنووری “سێرۆ” کە لەگەڵ باکووری کوردستان هاوسنوورە و وەک شارێکی مەرزی ناسراوە، ڕێژیم بە شێوەیەکی سیستەماتیک هاتووە بەشێکی زۆری لە زەوییەکانی کوردی ئەم ناوچەیەی فرۆشتووە بە تورکە کۆچەرەکان و لەوێدا خەریکی سەرمایەگوزارین.

یان لە نەغەدە تورکە کۆچەرەکان کە لەلایەن ڕێژیمەوە هاوردەی ئەم شارە کراون ڕۆژ نییە بۆ خەڵکی کورد کێشە دروست نەکەن.

لە تکاب، خۆی، چاڵدران، ماکوو، پۆلدەشت، سەلماس. میاندواو، شۆت و ورمێ… کە تورکە کۆچەرەکان لەو

شارانەدا جێگیر بوونە و ئێستاکە خۆیان بە خاوەنی ئەم ناوچانەی کورد دەزانن، ڕۆژ نییە بۆ کوردان نەبنە کێشەساز و ڕێژیمیش بە ئەنقەست خۆی مات دەکات، یاش لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە پشتیوانییان دەکات.

با باس لە ڕاستییەک بکەین؛ ئەگەر لە داهاتوودا تورکەکان هەر بەم شێوە بۆ سەرکوتی نەتەوەی کورد بەردەوام بن و خۆیان لە هاوردەکردنی تورکەکانی ناوچەکانی دیکەی ئێران نەپارێزن، باس لە داگیرکردنی خاکی کوردستان بکەن و خۆیان لە کێشە دروستکردنی ڕۆژانە بۆ نەتەوەی کورد نەپارێزن، تا ڕادەیەک سیاسەت و زمانی نەرم لە بەرانبەر ئەم کریارانە بەکار دێت! ئەگەرنا ئەمە گەلی کورد خاوەن هێزی پێشمەرگە و ئیرادەیی پۆڵایینە و بە زمانی توندوتیژی وڵامیان دەدەین و ئەگەر ئەوان جارێک سەرکوت بکەن، ئێمە سەدان ڕێگا بۆ دوورخستنیان ئەگرینە بەر و بەدڵنیاییەوە ناهێڵین ئاسایشی نەتەوەی کورد تێک بچێ و گۆڕینی دێمۆگرافی بەدوادا بێنێت. لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات بۆ ڕزگارکردنی بست بە بستی خاکی کوردستان خەبات دەکەن و ئەوان زیاتر دەیانهەوێ لە ڕێگای دانوستاندن لەگەڵ تورکەکان ئەم کێشانە چارەسەر بکەن، جا ئەگەر ڕێگای دانوستاندن سەر نەکەوت و ئەوانیش بەردەوام بوون لە هاوردەکردنی تورکە کۆچەرەکان و سەرکوتی کورد، با بزانن بە دڵنیاییەوە لایەنە سیاسییەکان

ڕێگای دووهەم هەڵدەبژێرن کە ئەویش دوورخستن و لەناوبردنی ئەوانە لەڕێگای لەشکەرییەوە. ئێمە تەنیای تەنیا وەکوو کۆچەر و میوان سەیریان دەکەین و دەمانهەوێ مافە مرۆڤییەکانی کە بۆ کەمینە نەتەوییەکان لەو بەشانەدا دابین دەکرێ بۆ تورکەکانیش دابین بکەین، ئەگەرنا زمانی دەرخستنی میوانی کۆچەر زۆر ئاسانە و ئاسایشی نەتەویی لە سەرووی هەموو شتێکە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.