حیزبەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان

0
848

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

 

حیزبەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بەو حیزب و ڕێکخراوە سیاسیانە دەگوترێ کە لە ناوخۆ یان لە دەرەوەی ڕۆژھەڵاتی کوردستان (ئێران) خەباتی سیاسی و یان چەکداری لە پێناو مافەکانی گەلی کورد لە ڕۆژھەڵات دەکەن. بەھۆی ئەوەی ھەبوونی حیزبی سیاسی کوردی لە چوارچێوەی ڕژیمی ئێراندا ڕێگەی پێ نەدراوە، نزیک بە تەواوی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە دەرەوەی ڕژھەڵاتی کوردستان کار و چالاکی دەکەن و خەباتی خۆیان بە شێوەی نەھێنی لە نێو ڕۆژھەڵاتی کوردستان درێژە پێ دەدەن.[١][٢][٣]

حیزب، ڕێکخراوە و پارتە سیاسییەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان

ڕێکخراوە و پارتە سیاسییەکان یان چەکدارییەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بریتین لە:[٤][٥][٦]

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، حدکا

لێپرسراوی گشتی حدکامستەفا ھیجری

– حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٢٤ی ھەتاوی لەسەر بناغەی کۆمەڵەی ژێ کاف دامەزرا، ڕێبەر و سەرکردەکانی حدکا بریتی بوون لە:

– پێشەوا قازی محەممەد کە لەلایەن ڕژیمی پاشایەتی لە ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٢٦ی ھەتاوی لە سێدراە درا.

– شەھید ئەحمەد تۆفیق کە گومان لەسەر چۆنییەتی شەھید بوونی ھەیە.

– شەھید د. عەبدوڕڕەحمان قاسملوو کە ڕێکەوتی ٢٢ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٨ی ھەتاوی لەسەر مێزی وتووێژ و دانوستان بە مەبەستی چارەسەرکردنی پرسی کورد لە ئێران لەلایەن ڕژیمی تارانەوە لە ڤییەنی پایتەختی ئۆتریش تیرۆر کرا.

شەھید د، سادق شەڕەفکەندی کە بۆ کۆبوونەوە سەردانی بێرلینی ئاڵمانی کردبووە لە ڕێستوورانی میکۆنۆس لەلایەن تیرۆریستانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە تیرۆر کرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ دامەزرانی سیستمێکی دێموکرات و فیدراڵ لە ئێران خەبات دەکا و خۆی وەک پارتێکی کوردستانی و ئێرانی پێناسە دەکا.

دروشم: پێکھێنان و دامەزرانی حکوومەتێکی دێموکرات و فیدراڵ بۆ سەرجەم نەتەوەکانی ئێران و ھەروەھا پێکھێنانی کۆمەڵگایەکی دێموکرات و سوسیالیستی بۆ کوردستان

ماڵپەڕ kurdistanmedia.com

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

سکرتێری گشتی: عەبدوڵڵا موھتەدی

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران حیزبێکی سیاسیی چەپی ڕۆژھەڵاتی کوردستانە.

ڕێکەوتی ٢٦ی ڕێبەندانی ١٣٥٧ی ھەتاوی چالاکی ئاشکرای خۆی لە تۆی ڕاگەیاندنێک ڕوو لە خەڵکی کوردستان، لەژێر ناوی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران دەستپێکرد.

ئەو حیزبە ساڵی ٢٠٠٠ لە کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران جیا بۆوە.

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بۆ بە دەستھێنانی مافی کرێکاران و ڕەنجدەرانی کوردستان و ھەروەھا مافی نەتەوایەتیی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران خەبات دەکا.

کۆمەڵە تا ئێستا چەندین جار تووشی لێکدابڕان و ئینشعاب هاتووە و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بە ڕێبەریی عومەر ئیلخانیزادە دوایین جیابوونەوە لە کۆمەڵە بووە.

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بۆ دامەزرانی سیستمێکی دێموکرات و فیدراڵ لە ئێران خەبات دەکا و خۆی وەک پارتێکی کوردستانی و ئێرانی پێناسە دەکا.

دروشم: پێکھێنان و دامەزرانی حکوومەتێکی دێموکرات و فیدراڵ بۆ سەرجەم نەتەوەکانی ئێران و ھەروەھا پێکھێنانی کۆمەڵگایەکی دێموکرات و سوسیالیستی بۆ کوردستان.

ماڵپەڕ http://www.komala.org/

حیزبی دێموکراتی کوردستان، حدک

سکرتێری گشتی: خالد عەزیزی

حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٢٤ی ھەتاوی لەسەر بناغەی کۆمەڵەی ژێ کاف دامەزراوە و دێسامبری ساڵی ٢٠٠٦ لە حدکا جیا بووەتەوە.

حیزبی دیموکراتی کوردستان، حیزبێکی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی و دێموکراتە، کە وڵاتپارێزان و ئازادیخوازانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە ڕیزەکانی خۆی دا کۆ دەکاتەوە.

حدک حیزبێکی سێکولارە و بروای بە جیایی دین لە دەسەڵاتی سیاسی ھەیە.

ئامانجی حیزبی دێموکراتی کوردستان وەدیھێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستانە.

دروشمی ستراتیژیکی حیزبی دێموکراتی کوردستان دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە چوارچێوەی ئێرانێکی دێموکراتیکی فیدڕاڵدایە.

خۆی وەک پارتێکی کوردستانی و ئێرانی پێناسە دەکا.

