توركیه‌ باس له‌ دۆزینه‌وه‌ی گه‌وره‌ترین گۆڕه‌پانی گازی سروشتی له‌ ده‌ریای ڕه‌ش و له‌ نێوان ئاوه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی مه‌دیته‌رانه‌ ده‌كات

0
1803

ڕۆژی كورد :
به‌ پێی بڕیارێك كه‌ پێشتر ڕاگه‌یه‌ندرابوو خۆشترین موژده‌ی ساڵ بێت بۆ دانیشتوانی وڵاتی توركیه‌، ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆماری ئه‌و وڵاته‌ پاشنیوه‌ڕۆی ڕۆژی هه‌ینی ڕایگه‌یاند كه‌ گه‌وره‌ترین گۆڕه‌پانی گازی سروشتی له‌ ئاوه‌كانی ده‌ریای ڕه‌ش له‌ لایه‌ن پسپۆڕانی شاره‌زای ئه‌و وڵاته‌وه‌ دۆزراوه‌ته‌وه‌ و وێڕای ڕاگه‌یاندنی هه‌واڵه‌كه‌ خۆشحاڵی خۆی له‌وه‌ ئاشكرا كرد كه‌ له‌ دوای ساڵی ٢٠٢٣ی زایینی وڵاته‌كه‌ی ئه‌بێته‌ یه‌كێك له‌ گه‌وره‌ترین به‌رهه‌مهێنه‌ر و هه‌نارده‌كاری گازی سروشتی بۆ ناوخۆی وڵاته‌كه‌ی و ده‌ره‌وه‌ی وڵات.

