حدک: دەنگدان یا بایکۆتکردنی هەڵبژاردن، هەر دوویان مافی بێ ئەملاو ئەولای خەڵکن‌

0
707

دەفتەری سیاسی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لە سایتی کوردستان وکورد، بڵاو کراوەتەوە هەڵوێستی خۆی لە بارەی هەڵبژاردنەکانی ٧ی ڕەشەمەی داهاتووی ئێران دەربڕی، حدک لە ڕاگەیەندراوەکەیدا هەڵبژاردنەکانی بە تەواوی بایکۆت نەکردووە و ڕایگەیاندووە؛دەنگدان یا بایکۆتکردنی هەڵبژاردن، هەر دوویان مافی بێ ئەملاو ئەولای خەڵکن‌. ئەگەر لە حەوزەیەکی هەڵبژاردن کە هیچ کاندیدایەکی دڵخوازو هەڵگری داخوازەکانی خەڵکی لێ نییە، بایکۆتی سندووقەکانی دەنگ بە هەڵوێستێکی سیاسیی شیاو‌و دژبە کۆماری ئیسلامی دەژمێردرێ، لە حەوزەیەکیش کە کاندیدایەکی بەستراوە بەخەڵک، خۆشناو‌، بوێر، خاوەن پێشینە‌و کارنامەی خاوێن لە گەڵ مۆرەیەک یا چەند مۆرەی گەندەڵ‌و هاودەستی دام‌و دەزگا سەرکوتکەرەکان لە ململانێ دان، دەنگدان بە قازانجی کاندیدا باشەکە، دەتوانێ گونجاوترین‌و کاریگەرترین هەڵوێست بێ

ئەمەی خوارەوە دەقی  راگەیەندراوەکەی دەفتەری سیاسی حیزبی دیموکراتی کوردستانە؛

ڕۆژی ٧ی ڕەشەمەی داهاتوو، دەیەمین خولی هەڵبژاردنی مەجلیسی شووڕای ئیسلامی‌و پێنجەمین خولی هەڵبژاردنی مەجلیسی خوبرەگانی ڕەهبەری، لە ئێران بەڕێوە دەچێ. حیزبی دیموکراتی کوردستان لە چەند مانگی ڕابردوو‌دا، لە زمانی سکرتیری گشتی‌و بەرپرسانییەوە، ڕوانین‌و بۆچوونەکانی خۆی بە شێوەیەکی گشتی لە بارەی هەڵبژاردن لە ئێران‌داو ئەرکی خەڵکی کوردستان لە ڕووبەڕوونەوە لە گەڵ هەڵبژاردنەکاندا ڕاگەیاندوە. ئێستاش کە قۆناغی بڕیاردانی دامەزراوەکانی کۆماری ئیسلامی لە سەر سەلاحیەتی پاڵێوراوانی ئەو دوو هەڵبژاردنە کۆتایی پێ هاتوە، بە پێویستی دەزانین هەڵوێستی یەکجارەکیی ئەم حیزبە لە سەر ئەم هەڵبژاردنانە، بە شێوەی خوارەوە، بە ئاگاداریی خەڵکەمان‌و بیروڕای گشتیی بگەیەنین:

– لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی‌دا، پرۆسەی هەڵبژاردن هەر لە دەسپێکەوە تا ئەنجامەکانی بە هۆی ئەو مەرج‌و میکانیزمانەی دەسەڵاتی سیاسیی وڵات بە سەری‌دا زاڵ کردووە هەم لە نێوەرۆکی دیموکراتیکی خۆی بە تاڵ کراوە، هەم ئەنجامەکانی هەڵبژاردن هەر جۆرێک‌و هەر چییەک بێ، کاریگەرییەکانی لە ڕێگای بەربەست‌و بڕیاری دامەزراوە ناهەڵبژێردراوەکان، دەگەیەنرێتە لانیکەمی خۆی. بەم جۆرە دەنگدەران‌و نوێنەرانی هەڵبژێردراوی ئەوان لە باشترین‌و ڕێگەپێدراوترین هەلومەرجیش‌دا، لە ئاستێکی زۆربەرتەسک‌و سنوورداردا دەتوانن لە سەر دانان‌و پێداچوونەوەی قانوونەکانی وڵات‌و جۆری ڕێبەری‌و بەڕێوەبەریی سیستەمی سیاسیی وڵات، ڕۆڵیان هەبێ.
– سەرەڕای ئازادنەبوونی هەڵبژاردن‌وهەموو ئەو بەربەست‌و کەموکووڕییانەی لە وڵاتی ئێران لە سەر ڕێی هەڵبژاردنی ئازاد هەن، خەڵکی ئێران‌و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، زۆر جار هەوڵیان داوە دەرفەتی هەڵبژاردن بۆ گەیاندنی پەیامی خۆیان بە دەسەڵاتداران بە کار بێنن. هێندێک جار بە پێشوازی نەکردن لە هەڵبژاردن‌و خۆبوارن لە چوون بۆ سەر سندووقەکانی دەنگ، جاری واش بووە بە دەنگدان بەو پالێوراوانەی کە لە خۆیان بە نزیکتریان زانیون، یا پێیان وابووە کەمتر سەر بە دامەزراوە بڕیاربەدەستەکانی کۆماری ئیسلامیین. بێجگە لەمەش خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چەند هەڵبژاردنی ئەم ساڵانەی دوایی‌دا، کەشوهەوای سیاسیی سەروبەندی هەڵبژاردنیان بە شێوەیەکی وریایانە بۆ خستنەڕووی بندەستی‌و بێمافی نەتەوەی کورد لە ئێران‌و سیاسەتی سەرکوتکەرانە‌و پڕلە هەڵاواردنی دەسەڵاتداران‌، قۆستووەتەوە.‌‌
– کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ خۆ دەربازکردن لە گوشار‌و گەمارووە سیاسی‌و ئابوورییە نێودەوڵەتییەکان ملی بۆ هاتنەسەرکاری سەرکۆمارێک بە گوتارێکی تا ڕادەیەک جیاوازلەوانی پێشووو پاشەکشە لە سیاسەت‌و هەڵوێستە دەرەکییەکانی ڕابردووی خۆی ڕاکێشا. چاوەڕوان دەکرا لە ئاستی نێوخۆیی‌و بۆ کەمکردنەوەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە بواری سیاسی‌و ئابوورییشدا‌ مل بۆ جۆرێک کرانەوە بداو تا ڕادەیەکی بەرچاو ڕێگا بۆ بەشداریی ڕیفۆرمخوازان‌و دەنگی جیاوازی دیکە لە دەسەڵاتی سیاسی‌دا‌ بکاتەوە. بەڵام وەک لە ڕەوتی پێداچوونەوەی کاندیداکانی ئەم دەورەیەی هەڵبژاردن دا دیتمان لە ئاستی ئێران‌دا، شانسێکی ئەوتۆی بۆ چوونی ڕیفۆرمخوازان‌و کەسانی سەربەخۆ لە قۆڵەکانی نێودەسەڵات بۆ نێو هەر دوو مەجلیس نەهێشتووەتەوە، لەپارێزگەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، سەلاحیەتی زۆربەی نزیک بە تەواوی ئەو کاندیدایانەی ڕەت کردووەتەوە کە لە ڕووی پێگەو کارنامەی سیاسی، ناسراو‌و جێگای پشتیوانیی خەڵک بوون‌و چاوەڕوانیی ئەوەیان لێ دەکرا هەڵگری ویست‌و داخوازە جیددییەکانی خەڵک بن. دەزگا‌و دامەزراوە سەرکوتکەرەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر بەوەندەشەوە نەوێستاون‌و هەر چی لە ڕۆژی دەنگدان نزیکتر دەبنەوە، پتر چالاکانی سیاسی‌و مەدەنی بە تایبەتی ئەو کەسانەی هەوڵیان داوە دەرفەتی بەرتەسکی هەڵبژاردن لە ڕوانگەیەکی نەتەوەییەوە‌و بە قازانجی هەڵبژێرانی کەسانی سەر بە خەڵك بقۆزنەوە، بەرەوڕووی گوشار‌وهەڕەشەو ڕاوەدوونان بکەنەوە.
بە سەرنجدان بە هەمووی ئەو ڕاستییانە:
١- حیزبی دیموکراتی کوردستان سپاس‌و پێزانینی خۆی بە چالاکانی سیاسی‌و مەدەنیی نێوخۆ‌‌و خەڵکی وشیارو بە هەڵوێستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕادەگەیەنێ، چونکە سەرەڕای هەموو بەربەست‌و ئاستەنگەکان لە چەند مانگی رابردوودا کەشوهەوای سیاسیی پێش هەڵبژاردنیان بۆ هێنانەبەرباسی کێشەکانی گەلی کورد لە ئێران، خستنەڕووی ستەم‌و هەڵاواردنی دەسەڵاتی سیاسی بەرامبەر بەو گەلە، لەقاودانی گەندەڵی‌وهاودەستیی ژمارەیەک لە نوێنەرانی دەورەکانی پێشووی مەجلیس لە گەڵ دەزگا سەرکوتکەرەکان‌و گرنگترین چاوەڕوانییە کانی خۆیان لە پالێوراوان، قۆستەوە.
٢- دەنگدان یا بایکۆتکردنی هەڵبژاردن، هەر دوویان مافی بێ ئەملاو ئەولای خەڵکن‌. ئەگەر لە حەوزەیەکی هەڵبژاردن کە هیچ کاندیدایەکی دڵخوازو هەڵگری داخوازەکانی خەڵکی لێ نییە، بایکۆتی سندووقەکانی دەنگ بە هەڵوێستێکی سیاسیی شیاو‌و دژبە کۆماری ئیسلامی دەژمێردرێ، لە حەوزەیەکیش کە کاندیدایەکی بەستراوە بەخەڵک، خۆشناو‌، بوێر، خاوەن پێشینە‌و کارنامەی خاوێن لە گەڵ مۆرەیەک یا چەند مۆرەی گەندەڵ‌و هاودەستی دام‌و دەزگا سەرکوتکەرەکان لە ململانێ دان، دەنگدان بە قازانجی کاندیدا باشەکە، دەتوانێ گونجاوترین‌و کاریگەرترین هەڵوێست بێ. لەو شارو ناوچانەش کە لە ڕووی دیموگرافییەوە تایبەتمەندیی خۆیان هەیەو، کورد لە گەڵ نەتەوەی دیکە پێکەوە دەژین، زۆر پێویستە دەنگدەرانی کورد دوور بڕوانن، زۆرترین هاوکاری، یەکگرتوویی‌و هاودەنگییان هەبێ بۆ ئەوەی پشتی کاندیدای شیاوی کورد بگرن‌و بەم جۆرە سەنگ‌و قورسایی خۆیان لە هەر ڕوویەکەوە بسەلمێنن. چاوەڕوانیی ئێمە ئەوەیە خەڵک لە هەر دوو حالەتدا لە گەڵ چالاکانی سیاسی‌و مەدەنیی نێوخۆ پرس‌و ڕاوێژ‌و هاوفکری بکەن بۆ ئەوەی کەسانی هەلپەرست، نەتوانن دۆخەکە لە بەرژەوەندی خۆیان بەکار بێنن.
٣- ئاکامی هەڵبژاردن لە کوردستان هەر چۆنێک بێ‌و هەر کەسانێک ، بە دەنگ یا بە ناوی خەڵکی شارو ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بچنە مەجلیس، خەڵک دەبێ ببن بە هێزی گوشار لە سەریان‌و جێبەجێکردنی داخوازەکان‌و دابینکردنی مافەکانی خۆیانیان لێ بوێن. گوشاری خەڵکی کوردستان بۆ سەرناوەندەکانی یاسادانان‌و دامەزراوەکانی دیکەی کۆماری ئیسلامی‌و هەوڵدانیان بۆ هێنانە گۆڕی داواکانیان، پێویستە لە دوای هەڵبژاردن بە شێوەیەکی ڕێکخراوتر‌و یەکگرتووانەتر درێژەی هەبێ.

حیزبی دیموکراتی کوردستان
دەفتەری سیاسی
٣٠ی رێبەندانی ١٣٩٤
١٩ی فێوریەی ٢٠١٦

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

بابەتی پێشووئامریکا: فرۆشتنی چەک بە ئێران، پێشێل کردنی ڕێککەوتننامە ناونەتەوەییەکانە
بابەتی دواترسبەی پەردە لەسەر نەخشەی گەشتیاری شاری بۆکان لادەدرێ

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.