وتوو وێژی ناوەندی ڕۆژی کورد لەگەڵ ئەوین حەکیم پوور پێشمەرگەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە ڕۆڵی ژنانی پێشمەرگە لە نێو بزووتنەوەی کوردستان.

0
1380

١- ڕۆڵی ژنان لە پێش خستنی بزووتنەوەی کوردستان لە ڕابردوو لە چ ئاستێک بووە و ئێستا ڕۆڵی ژنان چەندە گرینگ و زەرووریە لە پێش خستنی خەباتی ڕەوای نەتەوەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەت کە “حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران ” هەستانەوەیکی نوێ لە ژێر ناوی “ڕاسان ” لە ساڵی ۱۳۹٤ ی هەتاوی دەستی پێ کردووە و ئەرکی ژنان لەو هەڵساندنەوە چندە گرینگ دەبینن ؟

لە ڕابردوودا ژنان بەهۆی وشیار و ئاگا نەبوون بە مافە نەتەوایەتی و ئینسانییەکانییان، هەروەها کەوتنە ژیر کاریگەری و ژێر چەپۆکی نێرسالاری و ڕۆڵی ئایین لە چەساندنەوەی ژناندا و هەروەتر، کەلتوور و دابونەریتی سەقەت، ژنان وەک پیاوان بۆیان نەبووە و نەیانتوانیوە بەشداری لە بزووتنەوەکاندا بکەن، بەڵام ژنان ئەرکێکی قورسیان لەسەر شان بووە وەک، بەڕێوەبردنی ماڵومنداڵ، خزمەتکردنی شۆڕشگێڕانی بزووتنەوەکانی کوردستان، کاری کشتوکاڵ وئاژەڵداری … ڕۆڵی ژنان بە کزی دەبیندرا ,بەو هۆیەوە دەرفەتییان نەبووە و تاق و لۆق بەشدارییان لە بزووتنەوەکاندا دەکرد و دەکرێ بڵێیین بە شێوەیەک هاوکاری بزووتنەوەکانیان دەکرد و لەو ڕێیەدا قوربانییان داوە، تەنانەت زۆر جار دەکەوتنە بەرهێرش و لەگەڵ منداڵەکانییان دەبوونە قوربانی، ئەو بابەتە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە بزووتنەوەکانی کورد بەزۆرهۆکار یەک لەوان بەشدارنەبوونی ژنان لە نێو هزر و بەدەنەی ئەو بزووتنەوانەدا بوونەتە هۆی لێکترازان و سەرنەکەوتنیان.

هەرچەند کاتی خۆی پێشەوا لە سەرەتای دامەزرانی کۆماری کوردستان دەسەڵاتی ژنانی هێنایە گۆڕەپانەکەوە و دکتور قاسملووش هەروەها زۆری باس لە گرنگی ڕۆڵی ژنان لەنێو شۆڕشدا کردووە، دوای ئەو سەدەمانە، وەکو ئێستا ڕێکخراوە دێموکراتیکە کوردییەکان زۆریان گرنگی بە ڕۆڵ و بەشداربووانی ژنان لەنێو شۆڕشدا نەداوە.

نموونەیەکی زیندوو، بەداخەوە کە ژنان دەرفەتی ئەوەیان نەبووە ڕۆڵی خۆیانی تێدا بگێڕن سەرکەوتوو نەبووە، دەتوانین ناوچەی شەنگال بۆ ئەو نموونەیە لەبەرچاو بگرین.

