کوردەکان لە کەرکووک و عەفرین لەگەڵ خیانەت و پاشەکشە و بێدەنگیی زلهێزان بەرەوڕوون، لێرەدا دوو روانگە دێتە ئاراوە، یەکیان دەڵێ کورد نابێ چیتر پشت بە هێزی دەرەکی ببەستێ و ئەوی تریشیان دەڵێ، کێشە هێزە دەرەکیەکان نین، کێشە خودی کوردە کە ناو ماڵی خۆی ڕێکنەخستووە و تووشی سەەبەرەکیە و زلهێزانیش ئەوە دەزانن، بۆ تاووتوێ کردنی ئەو باسە، وتوێژێکمان لەگەڵ عەزیز شێخانی. چاوەدێری سیاسیی کورد ئەنجام داوە کە لێرەدا دەیخوێننەوە.
ڕۆژی کورد: بە دوو دەستدرێژیی سەربازیی داگیرکەرانی کوردستان لە کەرکووک و عەفرین، وا دەردەکەوێ کە کورد ناتوانێ وەک پشتیوانی دەرەکی و هێزی دیپلۆماسی، لەسەر هیچ کام لە وڵاتانی زل هێز و بەتایبەتی ڕووسیە و ئەمریکا حیساب بکات، ئوروپاش، بەتایبەتی ئاڵمان، پێدەچێ خۆی یەکلایی کردبێتەوە و خۆی دەرخستبێ، ئێوە لاتان وایە دەبێ کورد لەمبارەوە چی بکات؟
شیخانی: کوردەکان چارەنووسێکی تاڵ و دژواریان هەیە. ئەوان لە خوڵقاندن و درێژەدانی ئەو بارودۆخەدا بە شێواز و ڕێژەی جیاواز بەشدارن. کەرکوک و عەفرین، کە لە باشوور و ڕۆژاوای کوردستاندا هەڵکەوتوون، لە تەتەڵەکردنێکی خێردا دەردەکەوێ، کە جیاوازیی زۆریان لەگەڵ یەکتردا هەیە. دەرفەتەکان و مەترسیەکان و هەروەها ئەکتەرە کاراکان لەو دوو جوغڕافیایەدا لەگەڵ یەکتری جیاوازن. دەوڵەتی سەردەست لە سووریە و نیزامی سیاسیی بەعس لەوێ هێشتا نەکەوتوە، بەڵام عێڕاق و باشووری کوردستان لە قۆناخێکی دیکەدان. کوردەکان و بەتایبەت هێز و ئەکتەرە سیاسیەکان لە خوێندنەوەی بارودۆخەکاندا وردکار و دووربین نین و نەبوون. ئەوان لە باشوور و ڕۆژاوا، خاوەنی ئامانجێکی دیاریکراو و ڕاشکار نین کە بکرێ بیکەنە بناخەی سیاسەتی کورد لەو دوو پارچەیەدا.
ئەوان لە نێوخۆدا هێشتا لە سەر دیاریکردنی ئامانجە نەتەوەییەکانیاندا بە شێوەیەکی کۆنکرێت خۆیان یەکلانەکردۆتەوە. ئامانجە سیاسیەکانی کورد لە باشوور و ڕۆژاوا نەبوونە دەرهاویشتەی ئاگایانە، ئاشکرا و ڕوونیی زۆرایەتیی کورد. لە تێکهەڵکێش کردنی سیاسەتی نێوخۆ و دەروەدا دەردەکەوێ، کە ڕێگاکانی بەردەم کار و تێکۆشانی کورد لە نێوخۆ و دەرەوەدا بەردەڵانێکی دژوارە و بە ئاسانی تەخت ناکرێ. کوردەکان لە باشوور و ڕۆژاوا لە دوو قۆناخی جیاوازدا دەرفەتی گونجاویان بۆ ڕەخساوە، کە لە بەر زۆر هۆکاری نێوخۆیی و دەرەکی کەڵکی پێویستیان لێوەرنەگیرا. چارەنووسی گەلان و مافی نەتەوەکان یان هەڵوەشانی دەوڵەتە زۆرەملیەکان لە دەرفەتە زێڕین و مێژووییەکاندا زیاتر دەستەبەر دەبن. کوردەکان لەو دەرفەتانە سوود و کەڵکی ژیرانەیان وەرنەگرتوە و ئامانجە لاوەکییەکان، کورد و هێزە کوردییەکانی زیاتر لە یەکتر پەرتەوازە کردوە.