ماڵپەڕ https://kurdistanukurd.com/

سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران

سکرتێری گشتی: کاک بابە شێخ حوسێنی

سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران یەکێکە لە ھیزە ناسراوەکانی کوردستانی ئێران کە لە ساڵی (١٣٥٩)ی ھەتاوی لەسەر دەستی مامۆستا شیخ جەلال حسێنی دامەزرا.

سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران دەستەبەرکرانی مافی دیاریکردنی چارەنووسی پێ پەسەندە، بەڵام لە ئێستادا دەستەبەرکرانی خودموختاری لەچوارچێوەی ئێرانێکی دیموکراتیک و پارڵمانی بە ڕەوا دەزانێ.

سازمانی خەباتی کوردستان، باوەڕی وایە کە ئایینی پیرۆزی ئیسلام وەک یەکێک لە سەرچاوەکانی قانوون دانان کەڵکی لێ وەرگیرێ و دەبێ مافی ئەدیان و بیروبۆچوونەکانی دیکە لە کوردستان لە بەرچاو بگیرێ.

سازمانی خەبات لە شووڕای میللی موقاومەت دایە و لە ڕیکخراوی موجاھیدین نزیکە.

دروشمی ڕووخانی ڕژیم یەکێک لە دروشمە سەرەکی و نەگۆڕەکانی سازمانی خەباتە.

جارێک تووشی ئینشعاب هاتووە و ڕێکخراوی خەباتی شۆڕشگێڕی کوردستانی لێ جیا بۆتەوە.

ئامانج: دامەزراندنی حکوومەتێکی ھەڵبژێردراو، خودموختار و دیموکراتیک و پارلمانی لە کوردستانی ئێران.

دروشم :تا ستەمم لەسەرە رِێی خەباتم لەسەرە (پەژار)

ماڵپەڕ http://www.sazmanixebat.org/

پارتی ئازادیی کوردستان (پاک)]

فەرماندەی گشتی: حوسێن یەزدانپەنا

پارتی ئازادیی کوردستان کە لە ساڵی ١٩٩١ تا کۆنگرەی یەکەمی بە ناوی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستانەوە لە خەبات دابووە ، درێژەدەری تێکۆشانی ڕابردووی نەتەوەکەمانە بۆ ئازادیی و سەربەخۆیی کوردستان تێدەکۆشێ.

پارتی ئازادیی کوردستان ڕاماڵینی سەر لەبەری ھێز و دامودەزگای دەوڵەتی ئێران لە کوردستان و وەدیھێنانی سەرەوەریی نەتەوەیی و ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان و داگرتنی ئاڵای داگیرکەر و ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە ھەموو خاکی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بە ئەرکی سەرەکی و لە پێشی خۆی دادەنێ.

پارتی ئازادیی کوردستان لەسەر دامەزراندنی بەریەکی یەکگرتووی کوردستانی لەسەر بنەمای وەدەسھێنانی مافی دیاری کردنی چارەنووس لە ڕێگای ڕێفراندۆمێکی گشتیی ئازادەوە، پێداگرە.

لە پارتی دێموکراتی کوردستان نزیکە و ھەندێ لایەن بە لقێک لە پارتی بۆ ڕۆژھەڵاتی کوردستانی دەزانن.

دروشم: لەپێناو دامەزراندنەوەی کۆماری کوردستان

ماڵپەڕ: https://www.pazadik.net/

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

سکرتێری گشتی: عومەر ئیلخانی زادە

ڕێکەوتی ٢٦ی ڕێبەندانی ١٣٥٧ی ھەتاوی چالاکی ئاشکرای خۆی لە تۆی ڕاگەیاندنێک ڕوو لە خەڵکی کوردستان، لەژێر ناوی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی

ئێران دەستپێکرد.

ئەم حیزبە لە ئینشعاب لە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران پێکھاتووە.

بۆ بە دەستھێنانی مافی کرێکارانی کوردستان و ھەروەھا مافی نەتەوایەتیی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران خەبات دەکا بۆ دامەزرانی سیستمێکی دێموکرات و فیدراڵ لە ئێران خەبات دەکا و خۆی وەک پارتێکی کوردستانی و ئێرانی پێناسە دەکا.

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان حیزبێکی سیاسیی چەپی ڕۆژھەڵاتی کوردستانە.

ئامانج: ڕوخاندنی ڕژیمی کۆنەپەرەستی ئیسلامی ئێران و بەدیھێنانی عەداڵەت و یەکسانی و بەرابەری دادپەروەری بۆ کوردستان

ئیدئۆلۆژی: سۆسیالیزم

ماڵپەڕ http://www.komala.com/

بزووتنەوەی سەربەخۆیی خوازانی کورستان

سەرۆکی گشتی: جەماڵ پوورکەریم

بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کورستان، گۆڕەپانی خەباتەکەی لە چوارچێوە و جوگڕافیای ڕۆژھەڵاتی کوردستان دایە و لەژێر دروشمی ئازادی و سەربەخۆیی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستانی داگیرکراو لەلایەن ئێرانەوە، خەبات دەکا.

لە ڕوانگەی مافی دیاریکردنی چارەنووس، وەک مافێکی نێونەتەوەیی ھەوڵ بۆ سڕینەوە و وەدەرنانی داگیرکەر دەدا و ئامانجی سەرەکی گەیشتنە بە سەربەخۆیی کوردستان.

بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان لە ڕۆژھەڵات، ھەموو شێوەکانی خەبات لە بەرگری مەدەنییەوە تا بەرگری چەکدارانە بە مافی ڕەوا و بێ ئەملاو ئەولای بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان دەزانێ و ھەوڵی بۆ دەدا.

بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کورستان باوەڕی بە جوگڕافیایەک بە ناوی ئێران نییە و لەو باوەڕە دایە کە ئەو جوگڕافیایە دەستکردە و لەسەر خاکی نەتەوەکانی دیکە بنیات نراوە و ھەروەھا نەتەوەیەک بە ناوی ئێرانی، بێ مانایە و تەنیا بە مەبەستی سڕینەوەی شوناسی نەتەوەیی نەتەوەکانی غەیرە فارس ساز کراوە.

بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان بۆ ئەو خاکە خەبات دەکا کە لەلایەن ئێرانەوە داگیرکراوە و بریتییە لە ئوستانەکانی ئیلام، کرماشان، سنە، ورمێ، لوڕستان و چوار مەحاڵی بەختیاری و بەشێک لە خوراسانی باکوور و شاری کرماشان وەک پایتەختی دەوڵەتی کوردستان پێشنیار دەکا.

لە ڕۆژی ٩ی جەنیوەری ٢٠٢٢ لە گەڵ سێ حیزب و لایەنی دیکە هاوپەیمانیەکیان لە ژێر ناوی هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان پێکهێنا.

ماڵپەڕ https://www.kurdnation.com/

https://www.rojikurd.net/

https://bsk.kurdhsk.com/

کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

دەبیری یەکەم: سەید برایم عەلیزادە

کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانە و لە ڕاستیدا لقی چەکداریی ئەو ڕێکخراوەیە و ساڵی ١٩٦٧ دامەزراوە.

باوەڕی بە سیستمی فیدراڵی و مانەوە لە چوارچێوەی ئێران دا ھەیە.

لە کۆمەڵە دا چەندین جیابوونەوە ڕوویداوە

مێژوو: دامەزرێنەرانی سەرەکیی کۆمەڵە بریتی بوون لە سێ گەنجی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چاوە (کوڕی ئیمامی جومعەی مەریوان) و فواد مستەفاسوڵتانی (کوڕی خانی ئاڵمانە) و سدێق کەمانگەر (مالکێکی کامیارانی) بوون.

تا ساڵی ١٩٧٨ ژمارەی ئەندامەکانی ئەم لایەنە گەشتبوو بە ٤٨ کەس لە مەریوان و ١٠٠ کەس لە سنە.

ئەم گرووپە خۆیان بە ناوی شیرین بەھارە بە بیروڕای مائۆئیستی دەناساند.

لە سەقز، محەممەدحسێن کەریمی ڕێکخراوێکی بە ناوی یەکێتی جووتیاران دامەزراند کە لەگەڵ ئایینییەکان و بنەماڵەی شێخەکان پێوەندییەکی باشی بوو.

بنەماڵەی حسێنی کە شێخ عیزەدین حسێنی (ئیمامی جومعەی مەھاباد) و شێخ جەلال حسێنی (لە بانە) لە گەورەکانیان بوون دوای کوژرانی محەممەدحسێن کەریمی لە ٢٦ی ڕێبەندانی ١٣٥٧ لە پادگانی سەقز بوون بە کەسایەتییە سەرەکییەکانی ئەم ڕێکخراوە.

شێخ عیزەدین بوو بە ڕێبەری ئەم ڕەوتە.

لە یەکگرتنەوەی سێ گرووپی ڕێکخراوی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشان و شیرین بەھارە و یەکێتی جووتیاران لە ساڵی ١٩٧٩ دا (١٣٥٧) حیزبی کۆمەڵە بە ڕێبەریی شێخ عیزەدین حسێنی دامەزرا.

ئایدۆلۆژیا: کۆمۆنیزم، مارکسیزم

ماڵپەر https://komalah.org/

ڕێکخراوی یاری کورد و یارسان

ڕێبەری گشتی: عەلی فەزڵی کەواڵی

ڕێکخراوی یاری کورد ساڵی ٢٠١٠ لەلایەن کۆمەڵێک لە چالاکانی سیاسیی یارسانییەوە بە مەبەستی داکۆکی و پشتیوانی لە ئایینی یارسان و وەستانەوە بەدژی ئەو زوڵم و زۆرانەی لەلایەن ڕژیمی ئێرانەوە دەرحەق بەو کەمینە ئایینە دەکرێ، دامەزراوە.

ئەو ڕێکخراوەیە، ڕێکخراوێکی ئایینی و نەتەوەیییە و لەو باوەڕە دایە کە گەلی کورد و ئایینی یاری دوو شتی لێک گرێدراون و لێک جیا نین.

یاری کورد باوەڕی بە سەربەخۆیی گەلی کورد ھەیە و لەو باوەڕە دایە کە ئایینی یاری ئایینێکی بە ڕەچەڵەک کوردییە.

ڕژیمی ئێران جیا لەوەی دان بە ئایینی یاری دا نانێ، چالاکان و باوەڕمەندانی ئەو ئایینە زیندانی، شکەنجە و ئێعدام دەکا.

ئایینی یاری یەکێکە لە ئایینە پیرۆزەکانی گەلی کورد

ماڵپەرhttps://yarikurd.kurdhsk.com/

ڕێکخراوی کوردی کورمانجی خۆراسان

وتە بێژ و سکرتێری گشتی: ئافراسیاب شکوفتە

ڕێکخراوی کوردی کورمانجی خۆراسان، ساڵی ٢٠٠٩ دەستی بە چالاکی کرد.

سەرەتا وەک ڕێکخراوێکی فەرھەنگی خۆی پێناسە کرد و زیاتر کاری کلتووری بەڕێوە دەبرد، لە کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ دا کرا بە ئەندام و چالاکیی سیاسی دەستپیکرد.

باوەڕی بەمانەوەیە لە چوارچێوەی ئێران و دامەزرانی سیستمیکی فیدراڵ بۆ کوردەکانی خۆراسان.

ناوەند و بنکەی سەرەکییەکەی لە وڵاتی بریتانیایە.

کوردەکانی کورمانجی خۆراسان لە شار و گوندەکانی سەر بە باکووری خوراسانی ڕەزەوی و خوراسانی باکوور نیشتەجێن.

شارە گرینگەکانی قووچان، نەیشابوور، شیروان، بجنوورد، ئەسفەراین، فارووج، ئاشخانە، چناران، کەلات و دەرگەز، شوێنی نیشتەجێ بووونی کوردەکانی خوراسانە.

لە گەورەترین تایفەکانی کوردانی خوراسان دەکرێ ئاماژە بە تووپکانلوو، قارەمانلوو، زەفەرئانلوو، بیچرانلوو، ئیزانلوو، قاچکانلوو، شادلوویی، ئیسماعیلی و ڕەجەبیان و … بکەین.

ماڵپەڕhttps://kurmanj.org/

پارتی سەربەستیی کوردستان

سەرۆکی گشتی: عارف باوەجانی

لە ٢٨ی ڕێبەندانی ٢٧٠٥ی کوردی و ١٧ی شوباتی ٢٠٠٦ زایینی، وەک پارتێکی نەتەوەیی و سەربەخۆخوازی کوردستانی، دامەزراوە وھەوڵ بۆ پێکھێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ و دیمۆکرات لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان دەدا.

پارتی سەربەستیی کوردستان” نیشتمانی کورد بە ھەموو پارچەکانییەوە بە یەک وڵات و نەتەوەی کوردیش بە یەک نەتەوە دەناسێ، ئەو سنوورانەش کە خراونەتە نێوان بەشەکانی کوردستان و بە ڕواڵەت لەتیان کردووە، بە دەستکردی داگیرکەر وسنووری زۆرەملییان دادەنێ و بە ڕەسمییەتیان ناناسێت، بەڵام لەم ھەلومەرجە ناسکەدا، پاڕتی سەربەستیی کوردستان بەپێێ چەندین ھەڵسەنگاندنی ڕامیاری (سیاسی) وستراتیژیکی ڕۆژ لە ناوچەکەدا، خەبات وتێکۆشانی ئێستای تەرخان دەکات بۆ بەشی داگیرکراوی ڕۆژھەڵاتی کوردستان، واتە کوردستانی بندەستی ڕێژیمی ئێران.

پارتی سەربەستیی کوردستان، بەگوێرەی توانا لە تێکۆشانی ھەموو بەشەکانی داگیرکراوی کوردستان پشتیوانی دەکات.

پارتی سەربەستیی کوردستان لە جووڵانەوەی شۆڕشگێڕی و دیمۆکراتیکی و ئازادیخوازیی سەرانسەری گەلانی بندەستی ئێران پشتیوانی دەکات.

پارتی سەربەستی کوردستان ماوەی ١٤ ساڵە لە لایەن سەرۆکی گشتی ئەو پارتە عارف باوەجانی بەڕێوە دەچێ.

جارێک تووشی ئینشعاب هاتووە و سێ کەس لە هاوڕێیانی ڕێبەری لەو پارتە جیا بوونەوە و پارتێکی نوێیان بە ناوی پارتی سەربەستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دامەزراند.

ماڵپەڕ https://www.psk2006.org/kurdish/

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)

ھاوسەرۆکەکان: سیامەند موعینی و زیلان ڤەژین

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) حیزبێکی سیاسیی چەپگەرایی ئاپۆیستە کە ساڵی ٢٠٠٤ دامەزراوە و لە ڕۆژھەڵاتی کوردستاندا چالاکی دەکا.

پژاک ئەندامی کۆنفیدراسیۆنی دیموکراتیی کوردستانە (کۆما چڤاکێن کورستان – KCK)، کە ھاوپەیمانێتییەکی گرووپە ئاپۆیستە کوردەکانە.

پژاک لقی پەکەکە یە بۆ کوردستانی ڕۆژھەڵات و بۆ خۆی خاوەن سەربەخۆیی سیاسی نییە لە بڕیاردان دا.

ھەر بەم ھۆیەوە ھیچ کام لە حیزبەکانی ڕۆژھەڵات بە ڕەسمی ناناسن و تەنانەت پێوەندییەکانیان تەنیا لەگەڵ پەکەکە چر کردووەتەوە و کەمتر لایەنێک ھەیە کە لەگەڵ پژاک دانیشتن و کۆبوونەوە بگرێ.

باوەڕی بە کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک ھەیە و لەسەر بناغەی ئاپۆیزم و سوسیالیزم دامەزراوە

ماڵپەر https://pjak.eu/

بزووتنەوەی کۆماریخوازی ڕۆژھەلاتی کوردستان

سکرتێری گشتی: مستەفا شەمامی

بنەمای فیکری و فەلسەفییەکانی بزووتنەوە، لەسەرئەم خاڵانە دامەزراوە:

ئازادیی و عەداڵەت، / کۆمارییەت و دەسەڵاتی خەڵکگەشەسەندن و ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتییەکان / ئاشتی و ئاسایش، و ھاۆژینی بەئاشتی.

ئامانجی ئیستراتیژیکی بزووتنەوە: دەستەبەرکردنی سەروەری سیاسی و نەتەوەیی، واتە دابینکردنی مافی دەسەڵاتی سیاسیی بۆ نەتەوەکەمان لە رۆژھەڵاتی کوردستان، بەئامانجی ئیستراتیژیکی بزووتنەوە پێناسەدەکرێ.

