شانۆی سەرشەقام لە کوردستان، کۆسپ و پرسەکانی/وتووێژی ڕاوێژلەگەڵ جەمشید بەهرامی

0
506

خوێنەری هێژا:

وتووێژی بەردەستت یەکێکە لە زنجیرە وتووێژەکانی گەورەژووری ڕاوێژ لە ڕایەڵەی تلێگرام کە لە ڕێکەوتی ٢٩ و ٣٠ی ڕەزبەری ١٣٩٥ی هەتاوی لەسەر مژاری “شانۆی سەرشەقام لە کوردستان، کۆسپ و پرسەکانی”، لەگەڵ دەرهێنەر و نووسەری سینەما و شانۆ و چالاکی سیاسیی کورد، جەمشید بەهرامی و بە پێشکەشکاریی داوود حەیدەری، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی گەورەژووری ڕاوێژ، ئەنجام دراوە.

جەمشید بەهرامی
جەمشید بەهرامی

ڕاوێژ: سەرەتا تکایە خۆتان بە ئەندامانی گەورەژووری ڕاوێژ بناسێنن

بەهرامی: جەمشید بەهرامی”م نووسەر و دەرهێنەری سینەما و شانۆ. لە ساڵی 1981 لە چەند هەنگاو خوارتر لە کانیەکەی گەڕەکی داسێرانی مەریوان لە دایک بووم. کاتێک خوێندکاری دواناوەندی بووم دەستم کردووە بە کاری هونەری و دوای تەواو کردنی دواناوەندی لە ساڵی 1999 بە شێوەیەکی جیددی دەستم کردووە بە کار و باری هونەری، ساڵی 2000 تا 2002 لە شەهید بەهەشتی تاران بەشی هونەرجوانەکانم خوێندوە و دواتر بە فەرمی بووم بە مامۆستای هونەر، ساڵی 2005 لە تەورێز دەستم کردووە بە خوێندنی شانۆ. لە ساڵی 2009 بە ڕوتبەی 54 لە تاقیکاری ماستەردا وەرگیرام بۆ زانکۆی تاران بەشی دەرهێنان، بەڵام بە هۆی ئەوەی کە لە سەردەمی خوێندکاریدا لە ساڵی 2007 لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر کرابووم و دواتریش حوکمی زیندانی

داوود حەیدەری
داوود حەیدەری

هەڵپەسێردراوم بەسەردا سەپابوو، وەک خوێندکاری ئەستێرەدا (سێ ئەستێرە) مافی خوێندنم لێ ئەستێندرایەوە.

ساڵی 2010 بە هۆی کێشەی ئەمنی دوابەدوای دوایین شانۆم لە ژێر نێوی “چریکەی ئۆفیلیای ئەویندار” وڵاتم بەجێهێشت، ساڵی 2011 بۆ 2012 مامۆستای پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی بەشی شانۆ بووم. مانگی 8ـی 2012 مافی پەنابەریم لە ئاڵمان وەرگرت و یەکسەر هاتم بۆ ئاڵمان و ئێستا لە فرانکفۆرت نیشتەجێم و سەرقاڵی سینەما و شانۆم.

حەوتووی ڕابردوو دوایین کورتە فیلمم لە ژێر نێوی “چارەکێک هیوا” لە نووسین و دەرهێنانی خۆم بەرهەم هێنا.

ڕاوێژ: شانۆی سەر شەقام چ جیاوازییەکی لەگەڵ شانۆی تر هەیە؟

بەهرامی: پێش لە هەموو شتێک ئەبێ بڵێم شانۆی سەرشەقام لەگەڵ شانۆی دەرەکیدا یەک نین، واتە شانۆی سەرشەقام جۆرێکە لە شانۆی دەرەکی بەڵام هەر جۆرە شانۆیەکی دەرەکی ناچێتە بازنەی شانۆی سەرشەقام، بەڵام بەداخەوە لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تەنانەت باشووری کوردستانیش شانۆکاران بەهەڵە بەرەوڕووی ئەم پرسە دەبنەوە.