ئێمەی کورد، کارەکانی دوێنێمان باش ڕانەپەڕاندوە، بۆیە ئەمڕۆ ئەستەمە قەرەبووی ڕۆژانی پڕ لە دەرفەتی ڕابردوو بکەینەوە. کورد گوتەنی، لە سووریمان دۆڕاندوە و لە کایەکە ناتوانین قەرەبووی بکەینەوە. کوردەکان و هێزە سیاسیەکان لە باشوور و ڕۆژاوای کوردستاندا دەرفەتیان ئەوەیان پێدرابوو، کە لە ئاستی جیاواز و بە تاکتیک و ستراتیژی نەتەوەییانە و هەروەها سەردەمیانە لە دوو گۆڕەپانی نێوخۆ و دەرەوەدا هەڵسوور و کارامە بن. ئەوان لە هەردووکیاندا لە گەڵ ئالەنگاری جۆراوجۆر بەرەوڕووبوون و قۆناخەکەیان بە نیوەچڵی ڕێبەرایەتی کرد. لە ئاکامدا، ئەوەی ساڵانی ڕابردوو دەکرا و بۆ کورد دەلوا، ئەمڕۆ و لە ساڵانی داهاتوودا ڕەنگە ئەستەم بێ. کوردەکان لە گەڵ هەموو هەڵە و کەموکوڕییەکانی خۆیان و هێزە سیاسییەکانیان و تەنانەت سیاسەتکارەکانیاندا ناچارن درێژە بە ڕێگا بدەن. بۆ سەرکەوتن لەو مەیدانەدا کەڵکوەرگرتن لە هەڵەکانی ڕابردوو و هەروەها ڕۆیشتن لە گەڵ ڕەوتی ڕووداوەکانیان لەپێشە. ئەوان لە کات و زەمانێکی کورتدا ناتوانن بە سەر زۆربەی کەم وکورتییەکاندا زاڵ بن، بەڵام باشترە کە لە دوو پرسدا ڕاستگۆ و خاوەن کردار بن. یەکەمیان گۆڕینی سیاسەتی نێوخۆ و هەروەها گەڕانەوە بۆ ئامانجە ڕاستەقینەکەی گەلە، کە هێز و وزە بە تەوژمی خۆڕاگری کوردان دەدات. دووهەم، دوورکەوتنەوە لە پەرتەوازەییە، کە کوردەکانی لە گۆڕەپانی دیپلۆماسی و خۆڕاگریدا شکاندوە. ئەوان بۆ دەستەبەر کردنی پرسی دووهەم، ناچارن ئاوڕ لە پرسی یەکەم بدەنەوە و خاوەنی سیاست و کردار و پەیامی ئاشکرا، لۆژیکی و عەقڵانی بن. لە ئاکامی لەبەرچاو گرتنی پرسی یەکەم، کولتوری خۆسەپێنی کۆتایی دێت و حیزبە سیاسییەکان لە خۆسەپاندن و تاکەکان لە خۆفەڕزکردن دووردەکەونەوە. بۆ سەرکەوتن لە مەیدانی خەباتدا پێویستە کوردەکان کولتوری کار، خەبات، تێکۆشان، حیزبایەتی، ڕاگەیاندن و پەروەردە بگۆڕن و لە تەجرووبەی گەلانی دیکە کەڵکوەرگرن.
ڕۆژی کورد: ئەوەی کە بەردەوام کورد خیانەتی لێدەکرێ، لە ڕوانگەی ئێوەوە هۆکارەکەی بۆ چی دەگەڕێتەوە؟ ئایا هەر ئەوەیە کە کورد ئەکتەری دەوڵەتی نیە و لە هەمبەر دەوڵەتەکان دەکرێ بە قوربانی یان خوێندنەوەی زلهێزان لەسەر کورد و ناو ماڵی کورد کە یەکنەگرتوویە کاریگەرە؟ یان هۆکارگەلی تری هەیە؟
شێخانی: پرسی خەیانەت لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا ڕەنگە بەو فۆڕمەی کە کوردان باسی دەکەن جێگای نەبێ. لە گۆڕەپانی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا دەوڵەتەکان ئەکتەری سەرەکی سیاسەت و ئیدارەن. هەر دەوڵەتەی، لە سەر بناخەی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی سیاسەتەکانی دادەڕێژێ. دەوڵەتەکان لە گەڵ یەکتر بەراورد ناکرن و هیچ دەوڵەتێک لە دەوڵەتێکی دیکە ناچێ. جۆغڕافیا، حەشیمەت، خاک، کانگا ژێرزەوییەکان، سرووشت و مێژووی جیاوازیان هەیە. بێجگە لەوە لە ئاستی جیهاندا زلهێزێک نییە، کە بە فەرمان و بڕیاری ئەو سەرجەم دەوڵەتەکان بجوڵێنەوە. زلهێزەکان بە ڕێگای جۆراوجۆر لە ناوچە جیاجیاکانی جیهاندا ئامادەن و لە پێناوی پاراستنی بەرژەوەندییە ڕەنگاوڕەنگەکانیاندا تێدەکۆشن. کوردەکان لەو جیهانەدا خاوەنی دەوڵەتێک نین، بۆیە لە ئاستی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا و لە کۆڕ و کۆبوونەوە جیهانییەکاندا ناتوانن نوێنەراتی خۆیان بکەن. سەرەڕای ئەوە، کوردەکان خاکەکەیان دابەشکراوە و لە ژێر دەسەڵاتی چوار دەوڵەتی تورکییە، ئێران، عێڕاق و سوریەدا دەژین. ئەو دەوڵەتانە دەرفەت گەشەکردنێکی سرووشتیی و ئازادیان بۆ تاک و کۆمەڵگە نەڕەخساندوە. نەتەوەکانی ئەو وڵاتانە بۆیان نەلواە لە سەر خۆیان و ئەوانی دیکە بیربکەنەوە و بڕیار لە سەر ژیانی سیاسی خۆیان بدەن. خەباتی سیاسی کورد و هەروەها جوڵەی کوردان لە پێناوی دەستەبەرکردنی مافەکانی بە ڕێگای دژوار و چەتووندا تێپەڕیون.
کوردەکان لە پرسی خەبات و تێکۆشاندا یەکدەست نەبوون و لە هەموو قۆناخەکاندا پەرتەوازیی و کرچ و کاڵی بە خەباتەکەیان دیاربووە. پرسەکە تەنیا حیزبەکان نین، بەڵکو کۆمەڵگەی کوردستانە. خەڵکی ئێمە و تاکی کورد لە ئاستی نەتەوەییدا هێشتا لە سەر یەک ڕەگ و ڕیشە ساغ نەبۆتەوە و لە جۆلانەی ناسنامەکاندا تووشی سەرەگێژە بووە. ئێمە هەتا ئەمڕۆ لە ئاستی تێکڕاییدا خاوەنی ناسنامە نین و بە گوێرەی ڕۆژگار و بارودۆخەکان ڕەنگ دەگۆڕین. زمانی دایکمان کە زمانی هەست و تێگەیشتن و دەربڕینە و لە سەر سایکۆلۆژی ئێمە کاریگەری بەرچاوی هەیە، وەک پێویست نازانین و بەکاری ناهێنین. لە نەبوونی زمانی هاوبەشدا سەمبول و ڕێبازی هاوبەش بۆ ڕزگاربوون دەستەبەر نابن. لە خەیاڵی خۆماندا، کە بە زمان و چیرۆکی نەتەوە سەردەستەکان داگیرکراوە ئازایەتی گەڕانەوە بۆ خۆمان نییە و بەردەوام شکستەکانمان دووپات دەکەینەوە.