٢-ئێستا ڕۆڵی ژنان چەندە گرینگ و زەرووریە لە پێش خستنی خەباتی ڕەوای نەتەوەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەت کە “حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران ” هەستانەوەیکی نوێ لە ژێر ناوی “ڕاسان ” لە ساڵی ۱۳۹٤ ی هەتاوی دەستی پێ کردووە و ئەرکی ژنان لەو هەڵساندنەوە چندە گرینگ دەبینن ؟

ژن لایەکی تەرازوویە و نیوەی کۆمەڵگا پێکدەهێنێ و دەتوانینین بە شێوەکەی دیکە وەسفی بکەین، باڵندە ناتوانێ بە باڵێک هەڵفڕێ و مەڵوانیش تاتوانێ بە باسکێک مەلەی بکات، بۆیە ئەگەر ژن پشت گوێ بخرێ و لە بزووتنەوەکاندا بەشدار نەبێ و لە دەسەڵاتی بڕیاردان و ئاستی بالا حیسابی بۆ نەکرێ، ئەو بزووتنەوەیە بۆشاییەکی گەورەی تێدەکەوێ و بە

نقوستانی دەبیندرێ بۆیە نەک بە زەرووری نابینم، بەڵکوو بە زۆر زەرووری و بە پێویستی دەزانم.

بۆ ئەو بابەتە، دەبێ ڕۆڵی گرنگی ژنانی کۆبانێ و کاریگەری ئەرێنی و بەهێزی لەسەر خەباتی بزووتنەوی چەکداری نەتەوەی کورد کە نموونەیەکی زیندوون ودەبێ لەبیری نەکەین، کە دنیا بە شانازییەوە باس لە شەڕکردنی ژنانی کۆبانێ دەکات کە تەنانەت دایک منداڵی لەبەر مەمکان بوو بەڵام هاوکات لەگەڵ دڕندەیەک بەناوی داعش شەڕیان دەکرد و ئازایانە توانییان شارەکەیان ڕزگار بکەن.

جا هەر ئەو شانازییە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ڕۆڵ و بوونی ژنان، زرووری نییە بەڵکوو زۆر زەرووری و پێویستە بۆ ئەوەی لە بەرامبەر دووژمنانماندا بە قورسایی و بتین و گوڕێکی پتر سەرکەوتنی زیاتر بەدەست بێنین و بەرەنگار ببینەوە.

هەرچەند بەخۆشییەوە لە خەباتی فرەڕەهەندی ڕاساندا ژنان لە نێوخۆ و بە خەباتی جامانەکان لە نەورۆزدا، بەشداری لە ڕێکخراو و ئینجیئۆ ژینگەیی و هونەری و ئدەبییەکاندا، هەروەها زۆر بابەتی دیکە توانیویانە ڕۆڵی گرنگی خۆیان پێشان بدەن و لە هەمبەر بارودۆخی ڕۆژهەڵاتدا هەست بە بەرپرسایەتی بکەن، هاوکات لەلایەکی دیکە لە ڕاساندا ژنان نەک هەر بەدەستگرتنی خەباتی نێوخۆ، بەڵکوو هاتنی پۆل، پۆل، کچانی شۆڕشگێر بۆ نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات و بەشدارییان لە کاری سیاسی و نیزامیدا هەتا ئاستی بڕیاردان، لایەکەی دیکە کە حیزبەکانن و تەواو کەری کۆمەڵگان، وەئەستۆیان گرتووە و هەتا ڕادەیەک چوونەتە پێشی، بەڵام بە بڕوای من هەنگاوێکی زۆرمان ماوە هەتا بتوانیین ئەو ڕۆڵە گرنگەی کە دەمانهەوێ و دەبێ بیگێڕین ماوە و بەس نییە، ئەویش بە ئیرادە و باوەڕ بەخۆبوون و باوەڕ بە خەباتەکەمان و مانەوەمان لە خەباتدا و فێرکردن و خۆپێگەیاندن، دەتوانین ئەو ڕۆڵە گرینە پێشان بدەین و حیزب و کۆمەڵگا بەڕێوە ببەین.

لەو خەباتەدا ژنان بەنیسبەت پیاوان ئەرکێکی قورستریان لەسەر شانە، هەرچەند پیاوانیش لە کۆمەڵگای ئێمەدا زۆرێک لە مافیان دەخورێ، بەڵام بەنیسبەت ژنان باشترن، ئەویش ئەوەیە دەبێ هەم خەبات بۆ مافە نەتەوایەتییەکانییان بکەن هەم بۆ مافە مرۆیەکانییان، جابۆیە دەبێ هەم ڕووبەری دووژمنی یەکەم کە نەتەوەی داگیرکەرە و هەم کۆمەڵگا، ئایین، دابو نەریتی سەقەت و پیاوسالاریش ببنەوە، ئە بابەتانە ئەرکەکە زۆر قورستر دەکات.