لە شانۆی سەرسەحنەدا (مەسرەحی) بەردەنگ دەچێت بۆ هۆڵی شانۆ بەڵام لە شانۆی سەرشەقامدا بە پێچەوانەی شانۆی  سەرسەحنە ئەوە شانۆیە کە دەچێت بۆ لای بەردەنگ. من پێموایە یەکێک لەو هۆکارانەی کە بووە بە هۆی سەرهەڵدانی شانۆی سەرشەقام، بریتییە لە ئاشت کردنەوەی شانۆ لەگەڵ بینەردا، هەر بۆیە لە شانۆی سەرشەقامدا هونەرمەندانی شانۆکار شانۆ لە هۆڵەکان دەهێننە دەرەوە و دەیبەن بۆ لای بەردەنگ بە جۆرێک بەردەنگ لەگەڵ شانۆدا ئاشت دەکەنەوە.

لە شانۆی سەرسەحنەدا، شانۆنامەیەکی دیاریکراو هەیە و ئەکتەر دوای ماوەیەکی دوور و درێژ بە یارمەتیی هۆکارەکانی دیکەی شانۆیی، دەق لەبەر دەکات و بەڵام زۆرجار لە شانۆی سەرشەقامدا تەنیا تەوەری سەرەکی دیاری دەکرێت. بە گشتی شانۆی سەرشەقام گەڵاڵەیەکی دیاریکراوی هەیە نەک شانۆنامە. لەوانەیە بەڕێوەبردنێکی شانۆی سەرشەقام لەگەڵ ئیجرای پێشوویدا جیاوازی هەبێت چونکوو هەر جارە و خەڵکانێکی جیاواز دەبینین و هەر جارە و کەشوهەوایەکی جیاوازتر لە سەرشەقامدا بوونی هەیە.

ڕاوێژ:ئەو هۆکارانە چین کە وایان کردووە ،پێویست بێت کەشانۆ لە هۆڵەکانەوە بێتە سەر شەقام؟

بەهرامی: شانۆی سەرشەقام، شانۆیەکی ناڕەزایەتییە و زۆرتر ئاوڕ لە پرسە هەنووکەییەکانی کۆمەڵگا دەداتەوە، واتە لە هەر جێگایەکدا کە شانۆ نەیتوانیوە لە ناو هۆڵەکاندا ئامانجەکانی بپێکێت دروست لەم کاتەدا شانۆی سەرشەقام بەرجەستە بووەتەوە.

گرنگترین هۆکارەکانی هاتنە ئارای شانۆی سەرشەقام بریتییە لە  نەبوونی بەردەنگ- دوورکەوتنەوەی بەردەنگ لە شانۆ بۆ بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ ئەو کێشەیەدا و شانۆکاران بە شێوەیەک لە بیری ئاشت کردنەوەی بەردەنگ بوون لەگەڵ شانۆدا.

نامەرئی بوون واتە هەست نەکردن بە شانۆ کە یەکێکە لە جۆرەکانی شانۆی سەرشەقام، واتە خەڵک لە شانۆی نامەرئیدا هەست ناکەن شانۆ دەبینن پێیان وایە کە ڕووداوێک وەک هەموو ڕووداوەکانی دیکە لە سەر شەقامدا ڕووی داوە هەر بۆیە بەردەنگیش خۆی تێکەڵ بە شانۆکەدا دەکات. هەبوونی هێڵە سوورەکان و لە باربوونی شانۆی سەرشەقام بۆ بەزاندی هێڵە سوورەکانی یەکێکی دیکەیە لەو هۆکارانەی کە شانۆ توانی لە دیوای هۆڵە شانۆییەکانەوە باز بداتە دەرەوە.

لە شانۆدا، بەردەنگ یەكێکە لە هۆکارە گرنگەکانی شانۆ، واتە بە بێ بەردەنگ شانۆ بێمانایە، لە شانۆی سەشەقامدا جیاوازییەکە لێرەدایە کە زۆرجار خەڵکیش دەورگێڕن، واتە وەک ئەکتەر ڕۆڵی دەگێڕن بە بێ ئەوەی لە پێشترەوە لەلایەن گرووپی شانۆییەوە پلانی بۆ دانرابێت، بە گشتی، بەردەنگ (خەڵک) لە شانۆی سەرشەقامدا بەشێک لە شانۆکە دەگرنە ئەستۆ و لە بەرەوپێشچوونی شانۆکەدا کاریگەرییان دەبێت، ئەمە لە کاتێکدایە کە لە شانۆی سەرسەحنەدا بەردەنگ ناتوانێت یان زۆر زۆر کەمتر دەتوانێت خۆ بنوێنێت و ڕۆڵی هەبێت.