نەتەوە و کەمە نەتەوەکان لە قۆناخی داگیرکاریدا بێگومان وەک ئێمەی کورد بە سەر چەند بەرەی جیاوازدا دابەشدەبن. کوردەکان وەک بەحەشیمەتترین نەتەوەی بێ دەوڵەتی دونیا، لە کولتوری سیاسیی و ناوچەیەکی ئاڵۆزدا چەقیون و لە خوێندنەوەی ڕووداوە نێوخۆیی، ناوچەیی و جیهانییەکاندا پشت بە مەنتق و لۆژیک نابەستن. بژاردەی کۆمەڵگە، سیاسەتکارەکان و حیزبەکان لە ڕەوتی کارکردندا سەلماندوویانە، کە توانای کاری هاوبەش، پلانی تۆکمە و هەروەها ڕەخنەیان نییە. ئەکتەرە سیاسییەکانمان لە مەیدانی سیاسەتدا لە کفوکوڵێکی تێپەڕ زیاتر نین و لە دەللاقەی بچووکی خۆیان لە جیهانی بەرینی سیاسەت و دیپلۆماسی دەڕوانن. ئەلفبێی سەرکەوتنی گەلان دەگەڕێتەوە سەر ویست، توانا، پڕۆژە، بەرنامە و ئامادەیی ئەو گەلانە بۆ بڕیاردان لە سەر خۆ، خاک و دواڕۆژ. گەلی ئێمە، گەلێکی دابڕاو لە یەکتر و پەرتەوازەیە و لە جۆغڕافیاییەکی سیاسی دیاریکراودا پەراویزخراوە. کەسایەتی سیاسەتکار و بژاردەی کورد و کۆی کۆمەڵگە لە ژێر سێبەری کولتوری نەتەوەی باڵادەستدا شکڵی گرتوە، کە کەسایەتییەکی ناسەقامگیرە و کەیفی بە سەرکەوتنی یەکتر نایەت.
کۆڵەکەی جوقڵە سیاسییەکانی کورد بە کردەوە لە سەر بەستێنە ڕاستەقینەکان دانەکوتراون و هەر حیزب و بژاردەیەی بە تامی ئایدۆلۆژی و تێڕوانینێک باس لە ئازادیی و ڕزگاربوون دەکات. لە مێژووی سیاسی هێزە سیاسییەکان و سیاسەتکارەکاندا ئەزموونێکی لەرزۆک ساز بووە، کە پاڵپشتی باوەڕ و بیرۆکەی سەرکەوتن ناکات. لە سایکۆلۆژی خەڵکدا سەرکەوتنی کورد کردەیەکی نەکراوە و زیاتر بە موعجزیەی دەزانن تا ئاکامی تێکۆشانی تێکڕایی. لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا زنجیرە بزوتنەوە و سەرهەڵدانێک لە سەدەی ڕابردوودا بینراون، کە لە کۆتاییدا شکاون. کار وتێکۆشانی کوردان، لە پێوەندی لە گەڵ پرسی کورد، پێوەندییە دەرەکییەکان، بەرگری، پێشمەرگایەتی، ماف، دێموکڕاسی و هتد زیاتر ڕووکارن. ئۆگریمان بۆ داڕشتنی بەرنامەی ورد بۆ ڕووداوەکان و بە تایبەت تێکۆشان و خەبات نییە و زیاتر لە گۆڕەپانی دژکردەوەدا خۆمان دەبینینەوە. هەڵسەنگاندەکانمان لە سەر دواڕۆژی کورد و ئەوانی دیکە تێروتەسەل نین و سرووشتی تاکەکانمان وایە، کە شکستەکانمان و لایەنی لاوازمان کەمتر تەتەڵە دەکەین.
لەو ژینگەیەدا کورد هونەری دیپلۆماسیی و سیاسی لاوازە. سیاسەتکار و بژاردەکەی ناتوانێ لە دەرفەتەکان کەڵکوەرگرێ. لە مێژوودا دەرفەتی ڕەخساو بۆ باشووری کوردستان بۆ کەم نەتەوە و گەل ڕەخساوە، بەڵام لە بەر نەبوونی بەرنامە و هەروەها گەندەڵیی و پەرتەوازیی دۆخەکەیان چاک نەکرد. شکستەکان باوکیان نییە و ئاسانترە، کە زلهێزێک بە خەیانەت تۆمەتبار کەین و پەرێزی ناسازگاری خۆمان نابینین. تێگەیشتنی ئێمە لە سیاسەت و دیپلۆماسی ڕەنگە هاوتای تێگەیشتن لە پێوەندییە کۆمەڵایەتیەکان و خزمایەتی بن، بۆیە بە ئاسانی چاوەڕوانی سەیرمان لە زلهێزەکان هەیە. کوردەکان لە مەیدانی خەباتی ڕزگاریخوازانەدا ناچارن گوێ لە ترپەی دڵی بەرژەوەندیی زلهێزەکان و ڕۆژاوا ڕابگرن. فاکتەرە دەرەکییەکان ڕۆڵ و نەخشی بەرچاو لە خوڵقاندنی دەرفەت و هەروەها گۆڕانی نەخشەی ناوچەکان دەگێڕن، بۆیە بەشێکن لە هاوکێشەکە، بەڵام ئێمە ناکرێ بە کولتوری خۆمان لە گەڵ فاکتەرە دەرکییەکان هەڵسوکەوت بکەین. زلهێزەکان و تەنانەت دەوڵەتە ناوچەییەکان زیاتر لە ڕابردوو لە نێو ڕووداوەکاندا هەن و ئاگاداری بارودۆخی ئێمەن. دیپلۆماسی گەلی چەوساوەی کورد لە سەر چەند کۆڵەکەیەک ڕاوەستاوە، کە ئەگەری بەهێزکردنیان ئەستەمە.
