وتووێژ لەگەڵ ڕاهێنەری گرووپی هەڵپەڕکێی منداڵانی “کوردستان” لە ئیتالیا

0
712

گەورەکانی هەر کۆمەڵگایەک لەوانەیە نەتوانن بە ڕاستەوخۆ دەست لە داهاتوو وەردەن بەڵام لە ڕێگای پەروەردەکردنی منداڵان و ڕاهێنانیان بە پەروەردەیەکی دروست، ئەو ڕێک داهاتوو دەستکری دەکرێ و بنیات دەندرێ، منداڵانی کوردی تاراوگەش بەشێکن لە داهاتووی کورد، لانیکەم نابێ بتوێنەوە، چون کوردین و ناتوێینەوە ناتوێینەوە، بەڵام بەپێچەوانە، مخابن بەشێکی زۆر لە منداڵە کوردەکانی هەندەران تواونەوە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ سەر بێ مشووریی بنەماڵە، لاوازیی ئاستی کەلتووری و ڕۆشنبیریی بنەماڵە کە هاوکات بووە لەگەڵ نەبوونی کەسی بە مشوور و خەمخۆر لەو وڵاتانە و لە تەنیشتیان، بەڵام لە ئیتالیا دۆخەکە جیاوازە، لێرە هەرچەند وەک وڵاتانی ئیسکاندیناوی، کەس بۆ هەمیشە سوسیال وەرناگرێ و دۆخی کار و ژیانیش یەکجار باش نیە، بەڵام دیسان کەسانێکی بەمشوور، ماڵێکیان بە ناوی ماڵی کوردان بۆ کوردستانییەکان ئاوا کردووە، لە گۆشەیەکی ئەو ماڵە، گرووپی هەڵپەڕکێی “کوردستان” کە کار لەسەر منداڵان دەکات، خەمڵاوە، ڕاهێنەرێکی خوێن شیرین و شەش دانگ نیشتمانپەروەریش بەناوی “سەلاح کۆنەپۆشی”، کوڕە دڵ دەریا و کوردستانییەکەی مەریوان، ئەرکی ڕاهێنەرییانی وەئەستۆ گرتووە. ڕۆژی کوردیش وتووێژێکی لەگەڵ بەڕێزیان ئەنجام داوە کە لێرەدا دەیخوێننەوە.

ڕۆژی کورد: سەرەتا ئەگەر بکرێ بۆمان باس ئەو گرووپەی هەڵپەڕکێی منداڵانی کورد لە ئیتالیامان بۆ بکەن، چۆن بوو پێکتان هێنا و تا ئێستا چێتان کردووە؟

سەلاح کۆنەپۆشی
سەلاح کۆنەپۆشی

کۆنەپۆشی: ئەمە یەکەمجار نیە چالاکی لەو چەشنە بکەین، لە ساڵانی ڕابردوویشدا ئەو جۆرە چالاکییانەمان هەبووە، بۆ نموونە ساڵی پار لە کەرنەڤاڵی نەتەوەکاندا، بە گرووپێکی هەڵپەڕکێ کە پێکهاتبوو لە گەنجانی گشت بەشەکانی کوردستان بەشداری ئەو کەرنەڤاڵەمان کرد و سەرنجی خەڵکێکی زۆر لەو نەتەوانەمان بە لای خۆماندا ڕاکێشا و بووە جێی ڕەزامەندییان، ئەمساڵیش بە ڕاهێنانی گرووپێکی هەڵپەڕکێی منداڵان، لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی دوچەرخەدا کە ڕۆژێکە بۆ ڕێزگرتن و خاوێن ڕاگرتنی سروشت و گرینگی دان بە ژینگەی پاک، بەشداریمان کرد. ئەو گرووپە لە لایەن ڕێکخرای کوردستانەوە لە وڵاتی ئیتالیا، هەرێمی ئاڵتۆ ئادیجە، هۆڵێکی پرۆڤەی بۆ دابین کرا و دواتر لە لایەن بەڕێز محەممەد وەیسی ـیەوە، پێشنیار کرا بە بنەماڵەی کوردەکان تا منداڵەکانیان بنێرن بۆ پرۆڤەی هەڵپەڕکێ و بەشداری کردنیان وەک کورد لە ئاهنگێکدا، ئینجا منیش ئەرکی ڕاهێنانیانم گرتە ئەستۆ.