ڕاوێژ:مێژووی شانۆی سەرشەقام لە جیهاندادەگەڕێتەوە بۆ کەنگێ؟

بەهرامی: مێژوونووسانی شانۆ پێیان وایە شانۆی سەرشەقام لە ڕەچەڵەکدا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی “کۆمێدیا دێلارتە” لە ئیتالیادا لە سەدەی 16ی زایینی.

لە ئورووپا، لە سەرەتای سەدەی بیستەم، کۆمەڵێک ڕەوتی نوێی شانۆیی بە پێی هەلومەرجی تایبەتەوە هاتنە ئاراوە، دوای شەڕی یەکەم و دووهەمی جیهانی بە کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونی لقە هونەرییەکانی دیکە شانۆ بە گشتی و دواتریش شانۆی سەرشەقام بە شێوازی ئەمڕۆیی گەشەی کرد. شانۆی سەرشەقام لە ئورووپادا ئاوڕدانەوەیەک بوو لە پرسە پێوەندیدارەکان بە کۆمەڵگایەک کە لە ژێر پێلاقەی دوو شەڕی ماڵوێرانکەری جیهانیدا هەلا هەلا ببوو.

تێپەڕکردنی شانۆی ڕیالیستی ستانسلاڤیسکی لەلایەن مایرهۆڵدەوە و هەروەها هاتنە ئارای کەش و هەوای شانۆی موستەنەد (بەڵگەیی) و گەشەکردنی تیۆری سیستەمی بێرتوولت برێشت لە مەڕ دەورگێڕ و دواتریش هاتنە ئارای شانۆی ڕووتەڵە لە لایەن گرۆتۆفسکی یەوە، بووە هۆی گەشەی شانۆ بە گشتی و شانۆی سەرشەقام و گەیشتن بە ئەمڕۆکە.

ڕاوێژ:ئەگەر بکرێ باسێکمان لەسەر مێژووی سەر شەقام لەکوردستان بۆ بکەن.تەمەنی ئەم جۆرە لە شانۆ دەگەڕێتەوە بۆ کەنگێ؟

بەهرامی: ئەوەی کە باسەکەی ئێمەیە “شانۆی سەرشەقام”ـە نەک شانۆی دەرەکی، ئەگینا پێشینەی شانۆی دەرەکی بۆ زۆر کۆن دەگەڕێتەوە، ئەو جۆرە شانۆییە دەرەکییانە بەشێک بوون لە نەریتی ئێمەی کورد، لەوانە دەتوانین ئاماژە بە میرنەورۆزی، کۆسە، بووکەبارانێ، پاڵەوان بازی و… بکەین. بەڵام شانۆی سەرشەقام چەمکێکی نوێیە لە جیهاندا و بە هەمان شێوەیش لە کوردستاندا.

شانۆی سەرشەقام لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی 1990 بە دواوە، لەو سەردەمەدا شانۆکارانی کورد لە فستیڤاڵە شانۆییەکانی پارێزگاکانی ئێران، ناوچەیی و فەجر بەشدارییان دەکرد، هەندێ “زڕشانۆکاری کورد”ی لێبەدەر کە وەک جاش‌هونەرمەند بەشدارییان لە فستیڤاڵەکانی بەسین و دفاع مقدس!! و فستیڤاڵەکانی تایبەتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکرد.

لەو فستیڤاڵانەدا شانۆکارانی کورد بە ئەزموونتر دەبوون و شانۆکانی خۆیان لەگەڵ ئەوانی دیکەدا هەڵدەسەنگاند و جگە لەمە بەرەبەرە شانۆکاران وەک خوێندکارانی شانۆ لە زانکۆکانی ئێراندا جێگیر بوون و جگە لە بواری پراکتیک لە بواری تیۆریکیشدا خۆیان بەهێز کرد و بە دەستڕاگەیشتن بە دەقگەلی شانۆیی و دەقگەلی تیۆریک و ئاکادمیک لە گەڵ شانۆی سەردەم لە ئورووپا و ئامریکادا ئاشنا بوون. هەر ئەوە بووە هۆی ئەوەی کە شانۆکاری کوردیش بیر لە جۆرە شانۆییەکانی دیکە بکاتەوە کە یەکێک لەوانە شانۆی سەرشەقام بوو. دوابەدوای ئەو ساڵانە، شانۆکاری کورد هەوڵی ئەوەی دەدا ئەزموونە نوێییەکانی لە بەردەم هەڵسەنگاندنی بەردنگدا دابنێت، هەر بۆیە بە هاتنە ئارای فستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی مەریوان (کە سەرەتا لە ژێر نێوی یادوارەی شانۆی مەریوان بوو و دواتر بوو بە فستیڤاڵی ناوچەیی شانۆی سەرشەقام  و دواتر بوو بە فستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی سەرانسەری و لە ئاکامدا بووبە فستیڤاڵی نێونەتەوەیی شانۆی سەرشەقام)، شانۆکاری کورد توانی هێدی هێدی ئەزموونەکانی لە شانۆی سەرشەقامدا تاقی بکاتەوە و بەردەنگ لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە. لەم سالانەی دواییدا و بە گشتی لە ئاکامدا شانۆکارانی شانۆی سەرشەقام  سەرەڕای هەموو گرفتەکان توانیان تا ڕادەیەک ئامانجەکانی شانۆی سەرشەقام بپێکن.