پارتە سیاسییەکانی ئێمە لە نەبوونی دەوڵەتدا بۆیان نەلواوە لە سنووری حیزب تێپەڕی کەن و نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی گەل بکەن. تێکۆشانی خەڵکی ئێمە لە نێوخۆدا بە ڕێژەیەک گەشەی نەکردوە، کە لە ئاستی تاک و کۆدا جوڵەی بەرهەمدار و ڕەوتی داواکردنی مافە ڕەوکانی بخاتە بەرنامەی کار. کولتوری پەروەردە و ئیدارەکردن لە یەکەی کۆمەڵگە هەتا دەگاتە سەرەوە لە سەر پەروەردەکردنی ئیرادەی تاک و کۆیەکی سەربەخۆ دانەمەزراوە و زیاتر ئیعاعەت و جێبەجێکردنی ئەمر و سوننەتەکان زەقکراونەوە. شارەزای مێژووی دوور و نیزیکی خۆمان نین و توانای گوێگرتن لە چیرۆکی شکان و کەوتەنەکانمانا نییە. کاتێک خۆمان خەیانەت لە یەکتر و خۆمان بکەین و پەرتەوازە و ناتەبا خەونی گولی بە یەکتر ببینن، دیپلۆماتیکی ئەمریکایی یان ئورووپایی چ سۆزێکی بۆ ئێمە دەبێ؟ کاتێک وەک هێزی سیاسی یان عەشیرەت ئامادەین خزمەت بە سیاسەتی یەکێک لە دەوڵەتە داگیرکەرەکان بکەین، زلهێزێک و دەوڵەتە ڕۆژاواییەکان چۆن متمانەمان پێدەکەن؟ کاتیک لە نێوخۆدا سەرکوتکەر، بەرچاوتەنگ و نادێموکڕات بین، دروشم و شوعاری دێموکڕاسی خوازیمان لە جیهانی دیپلۆماسیدا کڕیاری نییە. کاتیک سێبەری یەکتر بە تیر دەنگێوین و درووشم و شوعارەکانمان تەنیا وەک دژکردەوە بۆ شکاندنی لایەنێک و خۆگیفکردنەوەی خۆمان بێ، چۆن هێز و توانای گەل کانالیزە دەکرێ؟ لە ڕۆژگارێکدا کە لە سەر تێزەکانی ئایین و ئایدۆلۆژی ئامادەین سەری یەکتر بپەڕێنین، چۆن سەمبولسازی نەتەوەییمان بۆ دەکرێ؟ لە حاڵەتێکدا لە هیچ پارچەیەک هاودەنگیی و یەکدەنگی لە سەر ویست و داخوازە ڕەواکانی کوردان نییە، گەلان و دەوڵەتەکانی جیهان چۆن گوێمان لێدەگرن؟ ئێمە تەنانەت خاوەنی ناسنامەی خۆمان نین و ڕەنگە سیاسەتکاری کورد لە دوو کاناڵی تی فیدا یان ڕۆژنامەدا بە دوو ڕوخساری جیاواز خۆی بڕەنگێنێ.
ڕۆژی کورد: دەگوترێ جیا لەوەی کە کورد تێچووی زۆری لە کەرکووک و کۆبانی داوە هەم وەک جەستەیی و هەمیش مادی و مەعنەوی، بەڵام ئەو کارەساتانە بوون بە هۆی زیاتر خرانە بەرباسی کورد بەتایبەت لە ڕووی میدیاییەوە، پێتان وایە ئەوە دەتوانی دەستکەوت بێ و کاریگەری لەسەر دۆزی کورد دەبێ؟
ڕۆژی کورد: مرۆڤەکان لە ڕووداوەکانی خۆیان و دەوروبەریان کەم و زۆر وانە وەردەگرن. ڕووداوەکانی کەرکووک و کۆبانی لە دوو ڕوانگەی جیاواز تەتەڵە دەکرێن. یەکێکیان هەڵگری توێشووی ئەرێنییە و ئەوەی دیکە نەرێنێ. لە شارێکدا خۆڕاگریی و هەروەها ئیرادەی مانەوە سەردەکەوێ و لەوەی دیکەدا ڕیاکاری سیاسی، نەبوونی پلان و بەرنامە و سەرقاڵبوون بە کاری لاوەکی. سەرکەوتن لە هەموو بەرەکاندا بەرهەمی کار و تێکۆشان و ئیرادەیە. شکان و کەوتنە سیاسییە گەورەکان بەرهەمی تێکچوونی باڵانسی هێز، خەواڵوویی سیاسی و خۆ بەزۆر گرتنی نالۆژیکیی و پەرتەوازەییە، کە لە ڕووداوەکانی پاییزی ڕابردوویی باشووری کوردستاندا دەردەکەوێ. دۆزی کورد، دۆزێکی سیاسی ئاڵۆزە و بە خۆڕاگری شارێک یان بەدەستەوەدانی ناوچەیەک چارەسەر نابێ. لە بناخەدا ئەو پرسە بە هێزی چەکدار و توندوتیژی دەسەڵاتە ستەمکارەکانیش کۆتایی نایەت. لە دونیای ئەمڕۆدا دەللاقەی باش بەسەر کورددا کراونەوە و ئەگەر خاوەنی پلانی مێدیایی نیشتمانی بین، دەتوانین لە زۆر کۆڕوکۆبوونەوە بە ڕێژەی توانا باس لە کورد و مافە زەوتکراوەکانی بکەین. ئەوەندە دەتوانم بڵێم، کە لە سەردەمی شەڕی داعشدا کورد بە قەدەری ٥٠ ساڵی ڕابردوو لە مێدیاکانی جیهان و هەروەها لە نێو کۆڕ و کۆمەڵە جیهانییەکاندا باسی لەسەر کراوە. عەتف و سۆزی ڕۆژاواییەکان بە دەوڵەت و گەلەکانیانەوە بۆ کوردان لە ماوەی شەڕی کورد دژ بە داعشدا گەیشتە لوتکە.