ڕۆژی کورد: کارکردن لە ئورپا و بەتایبەتی لەگەڵ منداڵان، بە چەند هۆکاری وەک، دووریی شوێنی نیشتەجێ بوون و تێچووی زۆری هاتووچۆ و هەبوونی بەردەوامی قوتابخانە و هەروەها پڕبوونی کاتی منداڵان لە لایەک و گران بوونی هۆڵەکان و هەروەها بەتاڵ نەبوونی مامۆستاش، یەکجار زۆرترە لە ناوخۆ، ئێوە چٶن ئەو پرسانەتان چارەسەر کردووە؟

کۆنەپۆشی: ئەوەی ڕاستی بێت ڕێکخراوێک لەم شارەی ئێمەدا هەیە بە ناوی ڕێکخراوی کلتوری کوردستان کە خەریکی  ناساندنی کلتوری کوردییەوە بە ئەورووپییەکان. زۆربەی ئەرکەکان، ئەندامانی ئەو ڕێکخراوە بەڕێوەی دەبەن، بۆ نموونە هێنان و بردنی منداڵەکان و کۆکردنەوەیان، خەرج کردنی پارە لە حیسابی گیرفانی ئەندامانی ئەو ڕێکخراوەیە، ئینجا هەوڵمان داوە کارکردنمان لە تەک ئەو منداڵانەدا لە کات و ساتی گونجاودا بکرێ و خەسار بە  وانەکانی قوتابخانەیان نەگەیێنێ، بۆ مامۆستایەتیش من هەوڵم داوە تا ئەو شوێنە بتوانم لە خزمەت ئەو جۆرە کار و چالاکییانەدا بم، بەتایبەت لە پەروەردە کردن و ڕاهێنانی منداڵاندا بە زمان و نەریەتی خۆیان.

ڕۆژی کورد: حەز دەکەم باسیکی پێکهاتەی گرووپەکەمان بۆ بکەن، زۆربەی منداڵان لە کام شوێنی کوردستانن و جیاوازییەکان بۆتان نەبۆتە کۆسپ؟

کۆنەپۆشی: منداڵەکان دەکرێ بێژم لە هەموو بەشەکانی کوردستانی تێدایە، منداڵی ئێرە گەر فێر نەکرێن، فێری ئەوە نین هەست بە جیاوازی بکەن، ئەوان تەنیا یەک شت دەزانن و بۆشیان گرینگە ئەویش کوردستانی بوونیانە، ئێمەیش کە وەک کوردستان بەشداری ئاهەنگەکان دەبین، هیچ کات ئەو شتەمان لای منداڵەکان دروست نەکردووە کە ئەم خەڵکی کام پارچەی کوردستانe و ئەویتر خەڵکی کوێیە، بۆیە خۆشەویستی منداڵەکان بۆیەکتر هێندە زۆرە وا دەزانی هەموویان لە یەک دایک و باوکن.

ڕۆژی کورد: کۆسپەکانتان بە گشتی چین و دڵخۆشییەکانتان بەو گرووپە چیە؟ ئایا هەر بە نیازن بەشی منداڵانی بێ یان بەشی تریش دەکەنەوە؟

کۆنەپۆشی: ئێمە دڵخۆشین بەوەی کە وەک کورد بەشداری دەکەین لە زۆر مەراسیمی ئیتالیایی و نەتەوەکانی ترداو دەتوانین بە گوێرەی خۆمان کلتوری خۆمان بناسێنین،هەر وەها ئەوەیش جێگای دڵخۆشییە کە منداڵە کوردەکان ڕادێنین و ناهێڵین لە کلتوری خۆیان داببڕێن،هەوڵیش ئەدەین هەر بەر دەوامبین،لە داهاتوویشدا بەوەوە ناوەستین،چالاکییەکانمان برینتر دەکەین و پرۆڤەکانمان زۆرتر و گرووپی گەورە ساڵانیش ڕادێنیین.

ڕۆژی کورد: مامۆستا سەلاح، زۆربەی ئەو منداڵانە وابزانم لە ئوروپا لە دایک بوون یان بە هۆی بچووک بوونیانەوە لەوانەیە هەستی نەتەوەیی لە لای ئەوان ئەوە نەبێ لە لای ئێمە هەیە، ئەو منداڵانە تا چەند هاوکار و هۆگرن بۆ هەڵپەڕکێی کوردی لە حاڵێکدا دەتوانن ڕوو لە وەرزشی ئەوڕۆیی و سەما و دەیانی تر بکەن و بەستێنیشیان هەیە؟

کۆنەپۆشی: منداڵەکان زۆر دڵخۆشن بەوەی کە خەریکین فێری هەڵپەڕکێ و فەرهەنگی خۆیانیان دەکەین. بەڕادەیەک دڵخۆشن کە زۆریان هاوڕێ ئەوروپییەکانیان دێنن و دەڵێن وەرن سەیر کەن ئێمە بە کلتوری خۆمان هەڵدەپەڕین، هێندە بەو کارانە دڵخۆشن کەدوای تەواو بوونی هەر چالاکییەک دێن و لێمان دەپرسن کەی چالاکی ترمان هەیە. فێری ئەوەشمان کردوون هەستی نەتەوەییان بەرز بێت، بە خۆشییەوە دایک و بابەکانیشیان هاریکاری ئێمەن تا باشتر پەروەردەیان بکەین.