شانۆی سەرشەقام تا ڕادەیەکی باش جێی خۆی کردۆتەوە و خەڵک بە باشی لەگەڵ ئەم جۆرە شانۆیە ئاشنا بوون بەڵام کێشەی سەرەکی ئەوەیە کە ئەم جۆرە شانۆییە نەک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڵکوو لە هەموو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێراندا، زۆرتر بەستراوەتەوە بە فستیڤاڵەکانی تایبەت بە شانۆی سەرشەقام، ئەگینا بەگشتی بە هۆی بەردەوام بوونی هونەرمەندانی کورد جێی خۆی کردۆتەوە، بێگومان ئەم جۆرە شانۆیە زۆرتر ڕوو لە گەشە دەبێت.

ڕاوێژ: بەڕای جەنابت کورد بە گشتی و کوردی خۆرهەڵات بەتایبەتی تا چەند توانیوێتی کەڵک لە شانۆی سەر شەقام وەرگرێت؟

بەهرامی: نەک لە کوردستان بەڵکوو لە زۆربەی شوێنەکانی ئەم گۆی زەوییەدا بە هۆی هوروژمی میدیا بە گشتی و  تەلەفزیۆن بەتایبەتی و گەشەی ڕۆژ لە دوای ڕۆژی سینەما، شانۆ لە بەرامبەر دوو ڕەقیبی هەرە گەورەدا بۆ ڕاکێشانی بەردەنگ لە کێشمەکێشدایە.

لەلایەکی دیکەشەوە لە کوردستان، نەبوونی سەرچاوە داراییە حکوومییەکان کە بەتایبەتی بۆ شانۆ تەرخان کرابێت، کێشەیەکی هەرە گەورەیە، هەر ئەمە وایکردووە شانۆکاری کورد قەت نەتوانێت بە سەر کۆسپەکاندا باز بدات و ببێت بە شانۆکارێکی پڕۆفشناڵ. هەر بۆیە شانۆکاری کوردی ئیش (واتە کار)ی دووهەم و سێهەمی شانۆیە و کاتی ئەوەندە بۆ نامێنێتەوە کە بۆ شانۆی بۆ دابنێت. زۆرتر شانۆکاری کورد لە کاتە بێکارییەکاندا سەرقاڵی شانۆ دەبێت، بە گشتی ئەو بەپڕۆفشناڵ نەبوونەی شانۆ کاری کورد کێشەی سەرکی شانۆکاری کوردە، جگە لەمانەش هێڵە سوورەکان، تیغی سانسۆڕ، ڕوانینی ئەمنی لە لایەن دەسەڵاتەوە بۆ شانۆ، لە پەراوێز خستنی شانۆ لە لایەن دەسەڵاتەوە و… کۆسپە سەرەکییەکانن لە بەرامبەر شانۆکاران و هاوکات لەبەرامبەر بەردەنگیشدا.

سەرەڕای ئەم کێشانە کە ئاماژەم پێکرد، لەچاو ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران، شانۆکارە کوردەکان لە زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بە شێوەیەکی پەیگیر و چڕ و پڕ سەرقاڵی شانۆ و پارێزگای کوردستان و مەریوانیش وەک ناوەندی شانۆی سەرشەقام ئاماژەیە بەوەی کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بەردەنگی پڕۆفشناڵ بوونی هەیە و تاڕادەیەکی باش شانۆکاری کورد و بەردەنگی کورد توانیویانە کەڵک لە شانۆی سەرشەقام بگرن. بەگشتی ئەو تامەزرۆییەی خەڵک واتە بەردەن و شانۆکاران ئاماژەیە بەەوەی کە ئاسۆیەکی ڕوون چاوەڕوانی شانۆی سەرشەقامە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا.

