بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕۆژی کورد، لەشاری قەڵادزێی باشوری کوردستان، ساڵیادی کۆچی دوایی “ھێمن موکریانی” بەرز ڕاگیرا.
شەوی دووشەممە، (١٨/ ٤/ ٢٠١٦) بەرابەر بە ٣٠ی خاکەلێوەی ١٣٩٥ی هەتاوی، کتێبخانە و قاوەخانەی کولتووری سۆفیا/ قەڵادزێ، کۆڕیادێکی لە بیرەوەی ٣٠ ساڵەی کۆچی دوایی شاعیری بەھەڵوێست و نیشتیمان پەروەری گەلەکەمان، مامۆستا”ھێمن موکریانی”بەڕێوەبرد.
سەرەتای کۆڕیادەکە، بە خولەکێک بێدەنگی وەستان بۆ گیانی پیرۆزی مامۆستا ھێمن و سەرجەم گیان بەختکردووانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان دەستی پێکرد.
دواتر کورتە پەیامێکی”کتێبخانە و قاوەخانەی کولتووری سۆفیا/ قەڵادزێ، لەلایەن”ئامانج حەمە” یەکێک لە سەرپەرشتیارانی کتێخانەکەوە، تایبەت بەویادە خوێندرایەوە.
بەدوای ئەوەدا، ژیاننامەی ھێمنی شاعیر، لەلایەن ڕۆژنامەنووس”محەمەد چاوشین”خوێندرایەوە کە تیایدا چەندین وێستگەی گرنگی لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕووناکبیری مامۆستای پایەبەرزی لەخۆ گرتبوو.
لەکۆڕیادەدا کە چەندین شاعیر و ڕووناکبیری شاری قەڵادزێ بەشدارییان تێدا کرد، تیایدا دەیان شێعر لە شێعرە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی مامۆستا ھێمن خوێندرانەوە.
چەند لایەنێکی کۆڕیادەکە، تەرخان کرا بۆ شڕۆڤە و لێکدانەوەی بەشێک لە شێعرەکانی “مام ھێمن” و ھەروەھا باس کردنی دنیابینی ھێمن بۆ “ژن”، سرووشت”، نیشتیمان، یەکسانی و چەندەھا ڕوانگەی جیاوازتری ئەو شاعیرە مەزنەی گەلەکەمان.
تایبەت بەم بەشە، ھەریەک لە شاعیر”حەمید قەڵادزێی” ، ھوونەرمەند و نووسەر”بەکر مەحموود”، لەڕوانگە و تێگەیشتنی خۆیان بۆ شێعرەکانی ھێمن، لێکدانەوەیەکی پوختیان بۆ چەند بەرھەمێکی شێعرى مامۆستا ھێمن کرد.
ھەروەھا، نووسەر “موەفەق میراودەلی”، لێکدانەوەیەکی بە پێزی بۆ لایەنی ڕووناکبیری و ڕۆژنامەنووسی مامۆستای شاعیر و ھەروەھا کاریگەری ھێمنی نەمر بەسەر چەند وێستگەیەکی بزاوتی ڕۆژنامەگەری کوردی کرد.
موەفەق میراودەلی” لەباسەکەی خۆیدا، سەردەمی گۆڤاری “سروە”ی بە بەشێکی گرنگی ژیانی ڕووناکبیری و ڕۆژنامەنووسی مامۆستا ھێمن لەقەڵەم دا.
بەشێک لە بەشداربووانی کۆڕیادەکە، بەگێڕانەوەی قسەی خۆش و بەسەرھاتی مامۆستا ھێمن، کە کاتی خۆی بۆماوەیەک لە شاری قەڵادزێ ژیاوە و چەند شێعرێکیشی ھەرلەو شارەدا ھۆنیوونەتەوە، کۆڕیادەکەیان دەوڵەمەندتر کرد، بەتایبەت گێڕانەوەی ئەو قسەخۆش و بەسەرھاتانەی ھێمنی شاعیر کە کەمتر لە کتێبەکاندا باسیان کراوە و تەنھا وەک ئەدەبی زارەکی ماونەتەوە.
لەبەشێکی تری کۆڕیادەکەدا، ھەریەک لە ھوونەرمەندانی تیپی مۆسیقای قەڵادزێ، “خالید بابەکر” وەک مۆسیقا ژەن و ھەروەھا”خالید حاجی مەحموود”وەکوو گۆرانی بێژ، بە گووتنەوەی چەند مەقامێکی ھوونەرمەند”محەمەدى ماملێ”، یاد و بیرەوەری مامۆستا ھێمنیان بەرز ڕاگرت.
کۆڕیادەکە بۆیەکەمین جارە کە لەدوای کۆچی دوایی مامۆستا ھێمن، لەشاری قەڵادزێ بەڕێوە دەچێت. کۆڕ یادەکەش زیاتر لە دوو کاتژمێر و نیوی خایاند و بەسەرکەوتوویی کۆتایی ھات.
کۆڕیادەکەش لەلایەن ھەریەک لە”مامۆستا”خدری شانۆ” و ڕۆژنامەنووس”محەمەد گربداخی”یەوە بەڕێوە چوو.