ئەو مافە لەسەر بنچینەو بناخەی «مافی دیاریکردنی چارەی خۆنووسین، لە شکلی موومکینی خۆێدا» و لەچوارچێوەی ڕێئالیزمی سیاسی و ھەلومەرجی سەردەم چەقدەبەستێ.

(مەبەست لە شکڵی موومکین و گونجاوی مافی دیاریکردنی چارەنووس، قۆستنەوەی دەرفەت و ھەلومەرجی گونجاوە، بەچەشنێک کە ڕەخسێنەری دەستەبەربوونی مافی چارەی خۆنووسین لە یەکێک لەو چوار شێوازانەدا دەبێ، کە ھەرکامیان بەگوێرەی ھەلوومەرجی سەردەم، شکلێک لە سەروەری سیاسی و ئاست و ڕادەی دەسەلاتی خۆبەرێوەبەری گەلان تاریف و پێناسە دەکەن.

ئەو چوار شێوازە بریتین لە: ١. خودگەردانی ٢. ئوتۆنۆمی. ٣. فێدراڵی. ٤. سەربەخۆیی .

بزووتنەوە باوەڕی بە وتووێژ و دانوستان و مانەوە لە چوارچێوەی سیستمی دەسەڵاتدارێتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران ھەیە و لەو پێوەندییە دا و گومان لەسەر ئەوەی کە ھاوکاریی ڕژیمی ئێران دەکا لە باشووری کوردستان بۆ ماوەیەک سکرتیر و بەرپرسی بزووتنەوە لە دەستبەسەری دابوو.

ماڵپەڕ http://www.komarixwaz.com/ku/

ڕێکخریاێ دەموکراتیک یارسان

وتە بێژ: ئەمیر سەلیمی

ڕێکخراوی دێموکراتیکی یارسان ڕێکخراوێکی سیاسیی سەربەخۆیە و داکۆکی لە مافی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خاڵکانی یارسانی لە ئێران و عێڕاق دەکا.

دروشمی ئەو ڕێکخراوە: ئازادی، یەکسانی، ئاڕمانی یارسانی یە.

ساڵی ٢٠٠٧ دامەزراوە و باوەڕی بە پلۆرالیسمی سیاسی و دامەزرانی نیزامێکی سێکۆلار و دێموکرات لە ئێران دا ھەیە.

ئامانجەکانی ئەو ڕێکخراوە لە ١٢ بەند و ماددە گونجێندراوە کە بریتین لە: بەڕێوەبردنی بڕیارنامەکانی مافی مرۆڤی جیھانی، بەڕیوەبردن و ئیدارە کردنی ناوچە ئیتنیکییەکان لەلایەن خەڵکی ئەو ناوچانەوە، جیایی دین و دەوڵەت و نەبوونی ئایینیک وەک ئایینی ڕەسمی، خوێندن بە زمانی زگماکی و ھەروەھا بوونی نوێنەرانی یارسانی لە پارلمانی یاسا دانەر و …

ئەو ڕێکخراوە بە شێوەی ئاشتیخوازانە و پێبەند بە پلۆرالیسمی فەرھەنگی و سیاسی خۆی بە ھاوپەیمانی ڕەوتە ئازادی خواز و دێموکراتە کوردستانی و ئێرانییەکان دەزانێ.

ماڵپەڕ http://www.yarsanmedia.org/ku/

پارتی سەربەخۆیی کوردستان

سکرتێری گشتی: ئەمیر قازی

لە ساڵی ١٩٩٠ لەسەر بنەمای سەربەخۆییخوازی بۆ کوردستان دامەزراوە.

ئامانجی سەربەخۆیی کوردستان و دامەزرانی دەوڵەتی نەتەوەیی کوردستانە.

پارتی سەربەخۆیی کوردستان لەو باوەڕە دایە کە: کورستان وڵاتێکە بەپێی نە خشە ی ئیمپریالیستی دوای جە نگی جیھانی یە کە م داگیر ودابە ش کراوە.

ئە وداگیر و دابە ش کردنە لە شێواز و فۆرمی سەربازی، سیاسی، ئابووری و فە ڕ ھە نگییە و بەرچاوە ولە ڕێگای ڕژیمە داگیر کەرەکانی تورکیا، ئێران، عێراق و سووریە و ھەتا ئێستەش درێژەی ھەیە.

کوردستان یک وڵات و کورد یک نەتەوەیە.

ئەم سنوورە دەستکرانەی ھەنووکیی بە فەڕمی ناناسین.

خەبات لە کوردستاندا، خەباتی ڕزگاریخوازی یەکجارییە وناکۆکی سەرەکی ناکۆکی بەینی نەتەوەی کورد و داگیر کەرانی کوردستانە.

خە باتی ڕزگاریخوازی نەتەوەی کورد، خەباتێکە ئینسانی، ئازادی خواز، دیموکراتیک و پێشکەوتوو، خەباتێکی یەکسانیخوازە دژ بە دواکەوتویی وکۆنە پەرەستی و چەوسانەوەی ئینسان بە دەستی ئینسان.

پارتی سەربەخۆیی کوردستان لە ئیستا دا ھیچ چەشنە چالاکییەکی نییە.