۲– ڕوانگەی حیزبی دێموکرات بە نیسبەت خەباتی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چۆن دەبینن و لە دیدی ئێوە چ بەربەست گەلێک لە ئێستادا لەبەردەم ژنانی پێشمەرگەی نێو ڕێزەکانی “حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران ” بۆ درێژەدان بۆ گەیشتن بە مافە زەوت کراوەکانی ژنان دەبینن؟

پێموایە ڕوانگەکەی بەڕوونی دەبیندڕی، چوونە خەباتی فرەڕەهەندی ڕاسان کە لە پرسیاری یەکەمدا باسم کرد، بەشێکی زۆری ژنان وەئەستۆیان گرتوە و حیزبیش پشتیوابییان لێدەکا.

بەڵام بەربەستەکان، یەکییان ئەوەیە کە ژنان تەحەمولی بارودۆخەکەی نێو حیزب ناکەن و زوو دەپێچنەوە و دەڕۆن و خەباتەکە دەخەنە ئەستۆی پیاوان، کە لێرەدا ژنان بۆخۆیان ڕۆڵی خۆیان کەمڕەنگ دەکەنەوە.

دووهەم ئەوەیە، لەنێو حیزبدا زۆر ئەستەم دەتوانی دەست بەخوێندن بکەیەوە، چوونکە پشتیوانییەکی ماڵیت نییە و ئەگەریش هەبێ هەتا ئاستی لیسانس دەتوانی لەنێو حیزبدا بی، دەنا بۆ درێژەدان دەبێ ببیە ئەندام.

چوارەم، دەگەڕێتەوە بۆ یەکیەتی ژنان، کە تایبەتە بە پرس و مافی ژنان، کە بە بڕوای من چالاک نییە و بە نیسبەت پرسەکانی ژنان زۆر کەمتەرخەمە.

٣- کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی چڵ ساڵی ڕابردوو لە هەموو ڕەهەندەکانەوە بەربەستی لە ڕێگای ژنان لە نێو کۆمەڵگای ئێران بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی درووست کردووە و لە زۆر بواردا تەبعیزی ڕەگەزی لە بەردەم ژنان درووست کردووە ! ژنانی پێشمەرگەی “حدکا” چۆن دەتوانن بەر بەم سیاسەتەی ئێران بگرێت و کۆمەڵگا لە مەترسیەکان ئاگادار کاتەوە ؟

پێش هەر شتێک ژنی پێشمەرگە دەبێ خۆی پێبگەیێنێ و لە بواری مافە مرۆیی و نەتەوەیەکانەوە تەواو ئاشنا بێت و هەستیان پێ بکات، چوون ئەگەر ئەمنی ژن، وەک پێشمەرگەیەک شتێکم پێ نەبێ کەس ئامادە نییە گوێم بۆ بگرێ، دەبێ بۆخۆم بەر لە هەموو ژنانی کۆمەڵگایەکەم بڕاوا و متمانەم بە پێشمەرگە بوون و تواناکانی خۆم و ئەو بابەتەی خەباتی بۆ دەکەم هەبێت، و حیزبیش ڕێگایەکم بۆ بکاتەوە بۆ ئەوەی ئاستی خوێندەواریم بەرزتر بکەمەوە، بۆ ئەوەی بتوانم خزمەت بەکۆمەڵگایەکەم بکەم، ئەودەم سەرەتا لە دایک و خوشک و باب و برا و خزمی خۆمەوە دەسپێبکەم، پاشان کۆمەڵگا لەو مەتەرسییە مرۆیی و نەتەوەییەکان ئاگادار کەمەوە، چوونکە هەتا مرۆڤ لە بابەتەکە تێنەگات ناتوانێ بە قەناعەت بگا و بە قەناعەت بگەیێنێ کە چی بەسەر دێت و چی بەسەر هاتووە، پێشموایە هەردووک ڕەگەز بە هاوکاری یەکتر پێکەوە باشتر دەتوانن ئەو دیاردە دزێوانە کە بوونەتە هۆکاری داوکەوتنی تاکی کورد، لە نێو کۆمەڵگادا بنبڕ بکەن.

