لە دووهەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی خەڵاتی ئەحمەد کایا بە سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی زیندانیکراوی پارتی دیموکراتی گەلان بەخشرا.
بەپێی زانیارییەکان، ڕاپۆرتی لێژنەی داوەرانی دووهەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی خەڵاتی ئەمساڵی “ئەحمەد کایا”یان بەهۆی “هەوڵی ماندوونەناسانەی بۆ ئاشتی و هەڵوێستە سیاسی و دیموکراتیکەکان” بە سەلاحەدین دەمیرتاش سیاسەتوانی کوردی باکووری کوردستان و هاوسەرۆکی “هەدەپە” بەخشی.
لەبەر ئەوەی کە ئێستا دەمیرتاش لە زیندانە، خەڵاتەکەی بە نوێنەرایەتی لە دەمیرتاش، بە نادر یێڵدرم جێگری هاوسهرۆکی هەدەپە درا.
لە میانەی ئەو فێستیڤاڵەدا چەندین خەڵات بە کەسایەتییە ناسراو و هەڵکەتووەکانی کورد لە بوارەکانی هونەر، سیاسەت، فەرهەنگ، ئەدەبیات، سینەما و دەبەخشرێ.
دووهەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی رۆژی یەکشەممەی ئەو حەوتوویە بە درۆشمی “فەرهەنگی پێکەوەژیان” لە تالاری هونەری شاری سلێمانی بە نمایشدانی فیلمی “خانووی پەمەیی” دەستی پێکرد و بڕیارە بۆ ماوەی ٧ ڕۆژ بە نمایشدانی ١٧٦ فیلم لە ١٠٦ وڵات بەردەوام بێ.
سەرچاوە: کوردستان و کورد