ماڵپەر: https://www.pskurdistan.com/

یەکێتیی دێموکراتیکی کوردستان

سکرتێری گشتی :عوسمان جەعفەری

یەکێتیی دیمۆکراتیکی کوردستان یان YDK ڕێکخراوێکی سیاسییە کە ساڵی ٢٠٠٥ دامەزراوە و ئامانجە سەرەکییەکانی خۆی ھەوڵ دان بۆ تێپەڕبوون لە سیستەمی دین سالاری دەسەڵاتداریی ئێران و چارەسەری کێشەی کورد و لە ناو بردنی کاریگەرییەکانی سیستەمی فیۆداڵی و پێشخستنی ژیانێکی ئازاد و دیمۆکراتیک لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ھەوڵ بۆ دەستەبەر کردنی ماف و ئازادییەکانی ھەموو چینە کۆمەڵایەتییەکان و پێشخستنی پەیوەندی و یەکێتیی دیمۆکراتیک لەگەڵ گەلی کوردی نیشتەجێی پارچەکانی دیکەی کوردستان و ھەوڵ و تێکۆشان بۆ پەیوەندی ئازادانە لە نێوان گەلانی ئێران بە گونجاو دەزانێ.

یەکێتیی دیمۆکراتیکی کوردستان باوەڕی بە مانەوە لە چوارچێوەی ئێران و خەبات بۆ ئێرانێکی دێموکرات و فێدراڵە.

ئەو پارتە لە یەکێتی نیشتمانیی کوردستان نزیکە و لە شاری سلێمانی بنکە و بارەگای هەیە.

ماڵپەڕhttp://www.ydkurd.org/

پارتی لیبراڵ دێموکراتی کوردستان

وتەبێژ: محەممەد جەمشیدی

«پارتی لیبراڵ دێمۆکراتی کوردستان» لە ڕێکەوتی ٠٦ی تەممووزی ٢٠٠٩ دامەزراوە و پاش لێکترازان و پەرتەوازە بوونی ئەندامانی ڕێبەری لە ئێستا دا ھیچ چەشنە چالاکییەکی سیاسی نەماوە.

چەندین جار بەشێک لە ئەندامانی ڕێبەرییان ھەڵوەشانەوە و تێکەڵبوونیان بە لایەنێکی کوردستانی ڕاگەیاندووە و دواتر ئەندامێکی ڕێبەریان ڕەتی کردووەتەوە کە پێوەست بە لایەنی دیکەوە بووبن.

لە ئێستا دا هیچ چالاکییەکیان نییە.

ماڵپەڕ http://www.rojhelatnews.com/

یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان

ڕێبەری گشتی: ڕۆستەم ئەڵماسی

ئەو ڕێکخراوە تا ئێستا چەندین جار ھەڵوەشاوە ڕاگەیەندراوە و وتراوە کە لەگەڵ حیزب و لایەنی دیکەی کوردستانی تێکەڵ بووە، بەڵام ھەر جارە یەکێک لە ئەندامانی ئەو ڕێکخراوە لەژێر ھەمان ناو دا درێژە بە کار و چالاکی دەدا و ڕایدەگەیەنێ کە ڕێکخراوەکە بەردەوامە.

لە ئێستا دا بەشێکیان تێکەڵ بە پارتی ئازادیی کوردستان بوون و بەشێکیان تێکەڵ بە ڕێکخراوی یاری کورد بوون.

کەسی یەکەمی ئەو ڕێکخراوەیە واتە سمکۆ یەزدانپەنا چەندین جار تێکەڵبوونەوە و جیابوونەوەی لە پارتی ئازادیی کوردستان ڕاگەیاندووە. ئەو لقەی یەکێتی شۆڕشگێڕان، ئێستا لەگەڵ ڕێکخراوی یارسانیی یاری کورد ھاوپەیمانە و وەک یەک حیزب چالاکی دەکەن.

لە ڕۆژی ٩ی جەنیوەری ٢٠٢٢ لە گەڵ سێ حیزب و لایەنی دیکە هاوپەیمانیەکیان لە ژێر ناوی هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان پێکهێنا،

ماڵپەر https://yshk.kurdhsk.com/

ڕێکخراوی خەباتی شۆڕشگێڕی کوردستان

ڕێبەری: عەبدوڕڕەحیم مەعریفەتی

ڕێکخراوی خەباتی شۆڕشگێڕی کوردستان، ساڵی ١٣٥٩ی ھەتاوی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان وەک ڕێکخراوێکی ئایینی، نەتەوەیی دامەزراوە.

ئەو ڕێکخراوە لە ئەنجامی لێکترازانی ڕیزەکانی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران دروست بووە و لە پاش لێک جیابوونەوە تووشی نسکۆ بووە و بە کردەوە چالاکییەکی بەرچاو و شیاوی ئاماژەی نەماوە.

ماڵپەڕ http://www.khabat.org/News/

تەڤگەری ڕزگاریخوازانەی دێموکراتیکی کوردستان

ڕێبەری و بەرپرسی گشتی: مێهران میرزاییان

تەڤگەری ڕزگاریخوازانەی دێموکراتیکی کوردستان، جووڵانەوەیەکی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.

لە لایەن کۆمەڵێک لە چالاکانی سیاسیی دەڤەری ماکۆ، خۆی و سەڵماس و ورمێ دامەزراوە .

باوەڕی بە سەربەخۆیی کوردستان هەیە و پێی وایە تاکە ڕێگەی ئازادی و سەربەخۆیی لە ڕێگەی خەباتی چەکداریەوە مسۆگەر دەبێ.

لە ڕۆژی ٩ی جەنیوەری ٢٠٢٢ لە گەڵ سێ حیزب و لایەنی دیکە هاوپەیمانیەکیان لە ژێر ناوی هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان پێکهێنا،

ماڵپەڕ: https://trdk.kurdhsk.com/

هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان

هێز و لایەنە سەربەخۆییخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و نووسینەوە و داڕشتنی دەستوور و بەرنامە و پێڕەوی هاوپەیمانی، توانرا هاوپەیمانیی سەربەخۆییخوازانی کوردستان HSK پێک بێ.

لە ڕێکەوتی ٩ی ژانویەی ٢٠٢٢ی زایینی و بە بەشداریی حیزب و لایەنە سیاسیەکانی کورد و بیانی و هەروەها بە بەشداریی میدیاکار و ڕۆژنامە نووسان کۆنفڕانسی ڕۆژنامەنووسی و راگەیاندنی هاوپەیمانی بەڕێوە چوو.

لەو هاوپەیمانییە دا بڕیار دراوە کاری هاوبەش(( سیاسی،نیزامی، ئەمنیەتی، میدیایی)) ، بەیان و گوتاری هاوبەش ، پێوەندی و لۆبیگەریی هاوبەش و کار بۆ پڕۆژەی هاوبەش بکرێ .

پێکهێنەرانی هاوپەیمانی لەو باوەڕە دان کە بەم چەشنە دەتوانن ببین بە ئادرەسێکی بە هێزی سەربەخۆییخوازی چ لە ناوخۆی ڕۆژهەڵات و کوردستان ، چ لە ئاستی دەرەوە بۆ دیالۆگ و لۆبیگەری و تەنانەت دانیشتن لە گەڵ دژبەرانی ڕژیمی ئێرانی و هەروەها هەوڵدان بۆ پێکهێنانی بەرە لە گەڵ سەرجەم هێز و لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

حیزب و لایەنەکانی پێکهێنەری ئەو هاوپەیمانییە بریتین لەم چوار لایەنە:

١ ڕێکخراوی یارسانیی یاری کورد

٢ یەکێتیی شۆڕشگێڕانی کوردستان

٣ تەڤگەری ڕزگاریخوازانەی دێموکراتیکی کوردستان

٤ بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان

پاش پێکهێنانی هاوپەیمانی لە لایەن ئەندامانی ئەو چوار لایەنە لە ڕێگەی دەنگدان و هەڵبژاردنەوە ١٧ کەس وەک ئەندامی ڕێبەریی گشتی هەڵبژێردران .

دواتر لە کۆبوونەوەی ڕێبەریی گشتی دا ٥ کەس وەک دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێردران کە بریتین لەو کەسانە:

ڕۆستەم ئەڵماسی

مێهران میرزایی

عەلی فەزڵی کەواڵی

جەماڵ پوورکەریم

سەردار وەلەدبەیگی

پاشان لە لایەن دەستەی سەرۆکایەتییەوە بە کۆی دەنگ جەماڵ پوورکەریم وەک سەرۆکی هاوپەیمانی بۆ ماوەی یەک ساڵ هەڵبژێردرا.

ماڵپەڕ و سەرچاوەکان: https://www.kurdhsk.com/

https://balkesh.com/kurdistan/22803/

https://www.westganews.net/dreja.aspx?=hewal&jmara=109763&Jor=1

ڕۆژی کورد

https://esta.krd/122949/

ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران]

لایەنە فیدراڵ خوازەکانی کورد وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، حیزبی دێموکراتی کوردستان، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان تێیدا ئەندامن و پێکەوە پێکیان ھێناوە.

ماڵپەڕ :

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ

لایەنە فیدراڵ خوازەکانی کورد وەک:

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران تێیدا ئەندامن و لەگەڵ حیزبە فیدراڵ خوازەکانی سەر بە نەتەوەکانی بەلووچ، تورکی ئازەری، عەڕەبی ئەھواز، بەختیاری، پێکیان ھێناوە، حدکا ئیزن نادا کە حدک و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران ئیجازە نادا کە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ببنە ئەندام.

شووڕای دێموکراسی خوازەکانی ئێران، لایەنە فیدراڵ خوازەکانی کورد وەک: حیزبی دێموکراتی کوردستان، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران تێیدا ئەندامن و لەگەڵ حیزبە فیدراڵ خوازەکانی سەر بە نەتەوەکانی بەلووچ، تورکی ئازەری، عەڕەبی ئەھواز، بەختیاری، پێکیان ھێناوە، لە بەرامبەر بە کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ پێکھاتووە و جیاوازی نییە لە نێوانیان دا شووڕای ھاوئاھەنگی بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێران لایەنە فیدراڵ خوازەکانی کورد وەک: حیزبی دێموکراتی کوردستان، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران تێیدا ئەندامن و لەگەڵ حیزبە فیدراڵ خوازەکانی سەر بە نەتەوەکانی بەلووچ، تورکی ئازەری، عەڕەبی ئەھواز، بەختیاری، پێکیان ھێناوە، لەگەڵ کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ و شووڕای دێموکراسی خوازانی ئێران جیاوازی و تەنیا بەھۆی ململانیی نێوان حیزبەکان و پێکەوە ھەڵنەکردنیان پێکھاتووە.

ماڵپەڕ: https://iran-federal.net/

شووڕای مودیرییەتی گوزار

لەلایەن ھەندێک پان ئێرانیستەوە دامەزراوە و ھەندێ لایەنی کوردستانی وەک کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران تێیدا ئەندامن، باوەڕیان بە یەکپارچەیی خاکی ئێران ھەیە.

ماڵپەڕ: http://iran-tc.com/

شووڕای میللی موقاومەتی ئێران

لەلایەن ڕێکخراوی موجاھیدینی خەڵقی ئێران دامەزراوە و ئێستا تەنیا لایەنی کوردی کە تێیدا ئەندامە سازمانی خەباتی کوردستانی ئێرانە، پێشتر حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو شووڕایە دا ئەندام بوو، بەڵام بەھۆی تاکڕەوییەکانی موجاھیدین و ڕەجەوی، شەھید د. قاسملوو بڕیاری دا لەو شووڕایە بێتە دەرەوە.

ئەو شووڕایە باوەڕی بەدانی خودموختاری بۆ گەلی کورد ھەیە.

ماڵپەڕ: https://www.iranncr.org/

یوو ئێن پی ئۆ

سازمانێکی جیھانییە بۆ نەتەوە بێ دەوڵەتەکان و سەرجەم ئەو ھێز و لایەنانەی سەر بەو نەتەوانەی بێ دەوڵەتن، تێیدا ئەندامن.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو ڕێکخراوە دا ئەندامە.

ماڵپەڕ: https://www.unpo.org/

ئەنتەرناسیۆنالی سۆسیالیست

تێیدا سەرجەم ئەو حیزب و لایەنانە ئەندامن کە باوەڕیان بە سۆسیالیزم ھەیە و لە ھەموو جیھان ئەندامیان ھەیە و تەواوی حیزبە سوسیالیستەکانی دونیا سەر بەو ڕێکخراوەیەن.

حدک، حدکا و کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و چەند لایەنێکی دیکەی کورد لەو ڕێکخراوە دا ئەندامن.

ئێستا ئەو ڕێکخراوەیە تووشی ئینشعاب بووە.

ماڵپەڕ: https://www.socialistinternational.org/

ئاڵدە پارتی

بریتییە لە سەرجەم ئەو حیزب و لایەنانەی جیھان کە باوەڕیان بە لیبرالیسم ھەیە و چەند حیزب و لایەنی ڕۆژھەڵاتی کوردستان تییدا ئەندامن.

ماڵپەڕ: https://www.aldeparty.eu/

سەرچاوەکان

  1. حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کار لەسەر پێکهێنانی لێژنەی ئەمنی دەکەن

  2. حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سلێمانی کۆبوونەوە

  3. [١]حیزب، ڕێکخراوە و پارتە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

  4. حیزب و لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

  5. ناوەندی ڕەوەندی کوردی

  6. جەمال پوورکەریم بۆ باڵكێش كورد نابێت ئایندەی خۆی بە ئێرانەوە گرێ بدات

  7. کۆنفڕانسی بەرەنگاربوونەوە لە گەڵ تیرۆریسمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بروکسێل بەڕێوە چوو

  8. ڕووداو: چوار لایەنی رۆژهەڵاتی کوردستان هاوپەیمانێتییەک پێکدەهێنن

  9. کورتەیەک لە لێدوانەکانی جەماڵ پوورکەریم، چالاکی سیاسیی کورد بۆ میدیاکانی عەڕەبستان لە سەفەر بۆ ئەو وڵاتە

  10. چوار لایەنی سەربەخۆییخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاوپەیمانییەکیان پێکهێنا

  11. لایەنە فیداڵخوازەکانی ئێران (( کۆمەڵە و دێموکرات)) هێرشی توند دەکەنە سەر لایەنە سەربەخۆیی خوازەکان … هەردی حەسەن

  12. [٢]هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستانHSK

  13. فیدراسیۆنی یارسان

  14. كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان

  15. كوردی كرمانج خوراسان

  16. یه‌كێتی شۆڕشگێڕانی كوردستانYSHK

  17. یه‌كێتیی دێموكراتی كوردستانYDK

  18. یاری كورد

  19. ڕێكخراوی خه‌باتی شۆڕشگێڕی كوردستان

  20. ڕێكخراوی دێموكراتیكی یارسان

  21. کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

  22. کۆمەڵە، ڕێكخراوی كوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

  23. پژاك

  24. پارتی لیبراڵ دێموكراتی كوردستان

  25. پارتی ئازادیی کوردستانPAK

  26. پارتی سه‌ربه‌ستیی كوردستانPSK

  27. بزووتنەوەی کۆماریخوازی رۆژهەلاتی کوردستان

  28. حیزبی دێموكراتی كوردستانKDPI

  29. حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانPDKI

  30. سازمانى خەباتی كوردستانی ئێران

  31. تەڤگەری ڕزگاریخوازانەی دێموکراتیکی کوردستانTRDK

  32. بزوتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستانBSK

  33. پارتی سەربەخۆیی کوردستان

  34. بزوتنەوەی هیوا

  35. پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان

  36. ڕێکخستنا کوردێن خوراسانێ

  37. ئاڵدە پارتی

  38. ئینتەرناسیۆنالی سۆشیالیستSI

  39. یووئێن پی ئۆ UNPO

  40. کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ

  41. شووڕای میللی موقاومەتی ئێران

  42. شووڕای مودیرییەتی گوزار

  1. ^ http://www.rudaw.net/sorani/middleeast/iran/040120172 ٦ی کانوونی دووەمی ٢٠١٧ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.

  2. ^ http://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/1307201624 ١٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.

  3. ^ “بە لاڕێدا چوونی دۆزی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان”politiste.com. Archived from the original on ١٩ی شوباتی ٢٠١٩. Retrieved 14/11/2018. Check date values in: |access-date=, |ڕێکەوتی ئەرشیڤ= (help)

  4. ^ حیزب، ڕێکخراوە و پارتە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. کوردستانپۆست (لە ڕێکەوتی ١١ی ئایاری ٢٠٢٠). سەردان لە ڕێکەوتی ١٩ی نیسانی ٢٠٢٢.

  5. ^ https://www.kurdhsk.com/

  6. ^ https://www.kurdipedia.org/default.aspx?q=20200507111150383789

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.