کورد دەکرا لە سەر ئەو دەرفەتانە سەرمایەگوزاری بکات وهێزە دەستڕۆیشتوە کوردییەکان لە هێزی شارەزا سوودیان وەرگرتبا و ئەو دۆخە تێپەڕەیان بە قازانجی دۆزی کورد وەرسووڕاندبا. ڕووداوە نێوخۆییەکانمان زیاتر بۆ کوردان ڕەنگە بە سوود بن، ئەگەر توانانی تەتەڵەی دروست و بابەتیانەی ڕووداوەکان هەبێ. تاکی کورد، بژاردەی کۆمەڵگە، هێزە سیاسییەکان و خەڵکی ئاسایی بۆ ڕزگاربوون لە سێبەری شوومی ڕووداوە ناخۆشەکان، باشترە لە دەللاقەی ڕەخنەگرانەوە لە ڕووداوەکان بڕوانن و چیرۆکی پاڵەوانبازی و قارەمانسازی ئەم و ئەو لەبیر بکەن. ئێمە گەلێکی هەژار و کەوتوویین و بە قسەی بریقەدار و درووشمی گەورە خۆمان و خاکەکەمان چووکتر دەکەینەوە. شایانی باسە، کە دەوڵەتە زلهێزەکان و مێدیای ڕۆژاوا بە گوێرەی سیاسەتی خۆیان ڕووداوەکان دەگوازنەوە. کارێک کە ئەوان دەیکەن، لە گەڵ کاریک کە کوردی شارەزا دەیکات جیاوازی هەیە. کوردەکان دەبێ بگەنە ئەو ئاستە لە تێگەیشتن و ئیرادە، کە خۆیان ئازاری برین و ڕەنگە جوانەکانی خاک و تامی تاڵی ژێردەستەیی بەرنە قوژبنەکانی جیهان. بە کاری ڕۆژنامەنووسێکی کورد خۆشەویستی دەرەکی یان فیلمسازێکی بازرگان و سیاسەتکارێکی زار بە پێکەنین چیرۆکی خەمەکانمان ناگۆڕێن و کۆتاییان نایەت. خەڵکی ئێمە بۆ ڕزگاربوون دەبێ لە سەر خۆی حیساب بکات. بۆ سەرکەوتن لەو بەردەڵانە پێویستمان بە ژێرخانێکی دەوڵەمەند لە ئەزموون و شارەزایی هەیە. حیزبایەتی و کوردایەتی بە ستایل و شێوازی ڕابردوو و ئەمڕۆمان زەمانەتی سەرکەوتنی سبەینێ ناکات. کەسایەتی تاکی کورد دەبێ بگۆڕدرێ و زمان، ناسنامە و ئیرادەی بڕیاردان لە سەر خۆ بگاتە لوتکە و خەمی هەموان بێ. مافی کوردەکان بەوە دەستەبەر نابێ، کە چ کاناڵێک باسی دەکات، بەڵکو دەرمانەکەی کورد جۆری خەباتەکەیەتی.
ڕۆژی کورد: شێوازی هەڵسووکەوت و مامەڵەی سیاسیی یەپەگە کە سەر بە پەکەکەیە لەگەڵ هیزەکانی تری کورد لە ڕۆژاوای کوردستان، چەند بە کاریگەر دەبینن لە شکستی ئەگەریی کورد لەو پارچەیەدا؟
ڕۆژی کورد: بە باوەڕی من حیزبە کوردییەکان و بە تایبەت زلهێزە کوردییەکان سیاسەتێکی ڕەوا و دروستیان بەرامبەر بە نەیارە سیاسییە کوردەکان بەکار نەهێناوە. پارتی کرێکارانی کوردستان لە باکور، پارتی دێموکڕاتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە باشوو و بە ڕێژەیەکی کەم حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران و تەنانەت کۆمەڵەش لەو پێوەندییەدا خاڵی لاوازیان هەیە. ئێمە لە ڕیگای حیزبایەتی، کولتوری نەتەوە سەردەست و دەوڵەتە داگیرکەرەکان دووپات دەکەینەوە. دێموکڕاسی کرچ و کاڵ دەیان جار بۆ کورد لە دیکتاتۆرییەتی خۆماڵیی تاکێک، بنەماڵەیەک، حیزبێک یان گروپێک باشتر و گونجاوترە. ئەگەر ئێمەی کورد باوەڕمان بە ویست و داخوازی نەتەوەکەمان هەیە، ڕەوا نییە پارتە سیاسییەکان لە هیچ کام لە پارچەکانی کوردستاندا، سیاسەتی ستەمکاریی و سەرکوت بەرامبەر بە هاووڵاتیانی کوردستان بەکار بێنن. نەتەوەیەکی ئازا و خاوەن کەسایەتی و بەختەوەر پێویستی بە حیزب، سیستم سیاسیی و تاکی دیکتاتۆر نییە. لێرەدا مەبەستم ئەوەیە، کە کۆمەڵگە بۆ بەڕێوەچوون پێویستی بە یاسا و ڕێوشوێنی پێویست هەیە، کە دەکرێ بە ئاسانی لەو بارەوە لایەنە سیاسییەکان و خەڵک بگەنە تێگەیشتنێکی هاوبەش. ئەگەر سەرکردەی پارتە سیاسییەکان و کادر و ئەندامەکانیان بە حەق باوەڕیان بە ڕەوایەتی مافی تاک، خاک، خەڵک و ئازادییەکان هەبێ، نابێ ڕێگا بدەن پارتەکانیان، بنەماڵەی دەسەڵاتداری نێو پارتەکانیان و تەنانەت سەمبولە حیزبیەکانیان گەمە بە مافی تاک و چارەنووسی کوردان بکەن.
