دووی ڕێبه‌ندان ساڵرۆژی دامه‌زرانی كۆماره‌ خنجیلانه‌كه‌ی كوردستان له‌ مه‌هاباد

0
1735
هه‌واڵنێر و ڕۆژنامه‌نووس :
ئه‌مین خه‌واله

ئاماده‌ كردن و لێكۆڵینه‌وه‌ : ئه‌مین خه‌واله
له‌ مێژووی هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌كدا ڕۆژانێكی مێژوویی هه‌یه‌ كه‌ وه‌بیر هێنه‌ره‌وه‌ی ئازایه‌تیی و سه‌مبۆلی خۆڕاگری و شۆڕش و به‌رخۆدانی ئه‌و گه‌له‌ دژی داگیركه‌ر و كۆتایی به‌ ژێرده‌سه‌ڵاتی و سه‌ربه‌خۆیی یه‌گجاره‌كی ئه‌و گه‌له‌یه‌ و له‌ گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی زه‌مه‌ن و كاته‌كان ئه‌و ڕۆژانه‌ و بیره‌وه‌رییه‌كانیان له‌ مێژوودا وه‌كوو ئۆستووره‌یه‌ك ده‌مێننه‌وه‌ و هه‌رگیز له‌ یاد ده‌رناچن.
ڕۆژی ٢ی ڕێبه‌ندان بۆ گه‌لی كورد و نه‌ته‌وه‌كه‌مان وه‌بیرهێنه‌ره‌وی مێژوویه‌كی شكۆدار و قاره‌مانییه‌تی پێشه‌وای نه‌مر قازی مۆحه‌ممه‌د و هاوڕێیانیه‌تی كه‌ له‌ وه‌ها ڕۆژێك دا ٧٤ ساڵ پێش ئێستا دامه‌زراندنی كۆماری كوردستانیان به‌ فه‌رمیی له‌ شاری مه‌هاباد سه‌ر به‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ڕاگه‌یاند و ناوی یه‌كه‌م حكوومه‌تی كوردی و یه‌كه‌م ده‌سه‌ڵاتی كوردییان بۆ هه‌میشه‌ به‌ ناوی پیرۆزی خۆیانه‌وه‌ گرێ داو و مێژوویه‌كی پر شانازییان بۆ خۆیان و نه‌ته‌وه‌كه‌یان تۆمار كرد.
هاوكات له‌ گه‌ڵ كۆتایی هاتنی شه‌ڕی دووهه‌می جیهانی و مانه‌وه‌ی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كان و له‌ سه‌رووی هه‌موویانه‌وه‌ یه‌كیه‌تیی سۆڤییه‌ت له‌ وڵاتی ئێران و ده‌وروبه‌ری، سه‌ره‌تاكانی پاییزی ساڵی ١٣٢٤ی هه‌تاوی پێشه‌وای نه‌مر به‌ پشتیوانی یه‌كیه‌تیی سۆڤییه‌ت و كۆماری ئازه‌ربایجان كۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی كوردی له‌ مه‌هاباد دامه‌زراند و ته‌نیا ٥ مانگ دوای دامه‌زرانی كۆمه‌ڵه‌ی ژێكاف له‌ ڕێكه‌وتی ٢ی ڕیبه‌ندانی هه‌مان ساڵ پێشه‌وا قازی مۆحه‌ممه‌د هاوڕێ له‌ گه‌ڵ حه‌مه‌حسه‌ین خانی سه‌دری قازی و ئه‌بۆلقاسم سه‌یفی قازی ئامۆزاكانی به‌ فه‌رمیی دامه‌زرانی كۆماری كۆردستانیان له‌ شاری مه‌هاباد ڕاگه‌یاند و له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا هه‌موو شار و شارۆچكه‌كانی كوردستانیان هێنا ژێر فه‌رمانی حكوومه‌ته‌ خنجیلانه‌كه‌ی كوردستان و ئاڵای كوردستان له‌ هه‌موو شاره‌كانی كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات شه‌كاوه‌ و به‌رز كراوه‌. نه‌مر قازی مۆحه‌ممه‌د هه‌ر له‌و ماوه‌ كورته‌دا زۆر خزمه‌تی به‌رچاوی به‌ فه‌رهه‌نگ و كولتوور، گه‌شه‌ی ئابووری ناوچه‌كه‌، پێوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی كوردستان له‌ گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ، زانست و ته‌كنۆلۆجیا و زۆر بۆاری ئه‌ده‌بی و هۆنه‌ری به‌ نه‌ته‌وه‌كه‌ی كرد و ناوی كورد و خاكی كوردستانی بۆ هه‌میشه‌ له‌ مێژووی دونیادا تۆمار كرد.
