‍ بەیاننامەی خوێندکارانی زانکۆی پەیام‌نووری مەریوان بۆ شەرمەزارکردنی دەستدرێژیی تورکیا بۆ سەر عەفرین

0
643

خوێندکارانی زانکۆی پەیامی نووری مەریوان، دەستدرێژیی سەربازیی تورک بۆ سەر خاکی کوردستان لە عەفرینیان مەحکووم کرد.

ڕۆژی کورد:  خوێندکارانی زانکۆی پەیامی نووری مەریوان، لە ڕاگەیێندراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ ناوەندی ڕۆژی کورد نێردراوە، داوا لە کۆمەڵگەی ناودەوڵەتی دەکەن، هەرچی زووتر کۆتایی بە دەستدرێژیی سەربازیی تورکەکان بۆ سەر خاکی کوردستان لە عەفرین بهێنێ و دەشڵێن، ئەو شەڕە هیچ دەستکەوتێکی تر جیا لە قەیراناویتر کردنی دۆخی سووریە و ناوچەکەی بەدواوە نابێ.

دەقی ڕاگەیێندراوەکە:

عەفرین بە پێچانەوەی کۆبانی، کە کەوتە بەر هێرشی داعش و وێران کرا، لەو شارانەیە کە لە شەڕی نێوخۆی سووریادا ساغ مایەوە. بەڵام لە زستانی ئەمساڵدا، ئەرتشی فاشیزم و شەڕخوازی تورکیا بە مەبەستی کۆمەڵکوژیی کورد و وێرانکردنی ئەم شارە، بە تۆپ و دەبابە و فڕۆکە، هێرشی کردووەتە سەر عەفرین و دەیەوێت کاری ناتەواوی داعش، تەواو بکات! ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە کە تورکیا چراسەوزی لە ڕووسیا و ئامریکا وەرگرتووە و بە واتایەکی تر، کۆمەڵکوژییەکی دیکە بەڕێوەیە کە نەتەوەیەکگرتووەکان لەهەمبەریدا بێدەنگن و چاوەڕوانی کارەساتێکی مرۆیی دیکەن. بەڵام بەو جۆرەی کە کۆبانی نەڕووخا، بەدڵنیاییەوە عەفرینیش ناڕووخێت و ئەردوغان ڕووڕەشتر لە جاران، لەهەمبەری کۆمەڵگای مرۆییدا سەر شۆڕ دەکاتەوە و کورد حەماسەیەکی نوێ لەهەمبەری دڕندایەتی و فاشیزمدا دەخوڵقێنێت.

لە ئێستادا کە تورکیا هیوایەکی بە داعش و گرووپە تیرۆریستییەکان کە دەستپەروەردەی خۆیانن، نەماوە، خۆی دەستبەکار بووە و ئەمجار ڕاشکاوانە ڕووخساری ڕاستەقینەی خۆی پیشان دەدات. بە بومبارانکردن و کوشتنی خەڵکی سڤیل و بێتاوان و وێرانکردنی شارێک کە هیچ مەترسییەکی بۆ سەر وڵاتەکەی نییە، باڵادەستی داعشی لێداوە. بەڵام بە دڵنیاییەوە ئۆپراسیۆنی چڵی زەیتوون، سەرشۆڕییەکی تر بۆ تورکیا و “ئاکەپە” بەجێ دەهێڵێت؛ هەرچەند کوردیش زیان دەبینێت، بەڵام سەرکەوتن هەر بۆ کوردە کە گەورەترین و کاریگەرترین هێز بووە بۆ لەنێوبردنی داعش، داعشێک کە پەلامارەکانی لە تەواو جیهاندا بینرا و لە بنەگوێی کورددا بووە.

ئێمە وەکوو خوێندکارانی زانکۆی پەیام‌نووری مەریوان وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆمان بۆ ڕوودانی کارەساتێکی تری مرۆیی، ئەم دەستدرێژییەی تورکیا بە توندی شەرمەزار دەکەین و خوازیاری بەدیهاتنی ئەم خاڵانەی خوارەوەین:

۱- ڕاوەستانی خێرای ئەم شەڕە نابەرابەرە لە لایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە کە جگە لە قەیراناوی‌کردنی شەڕ لە ناوچەکە، هیچ دەستکەوتێکی تری نابێت.
۲- هاتنەدەنگی کۆمەڵگای جیهانی بۆ بەرەنگاری لە کۆمەڵکوژییەکی دیکە کە تورکیا ئەمجار ڕاستەوخۆ سەرپرشتیی دەکات و کورد ئامانجیەتی.
۳- ڕژانە سەرشەقامی کوردانی هەموو جیهان بۆ هاودەنگی لەگەڵ خەڵکی سڤیلی عەفرین، کە ئامانجی سەرەکیی ئەرتشی فاشیزمی تورکیان.
٤- مەحاکەمەکردنی ئەردوغان، کە هەموو بەڵگەکان بە ڕوونی پیشاندەری پشتیوانی ئەون لە تیرۆریزم.
٥- ئیدانەکردنی ئەم هێرشەی ئەردوغان بۆ سەر خاکێکی تر کە دەستدرێژیی نێونەتەوەیی دێتەئەژمار، لە لایەن هەموو جیهانەوە.

خوێندکارانی زانکۆی پەیام‌نووری مەریوان
٥ی ڕێبەندانی ۲۷۱۷ی کوردی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.