سەربەخۆیی و دیمۆکراتیزاسیۆن

0
290

نووسین و ئاماده‌كردنی : ڕامبۆد لۆتف پووری

سه‌ربه‌خۆیی و دیمۆكراتیزاسیۆن
بێگومان هەردووکیان پێویستن ، کورد هەم دەبێ کیان و دەوڵەتی سەربەخۆی هەبێ و هەم خاوەنی سیستمێکی ئازاد و دیمۆکراتیک بێت. باشترین دۆخ ئەوەیە هەردووکی پێکەوە هەبن بەڵام ئەگەر نەکرا ئەولەوییەت بە کامیانە؟ لەمێژساڵە کورد خەباتی رزگاریخوازانە بۆ بەدەستەوە گرتنی چارەنووسی خۆی دەکات کەچی مخابن هەر جارە بە هۆیەک خەباتەکەی هەرەسی هێناوە و ناچار بووە سەرلەنوێ دەست پێ بکاتەوە. هەندێک جار هەلی سەربەخۆیی رەخساوە بەڵام بە هۆی ئامادە نەبوونی هەندێک یا یەکێک لەم مەرجانەی خوارەوە بە ئامانج نەگەیشتوە:
۱:هوشیاریی نەتەوەیی خەڵک و ئامادەیی سیاسیی کۆمەڵگا
۲:هەبوونی رێبەریی کارامە و زانا
۳:هەلی مێژوویی و لەبار بوونی هەلومەرجی نێودەوڵەتی
هەرجارە کە جووڵانەوەی رزگاریخوازانەی کورد شکستی هێناوە ماوەیەکی زۆر و بگرە زیاتر لە بیست تا سی ساڵی خایاندوە کە بتوانێ بناغەی سەرهەڵدانێکیتر دابنێت. هەمو ئەم شۆڕشانەش تێچوویەکی گیانی و ماڵیی زۆریان بۆ کورد و کوردستان هەبووە . کەواتە دەبێ ئێستا و لەم سەردەمی زانیاری وهوشیارییەدا بەو ئاکامە گەیشتبێتین کە ناکرێ چیتر ئەم هەلە دەگمەن و پڕتێچووانە بە ئاسانی و لە پێناو هیچ بابەتێکیتردا بەفێڕوو بدرێن. ئەمە لە لایەک و لە لایەکیتریش پێشمەرجی هەرچەشنە گەشە( توسعە )یەک دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی و سەربەخۆیە ، کەواتە ویستی گەشەی سیاسی و دیمۆکراتیزاسیۆنیش بە بێ بوونی دەوڵەت وەک خواستی چێ کردنی نهۆمی دووهەمی خانوویەکە کە ئێستا نهۆمی یەکەمی ناتەواوە یا هەر لە جێدا دروست نەکراوە.
ئەم بابەتە بۆ گەشەی ئابووریش وەڕاست دەگەڕێ، کە دەوڵەتی خۆت نەبوو چۆن دەتوانی بناغەکانی ئابووریت بەهێز بکەی و کەرتە جیاوازەکانی ئابووری پێش بخەی و بە گشتیی ستراتێژیی ئابووریی نەتەوەیی بنیاد بنێیت؟ مەبەست لەم بابەتە دەرخستنی ئەو راستییەیە کە لە نێوان سەربەخۆیی و دیمۆکراتیزاسیۆندا ئەولەوییەت بە سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەییە. وەک باسم کرد خەباتی رزگاریخوازانە گەلێک پڕ تێچوو و هەلەکانی سەرکەوتنیشی زۆر دەگمەنن کەواتە نابێ لە پێناو هیچ شتێکیتردا قوربانی بکرێت. گەشەی سیاسی و دیمۆکراتیزاسیۆنی کوردستان بە پلەی یەکەم پێویستی بە دامەزراندنی دەوڵەت هەیە ، ئینجا ئەگەر دەوڵەتی کوردی دامەزرا و دیمۆکراتیکیش نەبوو شتێکی ئەوتۆمان نەدۆڕاندوە. خۆ ئێمە ئێستا لە ژێر سێبەر و دەسەڵاتی داگیرکەراندا لە کەشێکی ئازاد و دیمۆکراتیکدا ناژین کە پەرۆشی لە دەستچوونی دیمۆکراسی و ئازادییەکەی ئێستامان بین.
لە دەسەڵاتێکی نادیمۆکراتیکی کوردی و خۆماڵیدا رەنگە سەبارەت بە ئازادییە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکانمان کێشەمان هەبێت و زەختمان لە سەر بێت بەڵام لانیکەم چیتر ئاریشەی شوناسمان نابێ و لە بەر کورد بوون تووشی کوشتن و زیندان و ئاوارەیی نابین. ئەمە لە خۆیدا هەنگاوێکی بۆ پێشەوەیە. جگەلەوەش کاتمان بۆ خەباتی دیمۆکراسیخوازی لە بەردەستدا دەبێ و دەتوانین لە رێگای ریفۆرم یا تەنانەت شۆڕشیشەوە بە ئاراستەی پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی دیمۆکراتیکدا هەنگاو هەڵێنین. هیچ نەتەوەیەک هەتا ئێستا لە جیهانی سێهەمدا نەبووە کە پێش دامەزراندنی کیانی سەربەخۆ و گەیشتن بە سەروەریی سیاسی و دەوڵەتی نەتەوەیی توانیبێتی پڕۆژەی گۆڕانی دیمۆکراتیک پێش یا سەر بخات.