ڕۆژی کورد: من نەریت شکێنم مامۆستا سەلاح، بۆیەش لە کۆتاییدا دەپرسم، سەلاح کۆنەپۆشی کێیە؟ چۆن بوو ئەو گرووپە خنجیلانەی گرتە ئەستۆ و بەنیازە چی بکات لە داهاتوودا؟

کۆنەپۆشی: من لە ساڵی ۱۳٦٥ی هەتاوی لە گوندی چاوگ، نزیک شاری مەریوان لە دایک بووم، قۆناغی سەرەتاییم لەو گوندەدا هەمیشە بە پلەی یەکەمەوە تەواو کرد. بۆ درێژەدان بە خوێندن ڕوومکردە شاری مەریوان و لەوێ لە کۆتایی قۆناغی ناوەندیدا تێکەڵ بە کاری سیاسی بووم، بۆیە هێشتا تەمەنم ژێر ۱٨ ساڵ بوو گیرام و لە زینداندا ئەشکەنجە درام، دوای بەربوونم لەزیندان، ڕوومکردە شۆڕش و بوومە پێشمەرگە حیزبی دیموکرات، دوای ۷ ساڵ پێشمەرگایەتی بەرەو ئەورووپا بەڕێکەوتم و لە ئەنجامدا لە وڵاتی ئیتالیا گیرسامەوە، لێرەیش لە ساڵی ۲۰۱۰وە، وەک کەسێکی بێ لایەن و تاکێکی سەربەخۆ، خەریکی کار و چالاکیم، لە هەموو بۆنە نەتەوەییەکاندا بەشدار بووم و ڕۆڵم هەبووە. گرتنە ئەستۆی ئەو گرووپەیش بۆ فێرکردنیان، دەتوانێ بریتی بێت لە هەستێکی پاکی نەتەوەیی و بەشێک بێت لەو چالاکییە کلتوریانەم کە لە پێناو نەتەوەکەمدا کردوومن.

ڕۆژی کورد: ئێمە وەک ڕۆژی کورد، هەم دەست خۆشیتان لێدەکەین بۆ ئەو دیمانەیە و پێبەخشینی کات و هەم خۆشحاڵین بەو گرووپە خنجیلانەتان و دەست خۆشی لە بەڕێزتان و هەموو کەسی پەیوەندیدار و منداڵەکان و بنەماڵەکانیان دەکەین بۆ هاوکاریان، لە کۆتاییدا ئەگەر قسەیەکتان هەیە بفەرموون. لە هەمان کاتێشدا هیوادارین بەرهەم و کارەکانتان بۆ “گڕوگاڵی منداڵان” بنێرن.

کۆنەپۆشی: زۆر سپاس بۆ ئێوە و بەڕێوەبەرانی ڕۆژی کورد، بە دڵنییاییەوە ئێمەیش هاوکار و یارمەتیدەرتان دەبین، پێمۆخشە لێرەوە سپاسی زەحمەتەکانی کاک محەممەد وەیسی و خێزانی بکەم و هەموو ئەو دۆستانەش کە بە کاری ڕێکخستن و وێنە و فیلم گرتنەوە خەریک بوون، جێی خۆشیەتی کە سپاسی ئەو منداڵە خنجیلانانە بکەم کە بە پرۆڤەیەکی کەم و سەرەڕای سەرقاڵ بوونیان بە خوێندنەوە، ژیرانە گوێیان لێ گرتین و توانییان چەند جۆر هەڵپەڕکێ پێشکەش بکەن، هەر وەها سپاس بۆ دایک و باوکی ئەو منداڵانە کە ئەوانیش هاوکارمان بوون لە ناردنی منداڵەکانیاندا و ماندووبوون لەو چالاکییەدا. بە دڵنییاییەوە ئێمە هەر بەر دەوامین لە چالاکی و لە داهاتوویشدا بە شێوەیەکی جوانتر بەشداری ڕێوڕەسمەکان دەبین.

14508480_1767886763501174_1152606721_n

14470812_1767886773501173_930154395_n

14445435_1767886830167834_1345595552_n

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت