“مام ھێمن”، قەڵادزێی شێعر پڕژێن کرد!/بەرز ڕاگرتنی یادی مامۆستا هێمن لە قەڵادزێ

0
1331

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕۆژی کورد، لەشاری قەڵادزێی باشوری کوردستان، ساڵیادی کۆچی دوایی “ھێمن موکریانی” بەرز ڕاگیرا.

شەوی دووشەممە، (١٨/ ٤/ ٢٠١٦) بەرابەر بە ٣٠ی خاکەلێوەی ١٣٩٥ی هەتاوی، کتێبخانە و قاوەخانەی کولتووری سۆفیا/ قەڵادزێ، کۆڕیادێکی لە بیرەوەی ٣٠ ساڵەی کۆچی دوایی شاعیری بەھەڵوێست و نیشتیمان پەروەری گەلەکەمان، مامۆستا”ھێمن موکریانی”بەڕێوەبرد.

سەرەتای کۆڕیادەکە، بە خولەکێک بێدەنگی وەستان بۆ گیانی پیرۆزی مامۆستا ھێمن و سەرجەم گیان بەختکردووانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان دەستی پێکرد.

دواتر کورتە پەیامێکی”کتێبخانە و قاوەخانەی کولتووری سۆفیا/ قەڵادزێ، لەلایەن”ئامانج حەمە” یەکێک لە سەرپەرشتیارانی کتێخانەکەوە، تایبەت بەویادە خوێندرایەوە.

بەدوای ئەوەدا، ژیاننامەی ھێمنی شاعیر، لەلایەن ڕۆژنامەنووس”محەمەد چاوشین”خوێندرایەوە کە تیایدا چەندین وێستگەی گرنگی لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕووناکبیری مامۆستای پایەبەرزی لەخۆ گرتبوو.

لەکۆڕیادەدا کە چەندین شاعیر و ڕووناکبیری شاری قەڵادزێ بەشدارییان تێدا کرد، تیایدا دەیان شێعر لە شێعرە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی مامۆستا ھێمن خوێندرانەوە.

چەند لایەنێکی کۆڕیادەکە، تەرخان کرا بۆ شڕۆڤە و لێکدانەوەی بەشێک لە شێعرەکانی “مام ھێمن” و ھەروەھا باس کردنی دنیابینی ھێمن بۆ “ژن”، سرووشت”، نیشتیمان، یەکسانی و چەندەھا ڕوانگەی جیاوازتری ئەو شاعیرە مەزنەی گەلەکەمان.

تایبەت بەم بەشە، ھەریەک لە شاعیر”حەمید قەڵادزێی” ، ھوونەرمەند و نووسەر”بەکر مەحموود”، لەڕوانگە و تێگەیشتنی خۆیان بۆ شێعرەکانی ھێمن، لێکدانەوەیەکی پوختیان بۆ چەند بەرھەمێکی شێعرى مامۆستا ھێمن کرد.

 ھەروەھا، نووسەر “موەفەق میراودەلی”، لێکدانەوەیەکی بە پێزی بۆ لایەنی ڕووناکبیری و ڕۆژنامەنووسی مامۆستای شاعیر و ھەروەھا کاریگەری ھێمنی نەمر بەسەر چەند وێستگەیەکی بزاوتی ڕۆژنامەگەری کوردی کرد.

موەفەق میراودەلی” لەباسەکەی خۆیدا، سەردەمی گۆڤاری “سروە”ی بە بەشێکی گرنگی ژیانی ڕووناکبیری و ڕۆژنامەنووسی مامۆستا ھێمن لەقەڵەم دا.

بەشێک لە بەشداربووانی کۆڕیادەکە، بەگێڕانەوەی قسەی خۆش و بەسەرھاتی مامۆستا ھێمن، کە کاتی خۆی بۆماوەیەک لە شاری قەڵادزێ ژیاوە و چەند شێعرێکیشی ھەرلەو شارەدا ھۆنیوونەتەوە، کۆڕیادەکەیان دەوڵەمەندتر کرد، بەتایبەت گێڕانەوەی ئەو قسەخۆش و بەسەرھاتانەی ھێمنی شاعیر کە کەمتر لە کتێبەکاندا باسیان کراوە و تەنھا وەک ئەدەبی زارەکی  ماونەتەوە.

لەبەشێکی تری کۆڕیادەکەدا، ھەریەک لە ھوونەرمەندانی تیپی مۆسیقای قەڵادزێ، “خالید بابەکر” وەک مۆسیقا ژەن و ھەروەھا”خالید حاجی مەحموود”وەکوو  گۆرانی بێژ، بە گووتنەوەی چەند مەقامێکی ھوونەرمەند”محەمەدى ماملێ”، یاد و بیرەوەری مامۆستا ھێمنیان بەرز ڕاگرت.

کۆڕیادەکە بۆیەکەمین جارە کە لەدوای کۆچی دوایی مامۆستا ھێمن، لەشاری قەڵادزێ بەڕێوە دەچێت. کۆڕ یادەکەش زیاتر لە دوو کاتژمێر و نیوی خایاند و بەسەرکەوتوویی کۆتایی ھات.

کۆڕیادەکەش لەلایەن ھەریەک لە”مامۆستا”خدری شانۆ” و ڕۆژنامەنووس”محەمەد گربداخی”یەوە بەڕێوە چوو.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.