لە دۆخی ژێردەستەییدا ، نەتەوەی ژێر دەست لە پێکهێنانی سیستمی سیاسیدا بکەری سەرەکی نیە بەڵکوو دەبێتە پاشکۆی ئەو سیستمەی داگیرکەر کاری پێدەکات. تەنانەت هەڵبژاردنی شێوازی خەباتی رزگاریخوازانە یا ئازادیخوازانەکەشی دەبێتە جۆرێک پەرچەکرداری هاوچەشن لە میکانیزمەکانی تەعامولی داگیرکەر. بۆ نموونە ئەگەر گاندی لە هیندوستاندا خەباتی ناتوندوتیژ و مەدەنی هەڵدەبژێرێ سەرەکیترین هۆکاری ئەوەیە کە لە گەڵ داگیرکەر و دوژمنێک بەرەوڕوویە کە بریتانیایە و پڕەنسیپەکانی دیمۆکراسیی قبووڵ کردووه‌. بەڵام بێگومان ئەم میتۆدە قەت بۆ کورد وڵامدەر نەبووە و نابێت ، چوونکە داگیرکەرانی هەر چوار پارچەی کوردستان تا سەر ئێسقان دڕندە ، دیکتاتۆر و نادیمۆکراتیکن ، کەواتە کورد ناچار بووە دەست بۆ چەک و خەباتێکی توندوتیژ بەرێت.
لە کەشی وەها خەباتێکیشدا بیر کردنەوە لە دیمۆکراتیزاسیۆنی کۆمەڵگایەک کە هیچ کۆنتڕۆڵێکیشت بەسەریدا نیە تەواو نالۆژیکی و وەک ئارەزوویەکی عارفانەیە. بۆیە گاندی ئەگەر توانی تا رادەیەک هاوکات لە گەڵ خەباتی رزگاریخوازانە پارێزەری بەها دیمۆکراتیکەکان بێت و بەستێن بۆ دامەزراندنی سیستمێکی دیمۆکراتیک لە هیندستاندا خۆش بکات ، لە راستیدا پارێزگاریی لەو بەها و سیستمە کرد کە داگیرکەری بریتانیا هێنابوویە هیندستانەوە. بەڵام ئێمەی کورد لە ژێر دەسەڵاتی ئەم داگیرکەرە دڕندانەدا دەبێ هاوکات لە گەڵ خەباتی رزگاریخوازانە هەوڵ بۆ پاراستنی کام کولتوور و سیستمی دیمۆکراتیک بدەین؟
دیارە ئەمە بەو واتایە نیە کە ئێمە واز له‌ سیاسەت و دروشمە دیمۆکراتیکەکەنمان بێنین، بێگومان ئەوانە بەشێک لە پێناسە و رەوایی خەباتەکەمانن ، بەڵکوو وەک لە سەرەتادا ئاماژەم پێ کرد مەبەستم تێگەیشتن لەم پێویستییەیە کە ئەلەوییەت بە چیە؟ بێگومان پێشخسنی پڕۆژەکانی رزگاری و ئازادی پێکەوە دۆخی ئایدیال و باشترە بەڵام ئەگەرنەکرا دەبێ سەرەتا هەموو هێزەکانمان لە سەر پڕۆژەی رزگاری و گەیشتن بە دەوڵەتی نەتەوەیی خۆمان چڕ بکەینەوە. چونکە ئەمە بەشێکی سەرەکی لە ئاریشە و تێچووەکانمان بۆ کەم دەکاتەوە و بەستێنی خەبات بۆ گەیشتن بە ئازادی و دیمۆکراسیشمان بۆ خۆش دەکات. بۆ نموونە ئێستا لە دوو بەشی کوردستان واتە باشوور و رۆژئاوا هەلومەرجەکانی سەربەخۆیی زیاتر لە هەموو کاتێکیتر لەبارە و لە هەر دوو پارچەدا دەسەڵاتێکی دیفاکتۆی کوردی بوونی هەیە، ئەم دەسەڵاتانەش بە هەموو کەموکۆڕییەکانییانەوە بەڵام دەسەڵاتگەلێکی سەرەڕۆ نین و لە بەراورد لە گەڵ زۆربەی هەرەزۆری وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناڤین دیمۆکراتیکتر و کراوەترن. راستە هەموو پارامێترە دیمۆکراتیکەکانیان لە خۆ نەگرتووە بەڵام پێشیان نامۆ نین و نیمچە دیمۆکراسییەکیان تێدا بەدی دەکرێ. کەواتە ئێستا و لەبەردەم ئەم هەلە مێژووییەدا سەرەکیترین ئەرکی حیزب و دەسەڵاتدارانی ئەم دوو پارچەیەی کوردستان هەوڵدان بۆ قۆستنەوەی ئەم هەلە و چەسپاندنی مافە نەتەوەییەکانی کورد لەم دوو پارچەیە لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی سەربەخۆدایە. بێگومان کردەوە و لێدوانی هەر حیزب و لایەنێکی کوردیش لە ژێر هەر بیانوویەکدا کە پێچەوانەی ئەم ئاراستەیە بێت و رێگا بۆ لە بارچوونی ئەم هەلە خۆش بکات بە بێ ئەملاوئەولا دەچێتە خانەی خەیانەتەوە و راست خزمەت بە مانەوەی دەسەڵاتی داگیرکەر دەدات. هەر حیزب و لایەنێک کە بەرد بخاتە سەر ئەم رێگایە بەرپرسیارەتیی خوێنی نەوەکانی داهاتووی (كە رەنگە لە پێناو خەباتی رزگاریخوازانەدا بڕژێت) دەکەوێتە سەرشان و شەرمەسارییەکی مێژوویی بۆ خۆی تۆمار دەکات.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.