دەسبەسەرکرانی هەواڵنێری ڕووسی لە تاران بە دەستی هێزەکانی سۆپای پاسدارن

0
936

ڕۆژی کورد :
لە چەند ڕۆژی ڕابردوو دا خاتوو “یوولیا یووزیک” خانمە هەواڵنێری بە ڕەگەز ڕووسی لە تاران پێتەختی وڵاتی ئێران بە تاوانی سیخۆڕی بۆ ئیسرائیل دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا. باڵوێزخانەی ڕووسیە سەرقاڵی تاوتوێکردنی وردەکارییەکانی ئەم بابەتەیە.

باڵوێزخانەی ڕووسیە لە تاران ڕایگەیاندووە کە ڕۆژنامەنووسێکی ئەم وڵاتە بە تاوانی سیخۆڕی بۆ ئیسرائیل لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی سۆپای پاسدارانی ڕژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کراوە. ماڵپەڕی هەواڵنێری ئێسپۆتینکی ڕووسیە بە ئاماژە پێدان بەوەی کە ناوی خانمە ڕۆژنامەنووسەکە یوولیا یۆزیکە نووسیویەتی : باڵوێزخانەی ڕووسیە لە تاران سەرقاڵی تاوتوێکردن و لێکۆڵینەوەی وردەکارییەکانی ئەم بابەتەیە. ئەم ماڵپەڕە بە پێی نووسراوێکی لاپەڕەی فەیسبووکی رۆژنامەوانی “بووریس ویتسکزۆفسکی” نووسیویەتی ئەم خانمە ڕۆژنامەوانە چەن ساڵ پێش ئێستا وەکوو هەواڵنێری لە ئێران کار و چالاکی کردووە و لە ئێستادا بە پێی بانگهێشتێت گەڕابووەوە بۆ ئەو وڵاتە. ئەم ڕۆژنامەوانە هەروەها زیادی کرد کە لە فڕۆکەخانەی ئێران پاسپۆرتی ناوبراویان لێ وەرگرتووە و بڕیاریان پێداوە لە کاتی گەڕانەوەی بۆ وڵاتەکەی پاسپۆرتەکەی پێ بدرێتەوە، بەڵام دواتر هێزە ئەمنیەتییەکانی سۆپای پاسداران هێرشیان کردووەتە سەر هوتێلی نیشتەجێبوونی ئەو خانمە و دەرگای ژوورەکەیان بە سەردا شکاندووە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕایانگواستووە. بە پێی وتەکانی ویتسکزۆفسکی، ئەم خانمە ڕۆژنامەوانە بڕیار وایە ڕۆژی شەممەی حەوتووی داهاتوو لێکۆڵینەوەی لێبکرێت و ئەگەری ئەوە هەیە لە گەڵ بڕیاری دادوەری بە سزای ١٠ ساڵ بەندکران بەرەوڕوو ببێتەوە.
ناوەندی هەواڵنێری ئاسۆشۆیتێدپرێس ڕۆژنامەوان “بووریس ویتسکزۆفسکێ” وەکوو هاوسەری پێشووی خانمە ڕۆژنامەوان یووزیک ناو بردووە.
لە کاردانەوەیەکی دیکەدا، کانوونی ڕۆژنامەنووسانی ڕووسیە خوازیاری زیاتر ئاشکراکردنی وردەکاری تاوانەکان بۆ سەر خاتوو یوولیا یووزیک بووە و بەرپرسی کانوونی ڕۆژنامەنووسانی ڕووسیە لەو پێوەندییەدا باسی ئەوەی کردووە و وتوویەتی لەوانەیە دەسبەسەرکرانی خانمە ڕۆژنامەوانی ڕووسی لە پێوەندی لە گەڵ ڤیزا و سەفەری ناوبراو بۆ وڵاتی ئیسرائیل بووبێت کە لە سەر پاسپۆرتی ناوبراو دەرکەوتووە.

یوولیا یووزیک خانمە ڕۆژنامەوانی ڕووسی کە هاوکات بۆ چەندین ناوەندی ڕاگەیاندنی ڕووسی کار دەکات حەوتووی ڕابردوو بە بڵاوکردنەوەی چەن وێنە و ڕاپۆرتێک لە سەفەری خۆی بۆ ئێران لە سەر هەژماری ئینستاگرامی خۆی باسی لەوە کردبوو کە لەوەی کە لە ئێرانە زۆر دڵخۆشە. پێویستە ئاماژەی پێ بدرێت کە تا ئێستا بەرپرسانی ڕژیمی ئێران هیچ کاردانەوەیەکیان لە مەڕ ئەو هەواڵە نەبووە.















سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.