پاشنیوه‌ڕۆی ڕۆژی هه‌ینی ڕیكه‌وتی ٢١ی ئاگووست ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆماری توركیه‌ باسی ده‌رخستن و دۆزینه‌وه‌ی گه‌وره‌ترین گۆڕه‌پانی گازی سروشتی وڵاته‌كه‌ی له‌ ده‌ریای ڕه‌ش سه‌ر به‌ ئاوه‌كانی مه‌دیته‌رانه‌ كرد به‌ بارستایی ٣٢٠ ملیار مه‌تری سێ جا كه‌ هیواداره‌ دوای ساڵی ٢٠٢٣ی زایینی بتوانێت ببێته‌ یه‌كێك له‌ گه‌وره‌ترین گۆڕه‌پانه‌كانی گازی سروشتی له‌ ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و له‌ هه‌موو دونیا و هیواخواز بوو بتوانێت له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی ببێته‌ یه‌كێك له‌ گه‌وره‌ترین هه‌نارده‌كارانی گازی سروشتی بۆ وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ و هاوكات ڕایگه‌یاندووه‌ ئه‌گه‌ری دۆزینه‌وه‌ی گۆڕه‌پانی گازی سروشتی دیكه‌ش له‌ ئارادا هه‌یه‌.
سه‌رۆك كۆماری توركیه‌ كه‌ پێشتر له‌ دانیشتنێكی ڕاگه‌یاندنی دا ڕایگه‌یاندبوو كه‌ هه‌واڵێكی خۆشی پێیه‌ بۆ میلله‌ته‌كه‌ی و نه‌ته‌وه‌كه‌ی باسی ئه‌وه‌ی كرد كه‌ كه‌شتی فاتێح به‌ خاوه‌ندارێتی توركیه‌ له‌ زنجیره‌ چالاكی هه‌ڵكۆڵینه‌كانی په‌یوه‌ندیدار به‌و مه‌به‌سته‌ له‌ نزیكه‌ی ماوه‌ی مانگێك پێش ئێستا ده‌ستی به‌ كار كردووه، توانیویه‌تی ده‌ست بگرێت به‌ سه‌ر گۆڕه‌پانێكی به‌ربڵاوی گازی سروشتی له‌ ئاوه‌كانی مه‌دیته‌رانه‌ و ده‌ریای ڕه‌ش كه‌ تا ئێستاش له‌ نێوان وڵاتانی توركیه‌ و یوونان جێگای مشتوومڕ و كێشه‌ و ئاڵۆزییه‌. له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌ردۆغان ئه‌و ده‌رخستنه‌ به‌ مافی وڵاته‌كه‌ی ناو ده‌بات به‌رپرسانی وڵاتی یوونان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌و ده‌رخستنانه‌ له‌ دۆرگه‌كانی سه‌ر به وڵاتی یوونان دۆزاونه‌ته‌وه‌ و مافی ئه‌وانه‌ و ده‌وڵه‌تی توركیه‌ وه‌كوو داگیركه‌ر و تانوانبارێكی گه‌وره‌ هاتووه‌ته‌ خاكی وڵاته‌كه‌یان و به‌ هیوای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و گۆڕه‌پانه‌ بۆ خۆی تۆمار بكات.
به‌ چڕبوونه‌وه‌ی كیشه‌ و ئالۆزییه‌كان نێوان توركیه‌ و وڵاتانی یه‌كیه‌تی ئه‌وروپا له‌ سه‌ر دۆزینه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ گازه‌ سروشتییه‌كان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی مه‌دیته‌رانه‌ و ئاوه‌كانی ده‌ریای ڕه‌ش، ئه‌مانوئێل ماكڕۆن سه‌رۆك كۆماری وڵاتی فه‌ڕانسه‌ باس له‌ به‌ هێز كردنی هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له‌ ناوچه‌كه‌دا ده‌كات و هاوكات ماكڕۆن داوای له‌ توركیه‌ كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی زنجیره‌ چالاكییه‌كانی ده‌رخستن و دۆزینه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كان له ئاوه‌كانی‌ ناوچه‌ی گه‌نگه‌شاوی و جیگای مشتوومڕدا ڕابگرێت. هه‌ڵویست گیری سیاسه‌تی ده‌ره‌كی توركیه‌ به‌ تایبه‌ت سه‌باره‌ت به‌ سه‌رچاوه‌كانی وزه‌ له‌ ناوچه‌ی مه‌دیته‌رانه‌ له‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگی رابردوودا له‌ گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك كێشه‌ و ئاڵۆزی تایبه‌ت هاوكات بووه‌ و ناردنی كه‌شتی فاتێح بۆ دۆزینه‌وه‌ و ده‌رخستنی سه‌رچاوه‌كان له‌م دواییانه‌دا بۆ ئاوه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی مه‌دیته‌رانه‌ نوێترین گۆڕانكاری له‌م بواره‌دایه‌.
ئه‌مانوئێل ماكڕۆن له‌ وتووێژ له‌ گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی یوونان چالاكییه‌كانی ده‌رخستنی سه‌رچاوه‌ سرووشتییه‌كانی توركیه‌ی یه‌ك لایه‌نه‌ و به‌ بێ ئاگاداری لایه‌نه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ناوبردووه‌ و داوای له‌ توركیه‌ كردووه‌ كه‌ ئه‌م زنجیره‌ چالاكییانه‌ ڕابگرێت بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگا بۆ وتووێژ و دانووستانی ئاشتی خوازانه‌ ته‌خت و خۆش بكرێت. هاوكات گۆڕانكاری مووزه‌خانه‌ی ئایاسووفییه‌ بۆ مزگه‌وت له‌ لایه‌ن توركیه‌ بووه‌ته‌ هۆكاری ڕق و زیادبوونی بێزاری به‌رپرسانی ده‌وڵه‌تی یوونان  به‌رانبه‌ر به‌و چالاكییه‌ نابه‌رپرسانه‌یه‌ له‌ كاتێكدا ئه‌یاسووفییه‌ پێشتر كلێسه‌ بووه‌ و هیشتا ئاسه‌واری شێوه‌ و شه‌مایلی مه‌سیحییه‌كان به‌ دار و دیواری ئه‌و بینا مێژوییه‌وه‌ دیاره‌. جیگای ئاماژه‌ پێكردن و وه‌بیر هێنانه‌وه‌یه‌ كه‌ وڵاتانی توركیه‌ و یوونان هه‌ر دوویان ئه‌ندامی په‌یمانی ناتۆن و له‌ قۆناغه‌ جیاوازه‌كانی مێژوودا پێوه‌ندی ئاڵۆزی زۆریان پێكه‌وه‌ بووه‌ كه‌ دواهه‌مین بابه‌تی ئاڵۆزی ئه‌م دوو وڵاته‌ ئه‌گه‌ڕیته‌وه‌ بۆ ساڵی ١٩٧٤ی زایینی كاتێك كه‌ ده‌وڵه‌تی توركیه‌ به‌ هێرش كردنه‌ سه‌ر وڵاتی قۆبرێس ده‌سپێكی شه‌ڕی ڕاگه‌یاند.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

بابەتی پێشووهێزه‌ هاوشێوه‌ چه‌كدارییه‌كان، هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌ بۆ سه‌ر ئارامی و ناسه‌قامگیركردنی باری ئه‌منی عێراقی فێدراڵ
بابەتی دواترساڕێژبوون و ته‌قینه‌وه‌ی ڕق و بێزاری خۆپیشانده‌رانی عێراقی له‌ تیرۆر و کوژرانی چالاكانی مه‌ده‌نی ئه‌و وڵاته‌

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.