ڕاوێژ:کۆسپەکانی بەردەم شانۆی سەرشەقام لە کوردستانی خۆرهەڵات لە ئێستا دا چین؟

بەهرامی: خۆشحاڵم کە دیسانەوە لە خزمەتتاندام، بە پێی ئەوەی کە دوێنێ شەوە هەندێ لە هاوڕێیان پێیان وابوو وەلامەکانم کورت بووە، هۆکارەکەی بۆ کەم بوونی کات دەگەڕێنمەوە، بە لە بەرچاوگرنتی ئەوەی کە تایپکردنیش هەندێک لە کاتەکەمان دەکوژێت، بەڵام ئەمشەو هەوڵ دەدەم هەندێ زۆرتر بدوێم.

هەروەک ئاماژەم کرد، تەرخان نەکردنی بووجەی تایبەت بۆ شانۆ بە گشتی، ڕوانینی ئەمنی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هەموو شتێک، هونەر و شانۆش بە هەمان شێوە، شانۆکاری کورد قەد نەیتوانیوە بە شێوەیکی پڕۆفشناڵ ئاوڕ لە شانۆ بداتەوە. بەستنەوەی بەرهەمە شانۆییەکان بە گشتی و شانۆی سەرشەقامیش بە تایبەتی بە فستیڤاڵەکانەوە، نەخوێندەواری شانۆکاران و گرنگیدان بە بواری پراکتیک و لە پەراوێز خستنی بواری تیۆریک و…

ڕاوێژ: کۆماری ئیسلامی وەک ڕژیمێکی داگیرکەر ، تا چەند توانیویەتی ئەو جۆرە شانۆیە بە قازانجی خۆی بەکار بێنێت ؟

بەهرامی:  ئەفلاتوون لە سەردەمی یۆنانی کۆندا یەکەم دژبەری شانۆ بووە، ئەفلاتوون وتەیەکی بەناوبانگی هەیە، دەڵێ: “شانۆ قەدەغە بکەن چونکوو گەندەڵییەکانی پۆلیس لە قاو دەدات” مەبەست لە پۆلیس دەسەڵاتە، واتە شانۆ بە درێژایی مێژوو ئەرکی ڕۆشنگەری وەئەستۆ گرتووە و دەسەڵاتی گەندەڵیش بەردەوام هەوڵی شێواندن و لێڵ کردنی ڕاستییەکانی داوە. واتە شانۆ و دەسەڵات بەردەوام لە دوو جەمسەردا بەرامبەر بە یەک جێگیربوون و بەردەوام لە بەربەرەکانێدا بوون، هەر بۆیە دەسەڵاتەکان بە هەست کردن بەو کارکردەی شانۆ یان ناچار بوون شانۆ قەدەغە بکەن یان ئەوەی کە شانۆ بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە.

لە سەردەمی گشتگیر بوونی مەسیحیەت لە سەدەی چواری زایینی‌دا، شانۆ لەلایەن کلیساوە قەدەغە کرا و ماوەیەکی زۆری خایاندا تاوەکو لە کۆتاییدا کلیسا ناچار بوو بۆ گێڕانەوەی بەسەرهاتی عیسا مەسیح و یارانی کەڵک لە شانۆ وەرگرێت، لەم کاتەدا شانۆیەکی ئایینی مەسیحی هاتە ئاراوە، باسی کێشمەکێشی دەسەڵات لەگەڵ هونەر تەنیا پێوەندی بە شانۆوە نییە، بەڵکوو سینەماش دەگرێتەوە، سینەماش بە هەمان شێوە لە لایەن دەسەڵاتەوە چاوی لێدەکرێت.

هەر لە سەرەتای هاتنە ئارای سینەماشدا بە هەستکردن بە تواناییەکانی سینەما و کاریگەری سینەما لە سەر بەردەنگ، دوو دەسەڵاتی دیکتاتۆری سەدەی بیست واتە ئاڵمانی نازی و یەکیەتی سۆڤیەتی پێشوو لە سەردەمی ستالیندا زوو بە زوو هەستیان بە کاریگەری سینەما کرد و زۆر بە خێرایی لە سینەما وەک دەزگایەکی پڕوپاگاندا کەڵکیان وەگرت و سینەمایان خستە ژێر ڕکێفی خۆیان. ئەمە شتێکی سەرنجڕاکێشە کە لە یەکیەتی سۆڤیەتدا خودی ستالین  سانسۆڕی فیلمەکانی لە ئەستۆ گرتبوو…