پێشه‌وای نه‌مر قازی مۆحه‌ممه‌د به‌ بانگهیشت كردنی مه‌لا مسته‌فای بارزانی و هاوڕییانی و بنه‌ماڵه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی بارزانی بۆ مه‌هاباد و به‌خشینی پله‌ی ژه‌نه‌راڵی كوردستان بۆ نه‌مر مه‌لا مسته‌فای بارزانی سنووره‌كانی كوردستانی له‌ ڕۆژهه‌ڵاته‌وه‌ بۆ هه‌موو پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان گواسته‌وه‌ و به‌ دروشمی برایه‌تی گه‌لان دۆستی خۆی بۆ نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی ئه‌و كاتی بنده‌ستی ئێران سه‌ڵماند و هه‌موو لایه‌نه‌كانی وه‌كوو دۆستی نزیكی خۆی له‌ ده‌وری یه‌ك كۆكرده‌وه‌. به‌ داخه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی یه‌كیه‌تیی سۆڤییه‌ت و ڕووخانی كۆماری ئازه‌ربایجان به‌ ڕێبه‌رایه‌تیی پیشه‌وه‌ری و هاتنی هێزه‌كانی سۆپای ئێران بۆ مه‌هاباد و پشت تێكردنی هه‌موو دراوسێكانی كۆماری كوردستان ته‌مه‌نی كۆماره‌ خنجیلانه‌كه‌ی كوردستان دوای ١١ مانگ كۆتایی پێهات و قازی مۆحه‌ممه‌د و ئامۆزاكانی له‌ مه‌یانی چوارچرای شاری مه‌هاباد له‌ دار دران و شه‌هید كران و ده‌سه‌ڵاتی كۆماری كوردستان جارێكی دیكه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ ده‌ست هێزه‌كانی سۆپای شای ئێران و ده‌سه‌ڵاتداره‌ دیكتاتۆره‌كانی به‌ڵام ناوی كورد و كۆماری كوردستان بۆ هه‌میشه‌ له‌ مێژووی پرشه‌نگداری كوردستان تۆمار كرا و یاد و ناوی كۆمار تا ئێستاش هه‌روا به‌ گه‌وره‌یی ماوه‌ته‌وه‌ و وه‌كوو چرایه‌كی گه‌ش ئه‌دره‌وشێته‌وه‌.
له‌ مێژووی نه‌ته‌وه‌ی كورد دا هه‌موو كات خه‌یانه‌ت و ناكۆكی بنه‌ماڵه‌ی گه‌وره‌ی كورد تۆمار كراوه‌، مخابن له‌ گه‌ڵ دامه‌زرانی كۆماری كوردستان به‌ ڕێبه‌رایه‌تیی قازی مۆحه‌ممه‌د له‌ شاری مه‌هاباد و ڕاگه‌یاندنی كۆماری كوردستان به‌ فه‌رمیی زۆر له‌ سه‌رۆك عێله‌كانی دێهبۆكری، مه‌نگۆڕ، شكاك و موكری له‌ شاره‌كانی بۆكان و ده‌وروبه‌ری دژایه‌تیی كۆماری كوردستان و نه‌مر قازی مۆحه‌ممه‌دیان كرد و ژێر ده‌سه‌لاتی ئاڵای كوردستانییان قه‌بووڵ نه‌كرد، به‌ڵام هاوكات زۆر عه‌شیره‌ت و خێڵی دیكه‌ وه‌كوو عه‌شیره‌تی فه‌یزۆڵابه‌یگی له‌ ده‌وروبه‌ری شاری سه‌قز پشتیوانی چاكییان له‌ كۆمار كرد و بۆ خزمه‌ت به‌ مانه‌وه‌ی یاد و ناوی كۆماری كوردستان و په‌ره‌ئه‌ستاندنی كۆمار له‌ هه‌موو هه‌وڵێك درێغییان نه‌كرد و له‌ مێژووی پرشه‌نگداری كۆماری كوردستان به‌ ڕاستی ئازایانه‌ دره‌وشانه‌وه‌ و به‌ به‌خشینی ١١ شه‌هید ته‌نیا له‌ ناو بنه‌ماڵه‌ی خۆیاندا ناوێكی به‌رزیان بۆ خێڵ و عه‌شیره‌ته‌كه‌یان تۆمار كرد و تا دوایین ساته‌كانی ته‌مه‌نی كورتی كۆمار پشتیوانی په‌یڕه‌و و و فه‌رمانه‌ نێوخۆییه‌كانی كۆماری كوردستان و حیزیی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران بوون.
به‌ ڕووخانی كۆماری كوردستان و شه‌هید كرانی قازی مۆحه‌ممه‌د و هاوڕێیانی ته‌مه‌نی كۆمار كۆتایی پێ نه‌هات و چراكانی دامه‌زرانی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران نه‌كوژانه‌وه‌ و دواتر به‌ ڕێبه‌رایه‌تیی ڕێبه‌ری بلیمه‌ت و زانای كورد شه‌هید دوكتۆر عه‌بدولره‌حمان قاسملوو كه‌ له‌ كاتی دامه‌زرانی كۆماری كوردستان وه‌كوو به‌رپرسی ڕێكخراوی یه‌كیه‌تیی لاوان ئیش و چالاكییه‌كانی خۆی ده‌ست پێكردبوو، حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران بووژایه‌وه‌ و زیندوو كرایه‌وه‌ و ناوبراو وه‌كوو سكرتێری گشتیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی ئه‌و حیزبه‌ی ته‌یار و له‌ ده‌وری یه‌ك كۆكرده‌وه‌ و جارێكی دیكه‌ گیانێكی نوێی به‌خشی به‌ یاد و ناوی كۆماری كوردستان و وه‌كوو شاگردێكی به‌ ئه‌مه‌گی پێشه‌وای نه‌مر ڕێگا و یادی كۆماری به‌رده‌وام كرد و تا دوایین ساته‌كانی ته‌مه‌نی وه‌فادار مایه‌وه‌ به‌ ڕێبازی كۆماری و ڕێبه‌ر و پێشه‌وای و تا دوایین دڵۆپه‌كانی خۆێنی و به‌خشینی گیانی له‌ خۆڕاگری و خه‌بات هه‌دای نه‌دا و بۆ خزمه‌ت به‌ نه‌ته‌وه‌كه‌ی زۆر ئازایانه‌ ڕاوه‌ستا تا له‌ ئاكامدا له‌ ڕێكه‌وتی ٢٢ی پووشپه‌ڕێ ساڵی 1368ی هه‌تاوی له‌ سه‌ر مێزی وتووێژ له‌ گه‌ڵ دیپلۆماته‌ تێرۆریسته‌كانی ڕژیمی جه‌نایه‌تكاری كۆماری ئیسلامی له‌ ڤییه‌ن پێته‌ختی وڵاتی ئۆتریش گیانی خۆی به‌ گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كه‌ی به‌خشی و شه‌هید كرا.
ساڵێك دوای تێرۆری دوكتۆر قاسملوو مێژوو دووپات كرایه‌وه‌ و جێگری دوكتۆر قاسملوو و سكرتێری گشتی ئه‌و كاتی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران دوكتۆر سادق شه‌ره‌فكه‌ندی له‌ رێستورانتی میكۆنۆس له‌ وڵاتی ئاڵمان شه‌هید كرا و جارێكی دیكه‌ش كۆماری ئیسلامی ئێران مێژووی تێرۆری بۆ خۆی و سیسته‌مه‌ تێرۆریسته‌كه‌ی دووپات كرده‌وه‌.
كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات تا ئێستاش هه‌موو ساڵێك ڕۆژی ٢ی ڕیبه‌ندان وه‌كوو ڕۆژێكی نه‌ته‌وه‌یی به‌رز و به‌ڕێز ڕاده‌گرن و یادی ئه‌و ڕۆژه‌ مه‌زنه‌ به‌ ئاهه‌نگ گێڕان و هه‌ڵپه‌ڕكێ و مووسیقا و وتنه‌وه‌ی وانه‌كانی كۆماری كۆردستان زیندوو ده‌كه‌نه‌وه‌ و ناو و یادی كۆماری كوردستانییان له‌ چوارچێوه‌ی كوردستان و وڵاتانی ده‌وروبه‌ری گواستووه‌ته‌وه‌ بۆ وڵاته‌ ڕۆژئاواییه‌كان و ئامریكای لاتین و ئێستا هه‌موو مرۆڤیكی ئازادیخواز و دێمۆكرات ڕۆژی ٢ی ڕیبه‌ندان و ناوی كۆماری كۆردستانی بیستووه‌ و به‌ ڕێزه‌وه‌ ناوی ئه‌و كۆماره‌ ده‌هێنێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

بابەتی پێشووكۆتایی تێرۆریستێك و كه‌ڵك وه‌رگرتنی ئێران له‌ ناوی وه‌كوو ئۆستووره‌ و سه‌مبۆلێك
بابەتی دواترسه‌رۆك كۆماری ئیسرائیل خوازیاری ده‌سپێكردنه‌وه‌ی وتووێژی ڕاسته‌وخۆی ئاشتی نێوان ولاته‌كه‌ی و فه‌له‌ستین بوو

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.