ئامریکا: فرۆشتنی چەک بە ئێران، پێشێل کردنی ڕێککەوتننامە ناونەتەوەییەکانە

0
3300

لە دوایین سەفەری حەسەن دێهقان، وەزیری بەرگری ئێران بۆ ڕووسیە، ڕۆژنامەکانی ڕووسیە باسیان لە ڕێککەوتنی نێوان ئێران و ڕووسیا بۆ فرۆشتنی موشەک و چەکی تر لە لایەن ڕووسیەوە بە ئێران کرد کە یەکێک لە بابەتەکانی ئەو کڕین و فرۆشتنە،  فڕۆکەی “سیخۆ٣٠”ی ڕووسیە بە ئێران بوو.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا چەند هەواڵێک بڵاو کرداوە کە بە هۆی نەدانی پارەی کڕینی موشەک و فڕۆکەکان لە لایەن ئێران، ڕووسیا ئەو چەک و موشەک و فڕۆکانە ڕادەستی ئێران ناکات، بەڵام شرۆڤەکارانی سیاسی لایان وایە ئەوە تەنیا بۆ پەردەپۆش کردنی بابەتەکە لە میدیا و چاوی جیهانە تا بە بێ ڕەخنە و بەرەنگاربوونەوە، چەکەکان ڕادەستی ئێران بکرێن کە لەو ناوەدا بە پێی زانیارییەکانی ڕۆژی کورد، لە ئەگەری قەبووڵ کردنی مەرجەکانی ئێران لە لایەن پارتی کرێکارانی کوردستانەوە، هەندێ لەو موشەکانە وەبەر پ ک کا دەکەون و دەبنە پشکی ئەو پارتە.

فرۆشتنی ئەو چەک و موشەک و فڕۆکانە لە لایەن ڕووسیەوە بە ئێران، هەڵوێستی ئامریکای لێکەوتەوە و دەوڵەتی باراک ئوباما ڕایگەیاند کە بڕیاری ڕووسیە بۆ فرۆشتنی جێتی شەڕکەر بە ئێران، پێشێل کردنی گەمارۆ ئابوورییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە لەمەڕ فرۆشتنی چەک و تەقەمەنی بە ئێران.

ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی ٢٩ی ڕێبەندان، مارک تونێر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەمبارەوە گوتی: فرۆشتنی فڕۆکەی شەڕکەری “سیخۆ ٣٠” بە ئێران، دەبێ بە بڕیاری شۆڕای تەناهی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئەنجام بدرێت.

تونێر هەروەها گوتی: ویلایەتە یەکگرتووەکان لەگەڵ ڕووسیە باس لەو بابەتە دەکات بەڵام شەش وڵاتی موزاکەرەکەر لەگەڵ ئێران دەبێ بە دڵنیاییەوە ئاگایان لەو قۆرغکردنانە بە دژی ئێران هەبێ.

شایانی باسە کە ڕووسیە یەکێک لەو شەش وڵاتە زل هێزانەیە کە لە موزاکەرەکان لەگەڵ ئێراندا ئامادە بووە و لایەنێکی موزاکەرەکان بووە، پێدەچێ مەبەستی سەرەکی تونێر لەو قسەیەی هەمان وڵاتی ڕووسیە بێ کە ئاگای لە گەمارۆکان هەیە بەڵام پێشێلیان دەکات.

پێویستە بە ئاماژەیە کە هەرچەند دوای واژۆکرانی بەرجام، گەمارۆ ناوکیەکانی بە دژی ئێران لابراون بەڵام گەمارۆکانی چەک و تەقەمەنی پێنج ساڵی تر و گەمارۆی موشەکی هەشت ساڵی تر دەمێننەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.