کۆماری ئیسلامیش هەر بە هەمان شێوەی ئاڵمانی نازی و یەکیەتی سۆڤیەتی سەردەمی ستالین بەرەوڕووی شانۆ و سینەما بوەتەوە، هەر لە سەرەتای دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بۆ ماوەیەک شانۆ و سینەما قەدەغە کران تا دواتر لە چاویلکەی ئایینی و ئایدۆلۆژیکی کۆمار ئیسلامیییەوە ئاوڕ لە سینەما و شانۆ درایەوە.

کۆماری ئیسلامی ئێران بە دابین کردنی بوودجەی تایبەت بە فستیڤاڵە شانۆییەکان، پەرە بە شانۆیەکی ئایینی ئایدۆلۆژیکی دەدات، فستیڤاڵەکانی بەسیج، بەرگری پیرۆز(دفاع مقدس!)، فستیڤاڵی ڕەزەوی و… ئەو فستیڤاڵانەن کە لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بایەخی پێدەدرێت و هەر لە سەردێڕی ئەو فستیڤاڵەنەشڕا دیارە کە چ جۆر شانۆیەک لەو فستیڤاڵانەدا بەرجەستە دەکرێتەوە و بایەخی پێدەدرێت.

لەلایەکی دیکەوە کۆمەڵێک شانۆکار بەپرەنسیپ هەن کە بەرهەمەکانیان ناچنە بازنەی بایەخی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، ئەو شانۆکارانە زۆرترین زەختیان لە سەرە و هەموو ئەو کۆسپانەی کە پێشتر ئاماژەم پێکرد زۆرتر ئەم شانۆکارانە دەگرێتەوە. بە گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدایە کە شانۆ و هەموو هونەرەکان بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە بەڵام نەیتوانیوە تەنگ بە شانۆکارە سەربەخۆ و شۆڕشگێڕەکان هەڵبچنێت و بە گشتی نەیتوانیوە ئامانجەکانی بپێکێت

راوێژ : چ بکرێت تا شانۆی سەرشەقام ببێتە کولتوور ، تا خەڵک زیاتر پێشوازی لێبکات؟

بەهرامی: پێموایە کە تاکە ڕێگا خسووسی کردنی شانۆیە (ئەسپاردنی شانۆ بە کەرتی تایبەت)، هەڵبەت لەلایەن شانۆکاران و خەڵکەوە نەک لە لایەن دەسەڵاتەوە، چونکوو کۆماری ئیسلامی ڕێگای ئەوە نادات کە شانۆ بدرێت بە کەرتی تایبەت، بەڵام شانۆکار و خەڵک پێکەوە دەتوانن بەرەو خسووسی کردنی هەنگاو بنێن، واتە بەردەنگ دەتوانێت ببێت بە سپۆنسەر و لە بواری ماڵییەوە ببێت بە پشتیوانێک بۆ شانۆکار. شانۆکارانیش دەتوانن لە پووستێر و برووشوور و بەنێرەکانیاندان ڕێکلام بۆ سپۆنسەرەکان بکەن و… لەو کاتەدا چیتر کۆماری ئیسلامی ئێران ناتوانێت بە هۆی پشتیوانی ماڵی، شانۆکار بە خۆیەوە ببەستێتەوە. شانۆی سەرشەقامیش بە هەمان شێوە دەبێت لە لایەن سپۆنسەرەکانەوە پشتیوانی لێبکرێت، بەڵام شانۆکاری کورد دەبێت خۆی بە ژێرخانێکی زانستی و تیۆریکەوە پتەو بکات