٤- لە دیدی ئێوە ژنانی پێشمەرگە چۆن دەتوانن کاریگەری لەسەر کچانی لاوی نێو کۆمەڵگای کوردستان دابنن کە کاتێک هێج ڕێگایک لەبەردەم خۆیان نابیننەوە دەست بۆ خۆ کوژی دەبن ؟

ئەمن پێموایە بۆ ئەو مەبەستە دەبێ پێش هەموو شتێک کچە پێشمەرگەکان بۆ باری دەروونی پەروەردە بکرێن چوونکە ئەوانیش لەو کۆمەڵگایەوە هاتوون و قوربانی ئەو دەسەلاتە پیاو

سالارەن، کە دیارە دیاردەی خۆکوژی تەنیا بۆ کچانی کۆمەڵگا ناگەڕیتەوە و ڕەگەزی پیاویش هەیە و دەبێ وەکوو کچە پێشمەرگەیەک هەموو ڕووەکان لەبەرچاو بگرین و چاکسازی کۆمەڵگا بە هەر دوو ڕەگەزەوە دەکرێ نەک یارمەتی لایەک بدرێ و ئەوەی دیکە نا، باسیشم کرد کە کچانی پێشمەرگە دەبێ ئاستی خوێندەواری و خۆپێگەیشتنیان بەرنە سەرێ، بۆ ئەوەی وەکوو نوێنەری ژنانی ڕۆژهەڵات، کۆمەڵگا لە بواری مەفەکانییان وشیار بکەنەوە، کە کۆمەڵگا وشیار بۆوە تاک وشیار دەبێت، تاکیش ژن و پیاو و لاوی کۆمەڵگایە و ئەگەر هیچ ڕێگایەکی دیکەش نەبێت هەوڵ دەدەم بیهێنمە نێو حیزب و بیکەمە پێشمەرگە.

ڕێگایەکی دیکەش ئەوەیە کە حیزب ژن و کچانی بنەماڵە و ئەندام کە پتر ئەرکی ڕێکخراوی یەکیەتی ژنانە، پروەردەیان بکات و وشیارییان بکاتەوە و بیانکاتە سەنگەریک بۆ ئەو مەبەستە و لەڕێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان خەبات بکەن و بچنە نێو بنەماڵەکانەوە.

ڕێگایەکی دیکە ڕێکخراو و ئێنجیئۆکان دەتوانن لەو پیوەندییەدا کاریگەرییان هەبێ.

٥- لە دیدی بەڕێزتانەوە هۆکارەکانی ژن کوژی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ چ هۆکارگەلێک هەڵدەگەڕێتەوە، بەتایبەتی کە ساڵانە دەیان ژن دەبنە قوربانی کلتوورە دواکەوتوانەکانی نێو کۆمەڵگا کە لە ژێر ناوی “ناموس”دەکوژدرێن ؟

