كۆمیتەی ناوەندیی یەكێتی شۆڕشگێڕانی كوردستان بەبۆنەی 25ەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی یەكێتی شۆڕشگێڕانی كوردستان ڕاگه‌یه‌ندراوێكی بڵاو كرده‌وه‌

0
135

بەبۆنەی 25ەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی یەكێتی شۆڕشگێڕانی كوردستان كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی ئه‌و حیزبه‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكی بڵاو كرده‌وه‌ كه‌ ده‌قی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ به‌م چه‌شنه‌یه‌ :

راگەیەندراوی كۆمیتەی ناوەندی بەبۆنەی 25ەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی یەكێتی شۆڕشگێڕانی كوردستان

ئەمڕۆ 30 گوڵانی 2716ی كوردی بەرامبەر بە 20ی مای 2016ی زایینی 25 ساڵ بەسەر دامەزرانی یەكێتی شۆڕشگێڕانی كوردستان، ئاڵاهەڵگری رزگاری و خەباتكاری سەربەخۆیی و ماندوویی نەناسی رێگای كورد بە دەوڵەتبوون و تریبونی بانگی دادپەروەری كۆمەڵایەتی و یەكسانی و خۆڕاگری رۆژانی سەخت و شێری مەیدانی كوردایەتی و حزبی لاوانی ناسیۆنالیست تێدەپەڕێت.
چارەگە سەدەیەك هەڵگری پەیامی مافی دیاریكردنی چارەنووس و بانگەوازی بەردەوام بۆ سازان و دامەزرانی بەرەی كوردستانی، چارەگە سەدەیەك شەڕی چەكداری شۆڕشگێڕانە و دەست و پەنجە نەرمكردن لەگەڵ تیرۆری جەستەیی و كەسایەتی و پووچەڵكردنەوەی پیلانە یەك لەدوای یەكەكانی رێژیمی داگیركەر و كۆنەپەرەستی كۆماری ئیسلامی ئێران نەك هەر ئاسان نەبوو، بەڵكو تاقەت پروكێن و رووبارێك لە خوێن و ئارەقە نرخی لەسەرپێ مان و بەردەوامی لە تێكۆشان و كۆڵنەدانمانە.
كۆمیتەی ناوەندیی یەكێتی شۆڕشگێڕانی كوردستان لەم بۆنە پڕ لە شانازیەدا هاوكات لەگەڵ دانەواندنی سەری رێز و وەفا لەبەر روحی بەرزی شەهیدانی رێگەی رزگاری و سەربەخۆیی كوردستان، پیرۆزبایی گەرمیش ئاراستەی كادر و پێشمەرگە و لایەنگر و دۆستانی حیزبمان دەكات و لە 25ەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی حیزبە تێكۆشەرەكەماندا بە سەرەنجدان بە هەلومەرجی كوردستانی گەورە و ناوچەكە و جیهان لە چەند خاڵێكدا را و بانگەوازی خۆمان دەخەینە بەر رای گشتی:
1- ئێستا كە دەوڵەتانی داگیركەری كوردستان، یەك لەدوای یەك لاواز دەكرێن و بەرەو نەمان دەبردرێن و، هەرئێستاكەش كە لە دوو بەشی كوردستان كورد توانیویەتی هاوپەیمانیەكی نێودەوڵەتی بەدژی داعش بۆخۆی بخوڵقێنێ، زەرورەت لە رابردوو زیاتر دەخوازێ كە سەرجەم حیزب و لایەنە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بۆ لێك تێگەیشتن و سازان و پێكهێنانی بەرەیەك بەبێ هەڵاواردنی هیچ لایەنێك پەلەی لێ بكەین، یەكێتی شۆرشگێڕانی كوردستان ئامادەی هەر چەشنە هەنگاو هەڵێنانەوەیەكە لەو پەیوەندیەدا.
2- بەسەرنجدان بە داڕماوی دەوڵەتی عێراق و گەڕاندنەوەی ناوچە دابڕێندراوەكانی باشووری كوردستان بۆ ژێر سایەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پارێزراو بە هێزی پێشمەرگەی كوردستان زۆر زەروریە كە هەنوكە ناوماڵی باشووری كوردستان بە هەر پێنج حیزبەكە یەك بخەنەوە و ئەم دەرفەتە بقۆزنەوە بۆ بەرژەوەندی گەلی كورد لە باشووری كوردستان و بە راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان زامن و گەرەنتیەك بۆ دووبارە نەبوونەوەی جینۆساید و كیمیاباران و قڕكردن دەستەبەر بكەن، یەكێتی شۆڕشگێڕانی كوردستان پاڵپشتی هەمە لایەنەیە بۆ هەنگاوی بەكردەوە لەمەڕ سەربەخۆیی باشووری كوردستان.
3- كۆمیتەی ناوەندی حیزبمان داوا لە هەردوو ئیئتلافی رۆژئاوای كوردستان چ ANKS و چ تەڤدەم دەكات كە لەپێناو پاراستنی دەسكەوتە مێژووییەكانی رۆژئاوای كوردستان هێزیان یەك بخەن و هەوڵی دامەزرانی پەیوەندییەكی پتەو بدەن لەگەڵ رێبەرانی پارچەكانی دیكەی كوردستان.
4- هەر لەم بۆنە پیرۆزەدا پشتیوانی خۆمان بۆ بزوتنەوەی سیاسی مەدەنی باكوری كوردستان و سەرجەم پەرلەمانتارە خۆڕاگرەكانی هەدەپە و ژنان و پیاوانی راپەڕیوی ناوچەكانی جولەمێرگ و دەڤەری شاری ئامەد دووپات دەكەینەوە.
كۆمیتەی ناوەندی یەكێتی شۆڕشگێڕانی كوردستان لە دەستپێكی ساڵی نوێی خەباتماندا داواكارە لە كادر و پێشمەرگە و لایەنگرانی حیزبە تێكۆشەركەمان كە لە جاران زیاتر لەمەڕ هەلومەرجەكە خۆماندو بكەن و لە خەمی گەشەی هەمەلایەنەی یەكێتییەكەماندا بن و بە كار و چالاكی و پرۆژەی نوێوە بەردەوامی و خۆڕاگری و وەفاداریتان بە یەكێتی و گەلەكەمان بسەلمێننەوە.
هەزاران سڵاو لە روحی بەرزی شەهیدانی كورد و كوردستان بەتایبەتی سەرقافڵەی شەهیدانی یەكێتی شۆڕشگێڕانی كوردستان هاوڕێی هەمیشە زیندو كاك سەعیدی یەزدانپەنا
بژی كورد
پایەدار بێ كوردستان

كۆمیتەی ناوەندی یەكێتی شۆڕشگێڕانی كوردستان
20/5/2016

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