کێشەی سەرەکیی شانۆکارانی کورد بە گشتی و ئەو شانۆکارانەی کە لە پانتایی شانۆی سەرشەقامدا کاری شانۆ دەکەن ئەوەیە کە زۆرتر سەرقاڵی کاری پراکتیکن و ئاوڕ لە تیۆری نادەنەوە، بە کوردیەکەی بێسەوادن. لە ئەگەری ژێرخانێکی تیۆرک و زانستی بەهێزدا بواری پراکتیکیش بەهێزتر دەبێت، شانۆکاران دەبێت تێبگەن کە شانۆ ئەزموون نییە، بەڵکوو زانستە پسپۆڕی لە هەر بەشێکی زانستیدا پێوەیستی بە خوێندنەوە هەیە. شانۆ کاتێک دەبێت بە کولتوور کە شانۆکاری پسپۆڕ بەرهەم بخوڵقێنێت و بەرهەمەکەی بۆ خەڵک ببێت بە پێویستییەکی ڕۆژانە، هونەرمەندان و ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنووسان، چالاکانی سیاسی و مەدەنی،  مامۆستاکانی قوتابخانە و زانکۆکان دەبێت لە بیری پەروەردەکردنی نەوەیەکی نوێ بن کە هونەر بە گشتی بەشێک بێت لە ژیانی ڕۆژانە، لەو کاتەدا هێدی هێدیش هونەرمەندان پڕۆفشناڵن و چیتر پێویست ناکات هونەرمەند بۆ بژێوی ژیانی ئیشی دیکە بکات و دەسەڵات لەو ئاوە لێڵە ماسی بگرێت و هونەرمەند ناچار بێت بەرهەمەکانی لە بازنەی بایەخیی کۆماری ئیسلامی ئێراندا بێت.

تا ئەو کاتە ڕێگایەکی دوور و درێژمان لەبەرە… هیوادارم هەموومان دەست بدەینە دەستی یەک و لەو ڕێگا پڕ لە هەورازەدا هاوڕێ و پشتیوانی یەک بین…

ڕاوێژ: پێگە و جێگەی شانۆی سەرشەقام بۆ کورد، وەک نەتەوەیەکی بندەست چیە؟ ئایا پێویستە شانۆی سەرشەقام بە سیاسی بکرێت؟

بەهرامی: پێم باشە ئەم پرسیارە بگشتێنم بە سەر هەموو لقە هونەرییەکاندا کە شانۆیش یەکێک لەوانەیە. لە کۆمەڵگای ئێمەدا هونەر پێگەیەکی ئەوتۆی نییە، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە خەڵک لە پرۆسەیەکی پەروەردەییدا پەروەردە نەکراون، بەشی هەرە زۆری دەگەڕێتەوە بۆ بندەست بوونی گەلی کورد و بەشێکیشی دەگەڕێتەوە بۆ خودی هونەرمەندان.

من لێرەدا مەبەستم لە هونەر، هونەری ڕەسەنە، ئەگینا ئەو دەمەلاسکێ و لاساییکردنەوە و ئابڕووچوونەی کە لە هەندێ میدیاکانەوە (بەتایبەت میدکانی باشوور) بەرجەستە دەکرێتەوە زۆربەیان ڕووخانی ڕووحی هونەرن. ئەرکی هونەر ڕۆشنگەرییە، واتە بەرهەمی هونەری، بەردەنگ هان دەدات بە خۆیدا بچێتەوە. هونەر دەبێت بەردەنگ فێری ڕامان و تێفکرین بکات، هونەرمەندیش دەبێت لە بەرامبەرد کۆمەڵگاکەیدا بەهەڵوێست بێت.

پێش لە هەموو شتێک هونەر واتە شۆڕش، شۆڕش لە خوددا، شۆڕش لە جۆری بیرکردنەوە و تێفکریندا، هونەرمەندیش واتە شۆڕشگێڕ. جا ئەگەر دەسەڵات دێت و بەرچەسپی سیاسی لە هونەرمەند شۆڕشگێڕ دەدات ئەوە درووست ئەو کاتەیە کە هونەرمەند ئامانجەکانی دەپێکێت، ئەو بەرچەسپە لە ئەدەبیاتی سیاسی کۆماری ئیسلامی ئێراندا سووک کردنی هونەرمەندە

بە لە بەرچاوگرتنی دۆخی کورد و بندەست بوونی گەلی کورد، هونەرمەندی ڕاستەقینەی کورد پێش لە هەموو شتێک شۆڕشگێڕە. شۆڕشگێڕ بەو مانایەی کە لە  بەرامبەر ڕووداوە هەنووکەیی و مێژووییەکانی نەتەوەکەیدا بەهەڵوێستە. ئەگەر هەڵوێست لە بەرهەمە هونەرییە ڕەسەنەکان بگریتەوە بێگومان ئەو بەرهەمانە ناچنە نێو بازنەی هونەری ڕەسەنەوە، لە بنەڕەتدا هونەرمەند لە بەرامبەر کۆمەڵگاکەیدا خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت، ئەو بەرپرسیاریەتییەی هونەرمەند هەر هەمان شۆڕشگێڕ بوونیەتی هەموو شتیک لە ئێراندا سیاسییە، تەنانەت هەناسەیش، ئەو بەرچەسپەی کە لە هونەرمەند دەدرێت و دەڵێن نابێت هەڵوێستی سیاسی هەبێت زۆرتر لێڵ کردنی ڕاستییەکانە، لەو وڵاتەدا خۆ بە بەرپرسیار زانین بە مانای سیاسی بوونە.