نەبوونی پەروەردەیەکی تەندروستی سیستماتیک و یاسای دژە ژنی کۆماری ئیسلامیی کە لەسەر شەرح و حەدیس دامەزراوە، پتر پیاوان هان دەدا کە دایک و خوشک و ژن و خزمەکەیان کە ژنە بکوژن، چوونکە ئەو پیاوە دەزانێ داوی کوشتنیان وەک مرۆڤ کوژ حیسابی لەسەر ناکرێ و لەوانەیە ماوەیەک لە بەندیخانەدا ڕاگیرێ و لەلایەن کۆمەلگاشەوە بە چاوێ مرۆف کوژ سەیر ناکرێ، هەروەها نەبوونی وشیاری ژنان لە بواری مافەکانیانەوە هۆکارێکە، چوونەکە ئەگەر دایک وشیار و ئاگا بێت هەر لە سەرەتاوە مندالەکەی وا فێر دەکا کە جیاوازی لە نێوان کچ و کوڕ نییە و هەردووکیان مافی وەکوو یەکیان هەیە و هیچیان بۆیان نییە ببنە سالار و سەرەوەری ئەویدیکە و کەڵەگایەتی لەسەر یەکتر بکەن و دەبێ ڕێز لە مافەکانی یەکتر بگرن، هەروەها ئەو دایکەش بۆخۆی دەبێ ئەو قسانەی خۆی ڕەچاو بکات، لەلایەکی دیکە سەربەخۆ نەبوونی ژنان لە بواری کۆمەڵایەتی کلتووری، سیاسی، ئابووری و نیزامیی یەکێک لەە هۆکرانەیە کە ژنانی کردووەتە کۆیلە و بێ دەسەڵاتی پیاو و کۆمەڵگا، بەو هۆیەوە پیاو ژن بە مڵکی خۆی دەزانێ و وابیر دەکاتەوە بۆی هەیە بە مەیلی دڵی خۆی چۆنی پێخۆش بێت ئاوا هەڵسوکەوت لەگەڵ ژن بکا و تەنانەت بشی کوژێ.

٦- کاریگەری دنیای مەجازی لە پێش خستن و ئاگادار کردنەوەی ژنان لە مافە ڕەواکانیان و بەرگری کردن لە کلتوورە دواکەوتووەکان چەندە گرینگ و زەرووری دەبینن؟

تۆرەکۆمەڵایەتییەکان هەردووک بواری ئەرێنی و نەرێنی لەخۆ دەگرێت، بەڵام ئەوە گرنگە مرڤ

چۆن دەیهەوێ کەڵک لە ئەو دنیایە وەرگرێ و ئامانجی چییە، تۆڕە کۆمەلایەتییەکان دنیایان کردووەتە گوندێک و هەر شتێک ڕوو بدات بە خێراترین کات بە گوێت دەگات و چاک و خراپ لێک دەکەیەوە، هەر بۆیە مەجلیسی ئێران دەیهەوێ یاسای سنووردارکردنی تۆڕەکۆمەلایەتییەکان پەسند بکا و خەڵک ئاوسار بکات و چاویان شتی چاک نەبینێت و لە تاریکیدا ژیان بکەن وەک مەڕ و سەر نەبزیون، هەتا دەسەڵاتە نگریسەکەی خۆی درێژە پێبدات.

بۆ نمونە بڵاوبوونەوەی ڕووداوەکانی ئەفغانستان کە لەلایەن گرووپی ئیسلامیی تاڵەبانەوە دژ بە ژنان دەکرا، پتر ژنانی لە بواری یاسا کۆمەلایەتیی و ئیسلامییەکان کە دژ بە مافە ئینسانی و نەتەوایەتییەکانیانە، ئاگادار کردەوە.

چوونکە ژنانی ئەفغانستان وەک سەردەمی دەسەڵاتی پێشووتری تاڵەبان بیریان نەدەکردەوە، ئەوان ئەزموونی ٢٠ ساڵ دەسەڵاتێکی نیمچە دێموکراتیان دیتبوو و توانیبوویان دەسکەوتی زۆریان لە بواری مافەکانییانەوە وەچنگ بخەن.

لەلایەکی دیکە دەبێ بزانین لەسەر تۆڕەکۆمەلایەتییەکان خەڵکێ کۆمەڵگایەکەت لەسەر چ ئەپێک زیاتر چالاکی دەکەن و کاتی خۆیان بەسەر دەبەن، ئەمن ئەگەر ئامانجم تێگەیاندنی کۆمەلگایەکەم بێت دەبێ پتر چالاکییەکانی خۆم بۆ ئەو مەبەستە لەسەر ئەو ئەپە چڕ بکەمەوە، مرۆڤ دەتوانێ بە کۆرتە پەیامێکی کلیلی بەرانبەرەکەی وشیار بکاتەوە، بەتایبەت کە کۆمەڵگای ئێمە پتر دەرفەتی ئەوەیان بۆ نەڕەخساوە هەتا بە مەیلی خۆیان کۆمەڵگا و بیر و هزریێکی کوردانە ڕیکخەن. لەوانەیە ئەو کەسە چەند جار ئەو بابەتەی بۆ گرنگ نەبێ چوونکە لێی تێناگا، بەڵام دوایی لە مێشکیدا بۆی دەبێتە پرسیار و بیری لێدەکاتەوە، ئەو دەم کاریگەریت لەسەر داناوە، بەڵام بەداخەوە دەبینم کەسانی تێگەیشتوو و دووڕە وڵاتی کوردستان کە پتر ئامانجییان تێگەیاندن و وشیارکردنەوەی تاکی کۆمەلگای کوردستانە، لەسەر فەیسبووک کاتەکەیان بەسەر دەبەن، لەحاڵێکدا خەڵکی ئێمە پتر کەڵک لە ئەپئ ئینستاگرام وەردەگرن.

هەروەها بەڕای من دەبێ دەستەیەک هەبێت کە کاری هاوبەش و بەکۆمەڵ و ئامانجدار لەو پێوەندییەدا بکەن هەتا باشتر و خێراتر ئەو ئامانجە بپێکن، هەرچەند ئەمن ئێستا دەبینم کەسانی دڵسۆز لەو چالاکییانە دەکەن، بەڵام پێموانەبێ بە کۆمەڵ بێت و بەڕێکخراوەیی کرابێ.

۷ – هەروەها دەزانن سوپای پاسدارانی ئێرانی ڕۆژانە بەربڵاو مادەی هۆشبەر لە نێو کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بڵاو دەکاتەوە و ئەم بڵاوکردنەوەی مادەی هۆشبەر ژنانی کۆمەڵگایشی تووشی کێشە کردووە چ وەکوو هاوژینی پیاوی خوێ گر و چ وەکوو کەسێک خوێ گر “مۆعتاد” ، حیزبە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵات بەتایبەتی “حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران”چۆن دەتوانن بەر بەم پیلانە دژە مرۆڤانەی کۆماری ئیسلامی ئێران بگرن؟

مادەی هۆشبەر لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە تەنیا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوناکرێتەوە، بەڵکوو خۆی خزاندووەتە باشووری کوردستانیش و سیاسەتی بەکۆیلە کردنی خەڵکی بەهۆی

بڵاوکردنەوەی مادەی هۆشبەر، لەوێش جێبەجێ کردووە، بەڵام بۆ ئەوەی حیزبەکان دەتوانن چۆن خەڵک لەو قەیران و کارەساتە ڕزگار بەکەن بەڕای من ئەوەیە: بەشێک لە ڕەهەندەکانی خەبات تەرخان بکەی بۆ وشیاری کۆمەڵگا و لەلایەن ڕێکخراوە مەدەنی و ئێنجیئۆکان خەلک وشیار بکەنەوە، هەروەها حیزبەکان دەبێ دەست بخەنە سەر مۆرە ئەسڵییەکانی ڕێژیم و ئەوان بکەنە ئامانج، چوونکە ڕێژیم لەلایەن ئەو مۆرە سەرکییانەوە هەوڵ دەدات کۆمەڵگا بەتایبەت لاوەکان تووشی مادەی هۆشبەر بکەن و لەو ڕێگەیەوە جڵەوی کۆمەڵگا لە بوای هزری نەتەوایەتییەوە بگرن، بەتایبەت لەو ڕێگەیەوە دەیهەوێ ژنان پتر تێوەگلێنێ، چوونکە ژن بناخە و دروستکەر و ڕێکخەری کۆمەڵگایە و ژنان پاشکەوتوو دەکا هەروەک بە درێژایی مێژوو هەولیان ئەوە بووە، ژنانی کورد تێگەیشتوو و پێگەیشتوو نەبن هەتا کۆمەلگا لەدوایە بێت و بیر لە مافەکانییان نەکەنەوە، کە بەداخەوە هەتا ڕادەیەک تونیویانە لەو هەنگاوەیاندا سەرکەوتوو بن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.