ئەگەر پەیەدە لە سەرەتاوە خاوەنی سیاسەت و ڕێبازێکی سەربەخۆ و بنیاتنەر بووایە، هاوکێشەی ڕۆژاوای کوردستان ئەرینیتر دەبوو. ئەوان دەکرێ دۆستایەتی پەکەکە یان هەر هێزێکی دیکەی کوردستان بکەن، بەڵام ناکرێ سەر و بنی خۆیان بەوانە گرێ بدەن. ئەگەر هێزە سیاسییەکانی دیکەی ڕۆژاوای کوردستان بە لای پارتی دێموکڕاتی کوردستاندا نەکەوتبان، گیانی هاوکاریی و تەبایی لە ڕۆژاوادا زیاتر پەرەی دەسەند. کێشەی حیزبە زلهێزەکان ئەوەیە، کە بێجگە لە ناوچەی ژێر دەسەڵات خۆیان لە پارچەکانی دیکەی کوردستانیشدا هاوباوەڕ و لایەنگر و تەنانەت حیزبی بەستراوە بە خۆیان ساز دەکەن. هێزە سیاسییەکان دەتوانن یارمەتی پارچەکانی دیکەی کوردستان بدەن و لە کاتی تەنگانەدا بە گوێرەی توانا پاڵپشتیان بکەن، بەڵام ئەگەر مەبەست دەستەمۆکردنی خەڵک و هێزە سیاسییەکان بۆ پاوانکردنی ژینگەی سیاسی بێت، بێگومان زەبر لە ڕەوڕەوی خەباتی کوردان دەدات. ڕەنگە بۆ لایەنگرانی حیزبێک یان هێزێکی سیاسی خۆش بێت، کە سیاسەتەکانیان کڕیاڕی زۆرە و خەڵک بە چارەسەری دەزانێ، بەڵام ئەو هەستە بەکردەوە کێشەکان ئاڵۆزتر دەکات. دۆستایەتی و هاوکاری هێزە سیاسییەکان کاریکی ئەرێنییە، بەڵام هەوڵدان بۆ سازکردنی حیزب بۆ پارچەکانی کوردستان تەنگژەی زیاتر لە کۆمەڵگەدا بەرهەمدەێنێ.
پەیەدە و هێزە سیاسییەکانی دیکەی ڕۆژاوای کوردستان دەکرا خۆیان سیغەیەکی هاوبەش و سەربەخۆ بدۆزنەوە و دوور لە پەکەکە و پارتی دێموکڕاتی کوردستان کێشە نێوخۆییەکانیان چارەسەرکردبا. پەیەدە و یەپەگە ئەگەر بە تەواوەتی لاقیان لە سەر خاکی خۆیان بووایە و سەربەخۆیی سیاسی خۆیان پاراستبا، بۆ جیهانی دەرەوە و خەڵکی نێوخۆ ڕوخسارێکی ئەرێنیان دەبوو. بێجگە لەوە، تورکییە لە دۆخێکی ئەوتۆدا بۆی نەدەلوا بە ئاسانی پەلاماری شار و گوندەکانی ڕۆژاوای کوردستان بدات. پارتی کرێکارانی کوردستان لە ڕۆژاوای کوردستاندا مێژووییەکی کۆنی هەیە، کە دەگەڕێتەوە سەرەتاکانی دامەزرانی ئەو پارتە، بەڵام لە دوای ڕووداوەکانی چەند ساڵ لەوە پێشی سووریە بارودۆخەکە گۆڕا. کوردانی ڕۆژاوا دۆخەکەیان لە باشوور ناسکتر بووە، چوونکە زلهێزەکان، دەوڵەتە ناوچەییەکان و زۆر پارت و ڕێکخراوی دژ بە یەک لە سەر خاکی سووریە و ڕۆژاوای کوردستاندا بە یەکتر دەگەیشتن.
پارتە کوردییەکان ناتوانن بە زەبری هێز خۆیان بە سەر کۆمەڵگەدا پسەپێنن. ئەوان لە ڕێڕەوی کار و تێکۆشاندا ناکرێ بەرهەمهێنەرەوەی کولتور و سیاسەتی ستەمکاری و داپڵۆسین بن. پەیەدە و هێزە سیاسییەکانی دیکە ئەگەر نەگەنە سیغەیەکی هاوبەش و بیرێک لە حاڵی خۆیان نەکەنەوە، ڕەنگە دۆخەکەیان دژوارتر بێ. بارودۆخی ئەوان بستراوەتەوە بە نیزامی سیاسی ئەمڕۆی دەمشق و هەروەها سەرکەوتن یان ڕێککەوتنی ئۆپۆزیسیۆنی بەرەی دژی ئەسەدە. سیاسەتەکانی پەیەدە ڕەنگە ئارامیەکی بۆ ڕۆژاوا دابین کردبێ. ئەوان لە قەیرانی سوورییەدا سیاسەتی ئۆپۆزسیۆنیان ڕەت کردەوە و هێڵەکانی پێوەندییان لە گەڵ هێزەکانی ئەسەد پاراست. شایانی باسە، کە ئەو دەوڵەت و سیستمانە دوای هەستانەوە وەفایان نییە و درێژە بە سیاسەتی ستەمکاری دەدەن. دوارۆژی ئەوان لە گرەوی دوارۆژی ناوچەکە و سوریەدا قەتیس دەمێنێ. زلهێزەکانی وەک ئەمریکا و بریتانیا خاوەنی پڕۆژەیەکی ئاشکرا نین و کوردەکانیش لەو مەیدانەدا لە نێوان پرد و بواردا لە جوڵەدان. شایانی باسە، کە ڕەوتی ڕووداوە مێژووییەکان بە نرخی ژمارەیەک گەل و دەوڵەت و بە قازانجی بەشێکی دیکە شکڵ دەگرێ. کوردەکان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا سەلماندیان، کە لە نێوخۆی پارچەکاندا و هەروەها لە جیرانەتی یەکتردا پڕن لە کێشە، کە بەشێکی زۆر لە سەر بەستێنی سەقەتی حیزبایەتی کوردەواری و کولتوری یەکترشکاندن چەق دەبەستن. کوردەکان لە کۆنەوە بۆ یەکتریان نەسەلماندوە و سیاسەتی حیزبە سیاسییەکان و سیاسەتکارەکانی درێژەکراوەی سیاسەتی کۆنی نێوان عەشیرەتەکانە، کە ئامادە نەبوون لە پێناوی دوارۆژێکی باشتردا یەکبگرن و واز لە دەسەڵاتی چووکی خۆیان بێنن.
ڕۆژی کورد: لەم ڕۆژانەدا، باس لە نەناسینی هێڵی و بەرژەوەندیی نەتەوەیی لە ناو کورددا زۆرتر باس دەکرێ، بە ڕای ئێوە ئایا کورد وەک حیزبەکان، بەرژەوەندیی نەتەوەیی خۆی ناناسێ؟ ئەگەر نایناسێ چما؟ هۆکارەکان چین؟
شێخانی: ئێمە چەمکەکان بە گوێرەی تێڕوانین و تێگەیشتنی خۆمان مانا دەکەینەوە. بۆ وێنە، لە سەردەمی ڕێفراندۆمدا خەڵکی لایەنگر و دژبەری ڕێفراندۆم ئامادەی گوێگرتن لە یەکتر نەبوون. ئەگەر کەسێک بەڕێوەچوونی ڕێفراندۆمی بە سیاسەتێکی هەڵە زانیابا، بە دژە کورد و بەکرێ گیراوی ئەم و ئەو پێناسە دەکرا! لە سەر بەرژەوەندیی نەتەوەیی تاریفێکی کۆنکرێت نییە و تەنانەت ئەندامانی نەتەوەکەمان هێشتا سۆزی نەتەوەییان بۆ یەکتر نییە (لە ئاستی بەرین و تێکڕاتییدا دەڵێم). بەرژەوەندی نەتەوەیی بە تێگەیشتنی من بریتییە لەو قازانج و سوودانەی، کە لە کورتخایەن یان درێژخایەندا بە قازانجی کوردستان و کوردەکان لە یەکێک لە پارچەکانی تەواو دەبێ. کاتێک ئەو تاریفە لە گەڵ ڕووداوەکانی ڕۆژ و تێکۆشانی هەمەجۆر تێکهەڵکێش دەکەین، تووشی تەفسیر دەبین. لێرەدا دەگەینە چۆنیەتی هەڵسەنگاندنی ڕووداوەکان، فاکتەرەکان، کار و تێکۆشانی سەر گۆڕەپانەکە، کە کاکڵی مەسەلەکەیە. هێزە سیاسییەکان لەو نێوەدا و تاک و بژاردەی کۆمەڵگەش لە نەمامکردنی ئەو دارەدا ڕۆڵ و نەخشی بەرچاویان هەیە.
مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی (مەبەست ڕۆژهەڵاتی کوردستان نییە) یەک ڕەهەندین. حیزب و ڕێکخراو و ڕووناکبیرەکانیشی تێگەشتنێکی بەرتەسکیان بۆ جیهانی دەرەوەی خۆیان هەیە. بۆ وێنە، حیزبی کوردی هەیە، کە ئەندامەکانی فێرکراون کە تەنیا خۆیان بە کورد بزانن و ئەوانی دیکەش بە سووتاو و دەرەوەی بازنەی تێکۆشان پێناسە بکەن. ئەندام و ڕێبەرەکانی بەشێک لە حیزبی کۆمۆنیست یان سۆسیالیستە کوردەکان تەنیا خۆیان بە ڕاست دەزانن و سۆسیالیزم و کۆمۆنیزمی سەرتاسەری دونیا بە هەڵە و لینگاوقوچ دەزانن. ئیسلامییەکان لە سەر هەمان ڕێباز دەڕۆن و تەنیا خۆیان و سەرکردەکانیان بە شاسواری ئەو مەیدانە دەزانن. ئەگەر لە گۆڕەپانی حیزبایەتی بپەڕینەوە، لە عەشیرەت، زاراوە، مەزهەب و ئایین و تەنانەت بوارەکانی دیکەی کۆمەڵگەی کوردەوار ئەو شێوازە هێشتا بەگوڕە. بە واتایەکی دیکە، ئەو یەکتر نەفرین کردن و خۆپەسەندکردنە لە تانوپۆی کولتوری ئێمەدا هەیە و بە ئاسانی واز لە مرۆڤەکان ناهێنێ و هەر نەوەیەی بە جۆرێک بەرهەمی دێنێتەوە.
لە سەر هێڵی بەرژەوەندی نەتەوەیی دەتوانین باس لەوە بکەین، کە بژاردەی کۆمەڵگە، تاک، حیزبی سیاسی، سیاسەتکار و هونەرمەند لە هیچ پارچەیەکی کوردستان دژ بە ویست و داخوازە ڕەواکانی کورد جوڵە نەکات و هەڵوێست نەگرێت. ئەگەر ئەوە بکەینە بنەمای لە بێژینگدانی پارتە سیاسییەکان و بژاردەی کۆمەڵگەی کوردەواری ژمارەکان لە پارتە سیاسیی و سەرکردەکانیان وەک مانگی سەر لە ئێوار دیارن. بۆ وێنە حیزبی سیاسی، سیاسەتکاری کورد و سەرۆکی حیزب هەیە، کە باوەڕی وایە، کە کورد لە ڕۆژهەڵات کێشەی نییە! لە لایەکی دیکە، درووشم و قسەی مێدیایی زۆر بڕ ناکات و کردەوە سەنگی مەحەکە. ئەگەر حیزبەکان بە درووشم ئۆتۆنۆمی خواز بن و بە کردەوە خزمەت بە پرسی نەتەوەیی بکەن، کاریکی باشیان کردوە و لە سەر هێڵی بەرژەوەندی نەتەوەیی دەڕۆن. ئەگەر پارتێک یان حیزبێک بە درووشم سەربەخۆخواز بێ، بەڵام بە کردەوە هەرجارە بارگە و بنە لە یەکێک لە دەوڵەتە سەردەستەکان بخات، بێگومان لە هێڵەکە لادەدات. لە ڕوانگەی بەرژەوەندیی نەتەوەیی یان هێڵی بەرژەوەندی نەتەوەیی شەڕی یەکترکردن و پەنابردن بۆ دوژمن نە دیپلۆماسییە نە کوردایەتی. لە باشترین حاڵەتدا ئەگەر هێزە کوردییەکان بە کردەوە پشت و پەنای یەکتر بن و لە گەڵ دوژمن سیاسەت و دیپلۆماسی بکەن، ئەمە ڕێبازێکی جوانە. بە گوێرەی ڕووداوە مێژووییەکان بەداخەوە کوردەکان و پارتە سیاسییەکانیان، نەتەوە و دەوڵەتە سەردەستەکانیان بۆ ناخەڵەتێندرێن و ناچارن باجی زۆرتر لە سەر هەڵە و خەیانەتەکانیان بدەن.
ئەمڕۆ کاتیەتی، کە لە قۆناخی خەباتی ڕزگاریخوازانەدا تاریفێکی تایبەتمان بۆ حیزب هەبێ. حیزبەکانی ئێمە زۆربەیان بۆ وڵامدانەوە بە ویستی کۆمەڵگا دانەمەزراون. حیزبایەتی لە وڵاتی کوردان پڕۆژەیەکی تاکەکەسی، تاقمی یان چەند مرۆڤە کە زیاتر بۆ مەبەستی تایبەت وەگەڕ دەخرێن. بەو شێوازە نە گەل ڕزگار دەکرێ و نە مافەکانی دەستەبەر دەبن. ئەگەر حیزب هەر لە ماڵ و لە نێو خزماندا ناوی هەبوو، ئەوە لە ڕێکخراوێکی کۆمەڵایەتی یان بنەماڵەیی دەچێ و ناکرێ بە حیزب بە ئەژمار بکرێ. ئەگەر کولتوری حیزبایەتی لە کوردستاندا گۆڕا، ئەو کات ٤ حیزب یان دوو حیزبت بە یەک ناو نابێ و بەشێک لە کێشەکان چارەسەر دەبن. حیزبەکان لە بەرنامە و ئەساسنامەی خۆیاندا، سیاسەت و ڕێبازی سیاسەتکارەکانیاندا و هەروەها بەشی ڕاگەیاندندا لە سەر خۆیان دەدوێن. ئەوانە بەشێکن لە وێنەکە، بەڵام کردەوە و تێکۆشانی ڕۆژانە و ساڵانەیان دەرخەری ڕاستەقینەی جۆری حیزبایەتیەکەیانە. ئەگەر ناسنامەی تێکڕاییمان تەواو بێ و لە جۆلانە و ڕەنگگۆڕین ڕزگارما ببێ، حیزبە کوردییەکان بە چەپ و ڕاستەوە دەتوانن لە سەر هێڵی نەتەوەیی بن و لە کوردستاندا دشداشە بۆ گەرمای سەعودیی لەبەر نەکەن و چەتەر بۆ بارانی مۆسکۆ هەڵنەدەن. بێجگە لەوە، بۆ ڕێبەرانی دەوڵەتە داگیرکەرەکان و سەرەزلەکانیان لە هەولێر، سلێمانی، کرماشان، دیاربەکر، قامیشلو و هتد. فرمێسکی تیمساحی نەڕێژن.
بەشێک لە حیزبەکان لەو هێڵە نیزیکن و ژمارەیەک دوورن. ژمارەیەک لە سیاسەتکارەکان بەرهەمی سەردەمی خۆیانن و ڕەنگە نەتوانن لە جیهانی خۆیاندا لە سەر پرسیارە سەرەکییەکانی ژیاندا خۆیان ساغبکەنەوە. بۆ وێنە، ئەمن یان ئێمە کێین و چمان دەوێ؟ زۆربەی سیاسەتکارەکان لە جیهانی حیزبایەتیی و هەروەها بنەماڵەیی یان تاکایەتی خۆیاندا نوقوم بوون و بیر لە چەمکە سەرەتاییەکانی سیاسەت ناکەنەوە. ئەوان بە قەپانی خۆیان سیاسەت دەکێشن و شەڕی ساردی نێوان بلۆکی ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵات بە شەڕ لە سەرما و بەفری قەندیلدا دەشوبهێنن! زمان ناسنامەی ئێمەیە و کوردبوون نابێ تەنیا بۆ ئاستی درووشم و قسە دابەزێنین. خەڵکی ئێمە و تاکەکان لە کۆمەڵگەدا دەرفەتی ئاشنایەتی لە گەڵ حیزبایەتی ئازاد و کوردایەتیان لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا پێنەدراوە، بۆیە ئەوانیش لەو نێوەدا ئەرکی گەورە و گرانیان دەکەوێتە سەرشان. سیاسەتی سەرکزکردن دادی هیچ نەتەوەیەکی نەداوە. کوردستان ژینگە و جۆغڕافیای سەرکی تێکۆشانە. بەرژەوەندیی نەتەوەیی، ڕێبازی نەتەوەیی، هێڵی بەڕژەوەندی نەتەوەیی و سەرکەوتنی مانادار لە جەرگی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا باڵا دەکەن. سیاسەتکاری کورد پێویستە شارەزای زمان، مێژوو و جۆغڕافیای کورد و ئەوانی دیکە بێ و لە مەیدانی سیاسەتدا بە ناوی دیپلۆماسی و کولتوری ناوچەوە بازبازێن و خەتخەتێن نەکات. تاکی کورد و خەڵکی کورد دەتوانن ئەو هاوکێشەیە بگۆڕن و ڕێگای گەیشتن بە ئازادیی و مافەکان بە جەرگەی خەڵکدا تێدەپەڕێ.