لە وڵاتێکدا کە هەموو شتێک سیاسییە تۆ ناتوانیت گلەیی و گازندە لە هونەرمەند بکەیت کە بۆچی بەرپرسیارانە لە شانۆکانیدا ئاوڕ لە کۆمەڵگاکەی دەداتەوە ئەو مشتومڕەی کە لە سەر هونەر و سیاسەت هەیە، ئەوە پێوەندی بە وڵاتانی پێشکەوتووە هەیە، پێوەندی بەو وڵاتانەوە هەیە کە تێیدا دیموکراسی و مافی مرۆڤ سەرەوەرە. لەو وڵاتانەدا زۆر جار سیاسەت وەک ئامرازێکی کەڵک لە هونەر دەگرێت، منیش دژ بەو جۆر بەکارهێنانەی هونەرم، بەڵام لە کۆمەڵگای ئێمەدا شۆڕشگێڕ بوون ناچێتە بازنەی ئەو موناقشەوە، بە پێچەوانەوەی لە وڵاتی ئێمەدا هونەری شۆشگێڕانە هونەری بەرنگارییە، بەرەنگاری لە چاویلکەی هونەرەوە.

بەرەنگاری لە وڵاتێکدا کە قەد لە بەرامبەر داگیرکەردا چۆکی دانەداوە\هونەری ڕەسەن و هونەری شۆڕشگێڕانە ئاڵاهەڵگری بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانە لە کۆمەڵگایەکدا کە تا بینەقاقای هەموو شتێک بەسیاسی کراوە.

ڕاوێژ: شانۆی سەرشەقام لە کوردستان بە گشتی و خۆرهەڵات بەتایبەتی، تا چەند توانیویەتی ببێتە ڕێگا و ئامرازێک بۆ دەربڕینی ئازارەکانی تاکی کورد؟ تا چەند توانیویەتی بۆ نموونە پرسی کۆڵبەران، خۆکوژیی ژنان و دەیان دیاردەی تر دەرببڕێ؟

بەهرامی: شانۆ لە وڵاتی ئێمەدا خەریکی گڕوگاڵە، لەوانەیە زۆر کەس بڵێن وا نییە بەڵام کاتێک کتێبخانەی شانۆ لە وڵاتی ئێمەدا بە قەت قامکەکانی دەست کتێبی تێدا نییە، کاتێک کە ساڵانە بە قەت قامکەکانی دەست کتێبی تایبەت بە شانۆ چاپ ناکرێت، کاتێک منی نووسەری کورد کە بەتایبەت لەو بوارەدا کاردەکەم و سێ ساڵە کتێبم بە هۆی بێ‌پارەییەوە لە بەڕێوەبەرایەتی چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی ڕاگیراوە، ئەگەر بڵێم شانۆ خەریکی گڕوگاڵە، هێشتا زۆریشم وتووە، شانۆی سەرشەقامیش بە هەمان شێوە، هەڵبەت من هەمیشە بە گشتی گەشبینییەوە چاو لە شانۆ و شانۆی سەرشەقام دەکەم، ئەگینا بە ڕاشکاوانە بڵێم شانۆکاری کورد هێشتاکە نەیتوانیوە ئاوڕ لە هەموو پرسە هەنووکەیی و مێژووییەکانی نەتەوەکەی بداتەوە و بۆ ئەم ئاوڕدانەوە گشتگیرە هەروەها کە ئاماژەم کرد، شانۆکار ڕێگایەکی دوور و درێژی لەبەرە بەڵام سەرەڕای ئەو هەموو کۆسپە کە ئاماژەم پێکرد هەوڵەکانی شانۆکارانی کورد جێگای ڕێزە و لە هەمان کاتیشدا دڵخۆشیەکەوە من بە گشتی دڵخۆشم بەوەی کە شانۆ بە گشتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ڕوو لە گەشەیە، بێگومان ئاسۆیەکی ڕوون چاوەڕوانی شانۆیە لە کوردستاندا.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت